پێویستی یاسا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-08-19:44:00 - کۆدی بابەت: 1188
پێویستی یاسا

ناوه‌ڕۆك

پێویستی یاسا

ئاشکرایە کە بە شێوەیەکی سروشتی مرۆڤ پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتییە، وە ناکرێت دوور لە تاکەکانی هاوڕەگەزی خۆی بژیێت، و بوونی کۆمەڵگە کارێکی پێویستە بۆ مرۆڤ هەرچەندە پێکهاتەکانی کۆمەڵگە جیاوازن، وەکو خێزان یان کۆمەڵێک خەڵک یان هۆزێک یان شارێک یان دەوڵەتێک. بۆ ئەوەی مرۆڤ لە دایک بێت و نەش و ناما بکات پێویستە پێش دروست بوونی کۆمەڵگەیەک هەبێت کە لە ئەنجامی بە یەکتر گەیشتنی نێر و مێ لە دایک دەبێت، کە بریتیە لە کوڕی خێزانێک و لە سەرەتای ژیانی پێویستی بە داینگەیی و چاودێری و سەرپەرشتی هەیە. بۆ ئەوەی مرۆڤ بژیێت پێویستە کۆمەڵگەیەک هەبێت کە لەگەڵ تاکەکانی هاوڕەگەزی خۆی هاودەم بێت و سوود لە کۆششەکانیان وەربگرێت و بە هاوکاری ئەوان پێویستییەکانی دابین بکات، چونکە مرۆڤ بەهۆی چەند پێویستییەک ناتوانێت لە ژیانیدا سەربەخۆ بێت و بە سروشت وا دروستکراوە کە لەگەڵ کەسانی تردا بژیێت بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی خێزان هاوبەرپرسیار بێت و لە چالاکییەکان هاوکاری لەگەڵ کەسانی تر بکات،
لەپێناو تێرکردنی ئارەزووەکان و گۆڕینەوەی سوودەکان چەسپاندنی دڵنەوایی. بەڵام مرۆڤی تەنهاو دابڕاو لە کەسانی تر بەپێی بۆچوونی هەندێک لە فەیلەسوفەکان و وەکو (حی کوڕی یەقتان و روبنسون کروزو) لە جیهانی ڕاستەقینە بوونی نییە چونکە ئەو مرۆڤەی لە گۆشەگیری دەژیێت و کۆمەڵەی مرۆڤ نییە، یان هەر وەکو ئەرستۆ دەڵێت: لە کاتی بوونی نازانێت مرۆڤە یان دڕندە
لە بەرئەوە بوونی کۆمەڵگە پێویستە بۆ دروستبوونی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان لە نێوان تاکەکان. چونکە تاک بەهۆی پەیوەندی بەردەوامی بە تاکەکانی هاوڕەگەزی بێگومان دەکەوێتە ناو چەند پەیوەندییەکی جیاواز کە تاکەکان بە کۆمەڵگە دەبەستنەوە. هەرکات ئەو پەیوەندییانە هەبوون پێویستە ڕێساکانی ڕێکخستنی ئەو پەیوەندییانە هەبن بە مەبەستی گونجاندنی پەیوەندییەکانی دژ بە یەک لەگەڵ یەکتری و بۆ هێنانەدی هەماهەنگی لەنێوان چالاکی تەواوی تاکەکان، چونکە ڕێک نەخستنی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی تاکەکان دەبێتە مایەی بەرەڵای و نەبوونی سەقامگیری، چونکە تاک تەنها بەپێی ئارەزووی خۆی ڕەفتار دەکات، و ئەگەر بەو جۆرە ڕێگەی پێدرا و بەپێی ویستی خۆی ڕەفتاری کرد ئەوە بەرژەوەندی ئەو بەسەر بەرژەوەندی یەکێکی تر زاڵ دەبێت، و لەو کاتە بەهێزەکان زاڵ دەبن، و هێز دەبێتە بڕیاردەری یەکلایی کردنەوەی پەیوەندیەکان، و کۆمەڵگە تووشی شلۆقی و بەڕەللای دێت، و دەربارەی باسکردنی ئەو ژیانە فەیلەسوف بوسویە ڕاستی کردووە
کە دەڵێت: هەر کردەوەیەک بیانەوێ دەیکەن و هیچ کەس خاوەنی ئەو کردەوەیە نییە کە دەیەوێت، بەجۆرێک کە هەمووان گەورەن، و هەر هەموویان گەورەن و هەمووشیان بەندەن، و یاسا هەڵساوە بە ئەرکی ڕێکخستنی ژیانی تاکەکان بە جۆرێک ڕێساکانی یاسا دیاری دەکات کە تاک چ مافێکی هەیە و چ ئەرکێکی لەسەرە بۆ ئەوەی ئەنجامیان بدات بەبێ زێدەڕۆیی و تێکگیران نەخشەیەکی بۆ هەر تاکێک کێشاوە که بۆ سوود وەرگرتن لە ئازادییەکانی لەو سنوورە تێنەپەڕێت بەمەبەستی فەراهەمکردنی بڕێک ئازادی بۆ کۆمەڵگە و دەستەبەرکردنی بواری چالاکی، و ئەگەر واکرا ئەوە گیانی سیستەم و سەقامگیری لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دروست دەبێت و دەبێتە مایەی دروستبونی کەشێکی هاوکاری لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگە. لەوەی پێشتر دەردەکەوێت کە ئەگەر بوونی کۆمەڵگە بۆ ژیانی کۆمەڵگە پێویست بێت ئەوە یاسا بۆ بوونی کۆمەڵگە پێویستە، و لە هەر جێگایەک و بەهەر شێوەیەک کۆمەڵە هەبێت یاساش دەبێت جا بەهەر ڕوواڵەتێک بێت، چونکە کۆمەڵگە بریتیە لە دەستەیەکی ڕێکخراو کە لە چەند تاکێک پێکهاتووە، و سیستەم کۆڵەکەیەکی کۆمەڵگەیە بەبێ بوونی سیستەم کۆمەڵگە ناوەستێت، و لەبەر ئەوەی سیستەم واتا بەڕێوەچوونی کارەکان بەشێوەیەکی ڕێک و پێک و جێگیر کەواتە تەنها لەو کاتە دەهێتەدی کە ڕێساکانی پێشتر دانرابن و ڕێنمایی تاکەکان بکات لە ڕەفتارکردن و پابەندییان بکات
کە ڕێزی لێ بگرن هەر چەندە بە ناچار کردنیش بێت لە کاتی پێویست.
ئەگەر یاسا بۆ بوونی کۆمەڵگە پێویست بێت ئەوە بۆ پێشکەوتن و گەشەکردنی کۆمەڵگەش پێویستە، چونکە کۆمەڵگە باوەڕی بەوە نییە کە پاراستنی سروشتی گرنتییە بۆ مانەوەی کۆمەڵگە بەڵکو تێدەکۆشت بۆ باشترکردنی بارودۆخی و بەرزکردنەوەی ئاستی، بەجۆرێک ئەگەر دەستگرتن بە مانەوە سروشتی مرۆڤ بێت، ئەوە ئارەزووی بەرزبوونەوە لوتکەی مرۆڤە. پێشکەوتن تەنها بە هاوکاری و ڕێساکانی یاسا نەبێت ناهێتەدی کە نەخشەیەک دەکێشێت و کۆمەڵگە بەپێی ئەو نەخشەیە بەڕێوەدەچێت و پابەندە بە ڕێزگرتن لەو نەخشەیە قوربانی دەدات لە پێناوی بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجەکەی. ئەو ئامانجەی کە بۆ کۆمەڵگە هاتۆتەدی کە بریتیە لە پابەندبوون بە سروشت و هۆکارەکانی بەرزبوونەوە و پاڵنەرەکانی خۆشگوزەرانی، یاسا لە ژیانی کۆمەڵایەتی پەیدابووە و پەیوەستە بەدروستبوونی کۆمەڵگە و بە شێوەیەکی پێشکەوتوو بەڕێوەی دەبات.سروشتی کۆمەڵگە لە تێکچوون و بەڕەڵلای دەپارێزێت، و لەمەیدانی پێشکەوتن دەستی دەگرێت. مێژوو پێمان دەڵێت کە یاسا چەند ڕسایەک دەگرێتە بەر کە کۆمەڵگە لەسەرەتا گرتوویەتییە بەر بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان تاکەکان و لەو کاتی پێی دەگوترێت داب و نەریت. هەرکاتێک ژیان پێشکەوتوو بێت یان ویستبێتی پێش بکەوێت لە شێوازەکانی تر دەرکەوتووە هەندێک جار چەند بڕیارێکی ئاینی بووە یان چەند دەقێکی تەشریعی یان بیروڕای فیقهی یان بڕیارەکانی دادگایی یان ئەو ڕێسایانەی کە لە بنەماکانی دادپەروەری و ماف وەرگیراوون، کەواتە یاسا هەر جۆرە ڕواڵەتێکی هەبێت گشت کۆمەڵگە پێویستی پێیەتی، و ئەگەر بوونی یاسا لە کۆمەڵگەکانی پێشوو بۆ گونجاندنی بەرژەوەندیەکانی
دژ بە یەک و پاراستنی سروشتی کۆمەڵە لە پلانگێڕی ناوخۆیو دوژمنایەتی دەرەکی پێویست بووبێت ئەوە بوونی یاسا لە کۆمەڵگەی ئێستا زۆر پێویستە بۆئەوەی ببێتە ئامڕازێک بۆ پاراستنی سیستەمی کۆمەڵایەتی و ڕێگایەک بۆ خزمەتکردنی گشتی و ئامڕازێک بۆ هەستکردن بە بەهای مرۆڤایەتی و ڕێگایەک بۆ هێنانەدی دادپەروەری کۆمەڵایەتی.


سەرچاوەکان



2620 بینین