تیرۆر

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-26-17:25:00 - کۆدی بابەت: 1642
تیرۆر

ناوه‌ڕۆك

تیرۆر

لە کۆتایی سەدەی ١٩ لە نێوان ساڵانی (١٨٩٤ تا ١٩٠١) پێنج سەرۆک تیرۆر کران، بریتی بوون لە سەرۆک و شای (فەڕەنسا، نەمسا، ئیسپانیا، ئەمریکا، ئیتاڵیا)، دوای لە ساڵی ١٩١٤ جێنشینی نەمسا (ئەرشیدوک فردیناند) و خێزانەکەی لەلایەن (پرانسیپ- قوتابیەکی سربی سەر بە ڕێکخراوی -کف الأسود- بوو) تیرۆر کران و جەنگی جیهانی یەکەمی لێ هەڵگیرسا، ئیتر ئەو ڕووداوانە بوونە هۆی لێکۆڵینەوەی لە زاراوەی تیرۆر، لە سەردەمی (عصبة الأمم)یش لە ساڵی ١٩٣٤ شای یۆگۆسلاڤیا (ئەلکسەندەری یەکەم) تیرۆر کرا، لەگەڵ زۆر ڕووداوی تر دژ بە دەسەڵات وایکرد تیرۆری دژ بە دەوڵەت ببێتە مادەی لێکۆڵینەوە وەک بەندێکی یاسای نێودەوڵەتی، بۆ یەکەم جاریش لە مادەی (٢)ی (عصبة الأمم) سیفەت و سروشتی تیرۆر دیاری کرا، ئیتر بووە مادەیەکی نێودەوڵەتی.

ئەگەر چی (تیرۆر) وشەیەکی لاتینیە، بەڵام لەو سەردەمە بە هەموو زمانەکان بەکاردێت، یان لە هەندێ زماندا وشەیەکی هاوتایان بۆ داتاشیوە، لە عەرەبیدا (إرهاب)یان لە بەرامبەر داناوە، بەڵام تەواو مانا و مەبەستی تیرۆر- بە مانای ڕەشەکوژی- نادا، ئیرهاب بە تۆقاندن و زەندەق بردن دێت، یان وەک لە فەرهەنگی (إعرف مذهبک) دا هاتووە ئیرهاب زیاتر لە (Totalitarzm) نزیک ترە، واتە مەرج نییە ئەنجامی کردەوەکەی دابێت، لە کاتێکدا تیرۆر - لە مانای ئێستادا - بە کوشتن و ئەنجامدانی کردەوەکەی دێت، وەک لە دوای زیاتر دەردەکەوێ جیاوازیان هەیە.

تیرۆر (بە تایبەتی تیرۆری سیاسی) زۆر مشت و مڕی لەسەرە لە بارەی: بنەچەکەی، شمولیەتی، ناسنامەی ... ئایا هەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و زادەی لایەنی شەڕی ئادەمیزادە یاخود سروشتیە و ڕەسەنایەتی خۆی هەیە؟ پەیوەستە بە قۆناێکی مێژوویی یان بە تەریبی لەگەڵ مێژووی مرۆڤ هاتووە؟ هەمیشە سەلبیە یان جار جاریش ئیجابی هەیە؟ ئایا جیاوازی لە نێوان تیرۆر و تیرۆری سیاسی هەیە؟ کەواتە تیرۆری سیاسی لە کەیەوە پەیدابووە و کێ هەمیشە و ئێستاش بەکاری دەهێنێ؟ ئایا تیرۆر ناسنامەی هەیە؟ پێناس و نیشانەکانی چییە؟ بۆچی تا ئێستا پێناسە سیاسیەکانی بەپێی ئەو یاسا (نادادگەریەنەش) هەر نەخراوەتە قاوغێک؟ ئایا پێوانەی کۆتایی بۆ دیاری کردنی کاری تیرۆرستی و تیرۆر چییە؟ ...

کەم زاراوە هەیە بە ئەندازەی تیرۆر مشتومڕ و قەبارەی جیاوازی هەڵگرێت، هۆیە سەرەتایەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زاراوەیەکی زیاد لە پێویست سیاسیە، زادەی جم و جۆڵی بەشەری و ڕۆژئاوای دوورە ئاینییە، کەمتر بناغەی فکری هەیە، بۆیە بواری لێک کێشانەوەی بەو سەرو بەم سەر گەلێک زۆرە، هەتا ساڵی ١٩٨٣ (٢٠٩) پێناسەی ڕەسمی جیاجیای لێ تۆمار کراوە، ئێستا گەیشتۆتە هەزاران، بە پێچەوانەی چەمکە ڕەسەنەکان کە داکوتراروێکی فکری و شەرعی هەبێت کەمتر دەتوانێ ئەوەندا مانا جیاجیایە هەڵگرێ.

بنەچەی تیرۆر

لە سەرچاوە فەرهەنگە کۆن و نوێکانی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوای وەک ابن کثیر، لسان العرب، فەرهەنگی فەڕەنسی ١٩٦٤، فەرهەنگی ڤۆڵتێر (١٧٠١) فەرهەنگی ڕیشیلە ١٧١٩ .. تا دەگاتە فەرهەنگی جۆزی ١٩٣٩ و دائرە المعارف ١٩٧٣، موسوعە العالمیة، (G.b.Encyclpidioe)ی بەڕیتانیا و فەرهەنگی بەناوبانگی ئۆکسفۆرد.. هەمووی مانای تیرۆر لە سێ خاڵی سەرەکی کۆدەکەنەوە:

١- مانای ترس و توندوتیژی و تۆقاندنی سایکۆلۆجی.
٢- دەسەڵاتداران و خاوەن هێزەکان لە دژی خەڵکی لە خۆیان بێ هێزتر وەک (تۆقاندن) بەکاریان هێناوە.
٣- هەندێ جاریش بە ڕەفتاری لەشکری داگیرکەر یان دادگە بێ بەزەییەکانیش وتراوە تیرۆر.

کەواتە زۆر کۆنە، بەڵام وەرگرڕانی لە مانایەکی: کۆمەڵایەتی بۆ سیاسی، لە سایکۆلۆجی بۆ ئایدۆلۆجی، لە تاکی بۆ کۆیی ... ئەوا هەموو توێژینەوەکان یەک ڕان کە لە دوای شۆڕشی فەڕەنسی ١٧٨٩ هاتووە کاتێ ( ڕۆبپسپیر، گۆستۆ، گۆدون) لە ٢ ساڵی فەرمانڕەوایان بە ناوی دروشمەکانی شۆڕش و ئازادی کۆمەڵێک فەرمانی (تیرۆرانەیان) جاڕدا، بەسەر دێری (شمشێری یاسا لەسەر ملی توان باران) لە دژی ناحەزانی شۆڕش یان ڕاست تر بڵێین وەک ئێستا ئاسا (لە دژی دەسەڵاتی خۆیان) کە بەڕەسمی لە ئەنجومەنی نیشتیمانی و دەزگا مەدەنییەکانی فەڕەنسی داڕژا، پێیان وترا (پەیڕەوانی ئایدیۆلۆژیای چاکۆپیان)، لە دوای کەوتنی (ڕۆسپێر) بە (٢) ڕۆژ لە ٢٩/٧/١٧٩٢ لە گۆڕەپانی شۆڕش بە تاوانی (تیرۆریزم) لە سێدارە دەدرا، ئیتر لە دوای ئەو ڕووداوە چەمکی تیرۆریزم باوی وەرگرت و لە دیاردەیەکی سایکۆلۆجی پەڕیەوە بۆ سۆسیۆلۆجی، لە تاکەوە بۆ کۆ، لە ڕەمەکیەوە بۆ ڕەسمی، لە کۆمەڵایەتی بۆ سیاسیشەوە، .. لە سەدەی ڕابردووش زیاتر لە فاشیەکان دەوترا تیرۆریزم وەک لە فەرهەنگی ئەو سەردەم دەردەکەوێ، بەڵام سیاسەتمەدارانی جاران (تیرۆری سیاسیان) بە گشتی دەدا پاڵ ڕاڕەوی میکاڤیلی، چونکە ناڕەواترین ئامڕازێکە کە پێی بگەیتە ئەنجام و تەنهاش لە ڕاڕەوی میکاڤیلی بۆ کاری سیاسی حلال کراوە ... لە هەموو بارێکدا ئەسڵەکەی کە تۆقاندنی خەڵکییەوە هاتووە لە لایەن کاربەدەستان و تاوانباران، بۆیە هەموو فەرهەنگەکان تا دوای نیەوەی سەدەی (٢٠)یش بەو شێوەیە تیرۆریان ڕاڤە کردووە، هەر بە نموونە (قاموس السیاسي) لە ساڵی ١٩٦٧ نووسراوە پێناسی وەک خۆی ئەوەیە: (محاولة نشر ذعر والفزع لأغراض السیاسیة والإرهاب وسیلة تستخدمگا حکومە استبدادیة لإرغام الشعب علی الخضوع والإستسلام لها أو علی شعب من شعوب لإشاعة روح الإنهزامیة) لە دوای ١٩٧٠ - ١٩٨٠ گۆڕدرا زیاتر بە بەرگرتی میللەت دژی دیکتاتۆری وتراوە تیرۆر بێ ئەوەی ناو و هۆی (کردەکە-فعل) بەیان بکرێت کە دەسەڵاتە دیکتاتۆریەکانن، لە ڕاسیدا لە ڕیزی میللەت و بێ دەسەڵاتانیش کاری تیرۆریشتی هەیە. بەڵام زۆربەی کاردانەوەی هەڵسوکەوتنی دەسەڵاتدارانە، لە سیستەمی نوێ زیاتر لە (کار) باز دەدەن بۆ سەر (کاردانەوە) و دەیخەنە ژێر میکرۆسکۆب و دواییش دادگا، تێکەڵەیەکی ناڕەوا هەیە لە سنوور و مانا و چەمکەکان، پێویستی بە لێک جیاکردنەوە هەیە،، لە لایەک کۆمەڵێک بڕیاری یاسای نێودەوڵەتی هەیە سەبارەت بە بەرگری گەلان لە مافی چارەی خۆ نووسی وەک: پەرەگرافی (٣) ی مادەی (١) المقاصد، بڕیاری ژ: ١٥١٤ی خولی (١٥)ی ساڵی ١٩٦٠ز، وە بڕیاری ٢٦٢٥ی ٢٤/ئۆکتۆبەر.١٩٧٠ و تیایدا مافی بەرگری چەکداریشی دا، زۆری تریش گەلی جاریش لەگەڵ تیرۆر تێکەڵ کراون.

ئیرهاب-تیرۆر-توندوتیژی

ئەوانە بە گشتی لێک جیان، لە فەرهەنگی میللەتە تێکشکاوەکانی جیهانی سێیەم بە حوکمی لاسایی کردنەوە و کلکایەتی هەرسێک تێکەڵ کراون، لە کۆتاییدا ئێمەیین زەرەرمەند تیایدا، چونکە تێکەڵ کردنی چاک و خراپە، ڕەسەنو ناڕەسەن، یاسا و نایاسایی، ... لە کاتێکدا تیرۆر بەو مانایەی ئێستای ''ڕەشەکوژی''، سەلبیە، زۆر جیایە لەگەڵ توندوتیژی و ئیرهاب (نەک ئیرهابی سیاسی) کە ئەو دووەی دوای مەرج نییە هەموو دەم سەلبی بن، جار وایە زۆر پێویستن، لە سنووری خۆشی یاسایەکی گەردوونی و سروشتی و مرۆڤایەتییە، وەک لە خواتەوە بە خێرایی باسی دەکەین.


سەرچاوەکان

3102 بینین