خوێن

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2021-04-19-11:00:00 - کۆدی بابەت: 10
خوێن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خوێن (بە ئینگلیزی: Blood، بە عەرەبی: الدم) مرۆڤ ناتوانێت بەبێ خوێن بژی. بەبێ خوێن ئەندامەکانی لەش ناتوانن ئەو ئۆکسجین و خۆراکانە وەربگرن کە پێویستن بۆ مانەوەیان، هەروەها جەستە ناتوانێت گەرم یان سارد بمێنیتەوە، یان بەرەنگاری هەوکردن ببێتەوە، یانیش خۆمان لە پاشماوەکانمان ڕزگار بکەین. تەنانەت بەبێ خوێنی پێویست، لاواز دەبین و دەمرین.

خوێن چییە و چی دەکات؟

خوێن شلە پێکهاتەیەکی لەشە و هەڵگر و گوێزەرەوەی کۆمەڵێک خانە و ماددەی گرنگی جەستەیە. خوێن ئۆکسجین و خۆراک دەهێنێت بۆ هەموو بەشەکانی لەش بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوام بن لە کارکردن. خوێن دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و ماددەی پاشماوەی دیکە دەگوازێتەوە بۆ سییەکان و گورچیلەکان و کۆئەندامی هەرسکردن بۆ لابردنی لە لەش. هەروەها خوێن شەڕی هەوکردن دەکات و هۆرمۆنەکان بە دەوری جەستەدا دەگوازێتەوە.

خوێن لە خانەکانی خوێن و پلازما پێکهاتووە. پلازما شلەیەکی زەرد باوە کە خۆراک و پڕۆتین و هۆرمۆن و بەرهەمی پاشەڕۆی تێدایە. خانە جیاوازەکانی خوێن کار و فرمانی جیاوازیان هەیە.

فرمانەکانی خوێن

  • گواستنەوەی ئۆکسجین و خۆراک بۆ سییەکان و شانەکان.
  • دروستکردنی قەتماغە بۆ ڕێگریکردن لە لەدەستدانی خوێن.
  • هەڵگرتنی خانەکان و دژەتەنەکان کە توانای بەرنگاربوونەوە و شەڕی هەوکردنیان هەیە.
  • هێنانی بەرهەمی پاشماوە بۆ گورچیلە و جگەر بۆ ئەوەی خوێنی لێ پاک بکەنەوە.
  • ڕێکخستنی پلەی گەرمی لەش.

پێکهاتەکانی خوێن

خوێن لە دوو پێکهاتەی سەرەکی پێکهاتووە شلە و خانەکانی خوێن. لە ناو بەشە شلەکەی خوێن کە پێیدەوترێت پلازما کۆمەڵێک پڕۆتین و دژەتەن و ماددەی تری گرنک هەن. پێکهاتەکانی ناو خوێن و ڕێژەکانیان بە شێوەیەکی گشتی بەم جۆرەیە:

  • پلازما ٪٥٥ ی خوێن پێکدەهێنێت کە ئەویش بریتییە لە:
  • ئاو ٪٥٥ی خوێن
  • پڕۆتینەکان ٪٤ی خوێن
  • ماددە خۆراکییەکان، چەوری، گازەکان، ئەلکترۆلایتەکان و پاشماوەکان ٪١ ی خوێن 
  • خانەکانی خوێن ٪٤٥ ی خوێن پێکدەهێنێت کە ئەوانیش بریتین لە:
  • خڕۆکە سوورەکان نزیکەی ٪٤٥ی خوێن
  • خڕۆکە سپییەکان کەمتر لە ٪١ی خوێن
  • پەڕەکانی خوێن کەمتر لە ٪١ی خوێن

پلازما

پلازما پێکهاتە شلەکەی خوێنە دوای لابردنی هەموو خانەکانی خوێن. سێرەمیش پلازمایە دوای ئەوەی هۆکارەکانی مەیینی خوێنی لێ لابران. پلازما لە سەدا ٥٥ی قەبارەی خوێن پێکدەهێنێت. هەروەها پلازما لە سەدا ٩٠ی ئاو پێکهاتووە لەگەڵ دژەتەنەکان و هۆکارەکانی خوێن مەیین و ماددەکانی تر وەک ئەلیکترۆلیت و چەوری و پڕۆتینی پێویست بۆ پاراستنی لەش.

جۆرەکانی خانەکانی خوێن

خڕۆکە سوورەکانی خوێن: شێوەیان وەک دیسکێکی دوولا قوپاوە. خڕۆکە سوورەکانی خوێن هیمۆگلۆبینی تێدایە، پڕۆتینێکە کە ئۆکسجین هەڵدەگرێت و دەیگوازێتەوە. خوێن ڕەنگی سووری گەش وەردەگرێت کاتێک هیمۆگلۆبین ئۆکسجین لە سییەکانەوە هەڵدەگرێت. کاتێک خوێن بەناو جەستەدا دەڕوات، هیمۆگلۆبین ئۆکسجین بۆ بەشە جیاوازەکانی لەش دەنێرێت.

هەر یەکێک لە خانەکانی خڕۆکە سوورەکان بۆ ماوەی نزیکی چوار مانگ یان ١٢٠ ڕۆژ دەژین. هەموو ڕۆژێک جەستەی خڕۆکە سووری نوێ دروست دەکات بۆ جێگرەوەی ئەو خڕۆکە سوورانەی کە لە جەستەدا ون دەبن. خڕۆکە سوورەکانی خوێن لە بەشی ناوەوەی ئێسکەکان دروست دەکرێن کە پێی دەوترێت مۆخی ئێسک.

خڕۆکە سپییەکانی خوێن: بەشێکی سەرەکی کۆئەندامی بەرگرین. کۆئەندامی بەرگری جەستە یارمەتی جەستە دەدات بەرگری لە خۆی بکات لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەوکردندا. جۆرە جیاوازەکانی خڕۆکە سپییەکانی خوێن شەڕ لەگەڵ میکرۆبەکان دەکەن، وەک بەکتریا و ڤایرۆسەکان.

هەندێک لە جۆرەکانی خڕۆکە سپییەکانی خوێن دژەتەن دروست دەکەن، کە پڕۆتینی تایبەتن و ماددە بیانییەکان دەناسنەوە و یارمەتی لەش دەدەن لە ڕزگاربوون لێیان. چەندین جۆری خڕۆکە سپییەکانی خوێن هەن و ماوەی ژیانیان لە کاتژمێرێکەوە بۆ ساڵانێک دەگۆڕێت. خانەی نوێ بە بەردەوامی دروست دەبێت، هەندێکیان لە مۆخی ئێسک و هەندێکیش لە بەشەکانی تری لەش وەک سپڵ و لیمفە گرێکان.

خوێن خڕۆکە سپییەکانی کەمتر تێدایە لە چاو خڕۆکە سوورەکانی خوێن، هەرچەندە جەستە دەتوانێت بەرهەمهێنانی خڕۆکە سپییەکانی خوێن زیاد بکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەوکردن. ژمارەی خڕۆکە سپییەکانی خوێن (ژمارەی خانەکان لە بڕێکی دیاریکراوی خوێن) لە کەسێکدا کە نەخۆشییەکی هەیە زۆرجار بەرزترە لە ئاسایی چونکە خڕۆکە سپییەکانی خوێنی زیاتر دروست دەکرێت یان بڕێکی زیاتر دەچنە ناو خوێنەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەوکردن.

پەڕەکانی خوێن: خانە بچووکەکانی شێوە هێلکەیین کە یارمەتی پرۆسەی خوێنمەیین دەدەن. کاتێک لوولەیەکی خوێن دەشکێت، پەڕەکانی خوێن لە ناوچەکە کۆدەبنەوە و یارمەتی داخستنی دزەکردن دەدەن. پەڕەکانی خوێن کاردەکەن لەگەڵ پڕۆتینەکان کە پێیان دەوترێت هۆکارەکانی خوێنمەیین بۆ کۆنترۆڵکردنی خوێنبەربوون لەناو لەشمان و لەسەر پێستمان.

پەڕەکانی خوێن تەنها نزیکەی نۆ ڕۆژ لە خوێندا دەمێننەوە و بە بەردەوامی دەگۆڕدرێن بە پەڕەی خوێن نوێ کە لەلایەن مۆخی ئێسکەوە دروست دەکرێت.

خوێن لە جەستەدا چۆن دەڕوات؟

لەگەڵ هەر لێدانێکی دڵ، دڵ پاڵ بەخوێنەوە دەنێت و بەمەۺ خوێن بۆ هەموو لەشمان دەگوازێتەوە لەگەڵیشیدا ئۆکسجین دەنێرێت بۆ هەر خانەیەک. دوای گەیاندنی ئۆکسجین، خوێن دەگەڕێتەوە بۆ دڵ. دواتر دڵ خوێنەکە دەنێرێت بۆ سییەکان بۆ وەرگرتنی ئۆکسجینی زیاتر و دەرکردنی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن. ئەم سووڕە دووبارە و دووبارە دەبێتەوە.

کۆئەندمی سووڕی خوێن یان کۆئەندامی سوڕان کە پێشی دەوترێت دڵە لوولە کۆئەندام لە لوولەکانی خوێن پێکهاتووە خوێن لە دڵەوە بەرەو جەستە و دواتریش لە جەستەوە بەرەو دڵ دەگوازێتەوە. دوو جۆر لە لوولەکانی خوێن هەن کە خوێن لە هەموو لەشماندا دەگوازنەوە:

  • خوێنبەرەکان: خوێنی تێر ئۆکسجین دەگوازنەوە (ئەو خوێنەی کە ئۆکسجینی لە سییەکانەوە وەرگرتووە) لە دڵەوە بۆ بەشەکانی تری لەش.
  • خوێنهێنەرەکان: دواتر خوێن لە ڕێگەی خوێنهێنەرەکانەوە دەگەڕێتەوە بۆ دڵ و سییەکان، بۆ ئەوەی بتوانێت ئۆکسجینی زیاتر بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە دووبارە بۆ لەش لە ڕێگەی خوێنبەرەکانەوە.

کاتێک دڵ لێدەدات، دەتوانیت هەست بەوە بکەیت کە خوێن بەناو جەستەدا دەڕوات لە خاڵەکانی هەستکردن بە لێدانی دڵ (لە ئەنجامی گرژبوونی سکۆڵەکانەوە) وەک مل و مەچەک کە خوێنبەرە گەورەکانی پڕ لە خوێن لە ڕووی پێستەوە نزیک دەبێتەوە.

خانەکانی خوێن لە کوێوە هاتوون؟

خانەکانی خوێن لە خانە بنەڕەتییەکانی هیماتۆپۆیتیک گەشە دەکەن و لە مۆخی ئێسکدا دروست دەبن لە ڕێگەی پرۆسەیەکی زۆر ڕێکخراو لە هیماتۆپۆییس (پرۆسەی دروستبوونی خانەکانی خوێن). خانە بنەڕەتییەکانی هێماتۆپۆیتیک توانای گۆڕینیان هەیە بۆ خڕۆکە سوورەکان، خڕۆکە سپییەکانی خوێن و پەڕەکانی خوێن. ئەم خانە بنەڕەتییانە دەتوانرێت بدۆزرێنەوە کە لە خوێن و مۆخی ئێسکدا دەسوڕێنەوە لە خەڵکی هەموو تەمەنەکان، هەروەها لە ناوکە پەتکی منداڵی تازە لەدایکبوو. لە هەر سێ سەرچاوەکەوە دەتوانرێت بەکاربهێنرێن بۆ چارەسەرکردنی جۆرەها نەخۆشی، لەوانە نەخۆشی لوکیمیا (شیرپەنجەی خڕۆکە سپییەکانی خوێن)، لیمفۆما (گرێی لیمفە خانەکان)، شکستی مۆخی ئێسک و چەندین نەخۆشی بەرگری. 

چی دەبێت ئەگەر کەسێک ژمارەی خانەی خوێنی کەمی هەبێت؟

هەندێک جار دەتوانرێت دەرمان بدرێت بە کەسێک بۆ دروستکردنی خانەی خوێنی زیاتر. هەندێک جار خانەکانی خوێن و هەندێک لە پڕۆتینە تایبەتەکانی خوێن دەتوانرێت بگۆڕدرێن بە بەخشینی خوێنی کەسێک بۆ کەسێکی تر. ئەمە پێی دەوترێت کرداری خوێن گواستنەوە.

خەڵک دەتوانن ئەو بەشەی خوێن کە پێویستیان پێیەتی بیگوازنەوە، وەک پەڕەکانی خوێن، خڕۆکە سوورەکانی خوێن، یان هۆکارەکانی خوێنمەیین. کاتێک کەسێک خوێن ببەخشێت، تەواوی خوێنەکە دەتوانرێت جیابکرێتەوە بۆ هەر یەک لە پێکهاتەکانی و دواتر بە گوێرەی پێویستی بەکاربهێنرێت.


سەرچاوەکان



10971 بینین