غەزاى بەدری گەورە

له‌لایه‌ن: - نیهاد جه‌لال - به‌روار: 2019-09-13-09:00:00 - کۆدی بابەت: 45
غەزاى بەدری گەورە

ناوه‌ڕۆك

غەزاى بەدری گەورە

غەزاى بەدر لە رۆژی هەینی لە وەرزی زستان و لە حەڤدەى رەمەزانى ساڵی دووەمى کۆچیدا روویدا، لە هەمان ساڵدا کە تیایدا قیبلە لە مەسجیدولئەقصاوە گۆڕا بەرەو کەعبە و رۆژووى رەمەزان و سەرفیترەش فەڕز کرا.

هۆکارەکەى

بێباوەڕان لە مەککەدا ئازارى زۆری موسڵمانانیان دابوو و دەستیان دەگرت بەسەر ماڵ و سامانیاندا، بۆیە کاتێک ئەبووسوفیان بە کاروانێکی گەورەی بازرگانى قوڕەیشەوە لە شامەوە گەڕایەوە، پێغەمبەری خوا بە سێ سەد و ئەوەندە کەسەوە بەڕێکەوت تا رێ بگرێت بەو کاروانە بازرگانیەیان.

هەنگاوەکانى سەرەتا

ئەبووسوفیان لە لایەکەوە هەواڵی نارد بۆ مەککەو لە لایەکی تریشەوە رێڕەوی خۆی گۆڕی پێغەمبەریش شوێنی بەدری هەڵبژارد، چی سەرچاوەى ئاوى بەدر هەبوو هەمووی کوێر کرایەوە تەنها دانەیەکیان نەبێت، بەوە بێباوەڕان بێبەش دەبوون لە ئاوخواردنەوە.

ژمارەى موسڵمانان سێ سەد و نۆزدە کەس بوو، ژمارەی بێباوەڕانیش زیاد لە هەزار کەس دەبوو.

روودانى جەنگەکە

سەرەتاى جەنگەکە جەنگى رووبەڕوو بوو، سێ کەس لە قوڕەیش  و سێ کەس لە موسڵمانان، تیایدا سێ بێباوەڕەکە کوژران و عوبەیدەش پێکرا.

ئینجا جەنگەکە دەستی پێکرد و دواجار

بە سەرکەوتنى موسڵمانان کۆتایی هات، ژمارەیەکی دیار لە سەرکردەکانى قوڕەیش کوژران، نزیکەی حەفتا کوژرا و حەفتا دیلیان هەبوو، نزیکەی چواردە موسڵمانیش شەهید بوون، دەستکەوتێکی زۆریش بۆ موسڵمانان مایەوە.

گرنگى غەزاکە

یەکەم: ئەمە یه‌كه‌م غه‌زا بوو جەنگى سەخت لەنێوان موسڵمانان و بێباوەڕاندا رووبدات، بۆیە چاوى هەموو لایەکی لەسەر بوو، چ بۆ بێباوەڕان و چ بۆ موسڵمانان هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە بوو.

دووەم: بۆ یەکەم جار پشتیوانانیش بەشداری سەربازییان کرد لەگەڵ کۆچەریەکاندا.

سێیەم: هەر موسڵمانێ بەشداری ئەو غەزایەی کرد، لەبەر گەورەیی و رێزی لەناو خەڵکدا بە بەدری ناودەبرا.

چوارەم: چەندین ئایەت و فەرموودە لە بارەى فەزڵی بەشداربوانى بەدرەوە هاتووە.

پێنجەم: سوورەتى ئەنفال لە بارەى غەزاى بەدرەوە دابەزی.


سەرچاوەکان



4297 بینین