گەڕانەوە بۆ سەر کار دوای کێشەی تەندروستی دەروونی

له‌لایه‌ن: - چیا طیب چیا طیب - به‌روار: 2024-08-03-14:18:00 - کۆدی بابەت: 13898
گەڕانەوە بۆ سەر کار دوای کێشەی تەندروستی دەروونی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گەڕانەوە بۆ سەر کار دوای کێشەی تەندروستی دەروونی (بە عەرەبی: العودة إلى العمل بعد مشاكل صحية نفسية، بە ئینگلیزی: Returning to work after mental health issues) ئەگەر بەهۆی تووشیبوون بە کێشەی تەندروستی دەروونییەوە و پشووت لە کارەکەت وەرگرتووە، شتێکی سرووشتیە نیگەران بیت لە گەڕانەوە بۆ سەر کارەکەت، لەوانەیە نیگەرانی کاردانەوەی هاوپیشەکانت بیت یاخود نیگەران بیت لەوەی کە نەتوانیت مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەیت. بەڵام، بۆ زۆرێک لە تاکەکان دەستپێکردنەوەی کارکردن دەتوانێت گۆڕانکارییەکی باش و ئەرێنی بێت. سەرەڕای ئەوەش، چەندین سەرچاوە و ڕێنمایی لەبەردەستدان، تا پڕۆسەی گەڕانەوە بۆ سەر کار ئاسانتر بێت.

گەڕانەوە بۆ سەر کار دوای وەرگرتنی مۆڵەتی نەخۆشی 

ئەگەر لەشوێنی کارەکەت، پۆستەکەت هێشتا چۆڵە و چاوەڕێی گەڕانەوەت دەکات، هەروەها بیر لە گەڕانەوە دەکەیتەوە بۆ سەر کارەکەت، ڕەنگە باشتر بێت سەرەتا ڕاوێژ بە پزیشکی گشتی بکەیت. دوای ئەوە دەتوانیت کات بۆ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ خاوەنکارەکەت یاخود ڕاوێژکاری تەندروستی پیشەیی دابنێیت. دەتوانیت باسی هەر نیگەرانی و پرسیارێک بکەیت کە هەتبێت سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ سەر کارەکەت، تەنانەت بە تەواوی ئامۆژگاریی و پێشنیارەکانی پزیشکی گشتیشەوە. 

ئەو پرسیارانەی کە ڕەنگە بتەوێت بیانکەیت

  • ڕێکخستی کات و خشتەی کارکردن، بۆ نموونە، ڕەنگە پێت باش بێت بە شێوەیەکی نیوە دەوام بگەڕێیتەوە، یاخود درەنگتر لەکاتی ئاسایی دەست بە کار بکەیت، بەهۆی بوونی گاریگەری دەرمانەکانەوە وەک هەستکردن بە خەواڵوویی لە بەیانیاندا. 
  • پاڵپشتی و پشتگیری لەلایەن هاوپیشەیەکەوە، جا بۆ ماوەیەکی کورت بێت وەک یارمەتییدان لە ئەرکێک یاخود بۆ ماوەیەکی درێژ وەک ڕێنمایی بەردەوام. 
  • هەبوونی شوێنێک بۆ پشوودانی خێرا لەکاتی پێویستدا.

هاوکاریکردنی ئەو کەسانەی کە کێشەی تەندروستی دەروونییان هەیە

گۆرانکاری و شوێنی گونجاو
لە ڕووی یاساییەوە، خاوەنکارەکان پێویستە "شوێنی گونجاو" بۆ ئەو کارمەندانەی کە خاوەن پێداویستی تایبەتن یاخود بارودۆخی درێژخایەنی تەندروستی جەستەیی یاخود دەروونییان هەیە، دابین بکەن. ئەمەش واتا دابینکردنی شوێن و مێزێکی تایبەت بە کارمەندێک کە دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی هەیە، نەک هەمان مێز لەگەڵ هاوپیشەکانی دیکەدا بەکاربهێنن. 

دەستڕاگەیشتن بە کار
ئەگەر پێویستت بە یارمەتی زیاترە، زیاتر لە دابینکردنی شوێنێکی شیا و گونجاو لە شوێنی کارەکەت، دەتوانیت داوای یارمەتی دەستڕاگەیشتن بە کار بکەیت، واتا خزمەتگوزاری پشتگیری دارایی. ئەم یارمەتییانە پشتگیری کرداریی دەگرێتەوە بۆ ئەوەی یارمەتیت بدات بەردەوام بیت لە کارەکەی ئێستات یاخود دەستپێکردنی کارێکی نوێ.

گەڕان بەدوای کارێکی نوێدا 
ئەگەر تۆ بێکاریت و دەتەوێت بگەڕێیتەوە سەر کار، کارمەندانی نوسینگەی دامەزراندنی ناوخۆیی لە ناوچەکەت دەتوانن یارمەتیت بدەن. ئەگەر کێشەی تەندروستی دەروونی درێژخایەنت هەبوو، داوا بکە کە لەگەڵ ڕاوێژکاری دامەزراندنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکەیاندا قسە بکەیت، دەربارەی لایەنی جەستەیی یاخود دەروونی. هەروەها ئەگەر دکتۆر یاخود ڕاوێژکاری تەندروستی دەروونیت هەبێت، لەو حاڵەتەدا دەتوانن ئاگادارت بکەنەوە لەو هاوکارییەی کە بەردەستە بۆ ئەو کەسانەی کە کێشەی تەندروستی دەروونییان هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر کارەکانیان.

پێش ئەوەی لەگەڵ هیچ کەسێکدا قسە بکەیت، بیر لەم چەند خاڵە بکەوە

  • ئەو شوێنەی دەتەوێت کاری لێ بکەیت.
  • ئەو کارەی حەز دەکەیت ئەنجامی بدەیت. 
  • ئەو پاڵپشتییە کە ڕەنگە پێویستت پێی بێت.
  • دۆخی داراییت، لەگەڵ هەر یارمەتیەکیش کە وەریدەگریت، وەک پارەی خاوەن پێداویستی تایبەت، یارمەتی دارایی یاخود جۆرەکانی دیکەی یارمەتی.
  • کارێکی مووچەخۆری تەواوکات تاکە هەڵبژاردەی تۆ نییە. بژاردەی دیکەش هەن کە لەوانەیە گونجاو بێت، لەوانە کاری نیمچە دەوام یاخود کاری خۆبەخشی.

کاری خۆبەخشی

کاری خۆبەخشی ڕێگەیەکی بەربڵاوە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر کار. یارمەتیدانی کەسانی دیکە دەتوانێت ئاستی بڕوابەخۆبوونت بەرز بکاتەوە و وا لە مێشکت دەکات سەرقاڵ بێت و بۆ ماوەیەک لە کێشەکانی خۆتت دوور دەخاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، کاری خۆبەخشی دەتوانێت دەرفەتەکانت بۆ بەدەستهێنانی کارێکی مووچەخۆر باشتر بکات، کاتێک ئامادەی دەستبەکاربوون دەبیت، تا ئەو کاتەش دەتوانیت بەردەوام بیت لە وەرگرتنی یارمەتییەکانت، وەک وەرگرتنی یارمەتی دارایی. 

چۆن کارکردن سوود بە تەندروستی دەروونی دەگەیەنێت

گەڕانەوە بۆ سەر کار دوای ماوەیەک لە نەخۆشی دەروونی دەتوانێت ئەزموونێکی ئەرێنی بێت ئەگەر پاڵپشتی گونجاو و پێویستت هەبێت.

چەند شتێک کە کارکردن دەتوانێت پێتببەخشێت

  • هەستکردن بە ناسنامە و ئامانج واتا هەبوونی ئاراستەیەکی دیاریکراو لە ژیاندا.
  • دەرفەت بۆ دروستکردنی پەیوەندی هاوڕێیەتی نوێ. 
  • باشترکردنی سەقامگیری دارایی.
  • هەستێکی چالاک لە بەشداریکردن وبەدیهێنانی کاریگەری ئەرێنی لە کۆمەڵگادا.


سەرچاوەکان



90 بینین