ئەرخەمیدس

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-01-20:31:00 - کۆدی بابەت: 1013
ئەرخەمیدس

ناوه‌ڕۆك

ئەرخەمیدس  ٢٨٧-٢١٢ پ.ز

تەنیا توێژەران سوودیان لە زانست و بیردۆزەکانی ئەرخەمیدس نەبینیوە، بەڵکە هەموومان، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، لەو بلیمەتە جیهانییە بەهرەمەند بووین. هێشتاش زانست و داهێنراوەکانی ئەو لە نێو ئێمە بە گەشیی ماونەتەوە و ڕۆژانە بەکاریان دەهێنین. ئەو، بە درێژایی مێژوو بە گەورەترین زانای بواری ماتماتیک هەژمار کراوە.
ئەرخەمیدس نزیکخستنەوەی ڕەگە دووجاکانی سەلماند و شێوازی نووسینی ژمارە مەزنەکانی داهێنا. ''هێزی پاڵنەری شلگاز لەسەر تەنەکان'' بە یاسای ئەرخەمیدس ناسراوە. دەربارەی ئەرخەمیدس، (گاوس) گەورەزانای ماتماتیک دەڵێت: ئەرخەمیدس یەکێکە لە سێ زانا گەورەکەی بیرکاری، هاوشانی ئیسحاق نیوتن و فێرناند ئێسنیستنە.
سەبارەت بە یاسا بەناوبانگەکەی ''هێزی پاڵنەری شلگاز لەسەر تەنەکان'' حیکایەتێکی دڵگیر لەسەر ئەرخەمیدس دەگێڕنەوە، پوختەکەی ئەمەیە: گوایە کاتێک پاشای سیراکوس تاجی بۆ دروست دەکرێت، گومان لەوە دەکات ئایا ئەو کەسەی بۆ دروست کردووە فرتوفێڵی تێدا کردووە یان نا؟ هەر بۆیە بە دوای ئەرخەمیدسدا دەنێرێت، کە ئەمەی بۆ ساخ بکاتەوە ئەویش دەچێتە نێو گەرماو (حمام)، زۆر سەرنجی ئاو دەدات. لە پڕێکدا بە ڕووتی دێتە دەرەوە و دەڵێت: خەڵکینە دۆزیمەوە دۆزیمەوە! ئەرخەمیدس بۆی کەشف بوو، کە کێشی لەشی لە ناو ئاوەکەدا، سووک بووە، ئەو کێشە سووکەی لەشیشی یەکسانە بە کێشی ئەو ئاوەی کە جێگەی گرتووەتەوە.
پێوانەی ئەو ئاوەی کە ڕژاوە، یەکسانە بە پێوانەی تەنە نوقم بووەکە، دوای ئەوە دڵنیابوو کە دەتوانێت ئەسڵ و نائەسڵێتی تاجەکە بزانێت، بێ ئەوەی بە دوایدا بگەڕێت... پێوانەی ئاوی ڕژاو، یەکسانە بە بڕی قەبارەی تاجە نقوم بووکە، ئەویش یەکسانە بە کێشی ئاڵتوونی ئەسڵ، کە لە تاجەکەدا بەکار هاتووە. لە کۆتایدا بە هۆی دۆزینەوەی ئەم یاسایە، هەموو فێڵ و تەڵەکەکانی تاجساز ئاشکرابوون، هەر بەم هۆیەشەوە لە سێدارە درا.
ئەرخەمیدس نرخی پای دیاری کرد، ئەمیش ڕێژەی دەوری بازنەیە بۆ تیرەکەی، یان بە جۆرێکی تر دەورە بازنە چەند جارێک درێژترە لە تیرەکەی.

لوولپێچکەی ئەرخەمیدس

بریتییە لە لوولەیەک لە نێویدا لولپێچێک هەیە، کە بە دەوری تەوەرەکەیدا دەخولێتەوە، لە کۆندا بۆ هەڵێنجانی ئاو لە گەنجینەکانەوە بەکار هاتووە. ئەمەیش پێکهاتووە لە تووڵێکی دارین، کە درێژیەکەی نزیکەی مەترێک دەبێت، بە لوولپێچێک، کە لە ماددەی جیڕی چەسپاو دەورە دراوە. ڤیتروڤیوس لە سەدەی یەکەمی زایینیدا ئاماژەی بەوە کردووە: کە ئەمە لە لوولپێچی کۆکلێری دەچێت. لە دەمی ڕۆمانییەکاندا لوولپێچەکەی ئەرخەمیدس وەک ئامێری ڕستنی دەستیی ئەوکات کاری کردووە، بەڵام لە سەدەی پانزەدا بە تەوەرەیەکی خولخواردوو کەوتووەتە کار. ئەرخەمیدس لە بڕی پایدەری کەشتی، کە بە هەڵم کاری دەکرد، بیرۆکەی کولپێچی پێشنیار کرد. سەرەتا دیزاینەکەی نیشانی خەڵک دا. دواتر چوار ساڵی خایاند تا سەلماندی ئەمە لە کۆنەکە باشترە.

میسڕیەکان ٢٠٠٠ ساڵ پێش ئێستە بۆ ئاودان و بەرزکردنەوەی ئاو، بەکاریان هێناوە و ئێستایش بەکاری دەهێنن و پێی دەڵێن: (ماندۆلین) تیرەکەی ٣٥ سم تێدەپەڕێنێ و درێژیەکەشی ٥،٢ مەتر دەبێت.  لولپێچەکەی ئەرخەمیدس بە پێوانەی جوداواز دروست کراوە، تیرەکەی لە چارەکە ئینجێکەوە بۆ ١٢ پێ درێژ دەبێتەوە.
لە ٢١٢پ.ز، ڕۆژێک ئەرخەمیدس لە ماڵەوە سەرقاڵی بابەتێکی بیرکاری دەبێت، سەربازە ڕۆمانیەکان دەچنە ژوورەوە و داوای لێ دەکەن بۆ بینینی مارسیلوس دوایان بکەوێت، ئەویش لە وەڵامدا دەلێت: تکایە هەراسانم مەکەن، بازنەکانم تێک مەدەن، لێ گەڕێن با بابەتەکەی خۆم تەواو کەم و بگەمە ئەنجامێک، بەڵام سەربازێک بەم قسەیەی توڕە دەبێت، شمشێرێکی لە مل دەدا و شەڵاڵی خوێنی خۆی دەکات.


سەرچاوەکان



3614 بینین