ئەبوبەکری ڕازی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-01-23:35:00 - کۆدی بابەت: 1030
ئەبوبەکری ڕازی

ناوه‌ڕۆك

ئەبوبەکری ڕازی ٨٥٤-٩٢٣ز

ئەبووبەکری ڕازی بە زانای بواری بزیشکی و کیمیا و ئاوێتەکردنی هەردووکیان نێو و شۆرەتی دەرکردووە. ئیبنونەدیم لە کتێبەکەی بە ناوی (فەهرست) دەرحەق بەو زانا و پزیشکە بلیمەتە دەڵێت: ''ڕازی تاقانەی چاخی خۆی بووە. مەعریفەی تێکەڵ بە زانستی زانایاکی کۆن کردووە، نەخاسمە لە زانستی پزیشکیدا. کە خزمەتێكی زۆری بەمە کردووە.'' ڕازی بە باوکی نوژداریی جیهانی عەرەبی دەناسرێت، لە زانستی پزیشکیدا تاکوو سەدەی حەڤدەیەمیش، جێگەی متمانەی هەموو ئەورووپا بووە. گەلێک لە توێژەر و کۆڵەران، ڕازی بە دامەزرێنەری کیمیای نوێی خۆراوا و خۆرهەڵات دادەنێن.

کتێبەکانی رازی

کتیبی (الحاوی فی الطب) فەرهەنگستانێکی گەورە و گشتگیریی مەعیفە و زانستە پزیشکییەکانی خۆرئاوا و خۆرهەڵاتی سەردەمی خۆیەتی، هەرچی داهێنان و ئەنجامگیریی زانستی پزیشکیی ئەوسا هەبووە لەم کتێبەدا جێگەی کراوەتەوە، ئەم کتێبە بە شێوازێکی داهێنەرانی و تایبەت نوسراوە، هەر ئەوەش وای کرد تاکو سەدەی هەژدە ببێتە گەورەترین و گرنگترین ژێدەری زانستی پزیشکیی.
کتێبێکی دیکەی هەیە بە نێوی: توێکاریی تەنی مرۆڤ (تشریح جسم الإنسان). تێیدا چەندان بابەتی زانستیی ئەو بوارەی شەنوکەو کردووە. هەروەها کتێبێکی تری هەیە بە نێوی (الأسرار). باسی چۆنیەتی دروستکردن و ئامادەکردنی حەب دەکات.
هەموو کتێبەکانی ڕازی بۆ زمانی لاتینی وەرگێڕدراون، زانا مەزنەکانی ئەوروپا پشتیان پێ بەستوون و لە توێژینەوەکانیان سوودیان لێ وەرگرتوون، زۆر ڕوونە کە کتێبەکانی ئەو، تا کۆتایی سەدەی حەڤدە لە هەموو زانستگەکانی ئەوروپا وەک سەچاوە و دەستاوێژ (مەرجەع) تەماشا کراون.
ڕازی، عەقڵ پەسند دەکات و پێیدا هەڵدەڵێت، سەبارەت بەمە قسەیەکی هەیە: ''مەزنترین و بەکەڵترین و بە شکۆترین نیعمەت کە خودا بە مرۆڤی داوە عەقڵە، هەر بە هۆی ئەوەوە پەی بە دەوروبەرمان دەبەین. بە عەقڵ، سروشت دەستەمۆی خۆمان دەکەین و لە جیهانی ئاژەڵان جیا دەبینەوە.''
ڕازی، بەدەر لە زانستی کیمیا و نوژداری، چەندا توێژینەوەی گرنگی لە بواری فەلسەفەدا کردوون. پتر لە دووسەد کتێبی داناوە، زۆرینەی کتێبەکانی لە ڕوانگەی: دەرمانسازی، نوژداری، کیمیا، فیزیا، گەردونناسی، مۆسیقا، ماتماتیک، زانستە ئایینییەکان بوون.
ڕازی، تەنیا بە توێژینەوەی زانستی پزیشکیی لە سۆنگەی جیهانی عەرەبی و یۆنانی نەوەستاوە، بەڵکە هەرچیەکیشی لە بواری پزیشکیی هیندی زانی بێت، ڕەگەڵی خستووە و تاوتوێی کردووە.
ئەزموونە زۆرەکەی لە بواری زانستی کیمیادا، ئەویان بە ئاستێک گەیاند، کە هیچکەس پێشتر پێی نەگەیشتبوو، بەمەش دەیان دەسکەوتی گەورەی لە بواری پزیشکیی و توێکاری بۆ ئێمە هێنایە بوون.
ڕازی لە نەشتەرگەریی چاودا شآرەزایێکی بەرچآوی هەبووە، نووسراوەكانی لەوبارە شایەتیی ئەو ئەزموونە قووڵەی بۆ دەدەن.

کورتەیەک لە ژیانی

- لە هەرێمی (الرەی) فارس لە دایک بووە. فەلسەفە و زانستە سروشتییەکانی خوێندوون، پاشآن دێتە بەغدا و درێژە بە خوێندنەکەی دەدات.
- دوای ئەوەی بە فەرمانی موعتەزەدی خەلیفەی عەباسی خەستەخانەیەک دروست دەکرێت، ڕازی بە گەورەترین پزیشکی ئەو خەستەخانەیە دیاریی دەکرێت.
- تەرازوویەکی سرووشتی بۆ پێوەرکردنی چڕی بەشێک لە شلەمەنییەکان داهێناوە.


سەرچاوەکان



1099 بینین