چۆنیەتی دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ دایک باوک

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2024-03-26-17:39:00 - کۆدی بابەت: 12314
چۆنیەتی دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ دایک باوک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆنیەتی دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ دایک باوک (بە عەرەبی: كيفية بناء علاقة قوية مع ابوين، بە ئینگلیزی: How to build strong relationship with parents)، گرنگترین هۆکاری سەرەکی سەلامەتی دەروونی منداڵ و نەوجەوان، پەیوەندییەکی باش و سۆزدارییانە لەگەڵ خێزان و دایک و باوک بەتایبەتی، پەیوەندی و مامەڵەی گونجاو لەنێوان دایباب و منداڵەکان دەتوانێت یارمەتی سەرکەوتنیان بدات لە خوێندن و بواری جیاوازدا، تەنانەت ڕۆڵی لە دروستبوونی کەسایەتی کەسی و کۆمەڵایەتیشیان هەیە.

چۆن پەیوەندییەکی بەهێز دروست بکەین

پەیڕەوکردنی یاسا

یەکێک لەو کێشانەی کە زۆربەی منداڵەکان لەگەڵ دایک و باوکیان هەیانە دەربارەی شکاندنی یاساکانە، دەبێت ئەوە بزانن کە خێزان کۆمەڵگایەکی بچووکە کە یاسای تایبەتی هەیە، لەبەرئەوە ئێوەش وەکوو ئەندامێکی ئەو کۆمەڵگایە پێویستە لەسەرتان پەیڕەوی یاساکان بکەن، کەواتە ڕێز لە یاساکانی خێزان بگرن و ڕەچاوی هێڵە سوورەکان بکەن لەگەڵ دایک و باوکتان، بەدڵنیاییەوە کێشەکان کەمتر دەبن.

بەڕێزی

یەکێکی تر لەو شتانەی کە دایک و باوک توڕە دەکات  شێوەی قسەکردن و ڕەفتارە، نابێت ئەوە لەبیر بکەن کە لە هەموو بارودۆخێکدا ڕێزی دایک و باوک ئەرکە، کەواتە هەوڵ بدەن لەکاتی بوونی کێشەکان بە ئارامی، لەسەرخۆ و بەڕێزەوە بە گفتوگۆ کێشەکە چارەسەر بکەن. ئەگەر کەسێکی توڕەی یان دایک و باوکت توڕەن، واباشە بۆ قسەکردن کاتێک هەڵبژێریت کە هەمووان ئارامن، قسەکردن لەکاتی توڕەیی، بێتاقەتی یان لەژێر فشاردا ئەنجامی دڵخوازی نابێت، بەلکوو ڕەنگە ببێتە هۆی هەڵە تێگەیشتن و زویر بوون. 

کات بەسەربردن لەگەڵ دایک و باوک

یەکێک لەو ڕێگایانەی پەیوەندی نێوانتان بەهێز دەکات بێگومان کات بەسەربردنە لەگەڵ یەکتر، بەگشتی کاتێک منداڵ دەگات بە تەمەنی هەرزەکاری پێی باشترە زۆربەی کاتەکانی لەگەڵ هاوڕێی و هاوتەمەنەکانی بەسەر ببات ئەگەر دەتەوێت پەیوەندییەکی هاوڕێیانەت لەگەڵ دایک و باوکت هەبێت، پلان دابنێ بۆ کات بەسەربردن لەگەڵیان، لە میوانی و کۆبوونەوە خێزانییەکان بەشدار بە، دەربارەی بابەتەکانی ڕۆژ و هەندێک بابەتی تایبەتی خۆت قسەیان لەگەڵ بکە، داوای یارمەتی و ڕێنماییان لێ بکە و وابکە لە کات بەسەربردن لەگەڵت چێژ وەربگرن.

یارمەتیدانی دایک و باوک

هەرچەنێک تەمەنی دایک و باوک زیاتر ببێت، توانایان بۆ ئەنجامدانی کارەکانی ڕۆژانەی ماڵەوە کەمتر دەبێتەوە، جگە لەوەی کە تۆش وەکوو ئەندامێکی خێزانەکە ئەرکە لەسەرت کە هەندێک بەرپرسیارێتیت هەبێت، هەوڵ بدە لە ئەنجامدانی کارەکانی ڕۆژانە و کارە تایبەتییەکانیان یارمەتییان بدەیت، بۆ نموونە بازاڕیکردن بۆ پێداویستییەکانی ماڵەوە، یان ئەنجامدانی هەندێک کاری وەکوو شۆردن و خاوێنکردنەوە. نیشانیان بدە کە گرنگی بە کارەکانیان دەدەیت و ئەگەر کارێکیان هەبێت ئامادەیت یارمەتییان بدەیت، ئەم بابەتە یارمەتی پەسەندکردنت وەکوو کەسێکی سەربەخۆ و کارزان دەدات.

دەربڕینی هەست بۆ دایک و باوک

دەربڕینی هەست بەواتای دڵ گەرمکردنەوەی کەسی بەرانبەر دێت بۆ پەیوەندییەکە، هەوڵ بدە هەمیشە دڵنیایان بکەیتەوە کە زۆر گرنگن بۆت و خۆشت دەوێن، لە بۆنە جیاوازەکاندا دیارییان پێ بدە یان هەست و ڕێزی خۆتیان نیشان بدە.

تێگەیشتن لە دایک و باوک

خۆشەویستی و سۆز و نیگەرانییەکانی دایک و باوک بۆ منداڵەکانیان هەستێکی خۆنەویستانەیە، هەوڵ بدە بەتوڕەییەوە مامەڵە لەگەڵ نیگەرانییەکانیان نەکەیت هەمیشە بەمیهرەبانییەوە قسەیان لەگەڵ بکە، هەندێک کات ئاگاداری زۆری دایک و باوک دەبێتە هۆی ماندووبوونت بەڵام لەبیری مەکە کە ئەمانە بەهۆی خۆشەویستییانەوەیە.

قسەکردن لەگەڵ دایک و باوک

ئەگەر هەست دەکەیت دایک و باوکت پەیوەندییەکی باشیان نییە لەگەڵت یان ڕەفتارەکانیان ئازارت دەدات لەبری ئەوەی لەخۆوە بڕیاریان لەسەر بدەیت، ڕەخنە بگریت یان کاردانەوەت هەبێت، باشترە باسی کێشەکەتیان لەگەڵ بکەیت، باسی هۆکارەکانت بکەیت و داوا لەوانیش بکەیت هۆکاری خۆیان ڕوون بکەنەوە، بەو شێوەیە دەتوانن بە گفتوگۆ کێشەکە چارەسەر بکەن.

کاتی گونجاو

ڕەنگە هەندێک کات هەق بە تۆ بێت، بەڵام نەتوانیت دایک و باوکت قایل بکەیت و بەرگری لە مافی خۆت بکەیت، بەڵام بزانە توڕەیی و ناڕەزایی جگە لە کێشەی زیاتر ئەنجامی تری نابێت، بۆئەوەی بەرگری لە مافی خۆت بکەیت کاتێکی گونجاو هەڵبژێرە و بەلەسەرخۆیی قسەکانت بکە.

قبوڵکردنی ڕەخنە

هەوڵ بدە ڕەخنەت قبوڵ بێت، ئەگەر دایک و باوکت ڕەخنەیان لە ڕەفتار یان کارەکانت گرت، خۆت بخە جێگای ئەوان ڕەنگە ئەوان ڕاست بکەن، لە بیرت بێت ئەوان گەورەترن و ئەزموونی زیاتریان هەیە لە ژیان، بۆیە ئەگەر ڕەخنەیەک بگرن بەدڵنیاییەوە هۆکاری خۆیان هەیە.

دایک و باوکتان بەراورد مەکەن بە هاوڕێکانتان

ئەگەرچی لە ماوەی نەوجەوانی یان گەنجیدا هاوڕێکان ڕۆڵی گرنگیان لە ژیانی کەسەکاندا هەیە، بەڵام هەموو هاوڕێیەتییەک ڕەنگە ڕۆژێک کۆتایی پێ بێت، بەڵام دایک و باوک تا کۆتایی تەمەن دایک و باوکتن، کەواتە هەوڵ بدە کەس نەخەیتە شوێنی ئەوان، هاوڕێکانت لە خێزان پێ باشتر نەبێت و ڕێگا مەدە پەیوەندی هاوڕێیەتی ببێتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییە خێزانییەکانت بەتایبەت دایک و باوک.


سەرچاوەکان



66 بینین