وەڵامدانەوە بەرگرییەکان

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2020-09-10-00:28:00 - کۆدی بابەت: 459
وەڵامدانەوە بەرگرییەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

وەڵامدانەوەی بەرگری، ئەو چالاكیەیە كە بەرگرییە كۆئەندام پێی ڕادەبێت، بۆ گەمارۆدان و تێكشكاندنی هۆكارەكانی نەخۆشی، لە هەمان كاتدا وەڵامدانەوە بەرگرییەكانی خانەیی و وەڵامدانەوە بەرگرییەكانی دەردانی دەگرێـتەوە كە هەردوكیان پێویستیان بە هەبوونی لیمفەخانە هەیە پێی دەڵێن خانەی T یاریدەدەر. هەنگاوەكانی 1 و 2 و 3 لەوێنەكەدا نیشانی دەدات كە چۆن وەڵامدانەوەی بەرگرییە پەیدا دەبن، لە هەنگاوی یەكەم هەڵلوشێنەری گەورە گەمارۆی هۆكاری نەخۆشی دەدات. پاشان پارچەیەكی لەسەر ڕووی پەردەی خانەكەی بەرز دەبێـتەوە. كاتێك هەڵلوشێنەری گەورە بە خانەی T یاریدەدەر دەبەسترێت كە وەرگری تەواوكەری هەیە بۆ دژەپەیداكەرەكانی سەری هەڵلوشێنەری گەورە سایتۆكینێك دەردەدات پێی دەڵێن ئینتەرلۆكین-1 . سایتۆكینەكان پڕۆتینن، دەتوانن كاربكەنە سەر ڕەفتاری بەرگرییە خانەكانی دیكە. دەردانی ئینتەرلۆكین 1 لەلایەن هەڵلوشێنەری گەورە زۆر لە خانەكانی T یاریدەدەر چالاك دەكات كە ئەوانیش سایتۆكینی دووەم دەردەدەن كە ئەنتەرلۆكینی 2ە.

وەڵامدانەوەی بەرگرییەكانی خانەیی

زیاتر لە یەك خانەی T هەن، بۆ بەدیهێنانی وەڵامدانەوەی بەرگرییەكانی خانەیی. ئینتەرلۆكین 2 خانەكانی T ژەهراوی چالاك دەكات، خانە تووشبووەكان بە نەخۆشی دەناسنەوە و تێكیان دەشكێنن، دەكرێت خانەی تووشبوو بناسێتەوە، چونكە ڕووەكانی ئاسایی هەندێك لە دژەپەیداكەرەكانی هۆكاری نەخۆشیان هەڵگرتووە، لە خانەی T ژەهراوی وەرگری تەواوكاری دژەپەیداكەر هەیە. خانەی T ژەهراوی، دەنوسێت بە خانە تووشبووەكە، لەڕێگەی بەسترانی وەرگرەكانی بە دژەپەیداكەری دەرپەڕیو لە خانە تووشبووەكە، پەردەی خانەكەی كون دەكات و دەیكوژێت. هەروەها خانەی T ژەهراوی دەتوانێت خانە شێرپەنجەییەكان بكوژێت، و پەلاماری مشەخۆرەكان و شانە نامۆكان بدات.

جۆرێكی دیكە لە خانەكانی T هەیە ناسراوە بەناوی خانەكانی T سەركوتكەر ئەویش ڕۆڵی هەیە لە وەڵامدانەوە بەرگرییەكانی خانەیی. باوەڕ وایە كە بەشداری بكات لە قەدەغەكردنی وەڵامدانەوە بەرگرییەكان پاش ڕزگاربوون لە هۆكاری نەخۆشی و لابردنی لە لەشدا. هەردوو هەنگاوی 4 و 5 لە وێنەكەدا وەڵامدانەوە بەرگرییەكانی خانەیی ڕوون دەكەنەوە.

وەڵامدانەوە بەرگرییەكانی دەردانی

هاوكات لەگەڵ ڕوودانی وەڵامدانەوە بەرگرییەكانی خانەیی، ئەو وەڵامدانەوە بەرگرییەكانی دەردانیش ڕوو دەدەن، كە خانەكانیB پێی هەڵدەستن. وەڵامدانەوەی بەرگرییەكانی دەردانی دەست پێدەكات، هەروەكو وەڵامدانەوە بەرگرییەكانی خانەیی، كاتێك هەڵلوشێنەری گەورە هۆكارەكانی نەخۆشی قووت دەدات، خانەكانی T یاریدەدەر چالاك دەبن و ئینتەرلۆكینی 2 دەردەدەن، ئینتەرلۆكین2 خانەكانی B چالاك دەكات ، كە لەسەر ڕووەكانیان وەرگرە تەواوكەرەكانی دژەپەیداكەر هەڵدەگرن ، وایان لێدەكەن زۆر ببن و بگۆڕێن بۆ پلازمە خانەكان، ئەمانەش خانەی تایبەتمەندن بەرگرییە پڕۆتینەكان دروست دەكەن پێیان دەڵێن دژەتەنەكان، كە بۆ خوێن دەریان دەدەن، دژەتەنەكان گەردەكانیان لە شێوەی پیتی Yدان هەر دوو باڵی پیتی Y وەكو یەكن، لە كۆتایی هەر باڵێك وەرگرێك هەیە، كە لەوانەیە دژەپەیداكەرێكی دیاریكراوی پێوە ببەسترێت. پلازمە خانەكان دەتوانن نزیكەی 30000 گەردی دژەتەن لە یەك چركەدا پەیدا بكەن .

دژەتەنەكان دەبەسترێن بە هۆكارەكانی نەخۆشی و ژەهرەكان، بەمەش چالاكیان دەوەستێنن و تێكیان دەشكێنن بە ڕێگەی ناڕاستەوخۆ بە هۆی بەرگرییە گشتییەكان . هەر بۆ نموونەش دژە تەنەكان دەبەسترێن بە پڕۆتینەكانی ڕووی ڤایرۆسێكی دیاریكراو، بەمەش قەدەغەی چوونە ژوورەوەی بۆ ناو خانە و قەدەغەی زۆربوونی دەكەن، هەوەها دژە تەنەكان دەبنە هۆی تۆپەڵ بوونی هۆكارەكانی نەخۆشی، ئەمەش یارمەتی هەڵلوشێنەرە گەورەكان دەدات كە قوتیان بدەن، هەروەها بەستنەوەی دژە پەیداكەر بە دژە تەن ڕژێمی تەواوكاریش چالاك دەكات، بۆیە پڕۆتینە تەواوكارەكان پەردەی خانەكانی هۆكاری نەخۆشی كون دەكەن و وایان لێدەكەن بتەقن. وەڵامدانەوە بەرگرییەكانی دەردانی دەردەكەوێت لە هەنگاوەكانی 8 و 9 لە وێنەكەدا.

وەڵامدانەوە بەرگرییەكانی سەرەتایی و دووەمی

وەڵامدانەوە بەرگرییەكان دەوەستن ئەوكاتەی لەش زاڵدەبێت بەسەر تووشبوونەكە لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك لە خانەكانی بیرخەرەوە هەر لە لەشدا دەمێننەوە. بیرخەرەوە خانەكان لیمفەخانەن، ئەگەر بۆیەكەمجار ڕووبەڕووی دژەپەیداكەر یان خانەیەكی دژەپەیداكەر بوونەوە وەڵامیان نادەنەوە بەڵام دەیان ناسنەوە و پەلاماریان دەدەن لەكاتی ڕوودانی تووشبووەنەكانی دادێت.

خانەكانی بیرخەرەوە پاراستن بۆ لەش دابین دەكەن، لە دووبارە تووشبوونەوە بە هەمان هۆكاری نەخۆشی بۆ كاتێكی درێژخایەن ئەو كاتەی تووشی هەمان هۆكاری نەخۆشسی دەبنەوە بۆ جاری دووەم یەكسەر دەیان ناسنەوە و دەستدەكەن بەخێرا دابەشبوون، كە دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی بڕی دژەتەنەكان و ڕزگاربوون لە هۆكاری نەخۆشیەكە بە خێرایی، نیشانەكانی دووبارە دەرناكەونەوە. ئەو كاتەی لەش بۆ یەكەم جار ڕووبەڕووی دژەپەیداكەرێك دەبێتەوە، بەم وەڵامدانەوەیە دەڵێن وەڵامدانەوەی بەرگرییە سەرەتاییەكان. بەڵام وەڵامدانەوەی بیرخەرەوە خانەكان بۆ توشبوونی دادێـ بە هەمان هۆكاری نەخۆشی دەڵێن وەڵامدانەوەی بەرگرییە دووەمییەكان. وەڵامدانەوە بەرگرییە دووەمییەكان خێراتر و زۆر بەهێزترن كە ژمارەیەكی زۆرتر لە دژە تەنەكان پەیدا دەكەن. بیرت بێتەوە كە بیرخەرەوە خانەكان تەنها لەش دەپارێزن لەو هۆكارانەی نەخۆشی كە لەوەو پێش ڕووبەڕوویان بوونەتەوە، بەڵام هەڵامەت و ئەنفلەوەنزا ئەمەیان بەسەردا ناچەسپێت چونكە ڤایرۆسی هەردووكیان دووچاری بازدان دەبن، بەڕێژەی زۆر، بۆیە هەمیشە دژەپەیداكەری نوێ هەڵدەگرن.


سەرچاوەکان



2214 بینین