چۆن پێداچوونەوە بۆ کتێب دەنووسرێت؟

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-03-30-23:16:00 - کۆدی بابەت: 12411
چۆن پێداچوونەوە بۆ کتێب دەنووسرێت؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆن پێداچوونەوە بۆ کتێب دەنووسرێت؟ (بە عەرەبی؛ كيف تكتب مراجعة الكتاب؟ و بە ئینگلیزی؛ How to write book review?) کاتێک کتێب دەخوێنینەوە بێگومان حەز بەوە دەکەین خەڵکانی تریش لێی سوودمەند بن، بەڵام زۆر جار گرفتمان بۆ دروست دەبێت بەوەی ناتوانین پەیامی کتێبەکە بە جوانی و بێ باس کردنی ناوەڕۆکی کتێبەکە پەیامەکە بگەیەنین. یان کاتێک بە شێوازی نووسین بەم کارە هەڵدەستین ئەوا زۆر جار ناوەڕۆکی کتێبەکە دەنووسین کە ئەوانەی کتێبەکەیان نەخوێندووەتەوە ڕاستەوخۆ دەزانن دەرئەنجام چییە، کە ئەمەش هەڵەیە. 

گرنگترین ئەو هەنگاوانەی پێویستە لە کاتی نووسینی پێداچوونەوەی کتێب جێبەجێ بکرێن

یەکەم: پێوستە نووسەر بە چەند ڕستەیەک وەسفی کتێبەکە بکات کە بە گشتی باسی چی دەکات، بۆ نموونە ئەگەر کتێبێکی مێژووییە پێویستە بەم جۆرە باس بکرێت: (کتێبێکی مێژووییە باس لە ڕووداو و دەرئەنجامەکانی جەنگی دووەمی جیهانی دەکات.) یان ئەگەر ڕۆمان و چیرۆک بێت (ڕۆمانێکە کە باس لەو نەهامەتییانە دەکات کە مرۆڤ دەکرێت تووشی ببێت لە دەرئەنجامی هەندێک ڕووداو کە بە کتوپڕی تووشیان دەبێت.) دەبێت بەم جۆرە دەست پێ بکرێت تەنها لە چەند دێڕێکدا مەبەستی کتێبەکە بخرێتە ڕوو. مەبەست لەم خاڵە ئەوەیە بیرۆکەیەک بدەیتە خوێنەر کە ناونیشانی کتێبەکە باسی چی دەکات و خۆدوورگرتن لە وشەیەک کە ناوەڕۆک ئاشکرا بکات. 

دووەم: باس کردنی ئەو شتانەی کە بە دڵت بووە بەڵام بە داڕشتنی خۆت نەوەک دەقی ناو کتێبەکە. بە نموونە (ئەوەی جوان بوو لەم کتێبەدا نووسەر تیشکی خستووەتە سەر  ڕێزگرتن و لێبووردەیی و کاری چاکە. بە جۆرێک دەدوێت کە مرۆڤ دەبێت هەمیشە چاکەخواز بێت لەگەڵ کەسانی تر.) ڕەنگە لە کتێبەکە بۆ ئەم چەند دەقە دیالۆگێک هەبێت کە نووسەر باسی دەکات، بەڵام پێویست ناکات دەقی ناو کتێبەکە باس بکەین، ئەوەی لە دەقەکە تێگەیشتین بە نووسراوی خۆمان دەینووسینەوە. 
دەشێت جگە لەو خاڵە ئەم شتانەش باس بکەین:

  • ئایا کەسایەتییەکان بە ڕوانگەی تۆ چۆن بوون؟ 
  • کارەکتەری دڵخوازت کێ بوو؟ و بۆچی؟ 
  • ئایا زنجیرەی ڕووداوەکان بە جۆرێکن خوێنەر تامەزرۆ بکات؟ 
  • جوانترین بەشی کتێبەکە چی بوو؟ بۆچی؟ بەڵام دەبێت خۆت لە نووسین و کۆپی کردنی دەقی کتێبەکە بپارێزی. بۆ نموونە (جوانترین بەشی کتێبەکە بەلای منەوە ئەوە بوو کە لە هەموو بارودۆخێکدا دەبێت ئارام بین و سوپاس گوزار بین.) 
  • ئایا کتێبەکە دڵتەنگی کردیت یان بە پێکەنینی هێنایت؟ (ڕووداوەکان بە جۆرێک ڕوودەدەن کەوا هیچ کەسێک ناتوانێت نەگریت) یان (کتێبەکە هێندە تەنز ئامێز و کۆمیدییە کە قاقای پێکەنین دەتگرێت). 
  • ئایا کتێبەکە وات لێ دەکات لە خوێندنەوەی بەردەوام بیت یاخود دەتوەستێنێت؟ پێویستە بە ڕاستگۆیی ئەم خاڵە بنووسیت و هۆکارەکان بخەیتە ڕوو بە نموونە (بە بڕوای من کەمێک بێزارکەرە بەهۆی دوور و درێژی گفتوگۆیەکان و سارد و سڕی لە کاتی قسە کردن.) 

دەشێت هاوتای خاڵە ئەرێنییەکان هەمان ئەو ڕستانە و تێبینییانە بۆ لایەنی نەرێنی بەکاربێت. 

سێیەم: بە تێڕوانینی خۆت شیکردنەوە بکە بۆ کتێبەکە دەکرێت لە هەر بەشێک و بە چەند دێڕێک پەیامی کتێبەکە ڕوون بکەیتەوە. یاخود بەکارهێنانی ئەم دەستەواژانە (ئەم کتێبە گونجاوە بۆ خوێنەری سەرەتایی یان پێشکەوتوو، ئەم کتێبە گونجاو نییە بۆ کەسێک ئاشنای ئەم ژانرانە نەبێت یان ئەم فیکرە سیاسییە، یاخود ئەم کتێبە بۆ تەمەنی منداڵ گونجاو نییە.) یان دەکرێت هەندێک شت بخرێتە ڕوو  بۆ سەرنجڕاکێشانی خوێنەران وەک (کتێبەکە هەندێک نهێنی دەخاتە ڕوو لە بارەی ڕووداوەکانی سەدەی ٢٠).

چوارەم: گرنگترین شت لە نووسینی پێداچوونەوە بریتییە لە پێدانی نمرە بۆ هەموو ڕەهەندەکانی کتێبەکە، دەکرێت نمرەی ١-٥ یان ١-١٠ ی پێ بدرێت دوای ڕوونکردنەوەی هەموو ئەو شتانەی باسمان کرد نەوەک بە هەڕەمەکی نمرە بدرێت. 


سەرچاوەکان



77 بینین