جیاوازی چییە لە نێوان کورتە چیرۆک و ڕۆمان؟

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-04-07-06:03:00 - کۆدی بابەت: 12454
جیاوازی چییە لە نێوان کورتە چیرۆک و ڕۆمان؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جیاوازی چییە لە نێوان کورتە چیرۆک و ڕۆمان؟ (بە عەرەبی: ما فرق بین قصة قصيرة و روایة، بە ئینگلیزی: What is the difference between short story and novelهەر یەک لە ڕۆمان و کورتە چیرۆک بە نووسینی ئەدەبی و هونەری دادەنرێن کە لە بارەی ڕووداو و بەسەرهاتێکەوە دەدوێت. جا ئەم دوو جۆرەی نووسین دابەش دەبن بەسەر چەشنەکاندا وەک (ڕۆمانسی، دەروونی، ترسناک، مێژوویی، پەروەردەیی، منداڵان و چەندین جۆر چەشنی تر).

جیاوازییەکانی نێوان ڕۆمان و کورتە چیرۆک

سەرەتا کاتێک باسی جیاوازی لە نێوان کاری ڕۆمان و چیرۆکدا دەکرێت لەسەر پۆلێنکردنی وشە و هەڵبژاردنی وشە دەبێت. بە زۆری کورتە چیرۆک ژمارەی وشەکانی لە ٥٠٠ وشە یان ١٠٠٠ وشەوە دەست پێ دەکات بۆ ٣٠ هەزار وشە. و ڕۆمانیش لە ٥٠ هەزار وشەوه پێی دەوترێت ڕۆمان. جیاوازییەکی تر هەڵبژاردنی وشەیە. کورتە چیرۆک دەکرێت بە چەند ئاستێک (سەرەتا، مامناوەند، پێشکەوتوو) کە به گوێرەی ئەم ئاستانە وشە هەڵدەبژێردرێت ئەوانەی سەرەتای خوێندنەوەیانە لە ئاستی سەرەتا دەبێ دەست بە خوێندنەوە بکەن و وشەی سادە و ساکار لەلایەن نووسەر یان وەرگێر بەکاردێت بە زۆری قەبارەی ئەم جۆرە کتێبانە چەند پەڕەیەکە لە کۆتایی هەر بەشێک ژمارەیەک پرسیار ئاراستەی خوێنەر دەکرێت ئەمەش سوودی ئەوەیە تا بەتەواوی سەرنجت بخەیتە سەر وشەکان لە کاتی خوێندنەوە. 

بەڵام لە ڕۆماندا ئەمە نابینرێت واتا ڕۆمان ئاستی نییە وەک لەوەی لە کورتە چیرۆک و چیرۆکدا دەبینرێت. ڕۆمان قۆناغی پێش کامڵ بوونە کە لە دوای ئەوە بە ڕووی فەلسەفەدا دەکرێیتەوە و دەتوانیت ئەندێشە بکەیت. نووسەر و وەرگێر لە ڕۆماندا پشت بە وشەی قورس دەبەستن کە وا لە خوێنەر دەکات پەنا بۆ فەرهەنگی زمان ببات بۆ تێگەیشتن لە واتای وشەکان. لە ڕۆماندا نووسەر پرسیارت ئاراستە ناکات لە کۆتایی هەر بەشێکدا ڕوونکردنەوەی زیاتر نادات لەسەر ڕووداوێک دەبێت خوێنەر خۆی توانی شیکردنەوەی ڕووداو و پێشهاتەکانی هەبێت. 

هەندێک جیاوازی تر

١- کورتە چیرۆک دەکرێت بە یەک جار بخوێنرێتەوە کە خودی خۆشی بۆ ئەوە دەنووسرێت. بەڵام ڕۆمان ناتوانی لە ڕۆژێکدا تەواوی کەیت مگەر کورتە ڕۆمان. 

٢- کەسایەتییەکانی نێو کورتە چیرۆک چەند دانەیەکن و هەموو چیرۆکەکە لە بارەی ئەمانەوەیە، بەڵام لە ڕۆماندا دەکرێت ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی تێدابێت کە هەندێکیان پەیوەندییان بە چیرۆک و بەسەرهاتەکەوە نییه و دەکرێت تەنها لە دێڕێک یان دوو دێڕدا ڕۆڵی هەبێت، بە نموونه (جۆن لە پارکەکە پیاسەی دەکرد لە پڕ چاوی کەوت بە خانمێک کە لەسەر کورسی لە نزیک دەریاچە دەستکردە دانیشتبوو کتێبی دەخوێندەوه). لەم ڕستەیەدا جۆن کەسایەتییەکە و خانمەکەش کەسایەتییە بەڵام جۆن کەسایەتی سەرەکییە چونکە ناوەکەی دەزانین و خانمەکەش کەسایەتی لاوەکی. کە لە کورتە چیرۆکدا کەسایەتی لاوەکی بوونی نییە. بەڵام لە ڕۆماندا دەکرێت لە پەڕەیەکدا چەندین کەسایەتی لاوەکی بوونی هەبێت کە هیچ کاریگەرییان لەسەر چیرۆکەکە نییە. 

٣- زنجیرەی ڕووداوەکان، لە کورتە چیرۆکدا لە سەرەتا تاوەکو کۆتایی یەک زنجیرەی ڕووداوە. بەڵام لە ڕۆماندا دەکرێت چەندین زنجیرەی ڕووداو بوونی هەبێت. بۆ نموونە لە ڕۆماندا دەکرێت باسی دوو ئەویندار بکات کە لە ژوانێکن، دواتر تووشی ڕووداوێک دەبن، هەوڵی چارەسەری دەدەن کە لە میانەی ئەو ڕووداوەدا دەکرێ تووشی ڕووداوی تر ببن. 

٤- کات، لە کورتە چیرۆکدا کاتی ڕووداوەکان کەمە کە دەکرێت لە ماوەیەکی کورت دەستپێکات و کۆتایی بێت، بەڵام لە ڕۆماندا ماوەی ڕووداوەکان مانگ و ساڵ دەخایەنێت، زۆرجار تێپەڕبوونی کاتی زۆر تێدایە. ئەم وشانە زۆر دەبینرێن لە ڕۆماندا (دوای چەند ڕۆژ، هەفتە، مانگ، ساڵ).


سەرچاوەکان



91 بینین