پسکیتی ئۆریۆ

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-03-20-17:55:00 - کۆدی بابەت: 12175
پسکیتی ئۆریۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پسکیتی ئۆریۆ یان ئۆریۆ (بە عەرەبی: بسكويت ٲوريو، بە ئینگلیزی: Oreo) براندێکی بازرگانی ئەمریکییە کە لەلایەن کۆمپانیای بازرگانی ئەمریکی نابیسکۆوە بەرهەم دەهێنرێت، کە پسکیتێکی قاوەیی تۆخە و لە دوو چین پسکیتی قاوەی بازنەیی دروستکراوە کە لە نێوانیان چینیێکی تەنکی کرێمی سپی شیرین بە تامی ڤانێلا هەیە. ئۆریۆ بە ناودارترین پسکیتی سەدەی ٢١ ناوزەد کراوە چونکە لە سەرەتای ساڵی دووهەزارەوە تاکوو ئێستا نزیکەی ٥٠٠ ملیار ئۆریۆ فرۆشراوە. لە زیاتر لە ٢٤ـی وڵاتی جیهان و لەگەڵ هەموو وڵاتانی عەرەبی بەرهەمی ئۆریۆ بەردەستن، هاوکات بەرهەمەکە لەو وڵاتانەی کە موسوڵمانن حەڵاڵن و خاڵیین لە چەوری و ڕۆنی بەراز و کحوول و ماددەی خۆراکی حەرام.

مێژووی پسکیتی ئۆریۆ

ئۆریۆ لەلایەن کۆمەڵەی بازرگانی نابیسکۆی ئەمریکی وەکوو پسکیتێکی ئەمریکی لە ساڵی ١٩١٢ کراوەتە بازاڕەکانی ئەمریکا و بەریتانیاوە، لە سەرەتادا پسکیتێکی ئاسایی بوو و ڕەواجی زۆر نەبوو لەناو خەڵکیدا، بەڵام دوای چەند ساڵێی کەم گۆڕانکاری تێداکرا و بە دوو تام بەردەست بوون تامی لیمۆ و تامی کرێم لە پاکەتێکی ئاوی دەپێچرایەوە کە کڕیار بە ڕوونی پسکیتەکەی دەبینی و نرخەکەی تەنها سی سەنت بوو.

لە ساڵی ١٩١٦ دووبارە دیزاینی پاکەتەکەی کرایەوە و جۆری ئۆریۆ بە تامی لیمۆ لە بازاڕەکاندا ڕاگیرا چونکە لەلای کڕیار ئۆریۆ بە تامی کرێم زیاتر پەسەند تر بوو لە ئۆریۆ بە تامی لیمۆ. لە ساڵی ١٩٥٢ لەلایەن بازرگانێکی ئەمریکییەوە گۆڕانکاری لەسەر نرخ و کوالێتی و پێکهاتەی پسکیتی ئۆریو کرا و زیاتر بەرەوپێش برا و لە بازاڕەکاندا داواکاری زیاتری لەسەر هەبوو. لە ساڵی ٢٠٠٦ کۆمپانیاکە گۆڕانکارییان لە پێکهاتەی ئۆریۆ کرد چەوری گۆڕاوی ناتەندروستیان کردە ڕۆنی ڕووەکی و ئەم هەنگاوەیان بە کارێکی باش دانرا.

واتای ناوەکەی

لە زمانی ئینگلیزی شێوەزاری ئەمریکی و زمانی نێو خەڵک وشەی ئۆریۆ واتای شوکۆلاتەی بۆنتی دەبەخشێت کە هەر پسکیتێک یان کێک یان شیرینییەک بە شکۆلاتە و قاوە داپۆشرایە ئەو وشەیەیان بۆ بەکاردەهێنا. لە فەڕەنسا وشەی ئۆریۆ بە واتای کەسێکی ڕەش پێست دێت بەڵام ناخی سپییە. لە زمانی یۆنانی کۆن واتای ئۆریۆ بریتییە لە جوانی یان قەشەنگی.

پێکهاتەکانی

  • شەکر
  • ئارد 
  • زەیتی کانۆلا یان زەیتی خورما
  • فرکتۆز
  • کاکاو
  • نیشاستەی گەنمەشامی و گەنم
  • خوێ
  • تامی ڤانێڵا
  • ماددەی جیلاتین
  • شۆکۆلاتە
  • لیستینی سۆیا
  • کاربۆناتی هیدرۆجینی پۆتاسیۆم
  • کاربۆناتی هایدرۆجینی سۆدیۆم

جۆرەکانی 

بەشێوەیەکی سەرەکی ئۆریۆ لە دوو پسکیتی قاوەیی پێکهاتووە و نێوانیان کرێمێکی سپییە کە بە تامی شۆکۆلاتەی سپی و ڤانێلایە، بەڵام ئەو کرێمە چەند تامێکی تریشی بەردەستن وەک تامی میوەکان، تامی فستق، تامی نەعنا و چەندانی تر. شێوە و جۆرەکانی تری پسکیتی ئۆریۆ بریتین لە: 

١- پسکیتی ئۆریۆی کرێمی دەبڵ: ئەم جۆرەی پسکیتی ئۆریۆ بڕی کرێمەکەی دووهێندەی کرێمی پسکیتی ئۆریۆی ئاساییە و لە ساڵی ١٩٧٤ـەوە بەردەستە، بە تامی شوکۆلاتەی سپی، فستق عەبید، نەعنای سارد لەگەڵ تامی ڤانێلا بەردەستە.

٢- پسکیتی ئۆریۆی تۆپی پێ: ئەم جۆرە لە ساڵی ١٩٧٦ـەوە لە ئەمریکا و کەنەدا بەردەستە، شێوەی پسکیتەکە وەکوو توپی پێیە و هەمان تامی ڕەسەنی پسکیتی ئۆریۆ دەدات.

٣- پسکیتی ئۆریۆ بە تامی شۆکۆڵاتە: ئەم جۆرەی ئۆریۆ کرێمەکەی بە تامی شۆکۆڵاتەیە و ڕەنکی کرێمەکەشی قاوەییە.

٤- پسکیتی ئۆریۆ بە تامی نەعنا: ئەم جۆرەی ئۆریۆ کرێمەکەی تامی نەعنا دەدات و ڕەنگی کرێمەکەی ڕەنگێکی مەیلەو سەوزێکی کاڵە.

٥- پسکیتی ئۆریۆی تەنک: ئەم جۆرەی پسکیتی ئۆریۆ پسکیتەکانی تەنک ترن لە پسکیتی ئۆریۆی ئاسایی، بە تامی هەمەجۆری وەک ڤانێلا، نەعنا، تیرامیسۆ بەردەستە و لە ساڵی ٢٠١٥ ئەم جۆرە لە بازاڕەکانی کەنەدا و ئەمریکا خرانە بازاڕەکانەوە.
٦- پسکیتی ئۆریۆ بە تامی چای سەوز و لیمۆ: ئەم جۆرەی ئۆریۆ تەنیا لە وڵاتی چین و ژاپۆن بەردەستە و لە وڵاتانی تر خواستی زۆری لەسەر نییە.

ئایا پسکیتی ئۆریۆ حەڵاڵە؟

ماوەی جارێک لە چەند سایت و ماڵپەڕێک بڵاودەبێتەوە کە پسکیتی ئۆریۆ حەڵاڵ نییە و چەوری یان ڕۆنی بەراز لە پێکهاتەکەیدا بوونی هەیە، لە ساڵی ٢٠١٩ لە هەژماری فەرمی ئۆریۆ تویتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا نووسرا بوو "ئۆریۆ حەڵاڵ نییە" ئەم تویتە بووە هۆی شڵەژاوی و تەنانەت ڕاگرتنی بەرهەمەکانی ئۆریۆ لە چەند ناوچەیەکی موسوڵمان، بۆیە ئۆریۆ لە هەژماری خۆی تویتەکەی ڕەش کردەوە و ڕوونکردنەوەی بۆ بابەتەکە کرد کە ئۆریۆ لە کەنەدا و ئەمریکا حەڵاڵ نییە، بەڵام ئەو بەرهەمانەی کە لە وڵاتی ئیمارات و سعوودیەن و بە گشتی بەرهەمەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست حەڵاڵن و خاڵیین لە چەوری بەراز. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ هەمان باس وروژێنرا بەهەمان شێوە لە ماڵپەری فەرمی و هەژماری فەرمی تویتەر دەنگۆکان ڕەتکرانەوە و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو  بەرهەمانەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتە موسڵمانەکان دروست دەکرێن خاڵیین لە کحوول و چەوری و ڕۆنی بەراز یان هەر ماددەیەکی خۆراکی حەرامی تر.


سەرچاوەکان



68 بینین