ئاریگۆ ساکی

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-06-23-18:21:00 - کۆدی بابەت: 13259
ئاریگۆ ساکی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئاریگۆ ساکی (بە عەرەبی: ٲریجو ساکي، بە ئینگلیزی: Arrigo Sacchi) ئاریگۆ ساکی یەکێکە لە باشترین ڕاهێنەرەکانی مێژوو کە لە پیشەی پێڵاو فرۆشتنەوە گەیشت بە پلەی ڕاهێنەرایەتی کردن و بە دەستهێنانی نازناو و توانی خۆی لە نێو لاپەڕەکانی مێژوودا بنووسێتەوە و سەرکەوتنی زۆر بە دەست بهێنێت.

زانیاری گشتی

ناوی تەواوی ئاریگۆ ساکی
ساڵی لە دایکبوون ١ مانگی نیسانی ساڵی ١٩٤٦
تەمەن ٧٦ ساڵ
شوێنی لە دایکبوون فوسینیانۆ، ئیتاڵیا
ئەو شوێنە گرنگانەی ڕاهێنەرایەتی کردوون ئەیسی میلان، پارما، فوسینیانۆ، هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، ئەتلەتیکۆ مەدرید، ریمینی، بێلاریا، ئەلفۆنساین.

ئاریگۆ ساکی، ڕاهێنەرێکی پیشەگەری ئیتاڵییە لە بواری تۆپی پێی پیشەگەرانە. دوو جار ئەرکی ڕاهێنەرایەتی میلانی وەرگرتووە لە ساڵانی (١٩٨٧ بۆ ١٩٩١، ١٩٩٦ بۆ ١٩٩٧) توانی لەو دوو جارە کاروانێکی وەرزشی گرنگ لەگەڵ یانەکە بنووسێتەوە. هەر لە یەکەم ساڵی وەک ڕاهێنەر لە وەرزی ١٩٨٧ بۆ ١٩٨٨ توانی نازناوی خولی ئیتاڵی پلە یەک بباتەوە، دوای ئەوەش دەست بەسەر نازناوەکان دابگرێت لەسەر ئاستی ئەورووپا و دوو چامپیۆنزلیگ لە دوای یەک بباتەوە لە ساڵانی ١٩٩٠ و ١٩٩١.

لە ماوەی ساڵان ١٩٩١ بۆ ١٩٩٦ ڕاهێنەری هەڵبژاردەی نیشتیمانی ئیتاڵیا بوو، توانی هەڵبژاردەکە بگەیەنێتە یاری کۆتایی جامی جیهانی ١٩٩٤ کە بە لێدانی یەکلاکەرەوە بە بەرازیل دۆڕان کاتێک رۆبێرتۆ باجیۆ بە شێوەیەکی چاوەڕوانەکراو دوا لێدانی سزای هەڵدایە نێو هاندەرانەوە. ئاریگۆ ساکی بە یەکێک لە باشترین ڕاهێنەرەکانی مێژووی تۆپی پێ دادەندرێت، یانەی ئەیسی میلان کە لە ماوەی ساڵانی (١٩٨٧ بۆ ١٩٩١) ڕاهێنەرایەتی کردووە بە یەکێک لە بەهێزترین یانەکانی مێژووی تۆپی پێ دادەندرێت، بە بڕوای هەندێک لە شارەزایان باشترین یانەی مێژووی تۆپی پێ بووە لەو سەردەمەدا.

ئاریگۆ ساکی، هەرگیز یاری تۆپی پێی نەکردووە وەک یاریزانێکی پیشەگەر، بۆ ماوەی چەند ساڵ کاری پێڵاوفرۆشی کردبوو. بۆیە زۆرجار پرسیار لەسەر بەهرەکانی دەکرا ئەویش چەندین وتەی بەناوبانگی هەیە لەو بوارە. یەکێک لەوان (هەرگیز نەمزانیوە بۆ بوون بە یاریزانی ئەسپی سواری دەبێت سەرەتا خۆت ئەسپێک بوو بیت) لە وتەیەکی تر دەڵێت (تۆپی پێ یەکێکە لە شتە هەرە گرنگەکانی ژیان). 

کاروانی وەرزشی

دەستپێکی کاروانی وەرزشی:
ئاریگۆ ساکی بە دیار سەیرکردنی شێوازی یاری هێرشبەرانەی یانەکانی بوداپێست هۆنڤێد، ریاڵ مەدرید و هەڵبژاردەکانی بەرازیل و هۆڵەندا گەورە بوو. دەستی کرد بە ڕاهێنەرایەتی کردنی یانەی ئاسایی کە ناوی (باراکۆ لوگۆ)، چونکە ئەوەندە باش نەبوو تا وەک یاریزان یارییان بۆ بکە. لەو بارەیەوە ئاریگۆ ساکی دەڵێت (کاتێک بوومە ڕاهێنەر تەمەنم ٢٦ ساڵ بوو، گۆڵپارێزەکەم ٣٩ ساڵ بوو، هێرشبەرەکەم ٣٢ ساڵ بوو، دەبوو ڕەزامەندی ئەوان بەدەست بێنم). دواتر بوو بە ڕاهێنەری بالێریا پێش ئەوەی ببێتە ڕاهێنەری (چێسێنا)، کە لە خولی پلە دووی ئیتاڵی یارییان دەکرد وەک ڕاهێنەری لاوانی تیپەکە کاری دەکرد، دواتر بوو بە ڕاهێنەری یانەی (ریمینی) کە لە خولی پلە ٣ی ئیتاڵی بوو، نزیک بوو لەوەی نازناوەکەیان بۆ بباتەوە. 

دواتر سەردەمی درەوشانەوەی دەستی پێکرد کاتێک بووە ڕاهێنەری لاوانی فیۆرنتینا، چونکە لەوێوە یانەی پارما سەرسامی توانەکانی دەبێت و دەیکات بە ڕاهێنەر ئەو کات یانەی پارما لە خولی پلە سێی ئیتاڵی یاری دەکرد. یەکسەر بە دوو وەرز یانەی (پارما)ی گەیاندەوە بە خولی پلە یەکی ئیتاڵی. گرنگترین دەسکەوتی لەگەڵ یانەی (پارما) ئەو ئاستەی بوو کە لە جامی ئیتاڵیا نیشانی دا کە دوو جار شکستی بە یانەی ئەیسی میلان هێنا ئەمەش وای لە سەرۆکی یانەی ئەیسی میلان (بێرلسکۆنی) کرد پێی سەرسام بێت و بیکات بە ڕاهێنەری یانەکەی. 

کاروانی وەرزشی لەگەڵ ئەیسی میلان:
دووبارە لە کاتی بوون بە ڕاهێنەری ئەیسی میلان ڕووبەڕووی ئەو ڕەخنەیە بوو کە شایەنی ئەوە نییە ببێتە ڕاهێنەر، چونکە پێشتر یاریزان نەبووە بە پێی بۆچوونی گشتی و رۆژنامەنووسەکان. پێیان وابوو بەرلسکۆنی سەرۆکی یانەکە باشترە، چونکە هیچ نەبێت یاریزانێکی باشتر بووە لە ساکی. ئاریگۆ ساکی لە وەڵامی ئەو ڕەخنانە گووتی (هەرگیز نەمزانیوە بۆ بوون بە یاریزانی ئەسپی سواری دەبێت سەرەتا خۆت ئەسپێک بوو بیت). هەر لە یەکەم وەرزەوە توانەکانی خۆی سەلماند لەگەڵ ئەیسی میلان و کردی بە پاڵەوانی خولە پلە یەکی ئیتاڵی دوای ٩ ساڵ لە چاوەڕوانی، پاشان جامی ئیتاڵیای ساڵی ١٩٨٨ بۆ بردنەوە. 

ساکی لە ئەورووپاش سەرکەوتنی گرنگی بەدەست هێنا و دوو نازناوی جامی ئەورووپای بە دوای یەکدا بردەوە. بە سوود بینین لە توانای سێ کوچکە هۆڵەندیەکەی ئەم دەستکەوتانەی بەدەست هێنا کە پێکهاتبوون لە (فرانک ریچکارد، مارک ڤان باستن، ڕۆدی غولێت). و ئەمە جگە لە یاریزانەکانی تر وەکو (رۆبێرتۆ دۆنە دۆنی) ئیتاڵی و یاریزانانی هێڵی بەرگری (فرانکۆ بارێزی، ئەلیکساندرۆ کۆستەکۆرتە، ماورۆ تاسۆتی، و پاولۆ ماڵدینی). کە یارمەتیدەری بوون بۆ نووسینەوەی ئەم مێژووە گرنگە لەگەڵ یانەکە. 

یەکەم جامی ئەورووپای لە یاری کۆتایی چوار بە هیچ لە یانەی (ستیوا بوخارست)ی بردەوە لە ساڵی ١٩٨٩ دوای ٢٠ ساڵ ئەیسی میلانی بە جامێکی ئەورووپی شادکردەوە کە هەر یەک لە غولێت و ڤان باستن دوو گۆڵیان تۆمارکرد لە یارییەکە. شایەنی باسە هەر لە یاری پێش کۆتایی بە ئەنجامی شەش بە یەک ئەیسی میلانەکەی ساکی ریاڵ مەدریدی تووشی شکستێکی گەورە کرد. و لە یاری چارەگی کۆتایی لە یانەی (ڤەردەبرێمەن)یان بردبووە لە یارییەکی زەحمەت بە ئەنجامی یەک بە هیچ.

لە جامی ئەورووپای ساڵی ١٩٩٠ گەر چی وەک وەرزی پێشوو بەهێز نەبوون، بەڵام توانیان دووبارە نازناوەکە ببەنەوە. کە لە ڕێگای گەیشتن بە یاری کۆتایی شکستی بە ڕیال مەدرید، هێلنسکی، کەی ڤی مێکلن، بایرن میونخ هێنا. لە یاری کۆتاییش  بە تاکە گۆڵێکی فرانک ریچکارد لە بەنفیکای بردەوە و بووە پاڵەوان. بە بردنەوەی نازناوەکە میلان بووە تاکە یانەی ئەورووپا لەوەتەی ساڵی ١٩٨٠ دوو جار لەسەر یەک نازناوەکە بباتەوە. و هیچ یانەیەکی تریش نەیتوانی ئەم کارە ئەنجام بداتەوە تا ٢٧ ساڵ دواتر کە یانەی ریاڵ مەدرید ئەنجامیدا. ئاریگۆ ساکی دوو جامی سوپەری ئەورووپیشی بردەوە لە دوای یەک لەگەڵ دوو جامی جیهانیی یانەکان کە ئەوانەش هەر لە ساڵانی ١٩٨٩ و ١٩٩٠ بوو. و گەیشتنە یاری کۆتایی جامی ئیتاڵیای ١٩٨٩ بۆ ١٩٩٠ بەڵام لەلایەن یۆڤانتۆسەوە شکستیان پێ هێندرا. 

بۆ وەرزی دواتریش لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا لە قۆناغی ١٦ بە یانەی مارسیلیا دۆران. لە خولی ئیتالیا پلەی دووەمیان بە دەست هێنا لە دوای سامپەدرۆیای پاڵەوان. لە جامی ئیتاڵیاش لە یاری پێش کۆتایی بە ڕۆما دۆڕان. ئەمە دواین وەرزی ئاریگۆ ساکی بوو لەگەڵ ئەیسی میلان. 

کاروانی وەرزشی لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتیمانی ئیتاڵیا: 
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٩١ ئاریگۆ ساکی، وەک ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دیاری کرا لە شوێنی (ڤیچینی). بۆ بانگێشتکردنی یاریزانان بۆ هەڵبژاردەی نیشتیمانی ئاریگۆ ساکی زیاتر تیشکی دەخستە سەر یاریزانانی میلان بە تایبەت لە هێڵی بەرگری، کە هەر یەک لە پاولۆ ماڵدینی و فرانکۆ بارێزی تێدابوو. بۆ هێڵی هێرشبەریش پشتی بە براوەی بالۆندۆر و یاریزانی یانەی یۆڤانتۆس کلک زێڕین (رۆبێرتۆ باجیۆ) دەبەست. یاریزانەکانی تریشی بریتی بوون لە (ڕۆبێرتۆ مانشینی، جیانلوکا ڤیالی، بێرگۆمی، والتەر زێنگا). 

ئاریگۆ ساکی توانی پاڵەوتنەکان ببڕێت و ئیتاڵیا بگەیەنێتە جامی جیهانی ساڵی ١٩٩٤. سەرباری ئەوەی زۆربەی ڕای گشتی پێیان وابوو ئیتاڵیا هەر زوو دەردەکرێت بە تایبەت دوای ئەوەی یەکەم یارییان بەرامبەر ئێرلەندا بە ئەنجامی یەک بە هیچ دۆڕاند، بەڵام ئیتاڵیای گەیاندە یاری کۆتایی (کە ئەمە یەکەم جار بوو ئیتاڵیا بگات بەوێ لەوەتەی ساڵی ١٩٨٢). بە لێدانی یەکلاکەرەوە بە بەرازیل دۆڕان لە یاری کۆتایی. ئەگەر چی ئیتاڵیای گەیاندە یۆرۆی ساڵی ١٩٩٦، بەڵام  هەر زوو لە قۆناغی کۆمەڵەکان کرانە دەرەوە.

کۆتا قۆناغەکانی کاروانی وەرزشی: 
دوای ڕۆیشتن لە هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دووبارە بووە ڕاهێنەری ئەیسی میلان لە شوێنی ئۆسکار تابارێز لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٩٦. ئەم جارەیان نەیتوانی سەرکەوتن بە دەست بێنێت لەگەڵ ئەیسی میلان. لە خولی ئیتاڵی پلەی ١٢می بەدەست هێنا. بە ئەنجامی شەش بە یەک بە یۆڤانتۆس دۆڕا لە نێو خاکی خۆی کە گەورەترین شکستە یانەکە تۆماری کردبێت. دواتر بۆ ساڵی ١٩٩٨ بووە ڕاهێنەری ئەتلەتیکۆ مەدرید کە لەوێش نەیتوانی سەرکەوتن بە دەست بهێنێت و هەر لە مانگی ئاداری هەمان ساڵ یانەکەی جێهێشت، چونکە زۆر لە خوارەوەی ڕیزبەندی خولی پلە یەکی ئیسپانی بوو. بۆ ساڵی ٢٠٠١ دووبارە بووە ڕاهێنەری پارما لە شوێنی (ئەلبێرتۆ مالێسانی). ئەگەر چی دوای سێ یاری دەسکەوتی باشی بە دەست هێنا کە دوو یەکسان بوون و بردنەوەیەک بوو، بەڵام وازی هێنا و (رێنزۆ) شوێنی گرتەوە. دواتر بوو بەڕێوەبەری تۆپی پێی یانەی ریاڵ مەدرید بۆ وەرزی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٠٥.

شێوازی یاریکردن و بەڕێوبردن و تەکتیکەکەی و ئەو کەسانەی کاریگەر بوون پێی:
نازناوی ئاریگۆ ساکی (پەیامبەرەکەی فوسینیانۆ)یە و بە یەکێک لە باشترین ڕاهێنەرەکانی مێژووی تۆپی پێ دادەندرێت. بە شێوازە یاریکردنەکەی کە ٤،٢،٢ بەناوبانگە. گۆڕانکاری لە تەکتیکە دابونەریتییەکەی ئیتاڵیا کرد کە بە شێوەیەکی زۆر بەهێز بەرگریان دەکرد. بۆ بەرگری کردن ئاریگۆ ساکی پشتی بە تەکتیکی (زۆنال مارکینگ: لەم جۆرە تەکتیکە یاریزان یاریزانێکی تر ناگرێت بۆ ئەوەی بەرگری بکات، بەڵکو تەنها بیر لە گرتنی یاریگا و بۆشاییەکان دەکەنەوە دەبەست). لە ڕاستیدا ئەم شێوازە بەرگرییە یەکجار کاریگەر بوو هەمیشە لە یارییەکان زۆر بە زەحمەت گۆڵیان لێ تۆمار دەکرا. ئەوەی شێوازە بەرگرییەکەی بەهێز کردبوو دووانەی پاولۆ ماڵدینی و فرانکۆ بارێزی بوو کە ئاریگۆ ساکی هەم لە ئیتاڵیا و هەم لە ئەیسی میلان پشتی پێ دەبەستن. بە پێی شارەزایان ئەم دووانە بە باشترین بەرگریکاری مێژوو دادەندرێن. 

ئاریگۆ ساکی جگە لەمە تەکتیکێکی تریشی لە پلانەکانی بەکاردەهێنا کە تەکتیکێکی هۆڵەندییە و ناوی (تۆپی پێی تەواو: لەم جۆرە تەکتیکە دەبێت یاریزانەکان بەبێ گوێدانە شوێنی یاریکردنی لە هەموو شوێنێک یاری بکات، واتا کاتێک یاریزانێک شوێنی خۆی چۆڵکردووە ڕاستەوخۆ دەبێت لەلایەن یاریزانێکی ترەوە شوێنی بگرێتەوە بەبێ گوێدانە ئەوەی ئەوێ شوێنی ئەو نییە). ئاریگۆ ساکی هەمیشە جەختی لەوە دەرکردەوە کە دەبێت یاریزانە گەنجەکان وا ڕابێنین کە لە هەموو شوێنەکانی یاریگا ئەزموون پەیدابکەن، نەوەک تەنها وایان لێبکەن جەخت لە یەک شوێنی یاریکردن بکەنەوە و فێربن بەبێ تۆپ و بە تۆپەوە بزانن چۆن یاری بکەن. ئاریگۆ ساکی باوەڕی زۆری بە (رۆحیەتی هاوبەشی نێوان یاریزانەکان هەبوو)، بەبێ جیاوازی مامەڵەی لەگەڵ یاریزانەکانی دەکرد.

لەو بارەیەوە لە لێدوانێکدا گووتی (تاکە ڕێگا بۆ ئەوەی پێکهاتەیەکی بەهێز بنیاد بنێیت، ئەوەیە کۆمەڵێک یاریزان بدۆزیتەوە کە بە هەمان زمان قسەبکەن و یاری بە کۆمەڵ بکەن نەوەک تاک. ناتوانیت بە تاک لایەنی هیچ بە دەست بهێنیت، ئەگەر بەدەستی بهێنیت، ئەوە تا سەر نابێت. هەمیشە ئەو قسەی مایکڵ ئەنجێلۆ دەڵێمەوە کە دەڵێت ڕۆح ڕێنیشاندەری دەستە). بۆ ئەوەی پێکهاتەکەی تۆکمەتر بە یەکەوە ببەستێتەوە، ئاریگۆ ساکی شێوازی نوێی ڕاهێنانی داهێنا بە ناوی (یاری سێبەر) لەو ڕاهێنانە یاریزانەکان بەبێ تۆپ مەشق دەکەن. باوەڕی بە ڕاهێنانی قورس و سەخت هەبوو لە مەشقەکان کە دەبێت یاریزانەکان ئەنجامی بدەن.

هەر بۆیە ئەو یانانەی ڕاهێنەرایەتی کردوون بە یانەی بە کۆمەڵ یاریکردن و خۆ پێگەیاندن ناسراون. ئاریگۆ ساکی جگە لەمانە بە کەڵەرەقی و وردبینییە زۆرەکەی ناسراوبوو، کە پێش هەر یارییەک بۆ ئامادەکردن گرنگی بە قوڵترین وردەکاری دەدا لە شێوازی یاریکردنەکەی کە دەبوو یاریزانەکان هەر هەمووی لەبەر بکەن وەک ناوی خۆیان و لە نێو یاریگەدا بەکاری بهێنن. جگە لەمانە چەندین داهێنانی تری لە تۆپی پێدا کرد. کە ئەوانیش بریتی بوون لە فشاری توند، تەڵەی ئۆفساید، دروستکردنی هێڵێکی درێژی بەرگری کە لە ٢٥ مەتر زیاتر نەبوو لە نێوان بەرگری و هێرشبەر. شێوازی فشاری توند لەلایەن چەندین ڕاهێنەری تری  تۆپی پێ بەکارهاتووەتەوە لەوانە جۆزێ مۆرینیۆ کە لە پۆرتۆ بوو، پێپ گواردێلا کە لە بەرشلۆنە بوو، یۆرگن کلۆپ کە بۆروسیا دۆرتمۆند بوو، یۆب هاینکس کە لە بایرن میونخ بوو.

قوتابییەکەشی (فابیۆ کاپێلۆ) هەمان شێوازی یاریکردنی ئاریگۆ ساکی بەکارهێنایەوە پێنج نازناوی خولی پلە یەکی ئیتاڵی پێبردەوە لەگەڵ چامپیۆنزلیگی ساڵی ١٩٩٣ بۆ ١٩٩٤. رافا بێنێتز کە جامی ئەورووپا و خولی پلە یەکی ئیسپانی لەگەڵ ڤالێنسیا، چامپیۆنزلیگ و فا کاپی لەگەڵ لیڤەرپوول، جامی جیهانیی یانەکانی لەگەڵ ئینتەر میلان، یۆرۆپالیگی لەگەڵ چێلسی بردەوە ئاریگۆ ساکی سەرمەشقی بوو لە لێدوانێک لەسەر ئاریگۆ دەڵێت (ئەو ڕاهێنەرەی کە شۆڕشی لە ماوەی ٥٠ ساڵی رابردوو لە تۆپی پێدا کرد).

ئەو نازناوانەی بە دەستی هێناوە وەک ڕاهێنەر

یەکەم: جامی جیهانیی یانەکان ساڵانی ١٩٩٠ و ١٩٩١ لەگەڵ ئەیسی میلان. 
دووەم: جامی سوپەری ئەورووپا ساڵانی ١٩٩٠ و ١٩٩١ لەگەڵ ئەیسی میلان. 
سێیەم: دوو جامی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا (چامپیۆنزلیگ) ساڵانی ١٩٩٠ و ١٩٩١ لەگەڵ ئەیسی میلان. 
چوارەم: خولی پلە یەکی ئیتاڵی وەرزی ١٩٨٧ بۆ ١٩٨٨ لەگەڵ ئەیسی میلان. 
پێنجەم: جامی سوپەری ئیتاڵی وەرزی ١٩٨٨ بۆ ١٩٨٩ لەگەڵ ئەیسی میلان.


سەرچاوەکان



20 بینین