بزوێنەری unreal engine 5 و کاریگەری لەسەر یاریکەرانی یاری ڤیدیۆیی

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-02-17-20:53:00 - کۆدی بابەت: 11979
بزوێنەری unreal engine 5 و کاریگەری لەسەر یاریکەرانی یاری ڤیدیۆیی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بزوێنەری unreal engine 5 و کاریگەری لەسەر یاریکەرانی یاری ڤیدیۆیی (بە عەرەبی: المحرك Unreal Engine 5والتأثير على لاعبي ألعاب الفيديو، بە ئینگلیزی: Unreal engine 5 and its impact on video games users) بزوێنەرێکی یاری دروستکردنە کە کورتکراوەی UE و زنجیرەیەک بزوێنەری هەیە کە لەلایەن Epic games گەشەیان پێدراوە. بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٩٨ ئەم بزوێنەرە نمایشکراوە کە تایبەتیش بووە بە یارییە تەقەکردنەکانی کۆمپیوتەر، ئەم بزوێنەرە بە زمانی کۆدیی ++C دەنووسرێت. لەم سەردەمەدا نوێترین وەشانی بزوێنەرەکە ناسراوە بە Unreal Engine 5 کە ئاستی بەرهەمهێنانی یارییەکان دەباتە قۆناغێکی نوێی تەکنەلۆجی لە ڕووی کوالێتی بەرهەمهێناوە. ئەمەش خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت لەلایەن شارەزایانی بوارەکەوە.

پیشەسازی یاری ڤیدیۆیی بەر لە بزوێنەری UE5

یاری ڤیدیۆیی، جیهانێکی خەیاڵییە کە زۆرجار وێنای ژیانکردنی ڕاستەقینە دەداتە بەکارهێنەرانی، هەروەکو خوێندنەوەی ڕۆمانێک کەوا لە پرسە گرنگەکانی ژیان وانەیەک فێری خوێنەرانی دەکات، یاری ڤیدیۆییش بەکارهێنەرانی لە بابەتەکانی پەیوەست بە ڕۆژگار ئاگادار دەکاتەوە، وەک پلانی ڕێکخراوەکان و هەوڵدان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەقڵی مرۆڤەکان لە ڕێگەی تەکنەلۆجیا و زۆرجار ڕەخنە لە سیستم و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی. ئەمە کاری یاری ڤیدیۆییە کە زۆرجار پەنجە لەسەر برینەکان دادەنێت و چارەسەریش بۆ ئەو برینە دەخاتە ڕوو. 

ئەو بزوێنەرانەی لە سەرەتادا بەکارهاتوون سنوورێکیان لە نێوان ڕاستیی و خەیاڵدا دانابوو. واتا کاتێک یاریکەرێک یارییەکی ڤیدیۆیی دەکرد، پەیامەکەی بەجوانی وەردەگرت و دەشیزانی ئەم بابەتە لە چوارچێوەی خەیاڵدایە و ناکرێت دووبارە بکرێتەوە یان وەکو خۆی جێبەجێ بکرێتەوە. 

بۆ نموونە، کاتێک یارییەکی تەقەکردنی دەکرد پەیامی پشت چیرۆکەکە، کە پێی دەگوترێت سیما، بە ڕوونی هەستی پێدەکرا لە ڕووی دایەلۆگ و دیمەنەکانەوە کە دەری دەخست جەنگ ماڵوێرانییە، ئەوەی چەک هەڵبگرێت، داهاتووییەکی باشی نابێت و کوشتنی مرۆڤێکی بێتاوان هەروا بە ئاسانی لەبیر ناکرێت. یاریکەر ئەم پەیامانەی وەردەگرت بەڵام لە چوارچێوەی بەرهەمێکی ناڕاستییدا بۆیە دەبینرێت ئەوانەی یارییە کلاسیک و ڕیترۆیەکانیان کردووە کەمتر ئاڵودەی یاری ڤیدیۆیی بوون و کەمتر گرفتی دەروونیان بۆ دروست بووە. 

ئایا یاریکەران ئاڵودەی یاری ڤیدیۆیی دەبن؟

وەک پزیشکانی دەروونی دەڵێن هەر شتێک زیاد لە پێویست کاتی بۆ تەرخان بکرێت، دەبێتە هۆی ئاڵودە بوون. بەڵام شارەزایانی یاری ڤیدیۆیی لە نێوان دوو سەردەمدا بۆچوونی جیاوازیان هەیە، ئەوانەی پێش بە واقعی بوونی کوالێتی یاری ڤیدیۆیی لێدوان و وتاریان داوە دەڵێن (یاری ڤیدیۆیی، مرۆڤ ئاڵودە ناکات) بەڵگەشیان بۆ قسەکانیان سادەیی و سنوورداری کوالێتی یارییەکان بووە کە بە مەودایەکی کاتیی کەم یارییەکە تەواو دەکرا. 
دەستەی دووەم پێیان وایە (یاری ڤیدیۆیی، لە ئاستێکدایە لەم سەردەمەدا کە خەیاڵ و ڕاستیی ئاوێتەی یەکتر بوون، کە بۆ یاریکەرە نوێیەکان ئەستەمە کاریگەری دروست نەکات، زۆر جار بە هۆی دیمەنێکەوە تووشی خەمۆکی دەبن، هەندێ جار دەگرین، چونکە جیاکردنەوەیان لەگەڵ جیهانی ڕاستیدا ئاسان نییە) . 

یاری ڤیدیۆیی لەسەردەمی بزوێنەرە پێشکەوتووەکاندا

لەم سەردەمەدا چەندین بزوێنەری پێشکەوتوو هەن وەک UE4, UE5 و Rage و Unity و چەندان جۆر بزوێنەری تر کە یارییان پێ دروست دەکرێت. ئەوەی گرنگە بخرێتە ڕوو UE5ـە کەوا لە قۆناغی ئەزموونیدایە و بەشێکی زۆری شارەزایان بە زیانێکی گەورە بۆ سەر پیشەسازی یاری ڤیدیۆیی دەزانن. چونکە هێندە لە ڕاستییەوە نزیکە یاریکەر گەر وریا نەبێت دەکەوێتە بەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی یارییەکە. 

ئەم بزوێنەرانە یارییەکان بە کوالێتییەک نیشان دەدەن کە جیاناکرێتەوە لە ڕاستی یان زۆر بە کەمی هەستی پێ دەکرێت. چونکە لایەنی ژیری دەستکرد و پڕۆگرامی ئاست بەرز تێیدا بەکاردێت، کەوا وێنەیەکی تەواو ڕوون و ئاست بەرز نیشانی بینەر دەدات. بۆیە ئەو بە واقعی بوونە بە زیان لەسەر بینەران و بەکارهێنەران دەشکێتەوە.

زیانەکانی UE5 لەسەر یاریکەرانی ڤیدیۆیی

ئەم بزوێنەرە زیانی زۆرە بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان و توێژینەوەکانی جۆرناڵی ئێلسێیڤەر.

  • بۆ ئەو نەخۆشانەی گرفتاری حاڵەتی فیکتۆفلیا و فیکتۆسێکشواڵن. ئەمیش ئەوانەن کە ئارەزووی جووتبوون و پێکهێنانی خێزان لەگەڵ کارەکتەری ئافرەتی ئەنیمەیشن و خەیاڵین.
  • ئەو کەسانەی تەمەنیان خوار ١٦ ساڵە، بە بابەتەکانی پەیویست بە هەستەوەرەکانی مرۆڤ کاریگەر دەبن وەک بابەتی مردن و سۆزداری، کە دڵیان پێی پڕ دەبێت و ڕەنگە کاریگەری نەرێنی لەسەر بیر و هۆشیان جێ بهێڵێت بەوەی وا هەست دەکەن زۆر لە ڕاستی دەچێت.
  • زۆر بە واقعی بوونی یاری ڤیدیۆیی، وادەکات خەیاڵ و ڕاستی ئاوێتەی یەکتری بن، بەمەش بەکارهێنەر چیتر هەست ناکات یارییەکی خەیاڵی دەکات، هەموو شتێک بە واقعی دەبینێت، بابەتەکانی هەستەوەری هێندە واقعیانە دەردەکەون، بۆ نموونە ترس و دڵە ڕاوکێی کارەکتەرێک هێندە کوالێتی بەرزە، بینەریش دەخاتە هەمان هەستەوە بۆیە ئەم ناوەڕۆکانە مایەی زیانی دەروونیین بۆ یاریکەر چونکە بە هەوای ناو یارییەکە دەجووڵێنەوە، کاتێک کارەکتەرەکە دڵخۆش بێت ئەوا ئەویش دڵخۆش دەبێت، دڵتەنگ بێت ئەویش دڵتەنگ دەبێت.

ڕۆجەر کڵارک ئەکتەری دەنگی یەکێک لە یارییە ڤیدیۆییەکان بەناوی Red dead redemption 2 کەوا ڕۆڵی جەستەیی و دەنگی Arthur Morganی بینیوە. لە چەند لایڤێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆکدا ئاماژەی بەوە داوە

"زۆر دڵتەنگ دەبم، کاتێک دەبینم کەسێک ڤیدیۆیەکی بڵاو کردووەتەوە و بە گریانەوە دەڵێت Arthur Morgan مرد ئێستا چی بکەم! پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا لە ئاستێکدایە ڕەنگە کەسێک بەهۆی مردنی کارەکتەری دڵخوازی لە یارییەکی ڤیدیۆییدا، تووشی خەمۆکی ببێت و کە دواتر ڕەنگە خۆی بکوژێت".


سەرچاوەکان



115 بینین