ڕەیحانە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-25-23:09:00 - کۆدی بابەت: 12988
ڕەیحانە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕەیحانە یان ڕێحانە (بە عەرەبی: ريحان، بە ئینگلیزی: Basil) گیا و سەوزەیەکی گەڵا سەوزی تامدار و بۆندارە، لە زۆر ناوچەی جیهان بەردەست و بەربڵاوە. جۆرەکانی ڕەیحانە لە جیهاندا زیاتر بازرگانییە و نزیکەی زیاتر لە ١٦٠ جۆری هەیە. داری ڕەیحانە بەرزییەکەی لە نێوان ١٠٠ سانتیمەتر بۆ ١٥٠ سانتیمەترە، گەڵاکەی چڕە و تاڕادەیەک هاوشێوەی گەڵای نەعنایە، گوڵەکەی سپی یان مۆرە.

ڕەیحانە بەرگەی شۆری خاک دەگرێت و لەکاتی ناشتنی پێویستی بە ئاودانی بەردەوام هەیە، هەموو کاتێک دەتوانرێت ڕەیحانە بڕوێنرێت، ئەگەر ڕووبەڕووی گەرما و وشکبوونەوە نەبێتەوە بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە و بەرگەی کەشوهەوای سەخت دەگرێت. بۆنی ڕەیحانە بەهۆی بوونی چەند جۆرە زەیتێکی بۆندار لە پێکهاتەی کیمیاییدا سەرچاوەی گرتووە و بۆنی جۆرەکانی ڕەیحانە جیاوازە، بەڵام هەموو جۆرەکانی ڕەیحانە ماددەیەکی زەیتی بۆنداریان تێدایە کە به (Eugenol) ناسراوە و ئەم ماددەیە هۆکاری بۆنداری ڕەیحانەیە و لە پێکهاتەی زۆر ڕووەکی بۆنداری تریش هەیە نموونەی نەعنا و مێخەک.

مێژووی دۆزینەوە و بەکارهێنانی

مێژووی بەکارهێنان و دۆزینەوەی ڕەیحانە دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی پێنجەمی پێش زایین و وڵاتی هیندستان بە نیشتمانی ڕەیحانە دادەنرێت، هاوکات لە سەرچاوە مێژووییەکان دۆزراوەتەوە کە یۆنانییەکانیش لە خواردن دروستکردن و مەراسیمی ئایینی بەکاریان هێناوە. لە ڕابردوودا ڕەیحانە وەکوو گیادەرمانی سروشتی بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی و کەمکردنەوەی ئازار لەگەڵ ڕووەکی تر تێکەڵ کراوە یان بە تەنها بەکارهێنراوە. زۆرێک لە زانا عەرەبەکان نموونەی ئیبن قەیم، ئیمامی نەوەوی و ئیبن جۆزی لە کتێبە پزیشکییە کۆنەکانیان ناویان هێناوە و ڕوونیان کردووەتەوە کە ڕەیحانە سوودێکی زۆری بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە.

واتای ناوەکەی

بنەچەی وشەی ڕەیحانە لە زمانی عەرەبییەوە وەرگیراوه، وشەی (الرَّيْحَان) لە زمانی عەرەبیدا کۆی وشەی (رَيَاحينُ)ـە، کە واتای ڕۆزی و سۆز و بۆنی خۆش دەبەخشێت، لە فەرهەنگه کۆنەکانی زمانی عەرەبیدا هەر ڕووەکێک کە بۆندارە و بۆنێکی خۆشی هەیە ئەم وشەیەی بۆ بەکارهێنراوە. ڕەچەڵەکی وشە ئینگلیزییەکەی کە (Basil)ـە دەگەڕێتەوە بۆ زمانی یۆنانی کۆن و واتای پاشا یان شا دەبەخشێت، چونکە لە کولتوورە کۆنەکانی ڕۆمانی و یۆنانییەکان ڕەیحانەیان لە مەراسیمە ئایینییەکان بەکاردەهێنا، هەروەها لە زۆرێک لە ئاهەنگ و بۆنەکانیان ڕەیحانەیان وەکوو جوانکاری بۆ پاشاکانیان بەکارهێناوە.

بەهای خۆراکی

بڕی ١٠٠ گرام لە ڕەیحانەی تازە و فرێش پێکهاتووە له:

  • ٢٢ کالۆری
  • ٢٫٦ گرام کاربۆهیدرات
  • ١٫٦ گرام ڕیشاڵ
  • ٣٫١ گرام پرۆتین
  • ٩٢ گرام ئاو

سوودە تەندروستییەکانی ڕەیحانە

  • ڕەیحانە یارمەتی کرداری هەرس دەدات و کێشەکانی پەیوەست بە کرداری هەرس کەم دەکاتەوە، چارەسەرە بۆ کەمکردنەوەی ڕشانەوە و لەگەڵ هەنگوین و زەنجەبیل تێکەڵ دەکرێت و خواردنی ئەو گیراوەیە ڕشانەوە کەم دەکاتەوە.
    جوینی گەڵای ڕەیحانە پێش خواردنی ژەمەکانی هەستی برسێتی زیاد دەکات، خواردنی چای ڕەیحانە دوای ژەمەکان یارمەتی کرداری هەرس دەدات.
  • ڕەیحانە بۆ کەمکردنەوەی ئازاری ڕۆماتیزم و جومگەکان سوودی هەیە.
  • ڕەیحانه بۆ پێست و کێشەکانی و قژ سوودی هەیە، بۆیە ئەو کرێم و شێدارکەرەوانەی لە زەیتی ڕەیحانە دروست دەکرێن زۆر سوودبەخش و کاریگەرن.
  • ڕەیحانە سوودی بۆ کۆئەندامی هەناسە هەیە، گەرمکردن و خواردنەوەی ئاوەکەی لەگەڵ شیر و هەنگوین بەڵغەم ناهێڵێت و چارەسەرە بۆ کەم کردنەوەی تا و نەحۆشییە درمییەکان و کۆکە.
  • یارمەتی داگرتن و کۆنتڕۆڵکردنی ئاست و ڕێژەی شەکر دەکات.
  • ڕەیحانە بۆ بۆنی ناخۆشی ناودەم زۆر سوودبەخشە و بۆنی ناخۆشی هەناسەش لەناودەبات.

زیانە تەندروستییەکانی ڕەیحانە

پێویستە بڕی خواردنی ڕەیحانە مامناوەند بێت و لە پڕا زیادەڕۆیی لە خواردنی نەکرێت، ڕەیحانە بۆ ژنانی دووگیان و منداڵیش تەندروستە بەو مەرجەی زیادەڕۆیی لە خواردنی نەکرێت. بەڵام ئەو کەسانەی کە هەستیارییان بە ڕووەکە بۆندارەکان هەیە پێویستە دڵنیا بنەوە لەوەی کە هەستیاریان بە ڕەیحانەش نییە، چونکە خواردنی بڕێکی کەمیش لێی دەکرێت نیشانەکانی هەستیارییان بۆ دروست بکات. زەیت و گیراوەی چڕی ڕەیحانە کاریگەری هەیە لەسەر داگرتنی پەستانی خوێن، بۆیە ئەو کەسانەی کە دابەزینی پەستانی خوێنیان هەیە پێویستە ئاگاداربن لە بەکارهێنانی زەیتی ڕەیحانە.

باسکردنی ڕەیحانە لە ئایینەکان

لە ئایینی ئیسلام

لە ئایینی ئیسلامدا و لە قورئانی پیروزدا لە دوو شوێن ناوی ڕەیحانە هێنراوە، لە ئایەتی ١٢ـی سوورەتی (الرحمن) خودا دەفەرموێت: (وَالْحَبُّ ذُو الْعَصْفِ وَالرَّيْحَانُ)، واتا: دانه‌وێڵه‌ی په‌ل و پۆدار و ڕێحانه‌ی بۆنخوشی تێدایە. هەروەها لە ئایەتی ٨٩ـی سوورەتی (الواقعة) کە تێیدا خودا دەفەرموێت: (فَأَمَّا إِنْ كَانَ مِنَ المُقَرَّبِين فَرَوْحٌ وَرَيْحَانٌ وَجَنَّةُ نَعِيمْ)، واتا: ئاسوودەیی و بۆنی خۆش و به‌هه‌شتی پڕ له‌ ناز و ڕۆزی و بەخششی بۆ هه‌یه‌. لەم دوو ئایەتە قورئانییەدا ڕێحانە ئاماژەیە بە بۆنی خۆش. لە فەرموودەیەکی سەحیحی موسلیمدا هاتووە کە پێغەمبەر هەرکەسێک ڕەیحانەی پێشکەش بکردایە ڕەتی نەدەکردەوە و بۆنەکەی پێ خۆش بووە. هەروەها پێغەمبەر هەردوو کچەزاکەی حەسەن و حسێنی بە دوو ڕەیحانەکە وەسف کردووه، حەسەن و حسێنی کوڕەکانی ئیمام عەلی نازناوی دوو ڕەیحانەکەی پێغەمبەر ـیان هەبووە.

لە ئایینی هیندۆسی

لە کولتوور و دابوونەریتی وڵاتی هیندستان و هیندۆسییەکان ڕەیحانە بە "ڕووەکی خۆشبەختی" ناسراوە، لە هەندێک شوێنی هیندستان لە پەرستگاکانیان ڕەیحانە دادەنێن و بۆنەکەی بە بۆنی پیرۆز دادەنێن.

بەکارهێنانە جیاوازەکانی ڕەیحانە

لە خواردندا

ڕیحانە لە زۆرێک لە خوانەکانی جیهان بەکاردەهێنرێت، لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژاوای ئاسیا و چەند وڵاتێکی ئەورووپی بەکاردەهێنرێت، لە سۆسی پاستا، سۆسی پیتزا، سۆسی پیستۆی ئیتاڵی، زەڵاتە و شۆربا ڕازاندنەوەی خواردن بەکاردێت، هاوکات لەگەڵ چەند جۆرێکی پەنیر نموونەی پەنیری ڕیکۆتا و پەنیری مۆزۆرێلا و پەنیری بزن بەکاردەهێنرێت، هەروەها لەگەڵ ئەو خواردنانەی کە بۆنی ساردیان لێ دێت نموونەی ماسی و هێلکە بەکاردەهێنرێت و بۆنەکەیان ناهێڵێت. گەڵای ڕەیحانە وشک دەکرێتەوە و وەکوو بەهاراتی وشک و کوتراو لە خوانەکان بەکاردەهێنرێت. لە دروست کردنی چەند جۆرێک ساردەمەنی گوڵەکەی بەکاردەهێنرێت لەگەڵ شیر و قشتە بە بڕێکی دیاریکراو تێکەڵ دەکرێت، چونکە ئەگەر زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی گوڵەکەی بکرێت تامی تاڵی دەدات. تۆوی چەند جۆرێکی ڕەیحانە لە ئاو دەکرێت و دەخووسێنرێت دواتر لەگەڵ لیمۆ یان پێکهاتەیەکی ترش تێکەڵ دەکرێت، ئەم گیراوەیە یارمەتی تونبوونەوەی هەویر و چەند جۆرێک شیرینی دەدات کە وەکوو جەڵییان لێدەکات.

لە بواری دەرمانی پزیشکیدا

گەڵا و تۆو و چرۆی گوڵەکانی ڕەیحانە لەگەڵ زەیتەکەی لە دروستکردنی دەرمانی پزیشکی بەکاردەهێنرێت، تامی ڕەیحانە لە دروستکردنی هەویری ددان بەکاردەهێنرێت، هەروەها لە دروستکردنی ئەو دەرمانانەی کە بۆ چارەسەری کێشەکانی هەرس و گەدە بەکاردێن سوود لە تامەکەی دەبینرێت و بەکاردێت. لە پزیشکی چینی و پزیشکی هیندی ڕەیحانە بەکارهێنانێکی زۆری هەیە و سوودی لێ دەبینرێت.

لە بۆن و بابەتەکانی جوانکاریدا

زەیتی ڕەیحانە لە دروستکردنی چەند بەرهەمێکی پیشەسازیدا بەکاردەهێنرێت، زەیتەکەی لە پەڕی گوڵ و گەڵاکانی بە شێوەی زانستی دەردەهێنرێت، لە دروستکردنی کرێم و شێدارکەرەوەی پێست و بۆن بەکاردەهێنرێت.

چۆنێتی هەڵگرتن و کۆگاکردن و پارێزگاریکردن

ڕەیحانە زیاتر بە فرێشی و بە تازەیی لە خواردنەکان دوای کوڵاندنیان بەکاردەهێنرێت، چونکە زۆر کوڵاندن یان برژاندنی ڕەیحانە دەبێتە هۆی نەمانی بۆنەکەی و ڕەنگی گەڵاکەی ڕەش دەبێتەوە. دەکرێت پاش لێکردنەوەی گەڵای ڕەیحانە لە پارچە قوماشێک یان لە کیسێکی پلاستیک بکرێت و بە باشی دابخرێت و بەم شێوەیه لە ساردکەرە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ دەمێنێتەوە، بەڵام دوای ئەو ماوەیە سیس دەبێتەوە و گەڵاکانی ڕەش دەبنەوە و تام و بۆنی نامێنێت. دەکرێت ڕەیحانەی وشک بکرێتەوە و بۆ ماوەی شەش مانگ ڕەیحانەی وشک بەکاردێت و هەڵدەگیرێت و دەمێنێتەوە. ڕەیحانەی فرێش و تازە بە بەراورد بە ڕەیحانەی وشک بۆن و تامی تیژترە.


سەرچاوەکان



2383 بینین