بێ باوەڕان دژایەتی چییان دەکرد؟ (بۆ منداڵان)

له‌لایه‌ن: نھاد جلال - به‌روار: 2019-09-04-20:36:00 - کۆدی بابەت: 54
بێ باوەڕان دژایەتی چییان دەکرد؟ (بۆ منداڵان)

ناوه‌ڕۆك

خوای گەورە

بێباوەڕان لە دژایەتی خوای گەورە هەستان بە قسە وتن بە خوای گەورە و گاڵتەیان دەهات لە خوای گەورە، ئەوان دەیان وت كە خوای گەورە هەیە، بەڵام دەیان وت خوای ئێمە و خوای موسڵمانەكان جیاوازە، ئەوان بتیان دەپەرست و دەیان وت بتەكان نزیكمان دەكەنەوە لە خوای گەورەن بێباوەڕەكان دەیان وت بە موسڵمانەكان ئێوە ڕۆژێك خوای ئێمە بپەرستن با ئێمەش ڕۆژێك خوای ئێوە دەپەرستین.


بۆچی بێباوەڕان وایان دەوت بە موسڵمانان؟

بۆ ئەوەی:
1- موسڵمانەكان دژایەتیان نەمێنێت لەگەڵ بێباوەڕاندا.
2- تا بتوانن موسڵمانەكان وا لێ‌ بكەن خوای گەورە و بتەكانی ئەوان وەك یەك سەیر بكەنن ئەگەریش موسڵمانەكان ڕازی بن بەوە ئەو كات هەڵدەگەڕێنەوە و دەبنەوە بە بێ‌ باوەڕ.


ئەی خوای گەورە چی فەرموو بە موسڵمانان؟

خوای گەورە بە موسڵمانانی فەرموو كە بەوە ڕازی نەبن و پێیان بڵێن ئاینی خۆتان بۆ خۆتان و ئاینی خۆمان بۆ خۆمان و ئێمەش وەك ئێوە ناكەین.


خوای گەورە لە كام سوڕەتی قورئاندا ئەمە دەفەرمووێت؟

خوای گەورە لە سوڕەتی(الكافرون)دا دەفەرمووێت: [قل یا أیها الكافرون...]. 


دژایەتی كردنی پێغەمبەر(د.خ)

بێباوەڕەكان دوای خوای گەورە كەوتنە دژایەتی كردنی پێغەمبەر(د.خ) و گاڵتەیان پێ‌ دەكرد و قسەی ناڕەوایان پێ‌ دەوت، ئەوان پێیان دەوت: درۆزن، شێت، جادووگەر، شاعیر، كاهین...، بەڵام لە هەموو جارێكدا خۆیان دەكەوتنەوە بە درۆ و نەیاندەتوانی بیسەلمێنن، هەروەها ئەوان بە شێوەی جەستەیش ئازاری پێغەمبەر(د.خ)یان دەدا، بۆ ئەمە كاتێك پێغەمبەر(د.خ) نوێژی كرد و چوویە سوجدە، بێباوەڕەكان پیسی وشتریان هێنا و كردیان بەسەر سەری پیرۆزی پێغەمبەر(د.خ)دا و گاڵتەیان پێ‌ دەكرد، تا فاتیمەی كچی پێغەمبەر(د.خ) هات و توڕە بوو و لایبرد و كەوتە گریان، هەروەها لە ڕێگەكەیدا بەرد و دار و دڕك و چاڵیان هەڵدەكەند تا ئازاری پێغەمبەر(د.خ) بدەن و ناچاری بكەن واز بهێنێت و بە گوێی ئەوان بكات. 
پرسیار: حەز دەكەیت تۆ لە خۆشیدا بیت و پێغەمبەر(د.خ) ئازار بدرێت؟

 

دژایەتی كردنی قورئان

هەروەها بێباوەڕان دژایەتی قورئانیان دەكرد و دەیان وت هەمووی درۆیە و قسەی گێلانەیە و هیچی ڕاست نیە، كەچی كاتێك دەیانبیست بێدەنگ دەبوون و هیچیان بۆ نەدەكرا و دەوەستان، ئەوان هەوڵیان دا شتێك بنووسن لە قورئان باشتر بێت یان وەك ئەو بێت كەچی نەیانتوانی.

 

 دژایەتی كردنی موسڵمانان

پاش ئەمانە بێباوەڕان دەهاتن دژایەتی موسڵمانانیشیان دەكرد و ئازاریان دەدان و گاڵتەیان پێ‌ دەكردن، پشت بە خوا دواتر چەند نموونەیەك باس دەكەین و پەند و ئامۆژگاریان پێ‌ وەردەگرین.

 

ئەی بۆچی خوای گەورە فەرمانی كرد كە جەنگ نەكەن؟

چونكە:
1- موسڵمانان ژمارەیان كەم بوو هەروەها تازە دامەزراو بوون و نەدەكرا بەبێ‌ ئەوەی ژمارەیان زۆر بێت و بڵاو ببنەوە جەنگ بكەن، چونكە هێشتا ئەوان چەكیشیان پێ‌ نەبوو، ئیتر چۆن جەنگ بكەن؟
2- بۆ ئەوەی بیسەلمێنن كە موسڵمانان خۆڕاگرن و ئەوان ئاژاوەگێڕ نین، بەڵام هەر دەبێت دواتر تۆڵەی خۆیان بسەننەوە. 


بۆچی خوای گەورە موسڵمانانی ڕزگار نەكرد لەو ئازار و ئەشكەنجەیە؟

خوای گەورە دەیتوانی موسڵمانان ڕزگار بكات، بەڵام لەبەر ئەم هۆكارانە ڕزگاری نەكردن:
1- خوای گەورە ویستی موسڵمانەكان تاقی بكاتەوە تا بزانێت كامیان خۆڕاگرە و كامیان لاوازە و خۆی ناگرێت، ئەوەی خۆڕاگرە و لەسەر ئاینی ئیسلام و گوێڕایەڵی خوا و پێغەمبەر(د.خ) بەردەوامە، ئەو كەسە پاداشتەكەی بەهەشتە و لای خوایە، هەر كەسیش خۆی نەگرێت و هەڵگەڕێتەوە بێتە بێباوەڕ، وەك بێباوەڕان دەچێتە دۆزەخ، واتا خوای گەورە ویستی پاك و پیس و خۆڕاگر و لاواز جیا بكاتەوە.
2- تا موسڵمانان دەروونی خۆیان ڕا بهێنن لەسەر هەموو بارودۆخێكی سەخت و ناخۆش، نەوەك ئەگەر لەسەر خۆشی و كامەرانی بژیت و دواتر تووشی سەختیەك بن خۆیان ڕانەگرن و واز بهێنن یان لە ناو بچن.
3- تا مرۆڤەكان بە گشتی خراپە و دڕندەیی و ستەمەی بێباوەڕانیان بۆ دەربكەوێت، چونكە ئەو بێباوەڕانە هەمیشە ئازاری موسڵمانیان دەدا، كەچی كاتێك موسڵمانەكان سەركەوتن ئازاری بێباوەڕەكانیان نەدەدا و تۆڵەی خۆیان لێ‌ نەسەندنەوە.
4- خوای گەورە موسڵمانانی ڕزگارنەكرد لەو ماوەیەدا، تا پلە و پایەیان بەرز ببێتەوە و خوای گەورە پاداشتی زۆریان بۆ دابنێت، چونكە هەر موسڵمانێك لە دنیا تووشی ئازار و ناڕەحەتی ببێت خوای گەورە لە جیاتی ئەوەدا چاكەی بۆ دەنووسێت و پاداشتی خێری دەداتەوە كە بەهەشتی بەرین و هەمیشەییە. 


ئایا بێباوەڕان سوودیان بینی لە ئازاردانی موسڵماناندا؟

نەخێر، موسڵمانان هەرگیز وازیان نەدەهێنا و ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبوون بۆیە بێباوەڕان لە جیاتی ئەوەی موسڵمانان كەم بكەنەوە كەچی زیادیان دەكرد، هەروەها جیهان بە گشتی كاتێك ئەو كارە توند و تیژانەی عەرەبە بێباوەڕەكانیان بینی لێیان بیزار بوون و پایەی عەرەبە بێباوەڕەكان لە لایان دایەزی، چونكە هەر كەسێك دژایەتی خوا و پێغەمبەر() و ئیسلام بكات هەر دەبێت ڕۆژێك لە ڕۆژان سەری شۆڕ بكات و لە ناو بچێت، ئەگەریش بێباوەڕ ماوەیەك دەسەڵاتی هەبێت، با دڵی خۆی خۆش نەكات چونكە خوای گەورە دەیەوێت تاوانیان زیاتر ببێت و بەشیان نەمێنێت و بیانخاتە دۆزەخەوە.

 

نموونەیەك لە ئازاردانی موسڵمانان

ئەبو بەكری صدیق

ئەبو بەكر هاوەڵی بەڕێزی پێغەمبەر(د.خ) بوو، پێغەمبەر(د.خ) ئەوی زۆر خۆش دەویست و هەمیشە حەزی دەكرد لەگەڵیدا بێت. جارێكیان بێباوەڕان گوێیان لە ئەبو بەكر بوو كە باسی ئیسلامی دەكرد و پێغەمبەریش(د.خ) لە لای ئەبو بەكردا بوو، بێباوەڕەكان بە پەلە كۆبوونەوە و بڕیاریاندا ئازار و ئەشكەنجەی ئەبو بەكر بدەن تا جارێكی تر باسی ئیسلامەتی نەكات، بۆیە بە دار و نەعل و شەق و زللە كەوتنە ئازاردانی ئەو هاوەڵە ئازیزە و دەم و چاویان پڕكرد لە خوێن و ئازارێكی زۆریان دا تا لە هۆشی خۆی چوو، لەو كاتەدا هەندێ‌ كەس كە لە هۆزی (بەنو قەیم) بوون ئەبو بەكریان خستە بەتانیەكەوە و بردیانەوە بۆ ماڵی خۆی و بێزار بوون لەو هەڵوێستە ناشرینە و وتیان ئەگەر ئەبو بەكر بمرێت، دڵنیا بن تۆڵەتان لێ‌ دەسونینەوە، ئەبو بەكر بە هۆشدا هاتەوە و خەڵكەكە هەواڵیان دەپرسی ئەبو بەكر یەكسەر وتی كوا پێغەمبەر(د.خ)؟ چی بەسەر هاتووە؟ حاڵی چۆنە؟ ئەو هاوەڵە ئازیزە بیری لای ئازارەكانی خۆی نەبوو، بەڵكو بیری لای پێغەمبەر(د.خ) بوو هەواڵی ئەوی دەپرسی، پاشان خەڵكەكە چوون و تەنها دایكی مایەوە لە لای، ئەو كات ئەبو بەكر زۆر تكای كرد لە دایكی تا هەواڵی پێغەمبەر(د.خ)ی بۆ وەربگرێت، دایكیشی چوو بۆ لای ژنێكی موسڵمان كە ئەبو بەكریش و پێغەمبەر(د.خ)یشی دەناسی پرسیاری كرد تا بزانێت بارودۆخی پێغەمبەر(د.خ) چۆنە؟ چونكە ئەبو بەكر تەواو لە بیری ئەودایە، بەڵام ژنەكە كە ناوی دایكی جەمیل بوو، وتی من نە ئەبو بەكر دەناسم و نە پێغەمبەر دەناسم، بەڵام ئەگەر حەز دەكەیت دێم بۆ لای كوڕەكەت بزانم چیەتی؟ كاتێك چوو بۆ لای ئەبو بوكر زۆر بێتاقەت بوو و خەریك بوو بگری و وتی یاخوا دەستیان بشكێت بۆچی وایان لێ‌ كردیت؟ ئەویش وتی: دایكی جەمیل ئەی پێغەمبەر(د.خ) بارودۆخی چۆنە؟ دایكی جەمیلیش بە سووكی بە ئەبو بەكری وت: ئاخۆ دایكت لێرەیە ناكرێت بزانێت، ئەبو بەكر پێی وت: خەم مەخۆ، دایكم خراپ نیە و گوێی پێ‌ مەدە، ئەو ژنێكی باشە و شت ناگێڕێتەوە، دایكی جەمیلیش وتی: پێغەمبەر(د.خ) زۆر باش و لەش ساغە و لە ماڵی ئەرقەمە، ئەبو بەكریش وتی: سوێند بە خوا تا پێغەمبەر(د.خ) نەبینم نە نان دەخۆم و نە ئاو دەخۆمەوە، بۆیە چاوەڕوانیان كرد تا بارودۆخەكە هێور بوویەوە ئەو كات دایكی جەمیل و دایكی ئەبو بەكر هەر یەكەیان لایەكی ئەبو بەكریان گرت و بردیان بۆ لای پێغەمبەر(د.خ).
یەكسەر پێغەمبەر(د.خ) باوەشی پیا كرد و ماچی كرد موسڵمانەكانیش باوەشیان پیاكرد، پێغەمبەر(د.خ) سەیری ئەبو بەكری كرد و فەرمووی: ئەبو بەكر، ئەبو بەكریش وتی: بەڵێ‌ ئەی پێغەمبەری خوا بە دایك و باوكەوە بە قوربانت بم، من ئازارێكی وام نیە ئەمە دایكمە و زۆر لەگەڵم چاكە، دوعای بۆ بكە با موسڵمان بێت و پێی بڵێ‌ با موسڵمان بێت، پێغەمبەریش(د.خ) دوعای بۆ كرد و پێی فەرموو با موسڵمان بێت، بەمە دایكی ئەبو بەكریش موسڵمان بوو و ژمارەی موسڵمانەكان زیادی كرد. 

بۆچی ئەبو بەكر داوای كرد لە پێغەمبەر(د.خ) تا دوعای چاكە بكات بۆ دایكی؟
چونكە دایكی ئەبو بەكر زۆر چاك بوو لەگەڵ ئەبو بەكردا و خزمەتی دەكرد ئەبو بەكریش ئەوی خۆش دەویست، بۆیە حەزی نەكرد بچێتە دۆزەخەوە.

 

پەند و ئامۆژگاری

1- دەبێت ئێمە لە هەموو كاتێكدا هەوڵ بدەین باسی ئیسلام بكەین و نەترسین لە بێباوەڕان.
2- دەبێت ئێمە پێغەمبەر(د.خ)ممان لە خۆمان خۆشتر بوێت و حەز بكەین هەمیشە پێغەمبەر(د.خ) ببینین، ئەویش بەوەی دوعا بكەین خوای گەورە لە دنیادا بە خەوی خۆش نیشانمان بدات و ئێمەیش بە گوێی فەرموودەكانی بكەین، لە ڕۆژی دواییشدا بچینە خزمەتی پێغەمبەری ئازیزمان(د.خ) و لە لایدا دابنیشین و قسەی لەگەڵدا بكەین.
3- دەبێت ئەو شتانەی زۆر گرنگن لای هەموو كەس باسیان نەكەین و ئەو شتانەی نهێنین، وەك دەبینین دایكی جەمیل بە دایكی ئەبو بەكری نەوت كە پێغەمبەر(د.خ) لە كوێیە و چی دەكات، بەڵكو خۆی بێ‌ ئاگا كرد تا شوێنەكە دەرنەكەوێت.
4- دەبێت ئیشەكانمان لە كاتی خۆیاندا بكەین، نەوەك هەر لە خۆوە چیمان ویست یەكسەر دەست پێ‌ بكەین، سەیركەن ئەبو بەكر نەچوو بۆ لای پێغەمبەر(د.خ) تا خەڵكەكە چوون و بارودۆخەكە ئاسایی بوویەوە و كەمێك لەش ساغ بوویەوە و ئەو كات چوو.

 

بێیاوەڕان دەیانەوێت پێغەمبەر (د.خ) پەشیمان بكەنەوە

هەموو جارێك بێباوەڕان كۆدەبوونەوە و پێكەوە قسەیان دەكرد تا بزانن چی بكەن كە بتوانن پێغەمبەر (د.خ) پاشگەز بكەنەوە و وازی پێ‌ بهێنن، ئەمجارەیان پلانێكی تازەیان دانا و چوون بۆ لای ئەبو تالیبی مامی پێغەمبەر (د.خ) و داوایان كرد تا ئەبو تالیب تكا بكات لە پێغەمبەر (د.خ) تا واز بهێنێت ئەوان وتیان چەندە پارە و ماڵ و سامانی دەوێت دەیدەینێ‌، چەندە ژن و كچی دەوێت پێی دەدەین، دەیكەین بە گەورەی خۆمان بەڵام با واز بهێنێت لەم كارەی. 

 

بۆچی بێباوەڕان چوون بۆ لای ئەبو تالیبی مامی پێغەمبەر (د.خ)؟

بێباوەڕان نەچوون بۆ لای مام و خزمەكانی تری پێغەمبەر(د.خ) ئەوان چوون بۆ لای ئەبو تالیب، چونكە دەیانزانی پێغەمبەر(د.خ) ئەبو تالیبی خۆش دەوێت و گوێی بۆ دەگرێت، چونكە پێغەمبەر(د.خ) هەر لە منداڵیەوە هەر لە لای ئەبو تالیب بووە، كاتێك پێغەمبەر(د.خ) هاتەوە بۆ ماڵەوە، ئەبو تالیب پێی وت پێغەمبەر گیان برازای شیرینم، گەورەكانی قورەیش و مەككە هاتوون بۆ لام و داوام لێ‌ دەكەن بە تۆ بڵێم واز بهێنیت لەم كارەت و چی شتێكت دەوێت ئەوان پێت دەدەن.
پێغەمبەریش(د.خ) فەرمووی: مامە گیان سوێند بە خوا ئەگەر خۆر و مانگ بخەنە دەستی ڕاست و چەپم، من واز ناهێنم لەم كارە و بانگەواز دەكەم بۆ ئیسلام، یان دەبێت لەم ڕێگەیەدا شەهید ببم یان دەبێت سەربكەوم و دینی خوا سەربخەم، ئەبو تالیبیش وتی: دەی باشە كوڕم بەردەوام بە منیش پشتگیریت دەكەم. 


پەند و ئامۆژگاری

1- بێباوەڕان هەرگیز واز لە موسڵمانان ناهێنن و هەر جارە و پلان و تەڵەكەیەك دەنێنەوە بۆ موسڵمان تا لە خشتەی بەرن و بیبەن بەرەو گومڕایی بە تایبەت ئەوان زۆر گرنگی دەدەن بە پارە و یە ژن و بە كچ، چونكە مرۆڤ زوو بە پارە هەڵدەخەڵەتێت، كوڕ و كچیش زوو بە یەكتر هەڵدەخەڵەتێن و تووشی تاوان دەبن.
2- نابێت لەبەردەم خزم و كەس و كارماندا ڕووگیر بین و واز بهێنین، بۆ نموونە ئەگەر مام یان خاڵێكمان وتی نوێژ مەكە و بۆ خۆت دانیشە، نابێت بە گوێی بكەین، بەڵام دەبێت بە ڕێزەوە وەڵامی بدەینەوە و تووڕە نەبین.


سەرچاوەکان

628 بینین