بەوری بەیان

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-03-08-14:44:00 - کۆدی بابەت: 578
بەوری بەیان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بەوری بەیان (بە ئینگلیزی: Liger)، لە کۆمەڵەی مەمکدارەکاندا پۆلێندەکرێت، گیانەوەرێكی دوو ڕەگە و لە ئەنجامی یەکگرتنی شێری نێرینە و پڵنگی مێینەوە دروستدەبێت، نشینگەکەی دەکرێت چەندین وڵاتی جیاوازی کیشورە جیاوازەکان بگرێتەوە، وەک ئۆراسیا، ئاسیا، ئەفریقا و ئەمریکای باکوور، بەڵام لە سروشتدا ناژی چونکە گیانەوەرێکی پەڕێنراوە نەک ئاسایی، یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرسوڕهێنەرەکانی ئەوەیە کە بەوری بەیان دەتوانێت هەردوو دەنگ و ژاوەژاوی پڵنگ و شێریش دەبکات، بەڵام زیاتر دەنگی لە شێرەوە نزیکترە.  

شێوەی دەرەوەی

دیارترین تایبەتمەندی هەبوونی سەر و جەستەیەکی زۆر گەورەیە، کێشی لە نێوان ٤٠٠-٦٠٠ کیلۆگرام دەبێت، بەوری بەیان گەورەترین ئاژەڵی هەموو کۆمەڵەی پشیلەکانە، کاتێک لەسەر پێیەکانی دەوەستێت درێژییەکەی دەگاتە نزیکەی ٣.٦ مەتر، بەمەش دایک و باوکە بنەڕەتییەکەی تێدەپەڕێنێت لە هەندێک لە تایبەتمەندییەکانیدا، هەروەها شێوەی دەرەوەی زیاتر لە شێرەوە نزیکە بە بەراورد بە پڵنگ، تەواوی جەستەی بە کوڵک و فەرووی کورت داپۆشراوە کە ڕەنگەکەی دەکرێت هەریەک لە پرتەقاڵی، ڕەش، قاوەیی یاخود ڕەنگی کاڵی تر بێت، پێکهاتەی جەستەی بەوری بەیان بەهێز و تۆکمەیە بەجۆرێک کە ئەم گیانەوەرە لە کاتژمێرێکدا دەتوانێت نزیکەی ٨٠.٥ کیلۆمەتر ببڕێت.  

خۆراک

بەوری بەیان هاوشێوەی هەموو ئەندامەکانی تری کۆمەڵەی پشیلەکان گیانەوەرێکی گۆشتخۆرە، نێچیرە سەرەکییەکانی بریتین لە ئاسک و بەرازی کێوی لەگەڵ چوار پێ گەورەکانی وەک مانگا و گامێش، کە لە ئەم خاڵەدا زیاتر لە پڵنگ دەچێت، هەروەها شێوازی خواردنەکەشی بە سوود وەرگرتن لە شەویلگە بەهێز و ددانە تیژ و ئاڕاستەکراوەکانی دەبێت، بەهۆیانەوە خۆراکەکانی پارچە پارچە دەکات بە ئاسانی و پاشان دەیخوات، لە سروشتدا هیچ گیانەوەرێک ناتوانێت بەوری بەیان بکات بە نێچیر و ڕاویبکات، تەنها مەترسی بۆ ژیانی لەدەستدانی نشینگەکەیەتی یاخود ڕاوکردنی لەلایەن ڕاوچییەکانەوە بۆ سوود وەرگرتن لە فەرووەکەی، بەڵام لە ئێستادا باوەڕ وایە کە بەوری بەیان لە سروشتدا بە ڕادەی نەبوون دەگمەنە، و تەنها لە باخچەی ئاژەڵاندا هەیە بۆ نمایشکردنی و بەدەستهێنانی پارە، لێرەدا ڕۆژانە چەندین کیلۆ گۆشتی پێدەدرێت و هیچ کەسێکیش نابێتە مەترسی بۆی.  

زۆربوون

شێوازی ژیانکردنی ئەم گیانەوەرە تاکە واتە لەکۆمەڵەدا لەگەڵ یەکدیدا ناژین، دوای یەکگرتنی نێرینەی شێر و مێینەی پڵنگ، ئیتر ئاخۆ بە شێوەی ڕووداوێک بێت یاخود بە دەستکرد و دوای هەوڵدانی مرۆڤەکان بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک، پڵنگە مێینەکە سکپڕ دەبێت و ماوەکەشی ١٠٠ ڕۆژ دەخایەنێت، دواتر ٢-٤ بێچووی بەوری بەیان لەدایک دەبن، لە سەرەتادا بێچووەکان چاویان ناکرێتەوە و خاڵ و نیشانەی ڕەنگ تۆخ لەسەر جەستەیان هەیە، هەروەها پشت بە دایکیان دەبەستن و هەتا تەمەنیان دەگات بە ٦ مانگ شیر دەخۆن، پاشان لە شیر دەبڕدرێنەوە و دەتوانن پشتبەخۆیان ببەستن، دواتر کاتێک تەمەنیان دەگاتە ٣-٤ ساڵ دەگەنە قۆناغی پێگەیشتنی تەواو و توانای زۆربوونیان دەبێت، بەڵام زۆرینەی جارەکان بێچووەکان بە کێشە و گرفتەوە لەدایکدەبن و ناتوانن بۆ زیاتر لە هەفتەیەک بەرگەبگرن و بژین، سەرەڕای ئەوەی هاوشێوەی زۆرینەی گیانەوەرە دوو ڕەگەکانی تر باوەڕ وایە کە بەوری بەیانیش نەزۆک بێت، بەڵام بەوری بەیانی مێینە تۆمارکراوە کە توانای زۆربوونی هەبووە و بێچووی هاوشێوەی بووە، لە کاتێکدا هیچ دۆخێک تۆمار نەکراوە کە تێیدا بەوری بەیانی نێرینە توانای زۆربوونی هەبێت، بە گشتی ناوەندە ڕێژەی تەمەنی ئەم گیانەوەرە لە نێوان ١٨-٢٢ ساڵ دەبێت.  


سەرچاوەکان



1603 بینین