تاکگەرایی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-18-13:46:00 - کۆدی بابەت: 12931
تاکگەرایی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

تاکگەرایی، تاکەکەسێتی، تاکەکەسی، تاکگەری، تاکایەتی لەڕادەبەدەر، خودویستی یان خۆویستی لەڕادەبەدەر، تاکخوازی، تاکخوازان (بە عەرەبی: الفردانية، بە ئینگلیزی: Individualism) چەمکێکی فەلسەفی ڕۆژاوایی سیاسییە، بانگەشەی ئەوە دەکات کە تاک بۆ بەدەستهێنانی ویست و ئارەزوو و هیواکانی پشت بەخۆی ببەستێت و سەربەخۆیی لەڕادەبەدەری هەبێت. بە واتایەکی تر کەسەکە چیتر هەست بە وابەستەیی بە بەرژەوەندییە هاوبەشییەکانی نێو کۆمەڵگە و خێزان ناکات. چەمکی تاکگەرایی بریتییە لە بەرگریکردن لە مافی تاک بە شێوەیەکی ڕەها، پێویستە ماف و داواکاری و بەرژەوەندییەکانی تاک لەسەروو بەھاکانی دەوڵەت و کۆمەڵگا و ئایینەوە بێنەدی و دەستەبەر بکرێن، بە واتایەکی تر واتا سەربەخۆیی بێ سنووری تاک بۆ بەدەستهێنانی ویستەکانی و جەخت لەسەر بەها مەعنەوییەکانی تاک دەکاتەوە.

تاکگەرایی پێچەوانە و دژی چەمکەکانی دیکتاتۆری و کارکردنی بە کۆمەڵ و بەکۆمەڵگەراییە، هاوکات هزری لیبڕاڵی، ئەنارسیزم (بيروباوەڕێك دژ بە هەموو جۆرە دەسەڵاتێكی فەرمانڕەواییە) و بوونگەری و هەبوونگەرایی، نموونەی ئەو جووڵانەوە و فەلسەفانەن کە تاک و تاکگەریی دەکەنە چەق و بنەما بۆ هەموو بۆچوون و شیکارکردنەکانیان. سەربەخۆیی و تایبەتمەندی و خودگەشەپێدان و خودناسی یان خودئاکایی بە شێوەیەک لە شێوەکانی تاکگەرایی دادەنرێن.

بنەچەی ناوەکە

وشەکە بە زمانی کوردی چەند دەستەواژەیەکی بۆ بەکاردەهێنرێت، بەڵام تا کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی بیستەم ناو و چەمکەکە لە ناو کورد نامۆ بووە و گرنگی پێنەدراوە، لە سەرەتای دەیەی دووهەزارەوە چەمکەکە لە کۆمەڵگەی کوردی زیاتر ناسێنرا. لە زمانی ئینگلیزیدا وشەی (Individuality/ تاکایەتی) لە سەرەتای دەرکەوتن و بەکارهێنانی وەکوو تایبەتمەندی و سیفەتی گاڵتەپێکردن یان جنێودان بۆ کەسی بەرانبەر بەکاردەهێنرا.

لە سەدەی نۆزدەیەمەوە لەلایەن چەند زانا و ڕەوتێک وشەکە بڵاوبووەوە و کاریگەر بوو بە وشەی فەڕەنسی (saint-simonisme) کە واتای سەربەخۆیی تاک دەبەخشێت و وشەکە پەرەیسەند و کرا بە (Individualism) و بەریتانییەکان وشەکەیان لە فەلسەفە و ڕەوت و چەمکەکانیان بە شێوەیەکی ئەرێنی بەکارهێنا.

مێژووی دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی تاکگەرایی

پێش سەدەی حەڤدەیەم تاکگەرایی بوونی نەبووە و هەموو ئەدەبیاتی ئەورووپی و ڕۆژاوایی ئەو سەردەمە لە تاکگەرایی و چەمک و واتاکانی خاڵییه. فەلسەفەی تاکگەرایی لە سەرەتاکانی سەدەی هەژدیەم و نۆزدەیەم لە سەردەمی ڕۆشنگەری ئەورووپا لەلایەن چەند فەیلەسووف و زانا و نووسەرێکەوە سەریهەڵدا و گرنگی پێدرا و وروژێنرا، ئەویش بە بیانووی ڕزگاربوون و ئازادبوون لە کۆت و بەندەکانی کڵێسا و ئایین کە بەسەر خەڵکیدا سەپێنرابوو. لە سەدەی نۆزدەیەم لە ئەورووپا کە بە سەردەمی پیشەسازی و جەنگ و داگیرکاری و نوێخوازی و پێشکەوتنەکان دادەنرێت چەمکی تاکگەرایی بە ڕوونی لە ئەڵمانیا و ئینگلتەرا بڵاوبووەوە لەژێر ناوی پێشکەوتنی ئابووری مامەڵەیان لەگەڵ بابەتەکە کرد.

پاشان ئەمریکا بە بەها کۆمەڵایەتی و سیاسییە نوێیەکانی وەک دیموکراسی و سەرمایەداری پشتی بە واتا و چەمکەکانی تاکگەرایی بەست و گومانی تێدا نییە کە سەرهەڵدانی سەرمایەداری جەختی لەوە کردەوە کە لەسەر بنەمای خاوەندارێتی تایبەتی تاک خاوەنی قازانجی سەرەکییە. هەندێک نووسەری ئەورووپی بە داڕێژەر و گەشەپێدەری بنەما و واتاکانی تاکگەرایی دادەنرێن، نووسەری ئەڵمانی (لابێنز) لە پێشەنگی ئەو نووسەرانە بوون کە بە دامەزرێنەری ئەم چەمکە دادەنرێت.

پاشان هەندێک نووسەری ئەورووپی تر نموونەی (کانت) بنەمای تریان بۆ تاکگەرایی زیاد کرد و گرنگی زیاتریان پێدا، تاکوو وای لێهات کە تاکگەرایی لە ناوێک یان بۆچوونێکەوە بوو بە ڕەوت و فەلسەفە و ڕێبازێکی جیهانی دژایەتیکەر و لایەنگری زۆری هەیە.

تاک و کۆمەڵگا

تاکەکان کۆمەڵگا پێکدەهێنن، باوترین ڕوانگەی تاکگەرایی بریتییە لەوەی کە بەرژەوەندی خودی لە پێش هەموو پڕەنسیپەکانی تر دادەنات، واتا ڕێگەدانە بە خۆپەرستییەکی ڕەها و تەنها خودی خۆی بەئامانج دەگرێت. زۆرجار تاکگەرایی وەک چەمکێکی کولتووری یان وەک تایبەتمەندییەکی کەسێتی دەبینرێت، واتا وەک ڕەفتار و هەڵسوکەوت و وابەستەبوونی تاک. تاکخوازان یان شوێنکەوتوانی ئەم چەمکە پێیان وایە هەموو مرۆڤێک تایبەتە و پێویستە بەدوای بەرژەوەندی و بەها و ئامانجەکانی خۆیدا بگەڕێت، هەموو جۆرە کۆمەڵگەراییەک یان کارێکی بە کۆمەڵ ڕەت دەکەنەوە کە بژاردەکانی تاک سنووردار بکات. کۆمەڵگایەک ئەم بۆچوونە بەسەریدا زاڵ بێت تاکەکانی دەبنە کەسانێک کە خۆخۆرر و خۆپەرستن، چەمکەکانی یارمەتی و هاوکاری تیایاندا نامێنێت و بەرەو لاوازی و هەرەسهێنان دەچێت.

فەلسەفەی تاکگەرایی

تاکگەرایی قوتابخانەیەکی فەلسەفی کۆنە کە لەسەر فەلسەفەی کەسایەتی و ئازادی ڕەهای تاک دامەزراوە و جەخت لەسەر گرنگی گەشەسەندن دەکاتەوە. هەندێک ئەم فەلسەفەیە بە کەڵک و ئیلهامبەخش دەزانن و هەندێکی تریش بە ناکارا یان زیادەڕۆیی دەزانن، چونکە سوودی بیرۆکەکە بەندە بە ڕادەی بەکارهێنانی و کاریگەری دروستکردنی لەسەر تاک. تاکگەرایی واتا دەستەبەرکردنی مافی مرۆڤ بۆ سەربەخۆیی و ئازادی تایبەتی ڕەها، دوور لە بنەماکان ئایین یان دەسەڵاتی کۆمەڵگا یان دەسەڵاتی دەوڵەت، ئەم بۆچوونەش لەلایەن زۆرێک لە ئایینەکان ڕەتکراوەتەوە و دژایەتی دەکرێت چونکە مرۆڤ تەنها خودی خۆی ناتوانێت ویست و داواکانی بەدەست بهێنێت، هاوکات مرۆڤ بوونەورێکی کۆمەڵایەتییە و هیچ کات ناتوانێت دەستبەرداری کۆمەڵ ببێت.

تاکگەرایی لە ئایینی ئیسلامدا

بەشێک لە زانایانی ئیسلامی چەمکی تاکگەرایی بە هەموو شێوەیەک ڕەت دەکەنەوە و پێیان وایە کە ئەم چەمکە پەیوەستە بە ڕۆژاوا و ئەورووپاوە، ئیسلام لە سەرەتای دروستبوونیەوە کە سەردەمی بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی بوو تاکوو سەردەمی هاوچەرخی ئیسلامی بە هەموو ڕێباز و مەزهەبەکانیەوە خاڵییە لە چەمک و واتاکانی تاکگەرایی، چونکە ئیسلام بە ئایینێکی دەستەجەمعی و کۆمەڵ ناسراوە و کۆمەڵگا موسڵمانەکان بە تایبەتمەندی هاوکاری و پاڵپشتی و کاری دەستەجەمعی و کۆمەڵ ناسراون، کە ئەم تایبەتمەندییانە لە فەلسەفەی تاکگەراییە بوونی نییە.

تاکگەرایی یان تاکایەتی بە جۆرێک لە جۆرەکان بە شێوەیەکی سنووردار لە ئیسلامدا بوونی هەیە، چونکە هیچ مرۆڤێکی لێکچوو لەم دونیایە بوونی نییە و جیاوازن لەیەکتر، ئیسلام باوەڕی بەو جیاوازییە هەیە و لە قورئان و سوننەتدا ئەو جیاوازییەی نێوان مرۆڤەکان باسکراوە. کاتێک ئیسلام جیاوازی مرۆڤەکان دەسەلمێنێت، ئەمە بە واتای داننانە بە تاکایەتی هەر یەکێکیان بەڵام تاکگەرایییەکی بێ سنوور و ڕەها نییە، هەر کەسێک یان هەرتاکێک بەرپرسه لە دەرەنجامی کارەکانی و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت.

لە ئیسلامدا ڕێزگرتن لە مافەکانی تاک لە بنەڕەتدا لەسەر ئەو ڕاستییە دامەزراوە کە مافێکی سروشتی مرۆڤە بۆ ئازادی و پێویستییەکە بۆی بۆ بیرکردنەوە و داهێنانکردن، بەڵام ئەم ئازادییە خاڵی نییە لە سنووردارکردن و پێچەوانەی ئەو جۆرە ئازادیی بێسنووریەیە کە لە ڕۆژاوادا باوە، ئازادی تاک لە ئیسلام ئازادییەکە کە مافی تاک دەپارێزێت بەبێ ئەوەی زیان بە قازانج و ویستی ئەوانی تر بگەیەنێت، چونکە تاک هاوبەشی ژیانە و مرۆڤ بە سروشتی خۆی بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییه و بە تەنها ناژێت یان بە تەنها هەموو ویستەکانی دەستەبەر ناکات، بۆیە ئایینی ئیسلام بە پێویستی دەزانێت ژیانی کۆمەڵایەتی هاوبەش لە نێوان تاکەکان بوونی هەبێت.


سەرچاوەکان



3706 بینین