گەشەی کەسایەتی مرۆڤ هەر حەوت ساڵ جارێک چۆن ڕوودەدات؟

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2024-02-11-22:06:00 - کۆدی بابەت: 11947
گەشەی کەسایەتی مرۆڤ هەر حەوت ساڵ جارێک چۆن ڕوودەدات؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

فەیلەسوفێکی نەمساوی بەناوی (رودالف ستاینەر) لەگەڵ یاوەرانی کە تیمێکی پسپۆڕبوون دوای لێکۆڵینەوەی قووڵ، ژیانی هەر مرۆڤێکیان بەسەر ٧ قۆناغی تەمەن دابەشکرد، کەهەر قۆناغەو گۆڕانکاری و پێشکەوتنی بەرچاوی خۆی هەیە و گرنگە ئاگاداری بین. گۆڕانکاری قۆناغەکانی تەمەن تەنها لە جەستە دەرناکەوێت بەڵکو توێژینەوە زانستییەکان لەم ساڵانەی دواییدا ڕاستی گرنگتریان لەم بارەیەوە ئاشکرا کردووە، ئەم ڕاستیانە جگە لە گۆڕانکارییە جەستەییەکانی حەوت ساڵە، ئاماژە بۆ گۆڕانکارییە دەروونی و ڕۆحییەکان دەکەن، کە پێدەچێت لە نێوان حەوت ساڵ جارێکدا بۆ هەموو مرۆڤێک ڕووبدات، کەواتە ئەگەر بەم شێوەیە بیرت لەوە کردۆتەوە کە گۆڕانکارییە بەرچاوەکانی جەستە و ڕۆح و دەروونت تەنها پەیوەندی بە گواستنەوە لە کۆرپەییەوە بۆ منداڵی یان لە منداڵییەوە بۆ هەرزەکاری هەیە، ئەوا تۆ هەڵەیت چونکە ئەم گۆڕانکارییانە بەردەوام ڕوودەدەن، هەرچەندە ئێمە گرنگی پێ نادەین و زۆر بێئاگاین لەوەی چی ڕوودەدات. 

حەوت ساڵ جارێک چۆن دەگۆڕێین؟

رودالف ستاینەر (بە ئینگلیزی: Rudolf Steiner) کە فەیلەسوف و بیرمەندی کۆمەڵایەتی و دەروونناسێکی نەمساوییە لەگەڵ تیمەکەی بەم شێوەیە قۆناغی حەوت ساڵ جارێکیان داناوە.

١. تەمەنی (۰ بۆ ٧) ساڵی بنەمای میکانیزمی عەقڵ دروست دەبێت

یەکەم قۆناغی گەشەکردن لە لەدایکبوونەوە تا تەمەنی حەوت ساڵ، لەم قۆناغەدا بنەمای میکانیزمی عەقڵ دروست دەبێت. هەرچەندە لەم سەردەمەدا عەقڵ خاوەنی داهێنان و زیرەکی و کەسایەتییە، بەڵام گەشەکردن و نەگونجاندنی جەستە لەگەڵ ژینگە و کەرەستەی ژیان سنووردار دەکات. غەریزەکانی وەک برسێتی و ئازار و پێویستی خۆشەویستی و پشتیوانی پاڵنەر و ڕەفتارەکانی منداڵان لەم تەمەنەدا قاڵب دەگرن.

لەسەر بنەمای ئەمە چەندین کاردانەوە و هەڵسوکەوتی نائاگای مرۆڤ لەم ماوەیەدا و لەژێر کاریگەری ئەو ژینگەیەدا دروست دەبێت کە تێیدا گەشە دەکات. بۆ نموونە خەڵکی ڕەسەنی هەندێک ناوچە و خێڵەکان کاتێک جاڵجاڵۆکەیەکی گەورە دەبینن دڵخۆش دەبن چونکە وەک خۆراک دەیبینن، بەڵام کەسێک کە لە ژینگەیەکی شاردا گەورە بووە کاتێک جاڵجاڵۆکەیەک دەبینێت هەست بە ترس و دڵەڕاوکێ دەکات.

هەنگاو بە هەنگاو لەسەر ڕێگای ژیان گرنگە بزانین ئەم کاردانەوانە لە منداڵیدا لە هەردوو ئەم کەسەدا دروست بوون. لەم تەمەنەدا "ڕژێنی تالاموس" گەورەترە و چەمکە بنەڕەتییەکانی ڕاست و هەڵە لە مێشکماندا دروست دەکات. دوای ئەم ماوەیە "تالاموس" گەشەی کەمتر دەبێتەوە، ئەم چەمکانە دەبنە ئەو کۆدە ئەخلاقییانەی کە ئێمە پێی دەژین. بەدەر لە هەموو ئەمانە، هەر لەم قۆناغەی ژیاندایە کە تێگەیشتنی بنەڕەتیمان لە بوونی شتێک بە ناوی "من" دروست دەبێت.

٢. تەمەنی (٧ بۆ ١٤) ساڵی گەشەی هەست و سۆز چڕتردەبێتەوە

لەم تەمەنەدا دروست بوونی  پەیوەستکردنی پرسە جیاوازەکان بە هەستەکانمانەوە؛ واتە ئێمە بە ئاگادارییەوە "درک" بەوە دەکەین کە هەر کێشەیەک ڕەنگە چ جۆرە کاریگەرییەکی دەروونی لەسەرمان دروست بکات و ببێتە هۆی چ جۆرە هەستێک. لە هەمان تەمەندا ددانی کۆرپە دەکەوێت و دووبارە دانی نوێ دەردێتەوە، گۆڕانکارییە جەستەییەکانی پەیوەست بە باڵغبوون دەست پێدەکات.

قەبارەی "تالاموس" وردە وردە زیاتر کەم دەبێتەوە، دەگەینە تێگەیشتنێکی باشتر لە قبوڵکراو یان قبوڵنەکراوی چەمکەکان، لەسەر بنەمای کۆدە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو ژینگەیەی کە تێیدا لەدایک بووین و گەورە بووین. منداڵ فێری داڕشتن و ڕێکخستنی جیهانی ناوەوەی دەبێت. ئەم جیهانەی ناوەوەیە پێناسەی مرۆڤ بۆ "پاڵەوان" و تێگەیشتنی لە مەترسییەکانی جیهان و دروستکردنی خەیاڵێکی بەهێز لەخۆدەگرێت.

٣. تەمەنی (١٤ بۆ ٢١) ساڵی ڕەگەزی بەرامبەر دەدۆزینەوە

لەم قۆناغەدا بە شێوازێکی نوێ کنجکاو دەبین دەربارەی خۆمان، پەیوەندییەکی نوێ لەگەڵ ژیاندا دەدۆزینەوە و زیاتر ئاگاداری خۆمان دەبین. ئاشنابوون بە زانست و هونەر، لەوانە مۆسیقا، نیگارکێشان، ئەدەب و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ کەسانی تر لەسەر بنەمای نوێ، وا دەکات مەودای هەستەکانمان بە هەموو ئاراستەکاندا گەشە بکات. ئێمە ڕەگەزی بەرانبەر دەدۆزینەوە؛ ئێمە دەگەینە ئەو تێگەیشتنەی کە ڕەگەزی بەرانبەر هەندێک حەز و پاڵنەر بۆ ئێمە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت و ئەم پاڵنەرانە دەبنە مەیلی دیاری کراومان.

بەهۆی دروستبوونی هەستی نوێ زۆر کەس لەم تەمەنەدا گومانیان لە پەیوەندییەکانی ژیانیان هەیە. هاوکات لەگەڵ ئەو هەستەی سەربەخۆیی کە لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا دروست دەبێت، لە کۆتایی ئەم قۆناغەدا چاوەڕوان دەکرێت مرۆڤ ڕێڕەوی ژیانی خۆی بدۆزیێتەوە یان لانی کەم پرسیارێک هاتبێتە ئاراوە کە ڕێڕەوی ژیانی چی دەبێت؟

٤. تەمەنی (٢١ بۆ ٢٨ )ساڵی بە دۆزینەوەی خودی دادەنرێت

لەم قۆناغەدا بیرکردنەوە و هەستەکان دەستکاری دەکرێن و ڕێکدەخرێنەوە و خۆمان ئامادە دەکەین بۆ ئەوەی بچینە قۆناغی گەورەی ساڵەوە. ئێستا ژێرخانی كه‌سایه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تیمان له‌وانه‌ بڕوانامه‌ی په‌روه‌رده‌ و پێگه‌ی كار و داهات و هتد. دروستكراوه‌ و په‌یوه‌ندی نوێ هاتۆته‌ ناو ژیانمان و وزه‌ و ئومێدێكی زۆرمان هه‌یه‌ بۆ بنیاتنانی داهاتوو. لە هەمان کاتدا تێگەیشتن بەدەست دەهێنین و "درک" بە گرنگی لێبووردەیی و گونجان دەکەین، لە پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی تردا کە سوودی بۆ هەردوو لایەن هەیە و هەستی سەربەخۆیی هەردوو لایەن لەدەست ناچێت.

هەروەها لەم قۆناغەدا ئەو کێشانەی لە منداڵیماندا هەمانبوو کاریگەرییەکانیان نیشان دەدەن و ئێمە هەندێک جار تەنانەت بەبێ ئەوەی درکی پێ بکەین، لەگەڵ کێشە و ئاڵانگارییەکان دەجەنگین کە ساڵانێکە لەگەڵیانداین. ئەم کێشە و ئاڵانگارییانە بەزۆری دوای شێوازی سەرکردایەتیکردن و بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ خەڵکدا دەردەکەون و هەرچەندە تەحەدامان دەکات، بەڵام بنەمایەک بۆ گەشەکردنی کەسایەتیمان دابین دەکات.

٥. تەمەنی( ٢٨ بۆ ٣٥ )ساڵی داهێنانەکانمان گەشە دەکات

بەدرێژایی ساڵان ئەو گۆڕانکاریانەی کە ڕۆح و جەستەمان ئەزموونی دەکەن کەمتر هەستیان پێدەکرێت، بەڵام هێشتا هەر دەمێننەوە. زۆربەی مرۆڤەکان لەم قۆناغەدا زیاتر لە قۆناغەکانی پێشووی ژیان داهێنان پیشان دەدەن و بەزۆری توێژەران و داهێنەران لەم تەمەنەدا دەگەنە لوتکەی داهێنان و دۆزینەوەکانیان. زۆرێک لە مامۆستایانی بواری داهێنان بە درێژایی مێژوو لەم سەردەمەدا گەیشتوونەتە ڕاستییەکی گەورە. توێژەران دەڵێن: "هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوەیە کە مێشکمان لە دەوروبەری تەمەنی ٣٥ ساڵیدا دەگاتە لوتکەی چالاکییەکانی".

لەم ساڵانەدا تێدەگەین کە چۆن هەستەکانمان بە درێژایی ساڵان کەسایەتیمان لە قاڵب داوە. هەروەها لەم ماوەیەدا دەست دەکەین بە جیاکردنەوەی ئەوەی کە بۆ ئێمە چی گونجاوە و چی ڕەنگە نەشیاو و ناخۆش بێت بە پشتبەستن بەو شتانەی کە خێزان و هاوڕێ و کۆمەڵگەکەمان وەک بیروباوەڕی ڕاستەقینە فێری کردووین.

٦. تەمەنی (٣٥ بۆ ٤٢) ساڵی ئەزموونی قەیران و نائارامی

بەپێی بارودۆخی ژیان تا ئەم تەمەنە زۆربەی خەڵک لەم ماوەیەدا تووشی جۆرێک لە نائارامی دەبن. بەگشتی لەم تەمەنەدا ئارەزووی لەناکاو بۆ هاوبەشکردنی زانست و ئەزموونی ژیان لەگەڵ کەسانی تردا لە مرۆڤەکاندا سەرهەڵدەدات و مرۆڤ هەست دەکات کە پێویستە جێپەنجەی خۆی لە جیهاندا بەجێبهێڵێت.

لەم تەمەنەدا مرۆڤەکان لە دۆخێکدان کە بتوانن بە شێوەیەکی بابەتیانە بە شێوەیەکی بێلایەن و بێ تووڕەیی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیان لە ژیاندا بکۆڵنەوە، لەوانەش بواری خوێندن و پەیوەندی و کار و شێوازی کارلێککردنیان لەگەڵ کەسانی تردا، هەوڵ بدەن بۆ ئەوەی گۆڕانکاری بچووک ئەنجام بدەین بۆ یارمەتیدانیان باشترکردنی شێوازی ژیانیان و هەر لەم قۆناغەی ژیاندایە کە وردە وردە تێدەگەین چ شتێک لە ژیاندا بەڕاستی ڕازیمان دەکات و چ شتێک ڕازیمان ناکات. دەستکەوتە دەروونییەکانی مرۆڤ لە دەوروبەری ئەم قۆناغەدا خۆیان نیشان دەدەن و ڕێگاکان بۆ دەربڕینی خۆی دەدۆزنەوە.

٧. تەمەنی (٤٢ بۆ ٤٩) ساڵی گەیشتن بە تێگەیشتنێکی نوێ لە خۆشەویستی

تەنها لەم قۆناغەدا مێشک و ڕۆح هەموو ئەو ئەزموونانە هەرس دەکەن کە تا ئێستا بەدەستیان هێناوە، ئەم پرۆسەیەش ئارەزووی هەنگاونان بە ئاراستەیەکی نوێ و بەدەستهێنانی ئەزموونی نوێ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. ئەگەر کەسێک تا ئەم خاڵە نەیتوانیبێت کاریگەری لەسەر جیهان دروست بکات بە دڵنیاییەوە دوای ئەمە هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات. بەڵام لەم قۆناغەدا زۆر کەس هەست دەکەن کە گەیشتوونەتە کۆتایی ڕێگاکە و لەسەر ئەم بنەمایە مامەڵە دەکەن و ئەگەر لەسەر بنەمای ئەم هەستە مامەڵە نەکەن، ئەم هەستە ناڕوات و دوای ئەوە بە چڕی زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ماوەیەک.

هەروەها لەم قۆناغەدا تێگەیشتنمان لە چەمکی "عەشق" پێدەگات و فێردەبین چۆن خۆشەویستی بکەین. ئەگەر ئەمە ڕووی نەدا، ئەوە واتای ئەوەیە کە کەسەکە هێشتا لە تەحەددیاتی قۆناغەکانی پێشوودا بەشدارە. زۆرێک لە ئێمە تا ئاستێک هێشتا لە ترس و سۆزەکانی منداڵیدا دەمێنینەوە پێی کاریگەر دەبین. لەم قۆناغەدا هەندێک کەس دەستبەرداری ئەو ڕۆڵە چەقبەستووییە دەبنەوە کە لە کۆمەڵگەدا هەیانبووە و ژیانی خۆیان دەخەنە سەر ڕێگایەکی نوێ.

٨. تەمەنی (٤٩ بۆ ٥٦)ساڵی خۆی لەگەڵ بارودۆخی جەستەیی نوێدا دەگونجێنێت

لەم تەمەنەدا سەرەڕای دابەزینی ئاستی تەندروستی جەستەیی بەڵام دەگەینە لوتکەی ئاستی تەندروستی دەروونیمان. لە ڕاستیدا دابەزینی ئاستی تەندروستی جەستەیی وامان لێدەکات زیاتر گرنگی بە خودی ناوەوەمان بدەین. هەر کێشەیەکی کەسایەتی لەم قۆناغەدا دەتوانێت زۆر سترێس دروست بکات، هه‌روه‌ها له‌م قۆناغه‌دا ده‌بێت فێربین به‌شێوه‌یه‌كی نوێ له‌گه‌ڵ خۆماندا بژین و له‌گه‌ڵ جه‌سته‌ نوێ و پیره‌كانماندا بگونجێنین. ئەگەر تا ئەم ئاستە بە ئامانجەکانمان نەگەیشتبین لەوانەیە تووشی خەمۆکی بین، بەڵام دەبێت باوەڕمان بەوە هەبێت کە هێشتا چەندین ساڵ ژیان ماوە.

٩. تەمەنی (٥٦ بۆ ٦٣) ساڵی خودی خۆمان قبوڵ دەکەین بەو جۆرەی کە هەیە

لەم تەمەنەدا خەریکە هەستەکانمان ئارام دەبێتەوە و ئەو کەسایەتییەی کە هەمانە قبوڵ دەکەین. بەڵام لەم قۆناغەدا زۆر پرس کە تا ئێستا شاراوە بوون بۆ نموونە ئەو سنووردارکردنانەی کە بۆ خۆمان دروستمان کردووە ئاشکرا دەبن و ئێستا دەمانەوێت خۆمان لێیان ڕزگار بکەین. هەروەها ژیان لەم قۆناغەدا دەگۆڕێت، بۆ ئێمە قورس دەبێت بەشداری لە چالاکییە گرووپییەکان بکەین و ئەو پەیوەندییانەی کە تا ئێستا بەشێک بووین لێیان پێویستیان بە هەڵسەنگاندنەوە هەیە.

کارل یۆنگی پزیشکی دەروونی لەگەڵ نیچە نووسەر و فەیلەسوف، گریمانەیەکی تەواویان لە بارەی ئەم قۆناغەی ژیانەوە خستۆتە ڕوو. وروژاندنی پرسیاری "من کێم؟" لەم تەمەنەدا وامان لێدەکات قووڵتر سەیری ڕۆحمان بکەین. هەرچەندە هەموو کەسێک ئەم بارودۆخانە ئەزموون ناکات، بەڵام ئەم قۆناغە گرنگترین قۆناغی خۆدۆزینەوەیە بۆ زۆربەی مرۆڤەکان. زۆرجار گەیشتن بەو جۆرە خۆتێگەیشتنە ئازاری لەگەڵدا دەبێت، بەڵام ئەم ئازارە پێویستە بۆ تێگەیشتن و قبوڵکردنی وردەکارییەکان سەبارەت بەوەی ئێمە کێین و هەڵبژاردەی هۆشیاری نوێ بکەین.

١٠. تەمەنی ( ٦٣ بۆ ٧٠) ساڵی دەرفەتێکە بۆ بیرکردنەوە لە مردن

لەم تەمەنەدا دەتوانین بە ئاسانی ئەوانی تر وەک خۆیان قبوڵ بکەین؛ جیاوازییەکانمان لەگەڵ ئەواندا بە شێوەیەکی ئەرێنی هەڵدەسەنگێنین و باش لە کەسانی تردا دەبینین نەک خراپەکانیان لەوان ببینین. هه‌روه‌ها له‌م قۆناغه‌دا ده‌توانین تێبگه‌ین كه‌ زۆربه‌ی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی تا ئێستا كردوومانه‌ له‌ ژێر كاریگه‌ری فاكته‌ره‌ ده‌ره‌كییه‌كاندا بوون، ئەگەر لە ڕابردوودا بە باشی مامەڵەمان لەگەڵ کێشە و خاڵە لاوازەکانی ناوەوەمان نەکردبێت ئەوە ئەم قۆناغە بۆ ئێمە سەرلێشێواو دەبێت. هەروەها لەم ماوەیەدا زیاتر بیر لە مردن دەکەینەوە و دەمانەوێت خۆمان لە جیهانی دەوروبەرمان دوور بخەینەوە.

١١. تەمەنی (٧٠ بۆ ٧٧ )ساڵی ئارامی دەدۆزینەوە

لەم تەمەنەدا سەرنجی ئەو لایەنە شاراوانەی کەسایەتیمان دەدەین کە تا ئێستا پشتگوێمان خستووە. هەستی خۆشەویستی بێ مەرج لە ئێمەدا گەشە دەکات، هەرچەندە لەش وردە وردە لاواز دەبێت، بەڵام ڕۆح بەهێزتر دەبێت و کاریگەریمان لەسەر ئازیزانمان زیاتر دەبێت. ئەگەر پێش گەیشتن بەم تەمەنە بە شێوەیەکی تەندروست مامەڵەمان لەگەڵ ئەو زەبر و زەنگانە کردبێت کە لە ژیاندا تووشی بووین، ئەوا ئامادە دەبین بۆ ئەوەی بچینە ناو ئەم قۆناغە و ئارامی تێیدا دەدۆزینەوە.

لەم قۆناغەدا هەست بە پەیوەندیمان بە ڕابردووی جیهان و باوباپیرانمان و کاریگەرییەکانیان لەسەر ئێمە دەکەین و هەموو پۆلە تەحەداکەرەکانی وەک خۆشەویستی یان ئامانجی ژیان بۆمان ڕوون دەبنەوە. تەنانەت ئەگەر ئاوڕدانەوە لە دواوە هەست بە پەشیمانی بکات، ئەوا دەبێت ئەوەمان لەبیر نەچێت کە شتێک نییە لە ژیاندا بە ناوی "ژیانێکی تەواو و کامڵ". لە سایەی ئەو سەرکەوتنانەی کە لە شکستەکانمان زیاتر بوون ئێمە گەیشتوینەتە ئەم ئاستە و ئەم تەمەنە و تەمەن و گەشتێکی تایبەت و دڵخۆشکەرمان بەسەر بردووە.


سەرچاوەکان



84 بینین