دەرمانی Amoxicillin

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2024-06-14-21:05:00 - کۆدی بابەت: 12583
دەرمانی Amoxicillin

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دەرمانی ئەمۆکسیسیلین (بە عەرەبی: أموكسيسيلين, بە ئینگلیزی: Amoxicillin) لە ساڵی ١٩٥٨ دۆزرایەوە و لەساڵی ١٩٧٢ لە بواری پزیشکیدا بەکارھات. لە لیستی دەرمانە سەرەکییەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیدایە (WHO). یەکێکە لە باوترین دژەزییندەییەکان کە بۆ منداڵان دەنوسرێت. لە ساڵی ٢٠٢٠ دا (٤٠)ـەمین دەرمانی بەکارھێنراو بوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە زیاتر لە ١٥ ملیۆن ڕەچەتە.

ئەمۆکسیسیلین (Amoxicillin) یەکێکە لە دژەزیندەییەکانی سەر بە گرووپی پێنیسیلینەکان (penicillin), کە ئەڵقەی (β-lactam) لە پێکھاتەیدا ھەیە و لە خێزانی ئەمینۆپێنسیلینەکانە، توانای ئیشکردنی مامناوەندە (moderate-spectrum)، کاردەکاتە سەر ھەردوو گرووپی گرام پۆزەتيڤ و گرام نێگەتیڤ. بەدەرمانی ھەڵبژێردراوی گرووپەکە دادەنرێت لەبەرئەوەی ھەڵمژینی باشترە کاتێک لە ڕێگای دەمەوە وەردەگیڕێت بە بەڕاورد بە (β-lactam)ـەکانیتر.

ناوی بازرگانی دەرمانی ئەمۆکسیسیلین 

  • Amoxicot
  • Amoxil
  • Moxatag
  • Moxilin
  • Trimox

ئەمۆکسیسیلین بۆچی بەکاردێت؟

ئەمۆکسیسیلین بەکاردێت بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنە بەکتریاییەکان، وەک هەوکردنی سنگ (لەوانە هەوکردنی سییەکان) و هەوکردنی ددان. هەروەها دەتوانرێت لەگەڵ دژەزییندەیەکانی تر و دەرمانەکانی تر بەکاربهێنرێت بۆ چارەسەرکردنی برینی گەدە.زۆرجار لە منداڵاندا بەکاردێت بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنی گوێ و سنگ.

بەکارھێنانەکان:

ھەوکردنی گوێی ناوەراست

ئەو منداڵانەی کە گوێی ناوەراستیان توشی ھەوکردن بووە ھەروەھا  تەمەنیان لە شەش مانگ کەمترە بەشێوەیەکی گشتی ئەمۆکسیسیلین یان دژەزییندەییەکانی تریان بۆ بەکاردەھێنرێت، بەڵام زۆربەی ئەو منداڵانەی کە ھەوکردنی کاتی گوێی ناوەراستیان ھەیە و تەمەنیان لە دووساڵ زیاترە زۆر سوود لە ئەمۆکسیسیلین و دژەزییندەییەکانی تر نابینن،ئەم چارەسەرانە زیاتر بۆ منداڵانی خواروو تەمەنی دوو ساڵی بەسوودن بۆ چارەسەرکردنی ھەوکردنی ھەردوو گوێی ناوەراست و ھاوکات لەگەڵ بوونی دەردراو.

ھەوکردنی کۆئەندامی ھەناسە

ھەردوو دەرمانی Amoxicillin و amoxicillin-clavulanate بە دەرمانی ھەڵبژێردراو دادەنرێن بۆ چارەسەرکردنی ھەوکردنی گیرفانەکانی لووت (جيوب) و کۆئەندامی ھەناسە. بەڵام زۆربەی ھەوکردنەکانی گیرفانی لووت زۆر جار بەھۆی ڤایرۆسەوە ڕوودەدات لەم کاتەدا ھەردوو دەرمانی ناوبراو کاریگەریان نابێت، لەم بارودۆخەدا تاکە سوودی Amoxicillin ڕەنگە بەھۆی کاریگەرییە لاوەکییەکەیەوە بێت. ئەمۆکسیسیلین لەلایەن ڕێکخراوی (WHO) وەکوو یەکەم چارەسەری پەسەندکراوی هەوکردنی سییەکان (سووک بۆ مامناوەند) بەکاردێت، ھەروەھا بۆ چارەسەرکردنی ئەنسراکس یاخود بۆ ڕێگریکردن لەتووشبوون بە ئەنسراکس بەکاردێت.

ھێلیکۆباکتیر پایلۆری Helicobacter pylori (H. pylori)

ئەمۆکسیسیلین یەکێکە لەو کۆمەڵە دەرمانەی کە لە چارەسەرکردنی ھەوکردنی گەدەدا بەکاردێت بەھۆی توشبوون بە بەکتریای (H.pylori) لەگەڵ دەرمانی گرووپی (Proton Pump inhibitors) وەکوو دەرمانی ئۆمیپرازۆڵ (Omeprazole)، ھەروەھا لەگەڵ گرووپێکیتری دەرمان ئەویش گرووپی ماکرۆلیدەکان نموونەی دەرمان وەکوو کلاریثرۆمایسین (clarithromycin)، ھەروەھا لەگەڵ ھەندێ دەرمانیتریش بەکاردێت.

ھەوکردنی پێست

ھەندێ جار ئەمۆکسیسیلین بۆ چارەسەرکردنی ھەوکردنی پێستیش بەکاردێت، بۆ نمونە زیپکە بەتایبەت کاتێک کە ھەردوو دژەزیندەیی doxycycline و minocycline کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نابێت.

چارەسەرکردن بە بەکاھێنانی ئەمۆکسیسیلین  لەگەڵ دەرمانیتر (combination)

دەکرێت ئەمۆکسیسیلین تێکبشکێنرێت لەلایەن ئەو بەکتریایانەی کە ئەنزیمی بێتا لاکتەمەیز (β-lactamase) دروستدەکەن و بەرگریان ھەیە بەڕامبەر زۆربەی ئەو دژەزیندەییانەی کە بێتا لاکتەم (β-lactam) لە پێکھاتەیاندا ھەیە، ھەر وەکوو پەنسلين. بۆیە دەبێت لەگەڵ دەرمانێک بەکاربھێنرت کە رێگربێت لە ئەنزیمی بێتا لاکتەمەیزی بەکتریاکە ئەویش لەگەڵ دەرمانی کلاڤولانیک ئەسید (clavulanic acid) دەبێت،  (ئەم دەرمانە بەتەنها بەردەست نییە، بەڵکو بەشێوەی تێکەڵە (combination) لەگەڵ ئەمۆکسیسیلین  دەدرێت) بە ئەنزیمی بێتا لاکتەمەیزەوە دەبەسترێت و ئەنزیمەکە ناچالاك دەکات و ڕێگە نادات ئەنزیمەکە ئەمۆکسیسیلین لەناو ببات، ئەمەش وادەکات ئەمۆکسیسیلین  زۆر کاریگەرتر بێت. تێکەڵەی ئەم دوو دەرمانە بە (co-amoxiclav) ناسراوە.

دەرمانزانی

ئەمۆکسیسیلین (α-amino-p-hydroxybenzyl penicillin) لە پێنسیلینەوە وەرگیراوە لە پێکھاتەدا لە ئەمپیسیلین دەچێت بەڵام ئەمۆکسیسیلین باشتر ھەڵدەمژرێت کاتێک لە ڕێگەی دەمەوە وەردەگیرێت بەمەش خەستییەکی زیاتر لە خوێن و میزدا بەدی دەکرێت، ھەروەھا بە ئاسانی بە ناو شانەو شلەکانی لەشدا بڵاو دەبێتەوە.توانای تێپەڕبوونی بە وێڵاشدا ھەیە و بڕێکی کەمی بە شیری دایکدا تێپەڕ دەبێت.لە جگەردا مێتابۆڵیزمی بەسەردا دێت و لە ڕێگەی میزەوە دەکرێتە دەرەوەی لەش. لە دوای نیو کاتژمێر کاریگەریەکەی لە لەشدا دەردەکەوێت و نیوەتەمەنەکەی ٣.٧ کاتژمێرە لە تازە لە دایکبوودا و ١.٤ کاتژمێرە لە کەسی پێگەیشتوودا.

ئەمۆکسیسیلین بە دیواری خانەی بەکتریاکەوە دەنوسێت و دەبێتە ھۆی کوشتنی بەکتریاکە، نموونەی ئەو بەکتریایانەی کە بە ھۆی ئەمۆکسیسیلینەوە لەناودەبرێن streptococci, pneumococci, enterococci, Haemophilus influenzae, Escherichia coli, Proteus mirabilis, Neisseria meningitidis, Neisseria gonorrhoeae, Shigella, Chlamydia trachomatis, Salmonella, Borrelia burgdorferi, and Helicobacter pylori.

ئەمۆکسیسیلین ئەڵقەی بێتا لاکتەمی ھەیە و ئەم ئەڵقەیە ڕێگریدەکات لە یەکگرتنی زنجیرە پۆلیمەری پێپتیدۆگلایکان کە پێکھێنەری سەرەکی دیواری خانەی بەکتریایە.

رێژە و شێوەی دەرمانەکە

  • حەب: ١٢٥ ملیگرام، ٢٠٠ ملیگرام، ٢٥٠ ملیگرام، ٤٠٠ ملیگرام، ٥٠٠ ملیگرام، ١٠٠٠ ملیگرام
  • کەپسول: ٢٥٠ ملیگرام، ٥٠٠ ملیگرام
  • شروب: ٥٠ ملیگرام/٥ مللیلیتر، ١٠٠ ملیگرام/٥ مللیلیتر، ٢٥٠ ملیگرام/٥ مللیلیتر
  • دەرزی: ٢٥٠ ملیگرام/مللیلیتر، ٥٠٠ ملیگرام/مللیلیتر، ١٠٠٠ ملیگرام/مللیلیتر

ژەمە دەرمان

ھەوکردنی  گوێ، قوڕگ و لووت، ھەوکردنی سوك یان مامناوەند

  • ٥٠٠ ملیگرام لەڕێگەی دەمەوە ڕۆژی دوو جار
  • ٢٥٠ ملیگرام لەڕێگەی دەمەوە ڕۆژی سێ جا
  • بۆ ماوەی ١٠ -١٤ ڕۆژ

ھەوکردنی توند (severe)

  • ٨٧٥ ملیگرام لەڕێگەی دەمەوە ڕۆژی دوو جار 
  • ٥٠٠ ملیگرام لەڕێگەی دەمەوە ڕۆژی سێ جار
  • بۆ ماوەی ١٠ -١٤ ڕۆژ

ھەوکردنی کۆئەندامی میز، ھەوکردنی سوك یان مامناوەند

  • ٥٠٠ ملیگرام لەڕێگەی دەمەوە ڕۆژی دوو جار
  • ٢٥٠ ملیگرام لەڕێگەی دەمەوە ڕۆژی سێ جار

ھەوکردنی توند

  • ٨٧٥ ملیگرام لەڕێگەی دەمەوە ڕۆژی دوو جار
  • ٥٠٠ ملیگرام لەڕێگەی دەمەوە ڕۆژی سێ جار

ھەوکردنی پێست و پێکھاتەکانی پێست. ھەوکردنی سوك یان مامناوەند

  • ٥٠٠ مللیگرام لەڕێگەی دەمەوە ڕۆژی دوو جار
  • ٢٥٠ مللیگرام لەڕێگەی دەمەوە ڕۆژی سێ جار

ھەوکردنی توند 

  • ٨٧٥ ملیگرام لەڕێگەی دەمەوە ڕۆژی دوو جار
  • ٥٠٠ ملیگرام لەڕێگەی دەمەوە ڕۆژی سێ جار

ھەوکردنی بەشی خوارەوەی کۆئەندامی ھەناسە

  • ٨٧٥ ملیگرام لەڕێگەی دەمەوە ڕۆژی دوو جار
  • ٥٠٠ ملیگرام لەڕێگەی دەمەوە ڕۆژی سێ جار
  • بۆ ماوەی ١٠ -١٤ ڕۆژ

بەکتریای Helicobacter Pylori، چارەسەرکردن بە سێ دەرمان

  • ئەمۆکسیسیلین ١٠٠٠ ملیگرام ڕۆژی دوو جار بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ
  • لانسۆپرازۆڵ (lansoprazole) ٣٠ ملیگرام 
  • کلاریثرۆمایسین (clarithromycin) ٥٠٠ ملیگرام 

بەڵام ئەگەر نەخۆشەکە بەرگری ھەبێت بەڕامبەر بە کلاریثڕۆمایسین ئەو کات ١٠٠٠ ملیگرام لە ئەمۆکسیسیلین، ڕۆژی سێ جار لەگەڵ ٣٠ ملیگرام لانسۆپرازۆڵی دەدرێتێ.

ئەنسراکس

دوای بەرکەوتن لەگەڵ بەکتریای ئەنسراکس بۆ ڕێگریکردن لە ئەگەری تووشبوون، بڕی ٥٠٠ ملیگرام ڕۆژی سێ جار لە ئەمۆکسیسیلین وەردەگیرێت. نابێت ئەمۆکسیسیلین بەبێ ڕەچەتەی پزیشك بەکاربھێنرێت.

کارلێکی ئەمۆکسیسیلین لەگەڵ دەرمانیتردا 

نابێت لەگەڵ ڤاکسینی BCG  بەکاربھێنرێت چونکە کاریگەرییەکەی کەم دەکات، ھەروەھا نابێت لەگەڵ ئەمانە بەکاربھێنرێت:

  • cholera vaccine 
  • tetracycline 
  • doxycycline 
  • warfarin
  • allopurinol
  • probenecid

کاریگەری لاوەکی

لە باوترین کاریگەرییە لاوەکییەکان؛ ھێڵنجدان و پەڵەی پێست، ھەروەھا لەوانەیە ببێتە ھۆی ھەوکردن بە ھۆی کەڕووەوە، کاتێکیش لەگەڵ (Clavulanic acid) بەکاردێت دەبێتە ھۆی سکچوون، بەڵام نابێت لەو کەسانەدا بەکاربھێنرێت کە ھەستیارییان بە گرووپی (Penicillin) ھەیە، ھەروھا لەو نەخۆشانەی کە کێشەی گورچیلەیان ھەیە دەبێت بڕی دەرمانەکەیان بۆ کەم بکرێتەوە.

لەکاتی دووگیانی

دەتوانرێت بەکاربھێنرێت سەر بە گروپی B.

لەکاتی شیرداندا

دەتوانرێت لە کاتی شیرداندا بەکاربھێنرێت.


سەرچاوەکان



661 بینین