لاوازی پەیوەندی نێوان دایک و باوک و منداڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-06-18:55:00 - کۆدی بابەت: 2030
لاوازی پەیوەندی نێوان دایک و باوک و منداڵ

ناوه‌ڕۆك

لاوازیی پەیوەندیی نێوان دایک و باوک منداڵ

هەبوونی پەیوەندییەکی توندوتۆل و پتەو لە نێوان دایکان و باوکان و منداڵەکانیان، نەک هەر کارێکی باشە، بگرە زۆر پێویستیشە، چونکە هەبوونی ئەم جۆرە پەیوەندییە دەبێتە بەردی بناغەی خۆشەویستی و هاوکاری و لێکتێگەیشتن و پێکەوە هەڵکردن، وەلێ مخابن! هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە لاوازی پەیوەندی لە نێوان ئەوان و منداڵەکانیان، واتە، پەیوەندییەکە هێندە لاوازە، لەسەر لێواری پچڕان و دابڕاندایە، بە پلەی یەکەمیش باوان بەرپرسیارن!
هۆکارەکەیشی بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • دووری دایک و باوک یان هەردووکیان لە منداڵەکانیان، بەهۆی کۆچ یان نەخۆشی، یان کار یاخود هەر حاڵەتێکی دیکەی لەو جۆرە.
  • بێ بەزەیی و دڵرەقیی دایک و باوک.
  • هەستنەکردن بە بەرپرسیارییەتی.
  • دڵرەقی و توندوتیژی دایک و باوک بەرامبەر بە منداڵەکانیان.
  • خۆدزینەوە لە ئەرک و کارەکانیان.
  • ئاشنانەبوونیان بە شێوازە دروستەکانی پەروەردە و فێرکردن و نەبوونی ڕۆشنبیری پەروەردەیی.
  • گۆشەگیری و دوورەپەرێزی دایک و باوک لە خەڵک.
  • هەبوونی کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتی.
  • هەبوونی نەخۆشی و ناخۆشی دەروونی و جەستەیی.
  • هەژاری و فرەکاری.

بێگومان هەبوونی پەیوەندییەکی لاواز لە نێوان باوان و منداڵەکانیان، زیانێکی زۆر بە خودی باوان و خێزان و کۆمەڵگە و منداڵەکانیان دەگەیەنێت، کە ئەو زیانانەی لە چەند خاڵێکدا چڕدەکەینەوە:

  • منداڵ متمانەی بە دایک و باوکی نامێنێ.
  • منداڵ ناتوانێ پشت بە توانا و بەهرەکانی خۆی ببەستێت و متمانەی بە خۆی نامێنێت.
  • منداڵ هەست بە نیگەرانی و دڵەڕاوكێ و خەمباری دەکات.
  • منداڵ هەست بە ترس و بیم دەکات.
  • هەست و سۆزی منداڵ بەرامبەر دایک و باوکی لاواز دەبێت.
  • منداڵ لە دایک و باوکی دوور دەکەوێتەوە.
  • منداڵ دەبێتە کەسێکی گۆشەگیر و دوورەپەرێز.
  • منداڵ دەبێتە هاوڕێی کەسانی خراپ و لاسار و سەرەڕۆ.
  • منداڵ هەست بە بەرپرسیارییەتی ناکات.
  • منداڵ لە دروستکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ خزم و کەس و هاوڕێیانیدا سەرکەوتوو نابێت.
  • مندال ناتوانێ بە شێوەیەکی تەندروست گەشە بکات، جونکە نەبوونی پەیوەندییەکی تەندروست لەگەڵ ماڵەوە و ژینگەی قوتابخانە و دەرەوە، کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر کەسایەتی ئەو جێدێڵێت.
  • دایک و باوک و منداڵ بە چاوی گومانەوە سەیری یەک دەکەن.
  • خێزان و کۆمەڵگە لە توانا و بەهرەکانی ئەم جۆرە منداڵانە بێبەش دەبن.
  • لاوازیی ئەم جۆرە پەیوەندییە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کێشە و سەرئێشە بۆ خێزان و کۆمەڵگە، هەروەها دەبێتە هۆی پەرتەوازەیی کۆمەلایەتی و خێزانی و ماڵجیایی ئەندامانی خێزان.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی دایک و باوک پردێکی پتەوی پەیوەندیی لەگەڵ منداڵەکانیان دروست بکەن و لە رێگەی ئەو پەیوەندییەوە نەوەیەکی دانا و زان و بەتوانا و وشیار و بیدار و تێگەیشتوو و پێگەیشتوو پێشکەش بە کۆمەڵگە بکەن، دەبێ بە پەیوەندییە نەرێنی و لاوازەکانی خۆیاندا بچنەوە و ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بهاوێژن:

  • دەبێ پەیوەندی باوان لەگەڵ منداڵەکانیان لەسەر بناغەی خۆشەویستی و ڕێزگرتن و لێبوردەیی بێت و بەردەوام بێت.
  • نابێ باوان لە سەرەدەریکردنیاندا لەگەڵ منداڵەکانیان پەنا بۆ قسەی ڕەق و زبن ببەن.
  • دەبێ کێشەکانیان بە دانوستان و گفتوگۆ چارەسەر بکەن.
  • دەبێ ڕێز لە منداڵەکانیان بگرن و نەیانشکێننەوە.
  • دەبێ بە شێوەیەکی زانستییاەن و پەروەردەییانە سەرەدەری لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن.
  • دەبێ خۆیان لە هەڵچوون و تووڕەبوونی ئاگرین بپارێزن.
  • دەبێ کەشێکی گونجاو لە ناو خێزاندا فەراهەم بکەن، بۆ ئەوەی هەموو ئەندامانی خیزان بتوانن پێکەوە هەڵ بکەن.
  • دەبێ باوان خۆ لە ستەم و زۆرداری بپارێزن.
  • دەبێ باوان خۆ لە نادادپەروەری بپاریزن و بە یەک چاو سەیری هەموو منداڵەکانیان بکەن.


سەرچاوەکان



1954 بینین