خوارزمی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-01-19:24:00 - کۆدی بابەت: 1009
خوارزمی

ناوه‌ڕۆك

خوارزمی ٧٨٠-٨٥٠ز

بلیمەتێکی دیکە کە هەموو زانا و دانایانی جیهان شانازی بە داهێنان و بەرهەمە جوانەکانی دەکەن، خوارزمییە.
ئەم زانایە ناوی تەواوی ئەبوو عەبدوڵای کوڕی محەمەدی کوڕی مووسای خواریزمی قورتبیە. لە چەندان بواردا دا‌هێنانی کردووە، وەک: جوگرافیا، بیرکاری، گەردونناسی. ئەم زانا موسڵمانە بە ڕەچەڵەک فارس بووە و لە بەغدا نیشتەجێ بووە.
ژێدەرەکان باسی ئەوە دەکەن کە یەکەم کەس بووە کتێبی لەبارەی جەبر دانابێت. هەروەها بە یەکەم کەس دادەنرێ کە سفری دۆزیوەتەوە. یەکەم زانای جیهانیی بووە پەیوەندی نێوان جەبر و هەندەسەی دەرخستووە.
بەکارهێنانی ژمارە عەرەبییەکان بە پێشکەوتنێکی گەورەی مێژوویی هەژمار دەکرێن، هەڵبەت ئەمەیش بۆ ئەو زانا و بیرهەڵکشاوە دەگەڕێتەوە. ڕاستیەکەی ئەو، ژمارە عەرەبیەکانی بۆ جەرگەی ئەوروووپا گواستەوە، زۆر لە نووسەر و توێژەران پێیان وایە یەکەم کەس بووە ئەو ژمارانەی دۆزیوەنەتەوە. بەشێکیش وای بۆ دەچن، کە ئەو ژمارانە لە بنەچەدا لە هیندستان پەیدابوون، ٥٠٠ ساڵ پێش زایین دۆزراونەتەوە، هەر بۆیە پێیان دەگوترێت: ژمارە هیندی عەرەبیەکان.
خوارزمی یەکەم زانای بیرکاری بووە یاسای گشتی لۆگاریتمی خوارزمیی نێو دەبرێت. ئەو لە نێو خانەکاندا بەهای بە ژمارەکان بەخشی. بە شێوەی: (خانەی یەکان، خانەی دەیان، خانەی سەتان، خانەی هەزاران...تاد).
خوارزمی تاقە بلیمەتە، کە ڕەمزی بۆ سفر داناوە، خۆ ئەگەر ئەوەی نەکردبا، دواتر هیچ پێشکەوتنێک نەدەهاتە کایەوە.

هاوکێشەی خوارزمی بۆ مرۆڤ

جارێک کەسێک دەربارەی مرۆڤ لە خوارزمی دەپرسی، ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی دەداتەوە:
ئەگەر مرۆڤ خودان (ڕەوشت) بوو ئەوە:= ١
ئەگەر ماخۆی (جوان)یی بوو، سفرێکی بۆ زێدە بکە: =١٠
ئەگەر (دارا) بوو، سفرێکی دیکەشی بۆ زیاد بکە: =١٠٠
ئەگەر خانەوادەیەکی بەناوبانگ و ناسراوی هەبوو، ئەوە سفرێکی تریشی بۆ دابنێ: =١٠٠٠
بڕوانە! ئەگەر ژمارە (١) لابەرین واتا: (ڕەوشت)، ئەوە سفرەکان بە ڕوتیی دەمێننەوە و بەمەیش بەهای مرۆڤەکە لەدەست دەچێت.

 خانەی حیکمەت

خانەی حیکمەت لە سەردەمی عەباسییەکان لەسەر دەستی خەلیفە مەئموون لە بەغدا دامەزرێنراوە، چەندان زانای پایەداری لەو خانەیە دامەزراندووە، بە سەدان کتێبی فیکر و فەلسەفیی یۆنان و خۆراوایان وەرگێڕاونەتە سەر زمانی عەرەبی. زێدەگۆیی نییە گەر بڵێین: خانەی حیکمەت گەورەترین خانەی وەرگێڕان بووە لە مێژوودا. خوارزمیش وەک یەک لە زانا مەزنەکان لەوێ دەگیرسێتەوە، لە ژێر چاودێریی خەلیفە مەئموون چەندان کتێب دەنووسێت، خەلیفە مەئموون ئەوسا لە سنووری هیندەوە تاکوو دەریای ناوەڕاست، فەرمانڕەوایەتی موسڵمانانی کردووە.
ئەو خانەیە چەندان کتێبی لە لاتینیەوە وەرگێڕاونەتە سەر زمانی عەرەبی، خوارزمیش خۆی (الجبر والمقابلة) لە عەرەبیەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی لاتینی.

 ئەبوو جەبر

ڕوون نییە ئایا خوارزمی بەرهەمەکانی ئەقلیدسی ززانای خوێندوونەتەوە یان نا، بۆ کارەکانی سوودی لێ بینیون یان نا؟ هەرچەندە یەک لە هاوەڵەکانی لە خانەی حیکمەت کتێبی (توخمەکان) ـی ئەقلیدس وەردەگێڕێتە سەر زمانی عەرەبی. ئەمەیش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی دەکرێ ئاشنای بەرهەمەکانی بووبێت... بەڵام ئاشکرایە خوازرمی کارەکانی خۆی لەسەر ئەنجامگیریی زانایانی پێشتر تەواو کردووە، بەس دەبێ ئەوەیش بڵێین، کە جەبری هاوچەرخ زیاتر پشت بە خوارزمیی دەبەستێت، بۆ نا؟ ئەی ئەوە نییە پێی دەڵێن : ئەبوو جەبر.

کار و بەرهەمەکانی خوارزمی

دیارە خوارزمی داهێنان و هەوڵەکانی تەنیا لە ژمارە و جەبرادا چڕ نەکردووەتەوە، بەڵگە لە زانستی ماتماتیکیشدا چەندان خشتەی بۆ بازنە و سێگۆشە و چوارگۆشە (جیوب التام) داناون. هەروەها چەندان سەرنج و تێبینی لەسەر زانستی گەردوونیی نوسیون. لە زانستی جوگرافیاشدا شارەزایێکی باشی هەبووە، پەرەی بە تێزەکانی پەتلیمۆس بۆ هێڵە بپان و درێژەکان داوە. چەند شوێنێکی جیهانی بە وردیی دیاری کردووە. چەندان نەخشەی بۆ جیهان کێشاوە، بە کە وردتر و باشربوون لەوانەی پێشتر کێشراون. خوارزمی لە خۆراوا بە گۆڕزمی، گۆرزم، گۆرسم، ناوی دەکردووە. بەشێک لە کتێبەکانی خوارزمی بیرتین لە:
(الحساب)، (کتاب جداول للنجوم و حرکاتها)، (العمل بالإصطلاب)، (الجبر والمقابلة) ،(صورە الارض)، (الوصایا) ، (زیج الخوارزمی).

  کورتەیەک لە ژیانی

- لە ناوچەی خوارزمی ئۆزپاکستان لە دایک بووە، ئێستە ئەم شوێنە (خیخا)ـی پێ دەگوترێت.
- ماوەیەک لە خانەی حیکمەت لە ژێر چاودێریی مەئموون خزمەتی زانستی کردووە.
- لە ساڵی ١٨٥ز، کۆچیدوایی کردووە.
- چەندان کتێبی زانستیی لە دوای خۆی بەجێهێشتوون.


سەرچاوەکان



3843 بینین