ڕۆڵی تاکەکان لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەش و هەوا

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2024-06-13-17:26:00 - کۆدی بابەت: 13158
ڕۆڵی تاکەکان لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەش و هەوا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕۆڵی تاکەکان لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەش و هەوا بە ئینگلیزی (The role of the individual in combating climate change)، بە عەرەبی (دور الفرد في مكافحة تغير مناخ)، گۆڕانی کەش و هەوا کێشەیەکی جیهانییە، چالاکییەکانی مرۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەدا کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لە پڕۆسەی گۆڕانی کەش و هەوا و کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەری، لە گرنگترین ئەو چالاکیانەش کە کاردەکاتە سەر گۆڕانی کەش و هەوا و زیادبوونی ڕێژەی گازی کاربۆن لە هەوادا بریتین لە(هۆکارەکانی گواستنەوە، ئەو وزەیەی لە ماڵاندا بەکاردەهێنرێت، خواردن و خواردنەوەکان، پاشماوە و پاشەڕۆی ڕۆژانە، ئاوی خواردنەوە، بازاڕکردن)، کەم کردنەوەی هەر چالاکییەک لەم چالاکیانە لەگەڵ ئەوەی ڕێژەی کاربۆنی دەردراو بۆ ناو هەوا کەم دەکات سوودێکی زۆری لاوەکیش بە خودی مرۆڤەکان دەگەیەنێت، بۆ نموونە بەکارهێنانی پاسکیل بۆ ڕێگە نزیکەکان لە بری ئۆتۆمبێل دەبێتە هۆی کەمتر بە هەدەردانی وزە و گازی کاربۆن، لە ڕووی فیزیاییشەوە بۆ جووڵە و ڕاگرتنی تەندروستی لەش سوودێکی زۆری هەیە، جگە لە سوودەکەی لە ڕووی مادییەوە. بەهەمان شێوە لە بەرکارهێنانی ناوماڵیشدا بەکارهێنانی وزەی زۆر تێچووی زۆری دەوێت و کاربۆنێکی زۆر دەکاتە بەرگە هەواوە لە کاتێکدا دەستگرتن بە بڕی بەکارهێنانی وزە و ئاگاداربوون لە زیانەکانی لە ڕووی تێچوون و تەندروستی و کەش و هەوایشەوە سوودی هەیە.

کاریگەری تاکەکان لە کۆمەڵگا جیاوازەکان لەسەر گۆڕانی کەش و هەوا

لە کۆمەڵگا جیاوازەکاندا کاریگەری تاکەکان لەسەر گۆڕانی کەش و هەوا پەیوەستە بە چەند هۆکارێکەوە کە هەندێک لەو هۆکارانە خۆنەویستن وەک سروشت و هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان هۆکارێکی دیکە پەیوەندی بە شێوازی کاردانەوەی مرۆڤەکانەوە هەیە بەرامبەر بارودۆخ و ڕووداوەکانی دەوروبەری، بەو پێیە دەتوانین کاریگەریەکانی تاک بۆ سەر گۆڕانی کەش و هەوا بە پێی ئەو هۆکارانە کاردەکەنە سەر شێوازی هەڵسوکەوتی ئەو تاکەوە بکەینە دوو بەشەوە:

  • کەسێتی و خودی کەسەکە: هۆکارەکانی وەک بیروباوەڕ، پێوەر، ئەزموون، چالاکی، ژینگە، کامڵیی، بەها، بە ئاگایی، زانیاری، شێوازی هەڵسوکەوت و ناسنامەی کەسەکە کاریگەریەکی گەورەیان هەیە لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردنی ئەو کەسە لەگەڵ ژینگەدا.
  • کاردانەوەی کەسەکە لە بارودۆخە جیاوازەکاندا: جوگرافیا، کولتوور، پەیوەندی کۆمەڵایەتی، کارکردن، زانیاری، هۆشیاری کۆمەڵایەتی لە گرنگترین ئەو هۆکارانەن کە دەبنە هۆی جیاوازی لە کاریگەرییەکانی تاک.

لەبەر ئەوەی گۆڕینی شێوازی هەڵسوکەوتی تاکەکانیش لەلایەن حكوومەت یان لایەنێکی دیاریکراوەوە کارێکی ئاسان نییە لەبەر ئەوە زۆربەی ڕێکخراو و حکوومەتە جیاجیاکانی جیهان لە ئێستادا بە دوای تەکنیکی نوێدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی بتوانن متمانەی خەڵکی بەدەستبهێنن لە مەترسییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا و چالاکییەکانی ڕۆژانەیان، یەکێک لەو تەکنیکانەش کە زۆر بەکاردێت لایەنی دارایی و ماددیە و هەوڵدانە بۆ ئەوەی وا لە خەڵکی بگەیەندرێت کە بە زیادکردنی چالاکییە زیانبەخشەکانی وەک بەکارهێنانی وزە و سووتەمەنی و ئەوانی دی لە ڕووی مادییەوە زیانی هەیە، چونکە لە سەرمایەداری سەردەمی هاوچەرخدا لایەنی دارایی لای زۆربەی خەڵکی هێڵی سوورە.

پێویستە هەرکەسێک لە لای خۆیەوە خۆی بە بەرپرسیار بزانێت و چارەسەرێک بدۆزێتەوە تا لە ڕێگەیەوە وزەی بەکارهاتووی ڕۆژانە و بڕی تێچوونەکانی کەم بکاتەوە، بە شێوەیەکی تەندروستر بژی، پێویستە هەمووان بزانن کە لەوانەیە چالاکی بچووک گۆڕانکاری گەورە دروست بکات.

چەند هەنگاوێک هەیە ئەرکی سەرشانی هەمووانە هەوڵبدەن جێبەجێیان بکەن و بۆ ئەوەی چیدی گۆڕانی کەش و هەوا تەشەنە نەکات

هەنگاوی یەکەم: کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزە

کوژاندنەوەی ئەو ئامێرە کارەباییانەی کە بەکاریان ناهێنین وەک تەلەفزیۆن و سەتەلایت و کۆمپیوتەر یان کوژاندنەوەی گڵۆپی ئەو ژوورانەی کە کارمان پێیان نییە.

هەنگاوی دووەم: بەکارهێنانی وزەی جێگرەوە و نوێبووەوە

بەکارهێنانی وزەی خۆر بۆ هەندێک لە ئامێرەکانی ناوماڵ یان سەرجەم ئامێرەکان دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەرچاوی بەکارهێنانی وزە، لە هەندێک لە ماڵەکانیشدا بەکارهێنانی سیستەمی گەرمکردن لە ڕێگەی ئاو وزە و خەرجییەکی زۆر دەگەڕێنێتەوە.

هەنگاوی سێیەم: بەکارهێنانی هۆکارەکانی گواستنەوەی هاوڕێی ژینگە

هەندێک لە هۆکارەکانی گواستنەوە بە هاوڕێی ژینگە ناسراون چونکە وزەی کەمیان دەوێت و سوودێکی زۆریان هەیە بۆ ژینگە  وتەندروستی مرۆڤ، یەکێک لەو ئامێرانە پاسکیلە. ئۆتۆمبێلی کارەبایی تەکنەلۆژی هێندە بڵاو نییە لە جیهاندا بەڵام گەر بتوانرێت لە بری ئۆتۆمبێلی ئاسایی بەکاربهێنرێت بە هەمان شێوە بڕێکی زۆری وزە دەگەڕێنێتەوە، گەشتی ئاسمانی یەکێکە لە گەورەترین سەرچاوەی دەردانی گازگلدەرەوەکانی گەرمی بۆ ناو بەرگەهەوای زەوی، گەشتێکی ئاسمانی بە تەنها هۆکاری دەردانی چەندین تەنە دوانەئۆکسیدی کاربۆنە بە ناو بەرگەهەوا، لەبەر ئەوە بەکارهێنانی شەمەندەفەر و پاس و تەنانەت سەفەرکردن بە ڕێگەی وشکانیش بڕێکی یەکجار زۆر وزە دەگەڕێتەوە.

هەنگاوی چوارەم: هەڵگیرساندنی شۆڕشێک لە خۆراکدا

ئاژەڵ و پەلەوەرە ماڵیەکان وەک مریشک و گامێش و مانگا بە هەر شێوەیەک بێت لە شێوەکان پەیوەندی ناڕاستەوخۆیان بە پیشەسازییەوە هەیە، ئەو پیشەسازییانەش هێندەی قەبارەی ئەو گازانەی لەلایەن ئۆتۆمبێلەکانەوە دەردەدرێن گاز دەردەن و زیانیان بۆ ژینگە هەیە، کەمکردنەوەی گۆشت بە هەموو شێوەکانی لە ژەمە خواردنەکاندا دەبێتە هۆی دروستکردنی گۆڕانکارییەکی گەورە لە یەکێک لە هۆکارەکانی پیسبوونی کەش و هەوا.


سەرچاوەکان



31 بینین