مەسروور بارزانی

له‌لایه‌ن: - یوسف علی - به‌روار: 2021-07-06-17:25:00 - کۆدی بابەت: 73
مەسروور بارزانی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مەسروور بارزانی (لەدایکبووی 2ی ئازاری 1969) کەسایەتی سیاسیی کوردە، لە بەرواری 10ی تەمووزی 2019ـەوە سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان. مەسروور بارزانی ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌. مەسروور کوڕە گەورەی مەسعوود بارزانییە و لە ئەمریکا زانستە ڕامیارییەکانی خوێندووە.

خوێندن

وێڕای ئەوەی بەشێک لە تەمەنی منداڵی لەسەر شاخ بەسەربرد، مەسروور بارزانی خوێندنی ئامادەیی لە ئێران تەواودەکات. دواتر بۆ خوێندنی بەکالۆریۆس چووەتە بەریتانیا و لەوێ کۆرسی زمانی ئینگلیزی خوێندووە. پاشان لە ئەمریکا لەساڵانی 1993بۆ 1997، خوێندنی زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی ئەمریکا لە واشنتۆن دی سی تەواوکردووە، دواتر ماستەری خوێندووە لەسەر ئاشتی و چارەسەری ناکۆکییەکان.

ژیانی سیاسی

لەتەمەنی 16 ساڵیدا بۆتە پێشمەرگە لە شۆڕشی گوڵان و لە شەڕی خواکورک بەشداربووە لەبەرامبەر ڕژێمی بەعس. دواتر بۆ خوێندن چووەتە ئێران، بەریتانیا و ئەمریکا تا لەساڵی 1988، گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و لەکۆنگرەی 12ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بەئەندامی ناوەندی ھەڵبژێردراوە و دواتر لەناو حزبەکە چەند پلەیەکی دیکەی پێدرا وەک ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ھەروەھا کرا بە بەڕێوبەری دەزگای پاراستن لە کۆنگرەی 13ـی پارتی لەساڵی 2010، وەک ئەندامی سەرکردایەتی حیزبەکە پاڵێورا بەڵام وەک ئەندامی مەکتەبی سیاسیی دیاریکرا. لەساڵی 2012 لەلایەن مەسعوود بارزانی سەرۆکی ئەو کاتەی ھەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی وەک ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش لە ھەرێمی کوردستان دیاری کرد. لە 10ـی تەمووزی 2019، وەک سەرۆکوەزیرانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستبەکاربوو و تا ئێستاش لەو پلەدایە.

پۆست و بەرپرسیاریەتى

- لە کۆنگرەی 12ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سەرکردایەتی ئەو حیزبە ھەڵبژێردراوە و دواتر بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی ھەڵبژێردرا.
- ساڵی 1998 بووەتە بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی پاراستنی کوردستان.
- لە ساڵی 2010 بە  دەنگی یەکەمی ئەندامانی کۆنگرەی 13ـی پارتی بۆ سەرکردایەتی پارتی ھەڵبژێردرایەوە و بووەوە ئەندامی مەکتەبی سیاسی.
- لە ساڵی 2012 بووەتە ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان.
- ساڵی 2005 دەزگای خێرخوازی بارزانی دامەزراندووە.
- دامەزرێنەر و سەرۆکی بۆردی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمریکی کوردستانە لە دھۆک.
- وەک فەرماندە بەشداربووە لە شەڕی داعش لەسەر ئاستی کوردستان و ناوچەکە، و لە ڕووی بەشداری ڕاستەوخۆ لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە و شەڕی ھەواڵگری.
- پەیوەندییەکی فراوانی ھەیە لەسەر ئاستی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، و ڕۆڵی ھەبووە لە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان.
- لە پڕۆسەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ڕۆڵیکی کارای ھەبووە.
- مەسرور بارزانی خێزاندارە و سێ کوڕ و کچێکی ھەیە.
- زمانەکانی کوردی، ئینگلیزی، فارسی و عەرەبی دەزانێت.

چالاکییەکان

لەساڵی 2005، دەزگای خێرخوازیی بارزانی دادەمەزرێنێت کەڕێخکراوێکی خێرخوازی و قازانج نەویستە. لەساڵی 2013، زانکۆی ئەمریکی لەدھۆک دەکاتەوە و سەرۆکی فەخری زانکۆکەشە.


سەرچاوەکان



3848 بینین