ناوهڕۆك
لەبەرچاونەگرتنی تایبەتمەندی و جیاتاکییەکانی منداڵ
هەڵەیەکی دیکە لەو هەڵە گەورانەی کە زۆرێک لە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە لەبەرچاونەگرتنی تایبەتمەندی و جیاتاکییەکانی منداڵ، ئەمەش بۆ کۆمەڵێک هۆکار دەگەڕێتەوە، لەوانە:
- نەزانین و نەشارەزایی دایک و باوک بە فەلسەفەی پەروەردە و فێرکردن.
- هەبوونی کێشەی خێزانی.
- ئاشنانەبوون بە قۆناغەکانی گەشەکردنی منداڵ.
- چاولێکەری کوێرانە.
- نزمی ئاستی زانستی و پەروەردەیی و ڕۆشنبیری دایک و باوک.
- ئاشنا نەبوون بە بنەما زانستیی و پەروەردەییەکان.
- بەهەند وەرنەرگرتنی بەها ڕەوشتی و پەروەردەیی و زانستییەکان.
- نەبوونی پەروەردەیەکی تەندروست لە ناو خێزاندا.
ئەڵبەتە زانایان پێیان وایە قۆناغی منداڵی گرنگترین و هەستیارترین قۆناغی گەشەکردنی مرۆڤە، بۆیە ئەگەر تایبەتمەندی و جیاتاکییەکانی منداڵ بێنە بەرچاوگرتن و بە شێوەیەکی زانستییانە و بابەتییانە بێتە پەروەردەکردن و تێگەیاندن و پێگەیاندن، ئەوا بێگومان لە قۆناغەکانی دیکەش دا سەرکەوتوو دەبێت و دەتوانێ لە گەشت کایەکانی ژیاندا ئەسپی خۆی تاو بدات، بەڵام ئەگەر تایبەتمەندی و جیاتاکییەکانی منداڵ نەهێنە بەرچاوگرتن و بە شێوەیەکی نازانستییانە و ناپەروەردەییانە هاتە پەروەردەکردن، ئەوا بێگومان کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر باقی قۆناغەکانی دیکەی ژیانی جێدێڵێت، بۆیە لەبەرچاونەگرتنی تایبەتمەندی و جیاتاکییەکانی منداڵ زیانێکی زۆر بە خودی منداڵ دەگەیەنێت، کە گرنگترینیان ئەمانەن:
لە ئەنجامی لەبەرچاونەگرتنی تایبەتمەندی و جیاتاکییەکانی منداڵ، دەکرێ منداڵ ڕووبەڕووی کۆمەڵێک نەخۆشی و ڕەوشتی جەستەیی و دەروونی بێتەوە، وەک: دزی، درۆ، ترس، تووڕەیی، قەڵەوی، دڵتەنگی، نیگەرانی، دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و پەرێشانی و ...تاد.
- بێبەشبوون لە بەهرە و تواناکانی خۆی.
- راکردن لە بەرپرسیارییەتی.
- خۆدزینەوە لە ئەرک و کارەکانی.
- بڕوابەخۆنەبوون.
- ناتوانێ پشت بە تواناکانی خۆی ببەستێت.
- ناتوانێ پەی بە توانا و بەهرەکانی خۆی ببات.
- لە هاوڕێیانی دوادەکەوێت.
- کەسێکی تەمبەڵ و تەوەزەڵ دەبێت.
- لە خوێندندا سەرکەوتوو نابێت.
- لە ژیاندا ڕووبەڕووی شکست دەبێتەوە.
چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە
بۆ ئەوەی دایکان و باوکان چیتر تایبەتمەندی و جیاتاکییەکانی منداڵ فەرامۆش نەکەن و ئەو هەڵەیە دووبارە و چەندبارەی نەکەنەوە بە شێوەیەکی واقعبینانە سەرەدەری لەگەڵ منداڵ بکەن، پێویستە ئەم هەنگاوانەی خوارەوە هەڵگرن:
- دەبێ ئآشنا بن بە فەلسەفەی پەروەردەکردنی منداڵ.
- دەبێ ئاشنا بن بە قۆناغەکانی گەشەکردنی منداڵ.
- دەبێ پێداویستییە دەروونی و جەستەییەکانی منداڵ دابین بکەن.
- دەبێ پەی بە توانا و بەهرەکانی منداڵەکانیان ببەن.
- دەبێ لەسەر هەمان بابەت، پرس و ڕاوێژ بە کەسانی شارەزا و پسپۆر بکەن.
- دەبێ هەست بە بەرپرسیارییەتی بکەن.
- نابێ خۆیان لە ئەرک و کارەکانیان بدزنەوە.
- لە کاتی سەرەدەریکردندا، دەبێ تایبەتمەندی و جیاتاکییەکانی منداڵان بناسن و لەبەرچاو بگرن.
- دەبێ بە شێوەیەکی زانستییانە و بابەتییانە و پەروەردەییانە سەردەری لەگەڵ منداڵ بکەن.
- دەبێ کار بکەن بۆ دۆزینەوەی خاڵە بەهێز و لاوازەکانیان، بۆ ئەوەی پەرە بە خاڵە بەهێزەکانیان بدرێت و خاڵە لاوازەکانیشیان بەهێز بکرێت.
- دەبێ هاندەری سەرەکی بن بۆ گەشەدان بە بەهرە و تواناکانی منداڵەکانیان.
- دەرگای ئاسانکاری بخەنە سەر پشت بۆ سەرکەوتنی منداڵ لە گشت کایەکانی ژیاندا.