ساڵی غەمباری پێغەمبەر (بۆ منداڵان)

له‌لایه‌ن: - نھاد جلال - به‌روار: 2019-09-05-13:09:00 - کۆدی بابەت: 51
ساڵی غەمباری پێغەمبەر (بۆ منداڵان)

ناوه‌ڕۆك

غەمباری پێغەمبەر (د.خ)

لەو ماوەیەدا کە موسوڵمانان تازە ڕزگاریان بوو بوو لە ئابلوقەدان و هەندێکیان چوو بوون بۆ حەبەشە و خۆشییان بوو، پێغەمبەر(د.خ) توشی دەردەسەری یەک هات کە دڵی پیرۆزی غەمبار کرد و جارێکی تر پێغەمبەر گیانمان بێ ناز کەوت لەو ماوەیەدا دوو کەسی نزیک و خۆشەویستی پێغەمبەر(د.خ) مردن کە هەردووکیان زۆر پاڵپشتی پێغەمبەر(د.خ) یان دەکرد و یارمەتییان دەدا لە کارەکەیدا. ئەو دوو کەسەش ئەبو تالیبی مامی پێغەمبەر(د.خ) و خەدیجەی ژنی پێغەمبەر(د.خ) بوون کاتێ ئەو دووانە مردن پێغەمبەر(د.خ) تەواو بێ تاقەت بوو و خەفەتی پێ دەخوارد چونکە ئەو دووانە هەمیشە لە دەوری پێغەمبەر بوون و دڵنەواییان دەدایەوە.

ئەبو تالیب چۆن مرد؟ ئایا ئەبو تالیب باوەڕی هێنا؟

ئەبو تالیب تەمەنی زۆر بوو بوو پیر بوو. جا کاتێ کەوتە سەرە مەرگەوە خەریک بوو بمرێ. خزم و کەس و هاوڕێکانی لە دەوری کۆبوونەوە. پێغەمبەر(د.خ) زۆر دەیوت:- مامە گیان تەنها بڵێ (لا إلە إلا الله) با لە ڕۆژی دواییدا شایەتیت بۆ بدەم بەڵام ئەبو تالیب دەبوت:- ڕۆڵە گیان ئەگەر لەبەر قسە و بۆڵە بۆڵی قوڕەیش نەبوایە هەر دەموت لەو کاتەدا بێ باوەڕان لە دەوروپشتیدا بوون و زوو زوو پێیان دەوت هەڵنەخەڵتێ ی بە قسەکانی محمەد و واز نەهێنی لە ئایینی باو و باپیرانت. بۆیە ئەبو تالیب تا مرد باوەڕی نەهێنا و بە بێ باوەڕی مرد و پێغەمبەر(د.خ) زۆر خەفەتی بۆ خوارد.  پێغەمبەر(د.خ) داوای کرد لە خوا تا لە ئەبو تالیب خۆش بێت بەڵام خوای گەورە بە پێغەمبەر(د.خ) ی فەرموو: کە لێی خۆش نابێت بەڵام سوکترین سزای دەدات لە ڕۆژی دواییدا. 

سوکترین سزا چیە لە ڕۆژی دواییدا؟

پێغەمبەر(د.خ) دەفەرمووێت سوکترین سزای ڕۆژی دوایی ئەوەیە کە جووتێ نەعل دەکەیتە پێت و سەرت لە گەرمیدا دەکوڵێت واتە ئەبو تالیب هەرچەندە چاک بوو لەبەر ئەوەی کە باوەڕی نەهێنا بە ئایینی ئیسلام و نوێژی نەدەکرد و ڕۆژووی نەدەگرت، دەبێ بەو جۆرە سزا بدرێت. 

ئەی خەدیجەی خێزانی پێغەمبەر(د.خ) چۆن کۆچی دوایی کرد؟

خەدیجە خوای لێ‌ ڕازی بێت لە دوای مردنی ئەبو تالیبی مامی پێغەمبەر(د.خ) ئەویش مرد و پێغەمبەر(د.خ) بە تەنها مایەوە، تەنها خوای هەبوو کە پاڵپشت و داڵدەی بێت و لە تەنگانە و سەختیدا دڵنەوایی بدات. 

پەند و ئامۆژگاری

1- ئێمەی موسڵمان دەبێت چاوەڕێ‌ بین دوچاری ناڕەحەتی و سەختی ژیان ببین و کەس و کار و خزم و نزیکەکانیشمان بمرن، دەبێت ئێمە لەو کاتەدا سوپاسی خوای گەورە بکەین، چونکە هەموومان دەگەڕێینەوە بۆ لای خوای گەورە و دەبێت بمرین، پێغەمبەر(د.خ)یش دایک و باوک و باپیرە و مام و ژن و کوڕەکانی مردن، کەچی خۆڕاگر بوو و سوپاسی خوای گەورەی دەکرد و وازی نەدەهێنا لە ئاینی ئیسلام.
2- هاوڕێی خراپ دەبێتە مایەی زیان و بەدبەختی دنیا و دواڕۆژ، هاوڕێی خراپ مرۆڤ فێری تاوان و هەڵە و خراپە دەکات، ئەو لە سەرەتاوە وەک کەسێکی چاک خۆی نیشان دەدات کەچی دوایی هاوڕێکەشی فێری خراپە دەکات، ئەبو تالیب چاکەی زۆری دەکرد، بەڵام هاوڕێ‌ خراپەکانی هەموو جارێک پەشیمانیان دەکردەوە و نەیان دەهێشت موسڵمان ببێت، تەنانەت لەکاتی سەرەمەرگیشدا وازیان لێ‌ نەدەهێنا و تەنانەت نەیان دەهێشت بڵێت (لا إلە إلا الله).
3- هەر کەس چاکەمان لەگەڵدا بکات دەبێت لەبیرمان نەچێت، هەر کەسیش ئێمەی خۆش ویست و لەگەڵمان باش بوو، ئێمەش دەبێت خۆشمان بووێت و لەگەڵیدا چاک بین، وەک چۆن ئەبو تالیب لەگەڵ پێغەمبەر(د.خ)دا چاک بوو، پێغەمبەریش ئەوی خۆش دەویست و حەزی دەکرد موسڵمان بێت تا بچێتە بەهەشت.
4- دەبێت ئێمە خۆمان بپارێزین لە سزای سەختی دۆزەخ، چونکە سزای دۆزەخ زۆر سەختە و ئەگەر بچینە دۆزەخەوە خۆشی و کامەرانی نابینین و هەمیشە ئازار و ناڕەحەتی دەچێژین وەک دەبینین سووکترین سزای دۆزەخ ئەگەر ئەوەندە سەخت و ناڕەحەت بێت، دەبێت سزای سەختی دۆزەخ چۆن بێت، بۆیە با هەموو جارێک نزای خێر بکەین و لە خوای گەورە بپاڕێینەوە بمانپارێزێت لە دۆزەخ و بمانخاتە بەهەشتی بەرینەوە.


سەرچاوەکان



1555 بینین