کەسایەتیی enfj

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2024-03-23-01:08:00 - کۆدی بابەت: 12239
کەسایەتیی enfj

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کەسایەتیی پاڵەوان (بە ئینگلیزی: Protagonist) یاخود enfj کورتکراوەی (the Extraverted, Intuitive, Feeling, and Judging personality، بە کوردی: کەسایەتیی کۆمەڵایەتی، خەیاڵاویی، بڕیاردەر بە دڵ و پلاندانەر و ڕێکخراو) جۆرێکە لە ١٦ کەسایەتییەکانی ئێم بی تی ئای MBTI، MBTIــیش یەکێکە لە بڵاوترین تاقیکردنەوەکانی دیاریکردنی جۆری کەسایەتی. enfj لە ڕێکخەرە نمونەییەکانن، هەوڵدەدەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو شتانەی کە باشترینە بۆ مرۆڤایەتیی. بەهۆی لێهاتووییان بۆ بینینی توانا و خولیای کەسانی تر و کاریزماکەیان لە قایلکردنی خەڵک بە بیرۆکەکانیان، زۆرجار وەک هاندەری گەشەی مرۆیی کار دەکەن. سەرنج دەخەنە سەر بەهاکان. enfj بەشێوەیەکی ئاسایی زۆر بە وزە و سەرقاڵن. دەزانن کەسانی دەوروبەریان پێویستیان بە چییە و بیر لەچی دەکەنەوە و ئاگاداری ئازارەکانیانن.

ئەوان گەشبینن و بە ئەرێنی بیر لە داهاتوو دەکەنەوە، هەل و دەرفەتەکان بەکاردەهێنن بۆ بەرەوپێشبردنی خۆیان. enfj بەرزیخوازن، بەڵام بەشێوەیەکی خۆپەرستانە نا، بەڵکو، ئەوان هەست بە بەرپرسیارێتی کەسیی دەکەن بۆ ئەوەی جیهان بکەنە شوێنێکی باشتر. enfj یەکێکە لە دەگمەنترین جۆرەکانی mbti لە دانیشتواندا، بە تایبەتی بۆ پیاوان. لە نێو پیاواندا، دووەم جۆری دەگمەنە. کەسایەتیی پاڵەوان بە ڕێژە بەم شێوەیەیە: 3٪ ی دانیشتوانی گشتی، 3٪ ی ژنان، 2٪ ی پیاوان. لەسەر پێوەری تایبەتمەندیی کەسایەتی، وەک کەسایەتیی چالاک و دڵخۆش و کۆمەڵایەتی و داواکەر و بێ ئارام و بەڕێز و خۆگونجان تۆمار کراوە. خولیا بەناوبانگەکانی enfj بریتین لە: ڕێکخستنی بۆنە کۆمەڵایەتیەکان، خوێندنەوە، هونەر، مۆزەخانەکان، چیرۆک گێرانەوە، گوێگرتن لە مۆسیقا، نووسین و چێشتلێنان.

خاڵە بەهێزەکانیان

‌ئاشتیی پارێزن، ئەوان پەیوەندی ئەرێنی و ئاشتیخوازی بە ڕێگای ڕاست و بەدیهێنانی ئامانجەکانیان دەبینن، حەزیان بە یەکگرتوویییە. هەرەوەزکەرن و حەزیان بە کاری بەکۆمەڵە، کاتێک کارێک بە تەنها دەکەن بێزار دەبن. قسەکەری باشن، یەکێکە لە کلیلەکانی سەرکەوتنی ئەم کەسایەتییە. هەر کاتێک قسەبکەن بێ هەوڵدانێکی زۆر دەتوانن سەرنجی خەڵک ڕابکێشن. ‌قایلکەرن، قایلکردنی چواردەوریان یەکێکە لەو تایبەتمەندیانەی کە ئەم کەسایەتییەی پێ دەناسرێتەوە. بەهۆی ئەوەی کەسانی بەمتمانەن و قسەکەری باشن دەتوانن خەڵک ڕازی بکەن بۆ کردنی ئەو کارانەی دەیانەوێت. بەڵام ئەوان زۆرکات هەوڵی قایلکردنی خەڵک دەدەن بۆ ئەوەی خۆیان بەرەو پێش ببەن و کۆمەڵگایەکی باشتر بنیاتبنێن. ‌توانای سەرکردایەتییان و بەڕێوەبردنیان باشە و لە کاری گرووپدا بۆ ڕۆڵی سەرکردە گونجاون.

خاڵە لاوازەکانیان

‌زۆر خۆنەویستن، خۆ دەربڕینیان کەمە و باسی ژیانی تایبەتییان زۆر ناکەن و هەندێ کات وا هەستدەکەن کەس نایەوێت گوێ لەو قسانەیان بگرێت. ‌ناتوانن بڕیاری سەخت بدەن، بەتایبەتی کاتێک بڕیارەکە لۆجیکی قورسە و پەیوەندی بە هەست و سۆزەوە نییە. زۆرکات لەکاتی بڕیاردان نادادپەروەر دیارن چونکە پێویستییە تایبەتەکانیان دەخەنە پێش پێویستیی کۆمەڵ. زیادەڕەون، زۆر بەپەرۆشی و بە ئومێدەوە لە ژیان دەڕوانن و هەلەکان لەدەست نادەن. هەر هەلێک بێتە بەردەمیان ڕەتی ناکەنەوە و بۆ هەموو کارێک دەڵێن بەڵێ، بەڵام زیادەڕەویکردن لە هەر شتێک زیانی هەیە. لە شتەکان دڵنیانابنەوە پێش کردنی کارێک، ئەم کەسایەتییە کەللەڕەقن کاتێک شتێک دێت بە مێشکیاندا یەکسەر بە پەرۆشییەوە دەیکەن بەبێ بیرکردنەوە لە ئەنجامی کارەکانیان. ‌سەرنج کەم دەخەنە سەر خۆیان، هەمیشە سەنجییان لەسەر کەسانی چواردەوریانە و پشتگیری کەسانی تر دەکەن و هەوڵی گۆڕینییان دەدەن بۆ باشتر بەڵام لەو کاتانەدا هەندێک جار خۆییان لەبیر دەکەن.

پەیوەندییەکانیان 

بە شێوەیەکی ئاسایی قسەکەری باشن، بەهرەمەندن لە بەکارهێنانی وشەکان بۆ پەیوەندی کردن لەگەڵ ئەوانی تر. ئەوان هەست بە خەڵک دەکەن و چێژ لە قسەکردن دەربارەی پەیوەندیەکان وەردەگرن. حەزیان بە یارمەتیدانی ئەوانی ترە بۆ چارەسەرکردنی کێشە کەسییەکان و حەز دەکەن تێگەیشتنی خۆیان لە بارەی خەڵک و هەست و سۆزەکانیان و بیرۆکەکانیان هاوبەش بکەن. ئەوان هەندێک جار هاوسۆزن تا ئەو ڕادەیەی کە زیادەڕەوی دەکەن، لەچواردەوری کەسانی نەرێنی هەست بە ماندوویی دەکەن.

زۆر پشتگیری کەسانی چواردەوریان دەکەن، دەیانەوێت کە خەڵک بزانن کە بیرۆکەکانیان نرخێنراوە. ئەوان باشن لە پەیوەندیکردن لەگەڵ خەڵکی جیاواز. زۆرجار وەکوو مامۆستا وان ڕێگا بە کەسانی تر نیشان دەدەن و یارمەتیان دەدەن بۆ باشترکردنی خۆیان. لە پەیوەندییە خۆشەویستییەکاندا، enfj کەسایەتییەکی یارمەتیدەرە و بە پەرۆشەوە پشتگیریت دەکات. ئەوان هەوڵدەدەن بۆ ئەوەی لە هاوبەشەکانیان تێبگەن و بە هەست و سۆزن و بە کاردانەوەی هاوەڵەکانیان هەستیارن.

ئەم کەسایەتییە بە قوڵی دەکەونە خۆشەویستییەوە، هەروەها هەمیشە ئامادەن کە هەستەکانیان دەربڕن، حەزیان بە پەیوەندی ئاڵۆز نییە، زۆر کات ئەوان یەکەم کەسن کە دەچنە پێشەوە لە پەیوەندییە خۆشەویستییەکان، بۆیە لەو کەسایەتیانەن کە ئەگەری ڕەتکردنەوەیان زیاترە. هەستیارن بە ڕەخنەلێگرتن لەلایەن کەسی بەرامبەرەوە.

ئەم کەسایەتییە وەکوو دایکوباوک کەسانی زۆر بەوزە و بەپەرۆشن و منداڵەکانیان بەرەوپێش دەبەن. ڕێگای ڕاست و خراپ نیشانی منداڵەکانیان دەدەن، هاندەر و پشتگیریکەرن، چاوەڕێی شتی زۆر و داهاتوویەکی باش لە منداڵەکانیان دەکەن بۆیە تووشی بێهیوایی و نائومێدی دەبن کە منداڵەکانیان بەو شێوەیە نین کە دەیانەوێت. کاتێک منداڵەکانیان کارێکی خراپ دەکەن هەست دەکەن شکستیان هێناوە لە بەخێوکردنیاندا.

لە هاوڕێیەتی و پەیوەندیەکانی تر، خەڵک ئەو کەسایەتییە بە پاڵپشتیکەر و دڵخۆشکەر و هاندەر وەسف دەکەن. ئەوان زۆرباشن لە پەیوەندی کردن بە کەسانی ترەوە و ناسراون بە یارمەتیدان بۆ هێنانەدەرەوەی باشترینەکان لەو کەسانەی کە کاتی خۆیان لەگەڵیان بەسەر دەبەن. یەکێک لە باشترین ڕێگاکان بۆ ئەوەی ببێتە هاوڕێیەکی باش بۆ enfj، قبووڵکردنی ئەو پشتگیریەیە کە ئەوان پێشکەشی دەکەن. هەروەها گوێگرتن بۆیان کاتێک قسەدەکەن. 

پیشەکانیان

کەسایەتیی enfj لەسەرکارەکانیان کەسانی چواردەوریان هاندەدەن بۆ گۆڕانکاریی ئەرێنی، شارەزایی باشیان هەیە لە چارەسەرکردنی کێشەکان. حەزیان بە کارکردنی گرووپە، شوێنێک کە بتوانن لەگەڵ هاوپیشەکانیان پشتگیری یەکتر بکەن. زۆرکات لە کاری بەکۆمەڵ ڕۆڵی سەرۆک و بەڕێوبەر دەبینن چونکە توانای ڕێکخستنی خەڵکیان هەیە بۆ ئەو کارانەی کە تێیدا باشترینن. بەتەرکیزن و حەزیان بە کاری بوێرانەیە. ئەو کارانەی کە دووبارەن و نوێگەرییان تیا نییە و هەروەها لە خەڵک دابڕاون بێزاریان دەکات.

دەیانەوێت خۆیان ئەنجامی کارەکانیان ببینن، دەیانەوێت لە هەرشوێنێک کار بکەن سیماییەکی ئەرێنی جێبهێڵن. ئەم کەسایەتییە دەتوانن لە هەر پیشەییەک کاربکەن بەڵام هەندێک کار هەیە کە باشترە خۆیانیان لێ بەدور بگرن و لەوانەیە بێزاریان بکات. بەپێی چەند ئامارێک لەو پیشانەی کە ڕێژەیەکی کەم enfj تێدا بینراوە لەمانەن: (دارتاش، کارەباچی، کاری میکانیک، سەرپەرشتیاری کارگە، شیکەرەوەی سیستەمەکان، نەخۆشیزان، سەربازیی، بەرنامەی کۆمپیوتەر، تەکنیکی ئەندازیاری، ئەندازیاری کیمیایی، ئەندازیاری کارەبا). 

هەندێک لەو پیشانەی کە بۆ enfj گونجاون

(مامۆستا، نووسەر، ڕۆژنامەنووس، ڕاهێنەری وەرزشیی، وێنەگر، وەرگێڕان، بەڕێوەبردن و کاروباری پەیوەندییە گشتییەکان، کاروباری کۆمەڵایەتی، سکرتێر، کاری ڕیکلام، دەڵاڵ، کۆکەرەوەی پارە، ڕۆڵگێڕان، خزمەتگوزارەکانی فڕۆکە، دیزاینەری ناوماڵ، دەرهێنەر، بەڕێوبەری فرۆشتن، پارێزەر، دەروونناس، کۆمەڵناس، مێژوونووس، چاودێریکەری منداڵ، ڕاوێژکاری بۆماوەیی، چارەسەرکەری جەستەیی،  پزیشکی ددان، پسپۆڕی پاپۆلۆجیی زمانەوانی، ڕاوێژکار، پلانەر).


سەرچاوەکان



143 بینین