پشکنینی مەگنیسیۆمی خوێن

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-05-27-14:27:00 - کۆدی بابەت: 13001
پشکنینی مەگنیسیۆمی خوێن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پشکنینی مەگنیسیۆمی خوێن (بە ئینگلیزی: Magnesium blood test، بە عەرەبی: فحص المغنيسيوم) ڕێژەی مەگنیسیۆم لە خوێندا دەپێوێت. مەگنیسیۆم جۆرێکی ئەلیکترۆلایتەکانە. ئەلیکترۆلایتەکان کانزا بارگاوییەکانن، ڕۆڵیان لە چەندین فرمانی گرنگی جەستەدا هەیە. جەستە بۆ ماسولکەکان، دەمارەکان و باشتر ئیشکردنی دڵ پێویستی بە مەگنیسیۆم هەیە، هەروەها یارمەتی ڕێکخستنی پەستانی خوێن و شەکری خوێن دەدات.

بەشێکی زۆری مەگنیسیۆمی خوێن لە ئێسک و خانەکاندایە، بەڵام بڕێکی کەمی لە خوێندا دەدۆزرێتەوە. بڕێکی زۆر یان کەمی مەگنیسیۆم لە خوێندا، دەکرێت نیشانەی کێشەی تەندروستی بێت. ڕۆژانە لە ڕێگەی خۆراکەوە مەگنیسیۆم وەردەگیریت، ئەم خواردنانەش وەک گوێز، سپیناخ، فاسۆلیا و دانەوێڵە مۆز و شیر. هەندێک کەس کێشەیان لە هەرسکردنی کالسیۆمدا هەیە، بەزۆری لەو کەسانەدا کە کێشەی گورچیلەیان هەیە دەردەکەوێت، یان بڕێکی زۆر کحول دەخۆنەوە یان دەکرێت بەهۆی ئەو دەرمانانە بێت کە ڕۆژانە بەکاری دەهێنن.

هەروەها ئەم ناوانەشی پێ دەوترێت: مەگنیسیۆمی سیرەم، Mg و Mag.

ڕێژەی کەمی مەگنیسیۆم بە بەراورد بە ڕێژەی زۆری مەگنیسیۆم  زیاتر باوە. بەزۆری ئەم پشکنینە لەگەڵ پشکنینەکانی سۆدیۆم، کالسیۆم، پۆتاسیۆم و کڵۆراید ئەنجام دەدرێت.

ئەم پشکنینە لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی کەمی یان زۆری مەگنیسیۆم ئەنجام دەدرێت. هەندێک کەس بەپێی پێویست مەگنیسیۆم وەرناگرێت ئەگەر کەسەکە بەشێوەیەکی بنچینەیی تەندروست بێت، نیشانەکانی کەمی ڕێژەی مەگنیسیۆمی تێدا دەرناکەوێت تاکوو بۆ ماوەیەکی زۆر کەم وەرگرتنی مەگنیسیۆم بەردەوام دەبێت ئەو کاتە نیشانەکان دەردەکەون.

نیشانەکانی کەمی ڕێژەی مەگنیسیۆم

  • لاوازی
  • کرژبوون و بەگیروەستانی ماسولکە
  • شێواوی و شپرزەیی
  • ناڕێکی لێدانی دڵ
  • نۆرەفێ

نیشانەکانی بەرزی ڕێژەی مەگنسیۆم

  • لاوازی ماسولکەکان
  • ماندوێتی
  • دڵتێکەڵهاتن و ڕشانەوە
  • کەموکەڕی هەناسەدان
  • وەستانی دڵ (لە کاتی حاڵەتە زۆر قورسەکاندا ڕوودەدات)

ئەم پشکنینە لە ماوەی دووگیانیشدا ئەنجام دەدرێت. کەمی ڕێژەی مەگنیسیۆم لە ماوەی دوو گیانیدا دەکرێت نیشانەی preeclampsia بێت، بریتییە لە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بە ڕێژەیەکی زۆر. هەروەها ڕەنگە پزیشک داوای ئەنجامدانی ئەم پشکنینە بکات، کاتێک نەخۆشەکە کۆمەڵێک کێشەی تری تەندروستی هەبێت کە ببێتە هۆی کەمی ڕێژەی مەگنیسیۆم وەک کەمخۆراکی، کحول خواردنەوەی بەردەوام و نەخۆشیی شەکرە. زۆرجار ئەو کەسانەی نەشتەرکارییان بۆ دەکرێت، ڕێژەی مەگنیسیۆمیان کەم دەبێتەوە دەکرێت نیشانەی شەکرە یان کێشەی سایرۆید و کێشەی ماوەی دووگیانی بێت.

هەندێک دەرمان کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی پشکنینەکە دەبێت، پێویستە پرسیار لە پزیشک بکەیت تاکوو لە وەستاندنی ئەو دەرمانانەی کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی پشکنینەکە هەیە پێش ئەنجامدانی پشکنینەکە ڕێنمایت پێ بدات. پێویستە لە وەرگرتنی مەگنیسیۆمیش پێش ئەنجامدانی پشکنینەکە بەدوور بیت، چونکە کاریگەری لەسەر ئەنجامی پشکنینەکە دەبێت.

کاتێک کەسێک ئەنجامی پشکنینەکەی کەم دەبێت، ڕەنگە ئەم کێشانەی هەبێت:

  • ئارەزووی خواردنی لاوازە
  • خەوێکی زۆر بە درێژایی ڕۆژ

پشکنینەکانی تری مەگنیسیۆم

باوەڕ وایە ئەنجامدانی پشکنینی مەگنیسیۆم لە ڕێگەی خوێنەوە گونجاو نەبێت، بەهۆی ئەوەی بڕی زۆری مەگنیسیۆم لە ئێسکەکان و بەشەکانی تری جەستە هەڵدەگیرێت بڕێکی کەم لە خوێندا هەیە. فشاری دەروونی دەبێتە هۆی ناردنی مەگنیسیۆم لە خانەکانەوە بۆ ناو خوێن، لەم کاتەدا ئەگەر تەنها پشت بە پشکنینی خوێن ببەسترێت ئەو کاتە وا دەردەکەوێت کە ڕێژەی مەگنیسیۆم لە جەستەدا لە ڕێژەی ئاسایی خۆی زیاترە.

پشکنینەکانی تر بریتین لە:

  • ئەنجامدانی پشکنین تاکوو بزانرێت چەنێک مەگنیسیۆم لە ڕێگەی میزەوە دەکرێتە دەرەوە.
  • پشکنین بۆ ڕێژەی مەگنیسیۆم لە خڕۆکە سوورەکاندا.
  • پشکنین بۆ ڕێژەی مەگنیسیۆم لە خانەکاندا نەک لە خوێندا، ئەم پشکنینە بە EXA Test ناسراوە. لە ڕێگەی وەرگرتنی نموونە لە دەمەوە ئەنجام دەدرێت. پشکنینێکی زۆر باو نییە و نرخیشی گرانە.
  • زیادکردنی مەگنیسیۆم بۆ خوێن دواتر پشکنین بۆ ئەوەی بزانرێت چەنێک مەگنیسیۆم لە ڕێگەی میزەوە جەستە بەجێ دەهێڵێت.


سەرچاوەکان



1726 بینین