بێبەش كردنی منداڵ لە شیری دایك

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-05-12:19:00 - کۆدی بابەت: 1968
بێبەش كردنی منداڵ لە شیری دایك

ناوه‌ڕۆك

بێبەش کردنی منداڵ لە شیری  دایک

پزیشکان و پسپۆڕانی بواری منداڵان، شیری دایک (سروشتی)، بە باشترین شیر دەژمێرن، چونکە لە گشت شیرەکانی دیکە گونجاوترە بۆ منداڵ، هەروەها پێکهاتەکەیشی زۆر دەوڵەمەندە بەو ماددانە، کە پێویستن بۆ گەشەی منداڵ و پاراستنی لە هەموو جۆرە نەخۆشییەکان.
یەکێک لەو هەڵانە، کە باوان بە گشتی و دایک بە تایبەتی دەرهەق بە منداڵ دەیکات، بێبەشکردنی منداڵە لە شیری خۆی.
ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • کارکردنی ئافرەت لە دەرەوەی ماڵەوە و بردنی منداڵ بۆ دایەنگە، یان سپاردنی بە کەسێکی دیکە.
  • هەبوونی ترس لەوەی جوانی خۆی لەدەست بدات.
  • بەهۆی ئازاری جەستەیی، نەنووستن و شەکەتی.
  • هەندێ پیاو، ڕێگرن لە شیرپێدانی دایک بە منداڵ، بۆ ئەوەی کاتیکی زیاتر لەگەڵ هاوسەرەکانیان ببەنەسەر و پشتگوێ نەخرێن.
  • هەبوونی کێشەی خێزانی لە نێوان پیاو و ژن.
  • دووری دایک لە منداڵ، بەهۆی گرتن یان دوورخستنەوە یان سەفەرکردنی بۆ دەرەوەی وڵات.
  • نەخۆشکەوتنی دایک.

ئەڵبەتە دایک ئەگەر دڵسۆز بێت و بەرژەوەندی منداڵەکەی لەبەرچاو بگرێت، نابێ بەبێ هەبوونی پاساویکی یاسایی و شەرعی، شیر لە کۆرپەکەی ببڕێت، چونکە شیری دایک، هەم مافە، خودای مەزن بە منداڵی بەخشیوە، هەمیش سەرچاوەیەکی سەرەکیی ژیانە بۆ منداڵ، سەرەڕای ئەوە، هیچ شیرێکی دیکە شوێنی ئەو شیرە ناگرێتەوە و نابێتە جێگرەوەی شیری دایک و قەرەبووی ناکاتەوە، بۆیە کەس بە دایکی منداڵیشەوە، مافی ئەوەی نیەی ئەو مافە ڕەوایە لە منداڵ بسەنێتەوە.
بێگومان منداڵ لە شەش مانگی یەکەم، تا دوو ساڵی تەواو دەکات، زۆر نیازمەندی شیری دایکە، چونکە شیری دایک لەگرنگییەکی زێدە بەهرەمەندە و زۆر پێویستە بۆ منداڵ، تاکو پێداویستییە جەستەیی و سۆزداری و ژیری و هزرییەکانی خۆی پێ دابین بکات.
بەڵگە زانستییەکانی ئەم سەردەمەش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە شیری دایک (سروشتی)، زۆر باشترە لە شیری ناسروشتی و دەستکرد.
بۆ نموونە ڕێکخراوی (یونسێف)، کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە و تایبەتە بە بواری منداڵانەوە، جەخت لەسەر ڕاستیی بایەخ و گرنگی شیری (دایک) دەکاتەوە و، پێی وایە هاندانی جیهانی سێیەم بۆ شیردانی سروشتی بە کۆرپەلە، ساڵانە گیانی نزیکەی ملیۆن و نیوێک منداڵ لە مردن ڕزگار دەکات.

زیانەکانی بێبەشکردنی منداڵ لە شیری دایک

ئەڵبەتە، کاتێ منداڵ لە شیری دایک بێبەش دەکرێ، ڕوبەڕووی زیانێکی زۆر دەبێتەوە، کە لە چەند خاڵێکدا چڕیان دەکەینەوە:

  • لە رووی گەشەی جەستەیی و هزری و زاستی دەروونیەوە ڕووبەڕووی کێشە دەبێتەوە و وەک پێویست گەشە ناکات.
  • زانایان پێیان وایە ١٣٪ ی مردنی منداڵ، بۆ پێنەدانی شیری دایک و بەدخۆراکی دەگەڕێتەوە.
  • دەبێتە هۆی بیرکۆڵی و کەم زەینی و گەشەنەکردنی مێشک.
  • دەبێتە هۆی قەڵەوی و زیادکردنی کێش.
  • توشبوون بە نەخۆشی ڕەبۆ.
  • بێبەشبوونی منداڵ لە پێکهاتە سەرەکییەکانی خۆراک.
  • کەمیی بەرگری لەش و کەمی ماددەی ئاسن.
  • کەمی ئەنزیم و هۆرمۆنەکان.
  • توشبوون بە نەخۆشی شەکرە و شێرپەنجە.
  • بێبەشبوونی منداڵ لە سۆز و خۆشەویستی دایک.
  • باری سەرشانی دایک و باوک قورس دەکات، چونکە دابینکردنی شیری دەستکرد، پێویستی بە پارەیەکی زۆر هەیە.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

پێویستە لەسەر باوان، لەسەر ئەوە ڕێکبکەون کە (شیردان)، یەکێکە لە مافە سەرەکییەکانی منداڵ، بۆیە دەبێ بڕیار بدەن کە ئەو مافە بۆ منداڵ مسۆگەر بکەن و لە شیری دایک بێبەشی نەکەن، تاکو لە نەخۆشییەکان بەدوور بێت و بە شێوەیەکی سروشتی و تەندروست گەشە بکات و بتوانێ بۆ خۆی و کۆمەڵگەکەی کەسیكی سوودبەخش بێت لە گشت کایەکانی ژیاندا ئەسپی خۆی تاو بدات، چونکە شیری دایک ئەم سوود و قازانجانەی بۆ منداڵ هەیە:

  • شیرێکی سروشتی و خۆڕسکە.
  • پڕە لە پڕۆتین و ڤیتامین و ئاسن.
  • شیرێکی ساز و ئامادەیە.
  • شیرێکی لەبار و گونجاوە.
  • شیرێکی تەندروستە.
  • پلەی گەرمی شیرەکەی مامناوەندییە، نە زۆر گەرمە نە زۆر ساردە.
  • شیری دایک، سۆز و خۆشەویستی لە نێوان دایک و کۆرپەکەیدا زیاد دەکات.
  • شیری دایک پاک و خاوێنە.
  • شیری دایک لە بەردەستە و بە ئاسانی و لە هەر کات و ساتێک ویستمان دەستمان دەگاتێ.
  • شیری دایک هەرزانترین شیرە لە ڕووی تێچوونەوە.
  • شیرەکە هەردەم نوێیە، بۆیە دوورە لە ئەگەری ئاڵۆدەبوون بە میکرۆب.
  • شیری دایک بۆ هەرسکردن ئاسانە.
  • شیری دایک ڕێگرە لە بەردەم قەڵەو بوونی دایک و کۆرپە.
  • شیری دایک بە گوێرەی گەشەکردنی منداڵ، بەردەوام لە زیادبوون دایە و زیاد دەکات.
  • شیری دایک لە کەرەستە پێویستەکان پێکهاتووە، کە یارمەتی گەشەکردنی مێشک و دەزگای دەماری منداڵ دەدات، ئەم گەشەکردنەش پێش لەدایکبوونی منداڵ دەستپێدەکات و ٧٥٪ گەشەکردنی خۆی لەو دوو ساڵەدا تەواو دەکات.
  • شیری (دایک)، دوای لەدایک بوون، یارمەتی (رەحم) ی دایک دەدات، تاکو بگەڕێتەوە ئاستی سروشتی خۆی، واتە پێش سکپڕی، هەروەها دەیپارێزێ لە ئەگەری توشبوون بە خوێنبەربوون (نزیف)ی دوای لەدایکبوونیش.
  • شیری دایک یەک جۆرە شیرە و ئەم شیرە بۆ گشت قۆناغەکانی شیردان گونجاوە، بەڵام شیری دەستکرد، فرە جۆرە و هەر شیرێک لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی شیردان دەدرێ بە منداڵ.
  • منداڵەکە بە هۆی شیری دایکیەوە، لە زۆرێک لە نەخۆشییەکان پارێزراو دەبێت.


سەرچاوەکان

301 بینین