پشتێنەی کەیپەر

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-23-19:08:00 - کۆدی بابەت: 1505
پشتێنەی کەیپەر

ناوه‌ڕۆك

پشتێنەی کەیپەر

کە باسی کۆمەڵەی خۆر دەکرێت زۆربەمان تەنیا بیرمان بۆ خۆر و هەسارەکانی دەچێت لەگەڵ ئەو کۆمەڵە مانگەی بە دەوری هەسارەکان دەسوڕێنەوە، بەڵام بە چواردەوری کۆمەڵەی خۆر لە دوای خولگەی هەسارەی نیپتۆن و لە دووری ٤٣٠٠ ملیۆن کیلۆمەتر (کە دەکاتە ٢٨ یەکەی گەردوونی) لە خۆر پشتێنەیەک دەست پێدەکات تاوەکو دووری ٧٥٠٠ ملیۆن کیلۆمەتر (٥٠ یەکەی گەردوونی) و پێی دەوترێت (پشتێنەی کەیپەر Kuiper. Belt).

ئەم پشتێنەیە چوار قەزەمە هەسارەی تێدایە کە ئەوانیش (پلۆرۆ، مێکمێک، و هامویا و ئیریس)ن، هەروەها پتر لە ١٠ هەزار هەسارۆکە و کلکداری تێدایە، هەموو ئەوانە وەکو هەسارە ناسراوەکانی کۆمەڵەی خۆر بە دەوری خۆر دەسوڕێنەوە لە خولگەی جیاواز، نزیکەی ٢٠٠ لەو هەسارۆکانە تیرەکانیان دەگاتە ٣٠٠ کیلۆمەتر، ئەوانی تر بچووکترن.
هەروەها پشتێنەی کەیپەر کۆمەڵێکی زۆر کلکداری تێدایە هەندێکیان تیرەکانیان دەگاتە دەیەها کیلۆمەتر، تا ئێستا ناسا پتر لە هەزاری لەوانە دەست نیشان کردووە، ناودارترینیان کلکداری (هالی) یە کە ٧٦ ساڵ جارێک لە خولگەیەکی هێلکەییدا جارێک بە دەوری خۆر دەسوڕێتەوە و ئەو کاتە بۆ چەند مانگێک لە ئاسمانی گۆی زەوی بە جوانی دەبینرێت، دواجار لە ساڵی ١٩٨٦ بە دیارکەوت.
ڕێژەیەکی باشی ئاو بە شێوەی بەستوو لە گەلێک لەو کلکدارانە هەیە و لە ئەنجامی چاودێری و لێکۆڵینەوەکانی دەرکەوتووە بڕی ئەو ئاوەی لەسەر گۆی زەوی هەیە لە ئەنجامی پێکدادانی هەندێک لەو کلکدارانە گەیشتۆتە سەر زەوی لە سەرەتای دروستبوونی گۆی زەویەوە تاکو بەر لە سەدەها ملیۆن ساڵ.
پلەی گەرمی لەسەر هەسارۆکەکان و کلکدارەکانی پشتێنەی کەیپەر زۆر کەمە و تا ٢٤٠ پلەی سەدی لە ژێر سفرەوەیە، لەبەر ئەوە هەموو ئەو بڕە ئاوە یان گازی میثانەی هەیە لە دۆخی بەستوو دایە.
شایانی باسکردنە کە پشتێنەیەکی هاوشێوە لە ناو کۆمەڵەی خۆریش هەیە پێی دەووترێت پشتێنەی هەسارۆکەکان و بە پشتێنەی ناوەوە ناسراوە، بەڵام زۆر بچووکترە لە پشتێنەی کەیپەر و دەکەوێتە نێوان خولگەی هەسارەی مەریخ و هەسارەی موشتەری.


سەرچاوەکان



991 بینین