ئایا خواردن پێش خەوتن کاریگەری خراپی دەبێت؟

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-05-21-21:06:00 - کۆدی بابەت: 12943
ئایا خواردن پێش خەوتن کاریگەری خراپی دەبێت؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کاریگەرییە زیانبەخشەکانی خواردن پێش خەوتن (بە ئینگلیزی: The disadvantages of eating before going to bed، بە عەرەبی: مساوئ الأكل قبل النوم) خواردنی هەر شتێک پێش خەوتن دەکرێت کاربکاتە سەر شێوازی و چۆنیەتی و جۆریەتی خەوتن. بۆیە پێویستە بزانیت کە چ خواردنێک ئاساییە پێش خەوتن بخورێت هەروەها پێویستە چەنێک پێش خەوتن خۆت بە دوور بگریت لە خواردن و خواردنەوەی هەموو شتێک.

خەوی باش چییە؟

خەوی باش هۆکارێکی گرنگە بۆ پاراستنی تەندروستی لەش، بەو پێیەی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە هەندێک نەخۆشی درێژخایەن، جگە لە پاراستنی تەندروستی کۆئەندامی هەرس و مێشک هەروەها بەرگری لەش بەهێز دەکات، هەر لەمانەوە گرنگی خەوتن دەردەکەوێت هەروەها بەگشتی پێشنیار دەکرێت کە شەوانە بێ پچڕان بخەویت بۆ ماوەیەک لە نێوان ٧ بۆ ٩ کاتژمێر لە هەر ڕۆژێکدا، هەرچەندە زۆر کەس هەن بەدەست نەتوانینی خەوتنەوە دەناڵێنن بۆ ماوەی پێویست و بۆ ئەمەش هۆکاری جاوازییان هەیە.

کاریگەرییە زیانبەخشەکانی خواردن پێش خەوتن

بەشێک لە شارەزایان پێیان وایە خواردنی پێش خەوتن دەکرێت زیان بە تەندروستی بگەیەنێت و ببێتە هۆی زیادبوونی کێش. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خاوبوونەوەیەی لە کرداری زیندەپاڵدا ڕوودەدات لەکاتی خەودا، هەربۆیەش ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕینی خۆراکە هەرس نەکراوەکان بۆ چەوری، بەڵام بەشێک لە پسپۆڕانی تەندروستی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمە هیچ زیانێکی لێناکەوێت، بەڵکو دەتوانێت خەوتنیش باشتر بکات، یان یارمەتی کەمکردنەوەی کێشی لەش بدات. شایەنی باسە کە چەندین بەڵگە هەن و پشتگیری لەم دوو لایەنە دەکەن، ئەمەش ناکۆکی زانیارییەکان زیاد دەکات سەرەڕای ئەو باوەڕە باوەی کە ڕێژەی گۆڕانکاری خۆراک لە کاتی خەوتندا خاوتر دەبێتەوە، لە ڕاستیدا لە کاتی شەودا دەگاتە هەمان بەها وەک باقی ڕۆژەکە. واتە جەستە پێویستی بە بڕێکی زۆر وزە هەیە لە کاتی خەوتندا و هیچ بەڵگەیەک نییە کە کالۆری بە بەرزتر دادەنرێت بۆ ماوەی ڕۆژەکە. لە لایەکی دیکەوە زۆرێک لە توێژینەوەکان پەیوەندییان بە زیادبوونی کێش و خواردن پێش خەوتنەوە هەیە، سەرەڕای کەمی فیزیۆلۆژی هۆکارەکانی ئەمە، کە دەتوانێت لە ئەنجامی ئەمانەی خوارەوە بێت:

خواردنی پێش خەوتن دەبێتە هۆی خووی ناتەندروستی خواردن: زۆرێک لە توێژینەوەکان دەریدەخەن ئەو کەسانەی پێش خەوتن نان دەخۆن دەتوانن کێشیان زیاد بکەن. چونکە ئەو ژەمە خواردنەی پێش خەوتن دەیخۆن ژەمێکی زیادەیە، کە کالۆری زیادە بۆ جەستە دابین دەکات، هەروەها بەشێوەیەکی گشتی مرۆڤەکان لە ئێواران هەست بە برسێتی دەکەن، ئەمەش بەشدارە لە خواردنی بڕێکی زۆر لە خۆراک لە کاتی درەنگدا و بەمەش کالۆری زیاتر لە جەستە دابین دەبێت وەک لەوەی پێویستیەکانی جەستە داوای دەکەن.

گەڕانەوەی ترشەڵۆک خراپتر دەکات: گەڕانەوەی گەدە یان گەڕانەوەی سورێنچک لە ئەنجامی گەڕانەوەی ترشەڵۆکەکانی گەدە بۆ قوڕگ ڕوودەدات، کە دەبێتە هۆی دڵەکزێ، ئاوسانی قوڕگ، قووتدانی قورس، یان خراپتربوونی تەنگەنەفەسی لە شەودا. خواردنی خۆراک پێش خەوتنیش دەتوانێت ئەم نیشانانە زیاد بکات، چونکە وادەکات ترشەکان بە ئاسانی بگەڕێنەوە بۆ ناو قوڕگ لەکاتی پاڵکەوتن بۆ خەوتن و کاتێک گەدە پڕە لە خۆراکە. بۆیە ئامۆژگاری ئەو کەسانەی کە گەڕانەوەیان هەیە دەکرێت بەوەی بەلایەنی کەمەوە سێ کاتژمێر پێش خەوتن خۆیان لە خواردنی خۆراک بەدوور بگرن، هەروەها ئامۆژگاری دەکرێن خۆیان لە خواردن و خواردنەوە بەهاراتییەکان یان کافاینییەکان بە شێوەیەکی گشتی بەدوور بگرن.

سوودەکانی خواردن پێش خەوتن

خواردن پێش خەوتن دەتوانێت هەندێک سوودی هەبێت، بە نموونە لەم ڕووانەوە:

ئەگەری یارمەتیدان لە کەمکردنەوەی کێش: هەندێک بەڵگە ئاماژە بەوە دەکەن کە خواردنی ژەمێکی سووک پێش خەوتن دەتوانێت بەشداربێت لە دابەزاندنی کێش لەبری زیادکردنی کێش، بەو پێیەی خواردنی ژەمێکی سووک دوای نانخواردنی ئێوارە یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی ئارەزووی خواردنی شەوانە، هەروەها توێژینەوەیەک ئاماژە بەوە دەکات ئەو کەسانەی کە دوای کاتژمێر و نیوێک دوای نانخواردنی ئێوارە قاپێک لە خواردنەکانی بەیانیان لەگەڵ شیردا دەخۆن، ئەو کالۆریانەی لە ڕۆژدا بەکاریان هێناوە نزیکەی ٣٩٧ کالۆری کەمیکردووە، لە ئەنجامدا کێشیان بە ڕێژەی ٠.٨٥ کیلۆگرام کەمیکردووە لە ماوەی ٤ هەفتەدا.

ئەگەری باشترکردنی خەو: هەرچەندە لێکۆڵینەوەیەکی زۆر لەسەر ئەم سوودە نییە، بەڵام زۆر کەس ئاماژەیان بەوە کردووە کە خواردنی خۆراک پێش خەوتن یارمەتیانی داوە باشتر بخەون، بەو پێیەی ئەمە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی خەبەربوونەوەیان لە شەودا بەهۆی هەستکردن بە برسێتی، هەروەها وەرگرتنی بڕێکی پێویست لە خەوی ئاسوودە یەکێکە لە شتە زۆر گرنگەکان بۆ جەستە، بەو پێیەی کەمخەوی دەبێتە هۆی زیادەڕۆیی لە خواردن و زیادبوونی کێش.

یارمەتیدانی جێگیرکردنی ئاستی شەکری خوێن لە بەیانیاندا: بەو پێیەی جگەر بڕێکی زیاتر لە گلوکۆز بەرهەم دەهێنێت لە بەیانیاندا بۆ ئەوەی لەش ئەو وزەیەی پێویستیەتی هەیبێت بۆ بەخەبەرهاتنەوە. ئەمە بەزۆری نابێتە هۆی گۆڕانکاری لە ئاستی شەکری خوێن لەو کەسانەی کە نەخۆشی شەکرەیان نییە، لەکاتێکدا لەشی هەندێک لە تووشبووانی شەکرە ڕەنگە نەتوانێت بڕێکی پێویست ئەنسۆلین بەرهەم بهێنێت بۆ ڕزگاربوون لە بڕی زیادەی گلوکۆز، بۆیە زۆرجار ئاستی شەکری خوێنیان بەرزە کاتێک لە خەو لە خەو هەڵدەستن، کە پێی دەوترێت دیاردەی بەیانیان. هەروەها لەوانەیە تووشی کەمبوونەوەی شەکری خوێن ببن لە شەودا، ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچوونی خەو لەم حاڵەتانەدا، ڕەنگە نەخۆشەکان پێویستیان بە ڕاوێژکردن بە پزیشک هەبێت بۆ ڕێکخستنی ژەمە دەرمانەکانی شەکرە. شایەنی باسە کە هەندێک لە توێژینەوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە خواردنی ژەمێکی سووک پێش خەوتن دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی گۆڕانکاری لە ئاستی شەکری خوێندا کە سەرچاوەی وزەیە لە شەودا. بەڵام مشتومڕێکی زۆر لەسەر ئەم بابەتە هەیە، بۆیە باشترە پێش ئەوەی بڕیاری پەیڕەوکردنی بدەیت ڕاوێژ بە پزیشک بکەیت.

ئەو خواردنانەی کە پێشنیار دەکرێت پێش خەوتن لێیان دوور بکەویتەوە

دەکرێت بە بەراوردکردنی سوود و زیانەکانی، پێش خەوتن ژەمێکی سووک بخورێت، بەڵام چەند جۆرێک خۆراک هەیە کە پێشنیار دەکرێت بە هەموو شێوەیەک دووربکەونەوە لە خواردنیان کە ئەم خواردنانەش بریتین لە:

  • خواردنە چەورەکان: خۆراکە چەورەکان دەکرێت ماوەیەکی زیاتریان بووێت تا هەرس بکرێن. هەر بۆیە باشترە نەوخرێن بەر لە خەوتن.
  • خۆراکی ترش: ئەم خۆراکانە گەڕانەوەی گەدە و سورێنچک خراپتر دەکەن. لەبەر ئەمەشە باشترە دووربکەویتەوە لە خواردنیان بەر لە خەوتن.
  • شوکولاتە و قاوە: ئەمانیش بڕێکی زۆر شەکریان تێدایە، جگە لە کافاین کە دەبێتە هۆی تێکدانی خەو.

ئەو خواردنانەی کە دەتوانرێت پێش خەوتن بخورێن

چەند جۆرێکی خۆراک هەیە کە دەتوانرێت پێش خەوتن بخورێت بەمەبەستی باشترکردنی چۆنیەتی و جۆری خەو و لەو خۆراکانەش بریتین لە:

بادەم: هۆرمۆنی میلاتۆنین لەخۆدەگرێت کە خەوتن ڕێکدەخات، جگە لەوەی مەگنیسیۆمیشی تێدایە و ڕۆڵی هەیە لە بەرەوپێشبردنی خەو. هەروەها گوێز دەتوانرێت بخورێت بۆ ئەوەی باشتر بخەوێت.

چای بابۆنی: کۆمەڵێک تایبەتمەندی هەیە کە چۆنیەتی خەو باشتر دەکات و یەکێک لەو تایبەتمەندیانەش ئەوەیە کە دژە ئۆکسانی ئەپیجینینی تێدایە کە بە هەندێک وەرگرەوە دەبەسترێتەوە لە دەماخدا و دەتوانێت کەمخەوی کەم بکاتەوە و هەستکردن بە خەواڵوویی زیاد بکات کە ئەمەش بۆ شەوان و کاتی خەوتن گرنگە.

چای گوڵە کاتژمێر: (بە ئینگلیزی: Passionflower)، بەو پێیەی دەتوانێت خەو باشتر بکات چونکە پێکهاتەی ئەپیجینینی تێدایە، ئەمە جگە لەوەی بەشداری دەکات لە زیادکردنی بەرهەمهێنانی ترشی گاما-ئەمینبوتیریک (بە ئینگلیزی: GABA)، کە ڕێگری دەکات لەو ماددە کیمیاییەکانی ناو دەماخ کە دەبنە هۆی فشاری دەروونی.

کیوی: لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم جۆرە میوەیە دەتوانێت خەو باشتر بکات، ئەمەش ڕەنگە بەهۆی ڕێژەی ماددەی سیرۆتۆنین بێت کە یارمەتی ڕێکخستنی سوڕی خەوتن دەدات.

خواردنەکانی تر: وەک برنجی سپی، مۆز، شیر، وەرزێڕ، و پەنیری کوتە. ئەمانەش بە خۆراکی پەسەندی بەر لە خەوتن دادەنرێن لەسەر ئەو بنەمایەی دەستێوەردان ناکەن لە تێکدانی خەو و بە جۆرێک دەکرێت یارمەتیدەربن لە باشترکردنی جۆریەتی خەوتندا.


سەرچاوەکان



3681 بینین