شیبوونەوەی خوێن

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-04-24-21:06:00 - کۆدی بابەت: 12679
شیبوونەوەی خوێن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هیمۆلایزس یان خوێنی شیبووەوە یان خوێنی تێکشکاو (بە ئینگلیزی: Hemolysis، بە عەرەبی: انحلال الدم) زاراوەیەکی پزیشکییە کە بۆ تێکشکاندنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن بەکاردێت. جەستە بە بەردەوامی خڕۆکە سوورە کۆنەکان یان زیان پێگەیشتووەکان لەناو دەبات و بە خڕۆکە سوورە پێگەشتووەکان دەیانگۆڕێتەوە. تێکشکانی خڕۆکە سوورەکان کردارێکی ئاساییە بەڵام هەندێک جار خڕۆکە سوورەکان زۆر زوو تێکدەشکێن و لەناو دەچن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە خڕۆکە سوورەکانی خوێن زۆر کەم ببنەوە. ئەم دۆخەش دەبێتە هۆی نەخۆشییەک کە پێی دەوترێت کەمخوێنی شیبووەوە.

شیبوونەوەی خوێن چییە؟

شیبوونەوەی خوێن بریتییە لە کرداری لەناوبردنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن. خڕۆکە سوورەکانی خوێن بەشێکی سەرەکین لە خانەکانی خوێن. ئۆکسجین لە سییەکانەوە بۆ هەموو شانەکانی جەستە دەگوازنەوە. جەستە ئەم ئۆکسجینە بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی وزەی پێویست بۆ ئەنجامدانی ئەرکە سەرەکییەکانی. هەروەها خڕۆکە سوورەکانی خوێن دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە شانەکانەوە هەڵدەگرن بۆ سییەکان بۆ ئەوەی بتوانیت لە کاتی هەناسەدان بیانکەیتە دەرەوە.

جەستە بە بەردەوامی خڕۆکە سوورە کۆنەکان یان زیان پێگەیشتووەکان تێدەشکێنێت و لەناودەبات و خڕۆکە سوورە نوێکان وەک جێگرەوە دروست دەکات. ئەم سووڕە بەردەوامەی تێکشکان و دروستکردن دڵنیات دەکاتەوە کە خڕۆکەی سووی پێویستت هەیە. هەندێک جار خڕۆکە سوورەکانی خوێن زۆر بە خێرایی لەناودەچن، پێش ئەوەی جەستە کاتی هەبێت بۆ دروستکردنی جێگرەوەی.

کرداری لەناوبردنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن پێی دەوترێت شیبوونەوەی خوێن. کەمی خڕۆکە سوورەکانی خوێن بەهۆی کرداری تێکشکان و شیبوونەوە دەبێتە هۆی نەخۆشییەک کە پێی دەوترێت کەمخوێنی شیبووەوە.

بۆچی شیبوونەوەی خوێن ڕوودەدات؟

لەناوبردنی خڕۆکە سوورەکان بە شێوەیەکی ئاسایی بۆشایی بۆ خڕۆکە سوورە تەندروستە نوێیەکان ئازاد دەکات. خڕۆکە سوورەکانی خوێن بۆ ماوەی ١٢٠ ڕۆژ دەژین. کاتێک خانە کۆنەکان پیر دەبن، چەند ئاماژەیەک ئاشکرا دەکەن کە دەبنە هۆی لەناوچوونی خانە پیربووەکان لە سپڵدا. سپڵ بریتییە لە ئەندامێک لە لای چەپی سک کە یارمەتی پاککردنەوەی خانە کۆن و زیان پێگەیشتووەکان دەدات.

جەستە خانەی خوێنی نوێ دروست دەکات لە مۆخی ئێسک کە ئەویش لەناو ئێسکی ئیسفەنجییە لە ناو ئێسکە درێژەکانی لەش. بەمەش خڕۆکە سوورەکانی خوێن لە خوێندا ئازاد دەکرێن. هەندێک جار کێشەکانی پەیوەندیدار بە پێکهاتەی خانەیەک یان پێکهاتەکانی ناوەوەی تەمەنی خانە کورت دەکەنەوە. هەروەها هۆکارە دەرەکییەکان دەتوانن زیان بە خڕۆکە سوورەکانی خوێن بگەیەنن، کە دەبێتە هۆی مردنیان پێش ئەوەی جەستە کاتی هەبێت بۆ جێگۆڕکێکردنیان.

جۆرەکانی شیبوونەوەی خوێن چین؟

دوو جۆر شیبوونەوەی خوێن هەیە. بەپێی ناوەکانیان ئاماژە بەوە دەکەن کە شیبوونەوەی خوێن لە کوێ ڕوودەدات:

شیبوونەوەی دەرەکی خوێن: بریتییە لە لەناوبردنی خڕۆکە سوورەکان کە لە دەرەوەی لوولەکانی خوێن ڕوودەدات. لوولەکانی خوێن بریتین لە خوێنبەرەکان و خوێنهێنەرەکان. باوترین شوێنی شیبوونەوەی خوێن دەرەوەی خوێنە. کاتێک خوێن پاڵاوتە دەکرێت بەناو سپڵدا، خڕۆکە سپییە گەورەکان کە پێیان دەوترێت هەڵلوشێنەرەکان شوێنی خڕۆکە سوورە کۆنەکان یان زیان پێگەیشتووەکان دەدۆزنەوە و لەناویان دەبەن.

شیبوونەوەی ناوەکی خوێن: بریتییە لە لەناوبردنی خانەکان کە لەناو لوولەکانی خوێندا ڕوودەدات. لەگەڵ شیبوونەوەی ناوەکی خوێن، بەشەکانی خانە لەناوچووەکان لەناو خوێندا دەسوڕێنەوە.

هۆکاری شیبوونەوەی خوێن چییە؟ 

شیبوونەوەی خوێن چەندین هۆکاری هەیە، لەوانە:

خڕۆکە سووری خوێنی خەوشدار

ناڕێکی پێکهاتەیی لە خڕۆکە سوورەکانی خوێن دەکرێت ببێتە هۆی لەناوچوونی زۆر زووییان. زۆرێک لە کێشە پێکهاتەییەکان کە دەبنە هۆی شیبوونەوەی خوێن لە هەلومەرجی بۆماوەییەوە سەرچاوە دەگرن. ئەو حاڵەتانەی کە کەموکوڕییە پێکهاتەییەکانی خڕۆکە سوورەکانی خوێنیان تێدایە بریتین لە:

  • هیمۆگلۆبینی ناجێگیر: کەمخوێنی خانەی داس و تالاسیمیا.
  • کەمی ئەنزیمەکان: کەمی G6PD و کەمی Pyruvate Kinase.
  • خەوشی پەردەی خڕۆکە سوورەکان: نەخۆشی بۆماوەیی خڕۆکە سوورە درێژکۆڵەکان و نەخۆشی بۆماوەیی خڕۆکە سوورە گۆییەکان.

مەرجەکانی پەیوەست بە کۆئەندامی بەرگری

کەمخوێنی شیبووەوەی بەرگری خۆیی (AIHA) نەخۆشییەکی دەگمەنە کە کۆئەندامی بەرگری هێرش دەکاتە سەر خڕۆکە سوورەکانی خوێن. لە ئەنجامدا، بڕێکی زۆری خڕۆکەی سوور لەناودەچێت. جۆرەکانی کەمخوێنی شیبووەوە بریتین لە:

  • نەخۆشی ئەگلوتینینی سارد (کەمخوێنی شیبوونەوە بەرگری خۆیی سارد).
  • نەخۆشی ئەگلوتینینی گەرم (کەمخوێنی شیبوونەوە بەرگری خۆیی گەرم).

نەخۆشییە بنچینەییەکان دەتوانن ببنە هۆی کەمخوێنی شیبووەوەی بەرگری خۆیی. هەوکردنی سییەکانی مایکۆپلاسما، گرێی لیمڤەکان، شێرپەنجەی خڕۆکە سپییەکانی خوێن، گوورگە سوورە و هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیدی تەنها چەند حاڵەتێکن کە دەتوانن ببنە هۆی ئەوەی کۆئەندامی بەرگری هێرش بکاتە سەر خڕۆکە سوورەکانی خوێن.

حالەتەکانی تر کە بەرگری خۆیی نین:

  • هیمۆگلۆبین یوریای ساردی نۆرەیی.
  • هیمۆگلۆبین یوریای شەوانەی نۆرەیی.

هەوکردن

مشەخۆرەکان، ڤایرۆسەکان و بەکتریاکان کە هێرش دەکەنە سەر جەستە دەتوانن زیان بە خڕۆکە سوورەکانی خوێن بگەیەنن و ببنە هۆی ئەوەی کە تێکیبشکێنن پێش ئەوەی جەستە بتوانێت جێگرەوە دروست بکات. بەناوبانگترین هۆکاری شیبوونەوەی خوێن بەهۆی هەوکردنەوە بریتییە لە مەلاریا، کە مشەخۆرێک دەگرێتەوە و هێرش دەکاتە سەر خڕۆکە سوورەکانی خوێن.

شیبوونەوەی خوێن بەهۆی هەوکردنەوە بریتین لە:

دەرمان

هەندێک جۆری دەرمان دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی کۆئەندامی بەرگری هێرش بکاتە سەر خڕۆکە سوورەکانی خوێن و زوو لەناویان ببات. ئەمە پێی دەوترێت کەمخوێنی شیبووەوەی بە دەرمان هاندراو (DIHA). کەمخوێنی شیبووەوەی بە دەرمان هاندراو زۆر دەگمەنە.

ئەو دەرمانانەی دەکرێت ببنە هۆی شیبوونەوەی خوێن بریتین لە:

  • Acetaminophen
  • Cephalosporins
  • Clopidogrel
  • Dapsone
  • Heparin
  • Levodopa
  • Levofloxacin
  • Methyldopa
  • Nitrofurantoin
  • Penicillin
  • Phenazopyridine
  • Quinidine
  • Quinine
  • Rifampin
  • Sulfonamides

ئاڵۆزییەکانی دووگیانی

کێشە لە کاتی دووگیانیدا دەبێتە هۆی ئەوەی کە خڕۆکە سوورەکانی خوێن زۆر زوو بشکێن. ئاڵۆزییەکانی دووگیانی پەیوەست بە شیبوونەوەی خوێن بریتین لە:

  • کۆنیشانەی HELLP
  • پێشگرژی زەیستانی
  • نۆرەی کاتی زەیستانی (فێ یان بورانەوە)

ئامێرە پزیشکیەکان و چارەسەرەکان

هەرچەندە ئەمە دەگمەنە، بەڵام دەکرێت ئەزموونی شیبوونەوەی خوێن بکرێت کاتێک جەستە خۆی دەگونجێنێت بۆ ئامێرێکی پزیشکی نوێ یان چارەسەرێک، لەوانە:

  • ئامێری پاککردنەوەی خوێن
  • ئامێری لاڕێی دڵ و سییەکان
  • ئامێری جێگۆڕکێی دەمەوانەی دڵ
  • ئامێرەکانی تری دڵ بەکاردێن بۆ چارەسەرکردنی شۆکی دڵ، لەوانە پەمپی باڵۆنی ناو خوێنهێنەر و ئامێرەکانی ئیمپێلا
  • گواستنەوەی خوێن

ماددەی ژەهراوی و ژەهری میکرۆب

ژەهر دەتوانێت زیان بە خڕۆکە سوورەکانی خوێن بگەیەنێت و ببێتە هۆی شیبوونەوەی. ئەو ماددانەی کە دەبنە هۆی شیبوونەوەی خوێن بریتین لە:

هەر حاڵەتێک کە ببێتە هۆی ئەوەی کە سپڵ کاتی زیادتر کار بکات (hypersplenism) دەتوانێت ببێتە هۆی شیبوونەوەی خوێن.

بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن دەتوانێت ببێتە هۆی شکاندنی خڕۆکە سوورەکان لە کاتی سووڕانەوە بەناو لوولەکانی خوێن و ئەندامەکان.

نیشانەکانی شیبوونەوەی خوێن چین؟

نیشانەکان پشت بەوە دەبەستن کە ڕێژەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن چەندە. ئەگەر ژمارەکە زۆر کەم نەبێت، لەوانەیە نیشانەکانی تێبینی نەکەیت. نیشانەکان زۆرجار پەیوەندییان هەیە بە هەبوونی ئۆکسجینی کەم چونکە خڕۆکە سوورەکانی خوێن کەم دەبنەوە بۆ هەڵگرتنی ئۆکسجین بۆ جەستە، نیشانەکان بریتین لە:

هەندێک لە نیشانەکان تایبەتن بەو حاڵەتە تایبەتەی کە دەبێتە هۆی شیبوونەوەی خوێن. بۆ نموونە، نەخۆشی ئەگلوتینینی سارد، کە جۆرێکە لە کەمخوێنی شیبووەوەی بەرگری خۆیی، دەکرێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی لێشاوی خوێن بۆ پەنجەکانی دەست یان پەنجەکانی پێ.

دەستنیشانکردن و پشکنین

چ پشکنینێک ئەنجام دەدرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەندیدار بە شیبوونەوەی خوێن؟

دابینکەری تەندروستی خوێن ڕادەکێشێت بۆ پشکنینی کێشەکانی پەیوەست بە شیبوونەوەی خوێن. ئەوان دەتوانن هەر یەکێک لەم پشکنینانەی خوارەوە ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی بزانن ئایا ژمارەی خانەکانی خوێن کەمن بەهۆی شیبوونەوەوە یان نا:

پشکنینی تێکڕای پێکهاتەکانی خوێن (CBC): پشکنینی تێکڕای پێکهاتەکانی خوێن زانیاری بەنرخ دەربارەی هەموو خانەکانی خوێن پێشکەش دەکات، لەوانە خڕۆکە سوورەکانی خوێن. هەروەها زانیاری دەربارەی ئاستی هیمۆگلۆبین دەدەن، پڕۆتینێکی سەرەکییە لە خوێندا هەروها ڕێژەی خوێن (ئەو ڕێژەیەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن کە بۆشایی خوێنیان داگیرکردووە).

ژمارەی ڕێتیکیولۆسایتەکان یان خڕۆکە سوورە پێنەگەیشتووەکان: ژماردنی خڕۆکە سوورە پێنەگەیشتووەکان بەشێکە لە پشکنینی تێکڕای پێکهاتەکانی خوێن. ئەم پشکنینە دەکرێت بە جیاش ئەنجامبدرێت کە تیایدا زانیاری دەربارەی ژمارەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن پێشکەش دەکات. دەکرێت خڕۆکە سوورە پێنەگەیشتووەکان زیاد بکات لە کاتی شیبوونەوەی خوێن، چونکە جەستە بەرهەمهێنانی خڕۆکە سوورە نوێیەکان زیاد دەکات بۆ ئەوەی جێگەی خڕۆکە سوورە تێکشکاو و لەناوچووەکان بگرێتەوە.

سمیری خوێنی چێوەیی: شێوەیەکی نائاسایی لە خانەکانی خوێن نیشان دەدات، وەک قەبارە یان شێوەی خانەکە. دەکرێت ناتەواوییەکانی خڕۆکە سوورەکان ببێتە هۆی هاندانی هەڵلوشێنەرە خانەکان بۆ تێکشکاندنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن.

لاکتەیت دیهایدرۆجینەیز یان ئەنزیمی شیکەرەوەی هایدرۆجینی لاکتەیت (LDH): LDH ئەنزیمێکە لە ناو خڕۆکە سوورەکانی خوێن. بەرزبوونەوەی LDH لە خوێندا دەکرێت نیشانەی ئەوە بێت کە خڕۆکە سوورەکانی خوێن بە خێراییەکی خێراتر لە ئاسایی تێکدەشکێن.

پشکنینی هاپتۆگلۆبین: هاپتۆگلۆبین پڕۆتینێکە کە بە هیمۆگلۆبین دەبەسترێتەوە. ئاستی هاپتۆگلۆبین دادەبەزێت کاتێک بڕێکی زۆری هیمۆگلۆبین دەردەدرێت.

بیلیروبینی نەبەستراو: بیلیروبین دروست دەکرێت کاتێک هیمۆگلۆبین لە خڕۆکە سوورەکانی خوێندا تێکدەشکێت. زیادبوونی بیلیروبین لە خوێندا لەوانەیە نیشانەی ئەوە بێت کە بڕێکی زۆر خڕۆکە سوورەکانی خوێن لەناودەچن.

پشکنینی ڕاستەوخۆی کۆمبس: پشکنینی ڕاستەوخۆی کۆمبس دەتوانێت دژەتەنەکان بدۆزێتەوە کە بەستراونەتەوە بە خڕۆکە سوورەکانی خوێنەوە و زوو لەناویان دەبات.

هەروەها دابینکەری چاودێری تەندروستی دەکرێت پشکنینی میز ئەنجام بدەن بۆ پشکنینی نیشانەکانی خوێن یان بیلیروبین لە میزدا (میز) کە دەکرێت نیشانەی کەمخوێنی شیبووەوە بێت.

شیبوونەوەی خوێن چۆن چارەسەر دەکرێت؟

چارەسەر پشت دەبەستێت بەوەی کە هۆکاری نەخۆشییەکە چییە و نیشانەکان چەندە توندن. چارەسەرەکان لەوانەیە تەواوکەری دەرمان، نەشتەرکاری، خوێن گواستنەوە، هتد لەخۆ بگرێت. گفتوگۆ لەسەر بژاردەکانی چارەسەری خۆت بکە لەگەڵ دابینکەری چاودێری تەندروستی لەسەر بنەمای دەستنیشانکردنەکە.

جەستە بە بەردەوامی کار دەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە بڕی گونجاوی خڕۆکە سوورەکانی خوێنت هەیە. هەوکردن، بارودۆخی بۆماوەیی، هۆکارە دەرەکییەکان، هتد، دەتوانن لە ڕێگەی ئەم کارەدا بن بە لەناوبردنی خڕۆکە سوورەکان زۆر بەزوویی. لە ئەنجامدا، لەوانەیە خڕۆکە سوورەکانی خوێن زۆر کەم بن و کەمخوێنی شیبووەوە هەبێت. خۆشبەختانە، زۆرێک لە هۆکارەکانی شیبووەوەی خوێن چارەسەر دەکرێن. کاتێک دابینکەری چاودێری تەندروستی بڕیار دەدات کە چی دەبێتە هۆی نەخۆشییەکە، ئەوا دەتوانن پێشنیاری چارەسەری گونجاو بکەن بۆ ئەوەی یارمەتیت بدەن لە گەڕانەوەی ژماردنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن بۆ ئاسایی.

شیبوونەوەی خوێن لە نموونە تاقیگەییەکان

ئەو نموونانە تاقیگەییانەی شیبوونەوەی خوێن نیشان دەدەن واتا خوێنی تێکشکاو ئەوە ناگەیەنن کە شیبوونەوەی خوێن لەناو جەستەدا ڕوویداوە بەڵکو لە کاتی وەرگرتنی خوێن بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکییەوە خوێنەکە تێکشکاوە یان ئەوەتا لە کاتی دانانی نموونەی خوێنەکە لە ناو تیوبی تایبەت خڕۆکە سوورەکانی ناو خوێنەکە تێکشکاون.

تایبەتمەندییەکانی نموونەوەی خوێنی شیبووەوە

  • خوێنی تێکشکاو ڕەنگی نموونەی خوێن دەگۆڕێت بۆ ڕەنگێکی تۆختر یان قاوەیی باو.
  • هەروەها لە کاتی جیاکردنەوەی سیڕەمی خوێن ڕەنگی زەرد باوی سیڕەمی خوێن دروست ناکا لە بری ئەوە ڕەنگی نموونەکە سووری ئاڵ دەبێت، ئەمەش لە ئەنجامی بوونی هیمۆگڵۆبینی سەربەستە لە ناو نموونەکەدا.
  • کاتێک خڕۆکە سوورەکانی خوێن تێکدەشکێن دەکرێت ڕەنگی نموونەی میزیش بگۆڕێت و ڕەنگێکی سوور ببینرێت لە ناو نموونەکەدا.
  • هەروەها کاتێک خڕۆکە سوورەکانی خوێن تێکدەشکێن دەکرێت ڕێژەی هیمۆگڵۆبین بەرزببێتەوە لە ناو نموونەی میزدا.
  • هەروەها کاتێک خڕۆکە سوورەکانی خوێن تێکدەشکێن ڕێژەی بیلیروبین بەرزدەبێتەوە لە ناو نموونەی میزدا.


سەرچاوەکان



53 بینین