بومەلەرزە و لەرزینی زەوی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-16-22:04:00 - کۆدی بابەت: 1382
بومەلەرزە و لەرزینی زەوی

ناوه‌ڕۆك

بومەلەرزە و لەرزینەوە زەوییەکان

بومەلەرزە وێکهاتنەوەیەکی توندی ڕووی زەوی کە هەموو کەلێن و بۆشاییەکی نێوان خۆی پڕدەکات یان دادەخات. هۆیەکەشی جووڵانەوەیەکی خێرای توێکڵە بەردینە دەرەوەییەکەی خۆیەتی، بوومەلەرزە لە کاتی دەرپەڕینێکی لە ناکاوی وزە هەڵپەسێردراوی نێو ناخی زەوی ڕوو دەدات، کە هەمیشە لە شێوەی پاڵەپەستۆی گرژبوونەوە یا لێکڕاکێشانەوە لە بەردەکان دەست پێدەکات و ئەو وزەیەش بە هۆی شەپۆلە لەرزینەکانەوە دەگاتە ڕووی زەوی.
بڕی زیان و تێکدانەکان بە قەوارە و ماوەی لەرزینەکان دەخەمڵێندرێت و هەروەها بە گوێرەی نزیکبوونیشی لە ناوچە ئاوەدانییەکان، بوومەلەرزەکان لە لەرزینەوە زۆر بچووکەکانەوە دەستپێدەکەن کە کەس هەستیان پێناکات تاکو وێکهاتنەوە مەزنەکان کە خەڵک لە دوایی هەزاران کیلۆمەترەوە هەستی پێ دەکەن.
لەرزینەوە زەوییەکان لە سەرجەم ناوچەکانی جیهان بە ڕێژەیەک ڕوودەدات دەگاتە سەدان جار لە هەر ڕۆژێکدا. ڕوانگەکانی لەرزینەوە زەوییەکان هەموو ساڵێک لە دەوروبەری ملیۆن لەرزینەوەی بچووکی زەوی تۆمار دەکەن. بەڵام بومەلەرزە گەورەکان کە دەبێتە هۆی زیانێکی گەورە لە گیان و ماڵەکان یەک جار لە ماوەی چەند ساتێک لە سەرجەم ناوچەکانی جیهان ڕوودەدات. لەرزینەوە زەویەکانیش کە بە شێوەیەکی مامناوەندی و زیانیان دەبێت دەوروبەری بیست کەڕەت لە ساڵێکدا ڕوو دەدەن.
لە ماوەی چەند سەدەیەکی کەمی ڕابردوو بومەلەرزەکان بوونەتە هۆی کوشتنی ملیۆنەها کەس و، بڕێکی ئێگجار گەورەش لە زیانە ماددیەکان، ئێستا چيندین دەوڵەت هەندێ پێشینکارەی جۆربەجۆر دەکەن بۆ ئەوەی زەرەری لەرزینەوەکان لە گیانی و ماددی سووکبکەنەوە وەکو هۆشیارکردنەوەی خەڵک و، پلاندانان بۆ ڕووداوی لەناکاو و، دروستکردن و دامەزراندنی بینای بەهێز بۆ ئەوەی پتر بەرگەی بومەلەرزە بگرێت.

پێوەری ڕێختەر

توانا و قەوارەی بومەلەرزە بە پێوەرێک دەپێورێت پێی دەگوترێت پێوەری ڕێختەر، ئەمەش چارلز ڕێختەری زانای بومەلەرزەکانی ئەمەریکایی لە ساڵی ١٩٣٥ دایهێنا، تاکو بومەلەرزەکان پۆلێن بکات کە لە ویلایەتی کالیفۆرنیا ڕوویان دەدا ئینجا لە دوای ئەمە ڕێکختەر و یاریدەدەرەکەی ئەم پێوەرەیان وا دەستکاری کرد تاکوو بۆ هەموو بوومەلەرزەکان بشێت کە لە سەرجەم ناوچەکانی جیهان ڕوودەدەن.
پێوەری ڕێکختەر بە دوورایی ١٠٠ کم لە ڕووی چەقی بومەلەرزەوە لەرزینەوەی زەوی دەپێوێت و، پلەکانی لە ١ تاکو ١٠ یە و هەر زیادەیەک لە هەر پلەیەک تیایدا دەکاتە بەرانبەر دە هێندە لە هێزی لەرزینەوەی زەوی بە مانای بومەلەرزەیەک بە هێزی ٧ پلە هێزەکەی دەکاتە دە هێندەی بومەلەرزەیەک کە بەهێزی ٦ پلە بێت.
بومەلەرزەی پلە ٥ی سەر پێوەری ڕێختەر لە ڕووی مەترسیەوە دەکرێ بە مام ناوەندی بژمێردرێت و لە زۆربەی جارەکان زیانی گەورەی گیانی و مانڵی نابێت مەگەر لە هەندێ حاڵەتی دەگمەن نەبێت، بوومەلەرزەی پلە ٦ لە کاریگەری خۆی گەورە دەبێت و لەوانەیە زیانێکی گەورەی گیانی و تێکدانێکی گەورەش لە ماڵ و سامان ئەنجام بدات و بومەلەرزەی پلە ٧ یان پتر بە کارەساتە سروشتییەکان لە قەڵەم دەدرێن کە پاشماوەیەکی دڵتەزێنیان لە گیان و سامان بە دوادا دەمێنێتەوە.
سەرەڕای ئەوەی کە پێوەری ڕێختەر هیچ سنوورێکی دیاریکراوی نییە، کەچی بومەلەرزەیەک لە پلە ٨ و سەرەوە زۆر دەگمەن ڕوودەدەن و، هێزی پلە ٨ لە هێزی کاولکردندا دەکاتە سەدان هەزار کەڕەت لە هێزی کاولکردنی بۆمبای ئەتۆمی کە ساڵی ١٩٤٥ هاوێژرایە سەر شاری هێرۆشیمای ژاپۆنی. زانایانیش بومەلەرزەیەکی پلە ١٢ وا دەخەمڵێنن کە بتوانێت گۆی زەوی کەرت بکات و بیکاتە دوو بەش.

لە سەدەی بیستەم ژمارەیەکی زۆر لە بومەلەرزەکان ڕوویانداوە کە سەدان هەزار کەسیان لە نێوبردووە و بوونەتە مایەیە زیان و زەرەرێکی ئێگجار گەورەش. یەکەمینیان هەرێمی جامۆ و کشمیری گرتەوە کە دەکەوێتە باکووری وڵاتی هیندستانی داگیرکەر و ئەمەش لە ڕۆژی ٤ی نیسانی ساڵێ ١٩٠٥ ڕوویدا و هێزەکەی ٨،٣ پلە بوو لەسەر پێوەری ڕێختەر و بووە هۆی کوشتنی دەوروبەری بیست هەزار کەس و ماڵوێرانی و دەربەدەرکردنی دەیان هەزار و تێکدان و ڕووخاندنی هەزاران خانوبەرەش.

لە ساڵی ١٨ی نیسان ساڵی ١٩٠٦ بومەلەرزەیەک شاری سان فڕانسیسکۆی ئەمەریکایی گرتەوە هێزەکەی ٨،٣ پلە بوو بە گوێرەی پێوەری ڕێختەر، بووە هۆی تەقاندنەوەی بۆڕەکانی ئاو و گاز و، ئاگرێکی هەڵگیرساند ماوەی سێ ڕۆژان بەردەوام بوو و لە ئەنجامدا پتر لە ٣٠٠٠ کەسی کوشت و ٢٨ هەزار خانوو و باڵەخانەی کاول کرد و ئەم بومەلەرزەیە بە بەهێزترین بومەلەرزە دادەنرێت کە لە مێژووی ئەمەریکا ڕووی داوە.


سەرچاوەکان



8352 بینین