بۆچی بە ئاسانی لە بەکتریای گەدە ڕزگارت نابێت؟

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-05-30-21:37:00 - کۆدی بابەت: 13074
بۆچی بە ئاسانی لە بەکتریای گەدە ڕزگارت نابێت؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بۆچی بە ئاسانی لە بەکتریای گەدە ڕزگارت نابێت؟ (بە ئینگلیزی; Why isn't it easy to get rid of stomach bacteria، بە عەرەبی; لماذا ليس من السهل التخلص من بكتيريا المعدة) بوونی هەر هۆکارێکی هەوکردن لە گەدەی زۆر ترشی مرۆڤدا جێی مشتومڕە، بەڵام ئەگەری دۆزینەوەی بەکتریای هێلیکۆباکتەر پایلۆری H. pylori بە هیچ شێوەیەک پێشبینیکراو نییە و ڕێکەوتە. کاتێک بەکتریای ئێچ پایلۆری لینجە پەردەی گەدە داگیر دەکات، دەتوانێت بۆ درێژایی ژیان بەردەوام لە گەدەدا بمێنێتەوە، هەروەها ئەوە جێی سەرنجە کە چۆن کۆئەندامی بەرگریمان دەتوانێت بەرگەی بوونی بەکتریاکە بگرێت. هەندێک دۆخی جەستە پشتگیری بەردەوام بوونی ئێچ پیلۆری دەکەن لە گەدەدا، بەڵام هەندێک بارودۆخی تر دژی بوونی ئەم بەکتریایەن لەگەدە.

ئەو دانیشتوانەی کە بڵاوبوونەوەی بەرز هەروەها بڵاوبوونەوەیەکی زۆر کەمی تووشبوونی بەکتریای H. pylori یان هەیە تێگەیشتنێکی بەسوود پێشکەش دەکەن دەربارەی ئەنجامە نۆرینگەییەکان کە پەیوەستن بەم جۆرە هەوکردنەوە. ئەنجامە دژەکانی نۆرینگە لەوانە نەخۆشی برینەکانی ڕێڕەوی هەرس و شێرپەنجەی گەدە پشت دەبەستن بە هاوسەنگییەکی دیاریکراو لە نێوان هەوکردنی بێ زیان و جۆرێکی زۆر توندی هەوکردن. 

مێژووی دۆزینەوەی بەکتریاکە

لە ساڵی ١٨٩٣ دا بۆیەکەم جار بەکتریای هێلیکۆباکتەر پایلۆری شێوە سپرینگی لە لینجە پەردەی گەدەی سەگدا دۆزرایەوە لە لایەن توێژکاری دیاری ئیتاڵی بایزۆزێرا. هەر لەو ساڵانەدا بەهۆی ترشێتی بەرزی گەدەی مرۆڤەوە بوونی هۆکاری تووشبوونی هەوکردنەکانی گەدەی مرۆڤ جێی مشتومڕێکی زۆر بوو. دواتر هەردوو زانا ماڕشاڵ و وارێن توانیان بەکتریای هێلیکۆباکتەر پایلۆری لە نموونەی شانەی گەدەی مرۆڤدا بدۆزنەوە هەرورها ئەوەشیان دۆزییەوە کە ئەم بەکتریایە هۆکاری برینی گەدەیە. سەرەتای تووشبوونی بەکتریاکە لە ماوەی تەمەنی منداڵی و نێوجەوانیدایە، دواتر بەکتریاکە دەکرێ ببێتە هۆی هەوکردنی گەدەی کورت خایەن و ڕەنگە بشتوانێت بمێنێتەوە لەگەدەی کەسەکەدا بە درێژایی تەمەنی.

لەگەڵ ئەوەی چەندین وردە زیندەوەری تر هەن کە دەتوانن لە گەدەی مرۆڤ دا بمێننەوە بەڵام تەنها بەکتریای هێلیکۆباکتەر پایلۆرییە دەتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر لە گەدەیا بمێنێتەوە، هەروەها هۆکاری ئەو توانایەی بەکتریاکە بۆ مانەوەی لە جەستەی مرۆڤدا هێشتا بە تەواوی زانراو نییە.

توانای بەکتریاکە بۆ تووشکردنی مرۆڤ

  • بەکتریای هێلیکۆباکتەر پایلۆری دەتوانێت بە قوڵی بچێتە ناوەوەی چینی لینجە پەردەی گەدە بە یارمەتی بوونی قامچییەکانی کە دوو بۆ شەش قامچی جەمسەری هەیە.
  • هەروەها بەرهەمهێنانی ئەنزیمی یوریەیز (Urease: ئەنزیمی شیکەرەوەی یوریا) توانای پێدەدات تا زیاتر بەرگەی ژینگە ترشێتیەکەی گەدە بگرێت. لە ئەنجامی شیکردنەوەی یوریا ئەمۆنیا بەرهەم دێت و وەک وەرگرێک بۆ ئایۆنی هایدرۆجین ڕەفتار دەکات، ئەمەش وا دەکات ژینگەیەکی ناوەکی ترشێتی گونجاو دروست بکات. 
  • بوونی پڕۆتینەکانی پەردەی دەرەوەی بەکتریاکە یارمەتی بەکتریاکە دەدەن تا ئاسانتر بە ڕووپۆشی گەدەوە بنووسێت.
  • هەروەها بازدان و گۆڕانی بۆهێڵەکانی بەکتریای هێلیکۆباکتەر پایلۆری یارمەتی بەکتریاکە دەدەن تا شێوەی نوێ دروست بکات و بەرگریە کۆئەندامی جەستەی مرۆڤ نەتوانێت بیناسێتەوە و بە تەواوی لە ناوی ببات، بەمەش خۆی لە هێرشی بەرگرییە کۆئەندام ڕزگار دەکات.
  • بوونی کۆمەڵێ هۆکاری نەخۆشی خستنەوەی (Virulence factor) وەک babA2, horB, homB, iceA2, cagA, و dupA جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەکتریاکە دەتوانێت جەستەی مرۆڤ تووش بکات و بمێنێتەوە. لەگەڵ ئەوەی بە تەواوەتی کاری هەموو ئەم هۆکارانە زانراو نییە بەڵام کۆمەڵێک بەڵگەنامە ئەوە دەرەخەن کە ئەم بۆهێڵانە توانای ئەوەیان هەیە گۆڕان لە ڕووی فیسیۆڵۆجی و شێوەی خانەکانی ڕووپۆشی گەدە دروست بکەن.

بەرگرییە وڵامدانەوە دژی بەکتریاکە

لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بەکتریای گەدە دەبێتە هۆی تێکشکانێکی کەمی ڕووپۆشی گەدە ئەو هەوکردنەی دروستی دەکات بە ئاسانی نامێنێت یان تەنانەت لەوانەیە هەستی پێ نەکرێت بەهۆی وڵامدانەوەی بەرگرییە کۆئەندامەوە. بەڵام بەرگرییە کۆئەندام هەندێک جار ناتوانێت وڵامی بەکتریاکە بداتەوە و کەمیان بکاتەوە بەهۆی بوونی ستراتیژی بەکتریاکە بۆ خۆلادان لە بەرگرییە وڵامدانەوەی جەستەی مرۆڤ و هەروەها بەهۆی توانای بازدانی بۆماوەیی بەکتریاکە. میکانزیمی خۆلادانی بەکتریاکە لە بەرگرییە کۆئەندام ئەمانە دەگرێتەوە، گۆڕانی بەڕێوەبردنی فرمانی سروشتی خڕۆکە سپییە فرە ناوکەکان و هەڵلوشێنەرە خانەکان. هەروەها ڕێگریکردن لە زۆربوونی لیمڤە خانەکان. هەروەها کەمبوونەوەی ڕێکخستنی هەندێک جۆر لە دژەتەنی سەر ڕووی خانەکان.

توانای بەکتریاکە بۆ مانەوە

  • ئەوە پەسەندکراوە کە بوونی بەکتریاکە لە ناوەوەی خانەکان بە هۆی توانای چوونە ناوەوەی بەکتریاکە دەتوانێت ئەوە ڕوون بکاتەوە کە بۆچی هەندێک کەس بە ئاسانی لە بەکتریای گەدە ڕزگاریان نابێت.
  • هەروەها ئەوە دەرکەوتووە ژمارەیەک لە فرە شێوەی بۆماوەیی پەیوەندییان هەیە لەگەڵ مەترسی زیاتری تووشبوون بە گرفتەکانی گەدە و دوانزەگرێ لە کەسی تووشبوو بە بەکتریای گەدە. بۆ نموونە پیشاندانی فرە شێوەی دیاریکراوی IL-1β لە کەسی تووشبوودا هۆکاری مەترسی زیاتری تووشبوونە بە  پووکانەوە و سستبوونی گەدە و شێرپەنجەی گەدە لە جۆری (gastric adenocarcinoma).
  • هەروەها بوونی فرە شێوەی IL-10 پەیوەستە بە بوونی نەخۆشی توندی گەدە وەک شێرپەنجەی گەدە لە کەسانی تووشبووی بەکتریای هێلیکۆباکتەر پایلۆری.
  • تەنانەت لەناو ئەو دانیشتووانانەی تووشبوونی بەکتریای گەدە بە ڕێژەیەکی نزمە بەڵام هێشتا گۆڕانی بۆماوەیی لە بۆهێڵەکانی UFM1, THBS4, CYP2C19 و MGST1 پەیوەستە بە پوکانەوەی گەدە و شانەگۆڕکێی تەواوی ڕیخۆڵە. ئەم بۆهێڵانە هۆکاری بەردەوامی بەکتریاکەشن لە جەستەی مرۆڤدا، بەڵام هێشتا ئەوە نەزانراوە کە هۆکاری ڕوودانی بازدان و گۆڕانی ئەم بۆهێڵانە چییە.
  • هەروەها بەهۆی توانای بازدان و گۆڕانی کۆمەڵێک بۆهێڵی دیاریکراو لە بەکتریاکەدا، بەکتریاکە دەتوانێت زاڵبێت بەسەر دژە بەکتریاکان و لەناونەچێت و لە جەستەی کەسی تووشبوودا بۆماوەیەکی زۆر بمێنێتەوە. لە نموونەی ئەو بۆهێڵانەش rdxA, 16s rRNA, 23s rRNA و gyrA.
  • لە جەستەی مرۆڤدا کۆمەڵێک بۆهێڵ هەن لە کە بوونیان هۆکاری کەمی بڵاوبوونەوەی بەکتریای هێلیکۆباکتەر پایلۆرییە لە نموونەی ئەو بۆهێڵانە C7orf10, TSTD2 ,SMG7 و XPA. بوونی ئەم بۆهێڵانە لە مرۆڤ وادەکات کەمتر ئەگەری تووشبوونی بەکتریای گەدەیان هەبێت. لە هەمان کاتدا ئەمە ئەوە دەرەخات نەبوونی ئەو بۆهێڵانە هۆکارێکی زیاتر بڵاوبوونەوەی بەکتریاکەیە لە نێو دانیشتوواندا.


سەرچاوەکان



88 بینین