تارمایی تسوشیما (یاریی ڤیدیۆیی)

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-03-30-23:07:00 - کۆدی بابەت: 12410
تارمایی تسوشیما (یاریی ڤیدیۆیی)

ناوه‌ڕۆك

زانیارییەکی گشتی

تارمایی تسوشیما (بە عەرەبی؛ الشبح سوشیما، بە ئینگلیزی؛ Ghost of tsushima) یاریکەری ڕۆڵگێرانی شەڕکردن کە لەلایەن کۆمپانیای سەکەر پەنچ کاری پەرەپێدانی بۆ کراوە، لەلایەن کۆمپانیای سۆنی کاری بڵاوکردنەوە و بەبازاڕکردنی بۆ کراوە. شێوازی کامێرای یارییەکە کەسی سێیەم و تەنها تایبەتە بە کونسوڵەکان پلەیستەیشن ٤ و پلەیستەیشن ٥. لە یارییەکەدا یاریکەر یاری بە سامورایەک دەکات کە ناوی (جین ساکا)ـیە، کە هەوڵدەدات دوورگەی سوشیما لە داگیرکاری مەغۆلەکان بپارێزێت.

جین لە نێو چیرۆکی یارییەکەدا پێویستە یان ببێت بە جەنگاوەرێکی بە شکۆی سامورای یاخود ببێتە جەنگاوەرێکی بێ شکۆ و جیاواز لە شێوازی شەڕکردنی سامورایەکان شەڕبکات. یارییەکە جیهانێکی گەورەی هەیە کە دەتوانیت بە ئەسپ و بە پیادە گوزەری تێدا بکەیت. بۆ شەڕکردن لەگەڵ دوژمنەکانی یارییەکە جین دەتوانێت بە شەڕکردنێکی شکۆیان وەک سامورایەک ڕووبەڕوو دوژمنەکانی لەناوبەرێت یاخود بە شێوازی جەنگاوەرانی نهێنی کە لە یارییەکە پێی دەوترێت گۆست (خێو - تامایی) دوژمنەکانی بە دزی بکوژێت. دواتریش لە ساڵی ٢٠٢٠ مۆدێکی تایبەتی یاریەکە بە شێوەی مۆڵتەپلەیر - فرەیاریزان بڵاوکرایەوە لە ژێر ناوی (Ghost of tsushima: legends)، دواتریش ئەم مۆدە لە ساڵی ٢٠٢١ بە جیا بڵاوکرایەوە.

شێوازی یاریکردن (گەیم پلەی)

یارییەکە لە شێوازی رۆڵگێرانی شەڕکردنی کەسی سێیەمە. یاریکەر لە نێو یارییەکەدا دەتوانێت بە چەندین شێوازی یاریکردنی جیاواز ئەرکەکانی نێو یاریەکە تەواوبکات کە پێی دراوە. جین دەتوانێت بە شێوازی ئاشکرا و لەڕێگای شمشێرەکەیە ڕووبەڕوو دوژمنەکانی بکوژێت و لەناویان ببات، کە لە شێوازی شەڕکردنەکەی دەتوانێت چەندین هونەری شمشێربازی جیاواز بەکاربهێنێت وەکو شێوازی وەستانی بەردینی، کە بەکاردێت بۆ شەڕکردن لەگەڵ دوژمنە شمشێربازەکان، شێوازی وەستانی ئاوی، کە بەکاردێت بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئەو دوژمنانەی قەڵغان بەکاردێنن، وەۆ شێوازی وەستانی هەوا بۆ دوژمنە رمبازەکان، لەگەڵ شێوازی وەستانی مانگ کە بۆ دوژمنە دڕندەکان بەکاردێت. 

لە کۆتاییدا دەتوانێت ببێتە خاوەنی وەستانی چوونە نێو دۆخی خێوی (تارمایی)، کە لە کاتی بەکارهێنانی ئەم جۆرە وەستانە جین لە چاوی دوژمنەکانی ون دەبێت و دەتوانێت هەر بە یەک لێدان کۆتاییان پێ بهێنێت، لە ماوەی بەکارهێنانی ئەم جۆرە وەستانە کە ماوەکەی دیاری کراوە. بۆ ئەوەی یاریکەر بچێتە ناو دۆخی بوون بە خێو - تارمایی دەبێت چەندین دوژمن لەسەر یەک بکوژێت بێ ئەوەی خۆی هیچ لێدانێکی بەربکەوێت یاخود دەتوانێت راستەوخۆ پاش کووشتنی سەرکردەیەکی مەغۆلەکان بچێتە ناو ئەم دۆخەوە.

یاریەکەر دەبێت بە شێوازێکی ژیرانە هێرش بکاتە سەر دوژمنەکە و کاردانەوەی لەگەڵ بکات بۆ ئەوەی دوژمنەکەی لەنێو بەرێت. هەروەها جین دەتوانێت تیر و کەوانیش بەکاربهێنێت، کە چەندین جۆری تیری جیاوازی تێدایە لە یاریەکە. لە هەندێک لە ئەرکە سەرەکی و لاوەکییەکانی نێو یارییەکە جین دەبێت زۆرانبازی لەگەل هەندێک کەسایەتی نێو یارییەکە بکات کە وەکو بۆس یان سەرۆکن و خاوەنی جووڵە و شێوازی شەڕکردنی تایبەت بە خۆیانن. قورسترین ئاست کە بۆ تەواوکردنی یارییەکە دانراوە زیاتر ڕاستەقینەترە لە ئاستەکانی تر،جین و دوژمنەکان بە قورسی شەڕدەکەن و زۆر لە ڕاستیەوە نزیکە، شەڕکردن لەگەڵ دوژمنە ئاساییەکان پێویستی بە یەک بۆ دوو جووڵە هەیە تاوەکوو تەواویان بکەی. 

جین جیا لە شەڕکردنی ڕاستەوخۆ دەتوانێت بە دزیش شەربکات بۆ تەواوکردنی ئەرکەکانی یارییەکە بە بێدەنگی هێمنی دوژمنەکانی بکوژێت. بە تەواوکردنی ئەرکەکانی یارییەکە بەهرەی نوێت بۆ دەکرێتەوە کە ڕێگا بە جین دەدات ببێتە بکوژێکی کارامە و بە بێدەنگی و لە دوای یەک چەند دوژمنێک لە یەک کاتدا لەناو ببات. تا کۆتایی چیرۆکی یاریەکە جین چەندین چەکی تایبەت بە خۆی وەک خێوێک هەیە. وەکو تەقەمەنی و زەنگی هەوایی کە بۆ سەرلێشێواندنی دوژمنەکان بەکاردێت، بۆمبی دوکەڵی کە بۆ خۆ وون کردن بەکاردێت، (کونا) کە بوارت پێدەدات لە یەک کات لە چەند دوژمنێک بدەی. وە لە کۆتایەکانی چیرۆکی یاریەکە چەکێکی تایبەتی بۆ دەبێتەوە کە جین دەتوانێت لە ڕێگایەوە دەرزی ژەهراوی لە دوژمنەکانی بدات لە مەودایەکی دوورەوە. جین دەتوانێت لە رێگای تەکنیکێکەوە کە پشوودانە بە گیانی خوێنەکەی پڕبکاتەوە، کە ئەم تەکنیەکەش لە رێگای کوشتنی دوژمنەکان و تەواوکردنی دوژمنەکانت بە دەستی دەهێنیت. 

یارییەکە خاوەنی جیهانێکی گەورەیە کە دەتوانیت بەبێ ڕێنیشاندان یان بە ڕێنمایی ئاڕاستەی با گوزەری بەنێو دابکەی. سێ دوورگەی سوشیما بە پێی ڕۆیشتنی چیرۆکەکە هێواش هێواش دەبنەوە بۆت. سەرەتا دوورگەی ئیزوهارە دەبێتەوە، دواتر دورگەی تۆتۆیامە و دواتریش دورگەی کامیگاتە. جین دەتوانێت ئەسپ بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی گەشت بکات بە ناوچە دوورەکان، بۆ ناوچە سەختەکانیش ئامێرێکی تایبەتی هەیە کە پێی دەگوترێت قوڵابە.

شوێنی سەردانیکردنی جین

ئەو شوێنانەی کە پێویستە جین سەردانیان بکات هەڵۆ زەردەکان یارمەتی جین دەدات لە دۆزینەوەیان.
کە ئەو شوێنانەش پێکدێت لە؛ کانیاوە گەرمەکان، کە دەبنە هۆی زیادکردنی خوێنی جین، لەگەڵ شوێنی مەشقکردن بە داری قامیش کە دەبێتە هۆی زیادکردنی پشوودرێژی جین، وە کۆڵەکەی شکۆ کە بوار بە جین دەدات ببێتە خاوەنی هەندێک جلوبەرگ و جوانکاری تایبەت. جین بە تەواوکردنی ئەرکی لاوەکی دەروازەکانی تۆری کە لە رێگایەنەوە دەچووە هەندێک مەزارگە کە هەندێک پاداشتی تایبەتی لێ بەدەست دەهێنا جین وەکو بەهێزبوونی لێدانەکانی، کەم هاتنە خوارەوە خوێنی، هتد. وە هەروەها رێویەکان یارمەتی جین دەدەن بۆ دۆزینەوە مەزارگا ئیناریەکان کە لە ڕێگایەوە جین دەتوانێت چارمەکانی زیاد بکات. 

یارییەکە هەندێک ئەرکی لاوەکیشی تێدایە کە یاریکەر دەتوانێت بۆ خەڵکە ئاسایەکانی نێو یاریەکە ئەنجامی بدە. وە جین دەتوانێت ئەو لادایەنەش رزگار بکە کە لەلایەن مەغۆلەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە بە کوشتنی تەواوی ئەو مەغۆلانەی کە لە لادێکە هەن. شێوازی هونەرە شمشێربازیەکان ئەو کاتە بەردەست دەبن لە نێو یاریەکە کە جین سیخوڕی یاخود سەرکردەیەکی مەغۆلەکان دەکوژێت. بە تەواوکردنی ئەرکە لاوەکیەکان و یارمەتیدانی خەڵکی ئاسای نێو یاریەکە جین چارمی زیاتر بە دەست دەهێنێت وە خەلکیش دیاری تایبەت بە جین دەبەخشن لە پێناو هاوکاریەکانی. وە لە رێگای تەواوکردنی ئەرکە ئەفسانەیەکان جین دەبێتە خاوەنی زرێپۆش و کەلوپەلی جەنگی تایبەت وە هەروەها فێری چەند تەکنیکێکی جیاوازی شەڕکردن دەبێت. هەر کەلوپەلێکی جەنگی سوودێکی خۆی لە شەڕدا لە نێو یاریەکە. وە ئەم کەلوپەلانە دەتوانرێت بەهێزتر بکرێن لە رێگای کۆکردنەوە ماددە و کانزاکان لە نێو یاریەکە. وە جین دەتوانێت رووپۆش و سەربەند و جلوبەرگی تایبەت و جیاوازیش بپۆشێت. 

جۆرەکانی

یارییەکە خاوەنی مۆڵتەپلەیریشە کە لە سێ جۆری جیاواز پێکدێت ئەوانیش:
یەکەم: تەواوکردنی چیرۆکی یاریەکە لەگەڵ هاوڕێکەت. 
دووەم: مانەوە لە ژیان کە تێیدا ڕووبەڕووی ١٥ هێرشی لە دوای یەک دەبیەوە. 
سێیەم: کێبڕکێیە کە لە نێوان دوو تیمی دژ بە یەک ئەنجام دەدرێت کە هەموویان یاریزانی راستەقینەن.

چیرۆکی یارییەکە

لە ساڵی ١٢٧٤ مەغۆلەکان بە سەرکردایەتی کۆتۆن خان دوورگەی سوشیما لە وڵاتی ژاپۆن داگیردەکەن. جین و خاڵی سەرکردایەتی سامورایەکانی دوورگەی سوشیما دەکەن تا پێش بگرن لە داگیرکاری مەغۆلەکان. بەڵام بەرگری سامورایەکان لەو جەنگە بە کارەسات کۆتایی دێت و  زۆربەی سامورایەکان دەکوژرێن و خاڵی جین بە دیل دەگیرێت و جین بە سەختی بریندار دەبێت لە مەیدانی جەنگ. یونا کە کچێکی دزە لە نێو یاریەکە جین لە مەیدانی جەنگ دەدۆزێتەوە و ڕزگاری دەکات، پاشان پێی دەڵێت کەوا مەغۆلەکان جەنگەکەیان بردەوە و هەواڵی بێ هۆش بوونی جین هەمووی بۆ باس دەکات. جین بڕیار دەدات بەتەنیا وەک سامورایەکی بە شکۆ هێرش بکاتە سەر قەڵای کێنێدا، کە هێزی کۆتن خانی لێیە و شیمورا کە دەکاتە خاڵی لەوێ بەدیل گیراوە و ڕزگاری بکات، بەڵام خان خۆی ڕووبەڕووی دەبێتەوە و لە پردی قەڵاکە فڕێی دەداتەوە خوارەوە. 

دوای ئەم شکستەی جین هەست بەوە دەکات کە ناتوانێت بەتەنیا شکست بە مەغۆلەکان بهێنێت یان بە شێوازە ڕەسەنەی سامورایەکان، چونکە ئەوان هەموو جووڵەکانیان دەزانن، بۆ ئەم مەبەستەش جین دەست دەکات بە گەڕان بەنێو دوورگەکە تاوەکو هاوپەیمانی نوێ بۆ خۆی بدۆزێتەوە و شێوازی جەنگی نوێ فێربێت. ئیتر لە گەڕانەکەی دا یونا، برای یونا کە ئاسنگەرە، کێنجی بازرگان، ئیشیکاوە مامۆستای گەورەی تیر هاوێژی، ماساکۆ ئادەچی کە سامورایەکی ئافرەتە، وە ریۆزۆ کە هاوڕێیەتی لەگەڵ هەبووە پێش جەنگ وەکو بەکرێگیراو کاردەکات لەگەڵ شوێن کەوتووەکانی دەناسێت. دوای ئەوەی جین دەست بە چالاکییەکانی دەکات و گوندەکان ڕزگار دەکات و کار و چالاکییەکانی مەغۆلەکان پەک دەخات، خەڵک بەرە بەرە بە (خێوەکە) ناوی دەهێنن دەڵێن گوایە ڕۆحی سامورایە مردووەکانە و لە دژی مەغۆلەکان هەڵساوەتەوە.

تاکا قولابەیەک بۆ جین دروست دەکات تاوەکو لە ڕێگەیەوە بەسەر شوراکانی قەڵای کێنێدا سەر بکەوێت و لەگەڵ هاوپەیمانەکانی هێرش دەکاتە سەر قەڵاکە. بەهۆی ئەو گرانی و برسییەتیەی لەبەر جەنگ دروست ببوو کڵاو و قامیشییەکان بە سەرکردایەتی ریۆزۆی هاورێکەی جین خیانەت لە جین دەکەن دەیانەوێت جین بکوژن و ئەو پاداشتەی لەسەر کوشتنی داندراوە وەربگرن. جین سەرکەوتووانە هەموویان دەکوژێت و قەڵاکە خاوێن دەکاتەوە و خاڵیشی رزگار دەکات. لەو کاتەدا کۆتۆن خانیش قەڵای شیمورا لەگەڵ ریۆزۆ داگیرکرد.

بۆ دووبارە گرتنەوەی قەڵای شیمورا جین هاوپەیمانیەتی لەگەڵ جەنگاوەری قەشەکانی نۆریۆ و خێڵی یاریکاوە دروست دەکات. هەروەها جین چەتەیەکی دەریا دەناسێت بە ناوی گۆرۆ کە جین داوای لێدەکات نامەیەک بۆ شۆگۆن ببات و کە تێیدا داوای هێزی پشتیوانی دەکات بۆ ڕزگارکردنی دوورگەکە.

دوای ئەوەی جین سوپایەکی نوێی پێکهێنا دەگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی کە دیوەخانی خێڵی ساکایە و زرێپۆشی تایبەت بە خێلەکەی خۆی دەپۆشێت کە لەلایەن خزمەتکاری ماڵەکەی یوریکۆ پارێزرابوو. یۆریکۆ جین فێری دروستکردنی ژەهریش دەکات. لە ژێر فەرمانی شیمورای خاڵی جین و یونا هێرش دەکەنە سەر قەڵایەک گوایە ریۆزۆی لێیە، بەڵام سەرکەوتوو نابن و بە دیل دەگیرێن. جین رەتیدەکاتەوە ببێتە بەکرێگیراوی خان و ئەویش لە بەرامبەردا تاکای برای یونا کە ئاسنگەرە دەکوژێت. دوای ئەوە یونا یارمەتی جین دەدات تاوەکو ڕابکات. دوای ئەوەی کە  هێزی پشتیوانی لەلایەن شۆگنەوە دەنێردرێت، شیمورای خاڵی جین هێزەکانی کۆدەکاتەوە و هێرش دەکاتە سەر قەڵای شیمورا لە سەرەتادا  سامورایەکان سەرکەوتنی باش تۆمار دەکەن و مەغۆلەکان تا دوا بەشی قەڵاکە ڕاودەنێن، بەڵام دواتر مەغۆلەکان لە دوا بەشی قەڵاکە کە بە پردێک بە بەشەکانی تری قەڵاکە دەبەسترێتەوە دەکشێنەوە و پردەکەش دەتەقێنەوە بەمەش هێرش کردنە سەر بەشی کۆتایی قەڵاکە وەک خۆکوژی وا بوو بۆ سامورایەکان. 

دوای ئەوەی جین هەست بەوە دەکات هەر هێرشێک کە ئێستا بیکەنە سەر کۆتا بەشی قەڵاکە وەک خۆکوژی وایە، جین بڕیار دەدات بە دزی بچێتە نێو هێزەکانی مەغۆل و هەموویان بە ژەهری مار لەناوببات. ئەو ریۆزۆش دەکوژێت دوای ئەوەی ڕەتیدەکاتەوە خۆی بەدەستەوە بدات. بەڵام کۆتۆن شوێنەکەی جێهێشتووە، تاوەکو درێژە بە داگیرکاریەکانی بدات لە ناوچەکانی باکوور. سەرەڕای سەرکەوتن و گرتنەوەی قەڵاکە خاڵی جین شیمورا، زۆر تووڕە دەبێت بەهۆی ئەو کارانەی جین ئەنجامی داوە و سەرپێچی یاسای سامورایەکانی کردووە وەک جەنگاوەرێکی بە شکۆ شەڕی نەکردووە.

ئەگەر شۆگۆن بزانێت فەرمان بە کوشتنی جین دەردەکات، بەڵام خاڵی بە جین دەڵێت کە یونا وەک بەهانەیەک بۆ کارەکانی بەکاربێنێت تاوەکو لێی خۆشبن، بەڵام جین ئەمە ڕەتدەکاتەوە و خۆی وەکو تارمایی سوشیما دەناسێنێت و ڕووپۆشەکەی بەدەستەوە دەگرێت. شیمورا بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە ناچار دەبێت فەرمانی دەستگیرکردنی دەربکات. بە هاوکاری هەندێک لە هاوپەیمانەکانی جین دەتوانێت ڕابکات، بەڵام ئەسپەکەی لە پڕۆسەی هەڵاتنەکەی دەکوژرێت لەلایەن تیر هاوێژەکانەوە. جین بەرەو باکوور گەشت دەکات دەزانێت کە وا مەغۆلەکان فێربوون چۆن ژەهرەکەی جین دروست بکەن، لە داگیرکارییەکەیان بەکاریبهێنن. پێش کۆکردنەوەی هاوپەیمانەکانی و هێرش کردنە سەر دوا مۆلگەی کۆتۆن خان لە بەندەری ئیزومی، جین نامەیەک بۆ خاڵی شیمورا دەنێرێت کە بەژدار بێت لە هێرشەکە ئەویش داواکەی قبول دەکات. دوای هێرشکردنە سەر بەندەرەکە جین خۆی دەگەیەنێتە کەشتی خان و دەیکوژێت. 

دوای مردنی کۆتۆن خان، ئەگەر چی مەغۆلەکان هێزەکانیان لە دوورگەکە هەر مابوو بەڵام لە داگیرکاری وەستان و ئیتر نەیان دەتوانی بەردەوام بن و لە چەند ناوچەیەکی جیا جیا مابوونەوە. شیمورا بە جین رادەگەیەنێت کە پاش ڕزگارکردنی دوورگەکە شۆگۆن داوای کردووە دووبارە خەڵک لە ژێر چەتری سەرکردەکان کۆبکاتەوە وایان لێبکات گوێڕایەڵیان بن. وتیشی شۆگۆن فەرمانی کردووە خێڵی ساکای بسڕێتەوە و جینیش بکوژێت. جین و شیمورای ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە و جین خاڵی دەبەزێنێت. لە کۆتایدا جین ڕووبەڕووی هەڵبژاردنێک دەبێتەوە کە ئایە خاڵی بکوژێت مردنێکی بە شکۆی پێ ببەخشێت یاخود رێگای پێ بدە و بژی کۆدی سامورایەکان بشکێنێت. بڕیارەکە هەر چی بێت جین دەبێتە دوژمنی شۆگەن لە درێژەی یاریەکە. 

خەڵاتەکان 

  • بەدەستهێنانى خەڵاتی باشترین نواندنکاری دەنگی لە مەراسیمی یاری ساڵ.
  • بەدەستهێنانی باشترین یاری لە ڕووی دەنگەوە لە مەراسیمی خەڵاتەکان بافتا.
  • بەدەستهێنانی باشترین یاری لە ڕووی هونەرییەوە لە خەڵاتەکانی مەراسیمی سۆنی.


سەرچاوەکان



60 بینین