دڵەراوکێی جیابوونەوە

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2024-02-19-22:14:00 - کۆدی بابەت: 11995
دڵەراوکێی جیابوونەوە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دڵەڕاوکێی جیابوونەوە (بە عەرەبی: قلق الانفصال، بە ئینگلیزی: separation anxiety disorder)، دڵەڕاوکێی جیابوونەوە ترسی جێهێشتن یان دوورکەوتنەوە دەگرێتەوە لە کەسانی نزیک، خێزان، بەخێوکەر یان هاوڕێ.

نیشانەکانی دڵەڕاوکێی جیابوونەوە

دڵەڕاوکێی جیابوونەوە دەستنیشان دەکرێت کاتێک نیشانەکان زیاد لە پێویست دەبن لە قۆناغی منداڵیدا دەبنە هۆی ئاستەنگییەکی زۆرلە کاتی کارکردنی ڕۆژانەدا، نیشانەکان  بریتین لە:

  • دووبارەبوونەوە و دڵەڕاوکێی زیاد لە پێویست دەربارەی دوورکەوتنەوەی کەسانی نزیک یان ئەو کەسانەی کە خۆشیدەوێن لە ماڵەوە.
  • نیگەرانییەکی بەردەوام دەربارەی لەدەستدانی دایک و باوک یان کەسێکی خۆشەویست بەهۆی نەخۆشی یان کارەساتەوە یان ڕووداوەوە.
  • نیگەرانی بەردەوام لەوەی کە شتێکی خراپ ڕوودەدات، وەک ونبوون یان ڕفاندن، کە دەبێتە هۆی جیابوونەوە لە دایک و باوک یان خۆشەویستانی تر.
  • ترسی جیابوونەوە لەوەی کە کەسەکە لە ماڵ دووربکەوێتەوە.
  • ناتوانێت بە تەنها لە ماڵەوە بێت بەبێ دایک و باوک یان کەسێکی خۆشەویستی، دەبێت کەسێکی نزیکی لە ماڵەوەدا هەبێت.
  • دوودڵی یان ڕەتکردنەوەی خەوتن لە ماڵەوە بەبێ دایک و باوک یان کەسێکی خۆشەویستی کە دەبێت لە نزیکەوە لەگەڵیدا بن.
  • گلەیی و گازندەی هەیە، سەرئێشەی بەردەوامی لەگەڵدایە، ئازاری گەدەی هەیە یان نیشانەکانی تری نەخۆشی، ئەمانە کاتێک ڕوودەدات کە منداڵەکە چاوەڕوان دەکات کە دایک و باوکی یان کەسێکی نزیکی لێی جیادەبێتەوە.
  • دڵەڕاوکێی جیابوونەوە لەوانەیە پەیوەندی هەبێت بە شێواوی ترس و هێرشی ترس.

بۆچی دڵەڕاوکێی جیابوونەوە ڕوودەدات؟

ئەگەر منداڵەکەت هێمن بوو کاتێک بە تەنها لە ژوورەکەیدا بەجێتهێشت و هیچ کاردانەوەیەکی نەبوو  و نەگریا بە دواتدا، چوو بۆ لای کەسانی نەناسراو و هیچ کێشەیەکی نەبوو، واتای وایە کە منداڵەکە دڵەڕاوکێی جیابوونەوەی نییە، بەڵام دڵەڕاوکێی جیابوونەوە نیشانەی ئەوەیە کە منداڵەکەت زۆر پشت بە کەسانی تر دەبەستێت لە نەبوونیاندا هەست بە نا ئارامی دەکات ئەو کەسانە داپیرە یان باپیرە یان  دایک و باوک و کەسانی نزیکی منداڵەکەن.

چەند تێبینییەک لە دڵەڕاوکێی جیابوونەوەدا

  • کاتێک دەچیتە شوێنێک منداڵەکەت ڕابهێنە کە جیاببێتەوە لە تۆ بۆ چەند خولەکێک یان چەند کاتژمێرێک تا کاتی گەڕانەوەت لای کەسێک بەجێیبهێڵە کە لەگەڵیدا هەست بە ئاسایش و ئارامی بکات و هەروەها ڕایبهێنیت لەکاتی جیابوونەوە لە خۆت، هەنگاو بە هەنگاو کاتی جیابوونەوەکەت درێژ تر بکە تا بە تەواوی ڕادێت.
  • شتێک بەجێبهێڵە کە منداڵەکە لەگەڵیدا هەست بە ئارامی بکات تا تۆ دەگەڕێیتەوە بۆ نموونە دەکرێت ئەو شتە یارییەکی منداڵان بێت یاخود جل و بەرگێک کە بۆنی تۆی لێدێت.
  • لە کاتی ماڵئاواییدا بە ئەرێنی ماڵئاوای لێبکە، بە شێوەیەک کە ڕووخسارت گەشاوە بێت و ڕووت گرژ نەبێت، بە پێدانی ئەزموونی ماڵئاوای بە منداڵەکەت، وانەیەکی گرنگی ژیانی فێردەکەیت.

چی دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێی جیابوونەوە؟

فشارەکانی ژیان یان لەدەستدانی کەسێکی نزیک کە دەبێتە هۆی جیابوونەوە، وەک نەخۆشی یان مردنی کەسێکی خۆشەویست، لەدەستدانی ئاژەڵێکی ماڵی، جیابوونەوەی دایک و باوک، یان گواستنەوەی ماڵ یان چوون بۆ قوتابخانە دەبێتە دڵەڕاوکێی جیابوونەوە.

چارەسەری دڵەڕاوکێی جیابوونەوە

دڵەڕاوکێی جیابوونەوە بەزۆری بە چارەسەری دەروونی چارەسەر دەکرێت، هەندێک جار دەرمانیش بەکاردێت، چارەسەری دەروونی کە هەندێک جار پێی دەگوترێت چارەسەری قسەکردن یان ڕاوێژکاری دەروونی، کە بریتییە لە کارکردن لەگەڵ پزیشکێکی چارەسەرکار بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی دڵەڕاوکێی جیابوونەوە، لەکاتی چارەسەرکردندا منداڵەکەت دەتوانێت فێرببێت چۆن ڕووبەڕووی ترس و دڵەڕاوکێ ببێتەوە دەربارەی جیابوونەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، دایک و باوکان دەتوانن فێربن چۆن بە شێوەیەکی کاریگەر پاڵپشتی هەستی پێشکەش بە منداڵەکە بکەن، یەکێکی تر لە چارەسەرەکان چارەسەرکردنی خێزانییە کە لەلایەن خێزانەوە پێشکەش دەکرێت، هەروەها چارەسەری ڕەفتاری منداڵ یەکێکی ترە لە ڕێگا چارەسەرییەکان، گرنگە منداڵ لە کاتی دروستبوونی دڵەڕاوکێی جیابوونەوە پشوویەک وەربگرێت و ماسولکەکانی ئارام بکاتەوە و هەناسەی قووڵ هەڵبمژێت تا وەکو دڵەڕاوکێکەی کەم ببێتەوە، کۆتا چارەسەریش چارەسەرە لە ڕێگای یاریکردن کە منداڵ سەرقاڵبوو بە یاریکردنەوە کەمتر تووشی دڵەڕاوکێ دەبێت.


سەرچاوەکان



112 بینین