ئایا جوینی بنێشت یارمەتی دابەزاندنی کێش دەدات؟

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-12-17-21:42:00 - کۆدی بابەت: 10700
ئایا جوینی بنێشت یارمەتی دابەزاندنی کێش دەدات؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئایا جوینی بنێشت یارمەتی دابەزاندنی کێش دەدات (بە ئینگلیزی: Does chewing gum help you lose weight، بە عەرەبی: هل يساعد مضغ العلكة على خفض الوزن). زۆرێک لە خەڵکی پێیان وایە جوینی بنێشت یارمەتی دابەزاندنی کێش دەدات. هەندێک لە توێژینەوەکان ئەم زانیارییە بە ڕاستت نازانن، لە کاتێکدا بەشێکی تریان پێیان وایە جوینی بنێشت ئارەزووی خواردن کەم دەکاتەوە. بێجگە لەوەی جوینی بنێشت لەلای هەندێک کەس بە تەنها بۆ چێژبینین لە تامەکەیەتی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەشێت بۆ وازهێنان و دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان بەکاربهێنرێت، هەروەها بۆ بەهێزکردنی بیرەوەریش. 

چۆن جوینی بنێشت دەبێتە هۆی دابەزاندی کێش؟

هەستی برسێتی و ئارەزووی خواردن کەم دەکاتەوە

دەشێت جوینی بنێشت هەستی برسێتی کەم بکاتەوە، هەستی تێربوون زیاد بکات، هەروەها ئارەزووی خواردنیش بە تایبەتی سووکەژەمەکان کەم بکاتەوە. توێژینەوەیەک لە نێوان کۆمەڵێک کەسدا ئەنجامدرا، کە بەشداربووان لەدوای ژەمەکان بۆ ماوەی ٣٠ خولەک بنێشتیان جویوە بەڵام ئەو جۆرانەی شەکریان تێدانییە، لە ئەنجامدا دەرکەوتووە ئەم کەسانە کەمتر هەستیان بە برسێتی کردووە و هەروەها هەستی تێربوونیشیان زیادیکردووە. بەڵام هەموو لێکۆڵینەوەکان هەمان ئەنجامیان بە دەست نەگەیشتووە، واتە ئەم جۆرە زانیارییە لە هەموو ئەو لێکۆڵینەوانەی لەم بوارەدا ئەنجامدراوە، هەمان ڕاستییان پشتڕاست نەکردووەتەوە.

دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی وەرگرتنی کالۆری

هەندێک کەس لە نێوان ژەمەکاند بنێشت دەجوون، لەبەرئەوەی پێیان وایە لە ئەنجامدا کالۆرییەکەی کەمتر وەردەگرن. لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە ئەو کەسانەی لە نێوان ژەمی بەیانی و نیوەڕۆدا بنێشتیان جویوە، بێجگە لەوەی هەستی برسێتیان کەمبووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە ژەمەکاندا کالۆرییەکی کەمتریان وەرگرتووە، واتە خۆراکێکی کەمتریان خواردووە. جوینی بنێشت ئەم کاریگەرییە دروست دەکات، بەڵام دەشێت بۆ هەمیشە نەمێنێتەوە و کاتی بێت. بێگومان چەند لێکۆڵینەوەیەکی دیاریکراو بەم ئەنجامە گەیشتوون، دەشێت چەند بەشێکی تر ئەنجامدرابێت بەڵام ئەنجامی جیاوازی هەبووبێت، واتە هەندێکیان ئەم ڕاستییە پشتڕاست نەکەنەوە. 

یارمەتی سووتاندنی کالۆری دەدات

چەند لێکۆڵینەوەیەکی کەم دەریانخستووە، جوینی بنێشت یارمەتی سووتاندنی کالۆرییەکی زیاتر دەدات. بەڵام ژمارەی ئەو کالۆرییەی دەسووتێت زۆر کەمە، واتە نابێت کەسەکە بۆ دابەزاندنی کێش بە تەنها سەرنج بخاتە سەر جوینی بنێشت. بەڵکوو چەند ڕێگایەکی کاریگەرتر هەیە و دەتوانرێت ئەنجام بدرێن، بۆ نموونە پیادەڕوەی. بەڵام دەبێت ئەوەت لەبیر بێت بە تەنها ئەنجامدانی چالاکی یارمەتی دابەزاندنی کێش نادات، بەڵکوو دەبێت لەگەڵ ئەوەشدا شێوازی ژیان و جۆری خواردنەکانیش بگۆڕدرێن.


سەرچاوەکان



190 بینین