ئەنتۆنی بلینکن

له‌لایه‌ن: - شنە شەماڵ شنە شەماڵ - به‌روار: 2023-11-13-19:14:00 - کۆدی بابەت: 11625
ئەنتۆنی بلینکن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەنتۆنی بلینکن (بە ئینگلیزی: Antony Blinken، بە عەرەبی: أنتوني بلينكن)، پارێزەر و دیپلۆماتکاری ئەمریکییە و لە ٢٠٢٣ وەک ٧١ـەمین وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کار دەکات. پێشتر لە ساڵی ٢٠١٣ تا ٢٠١٥ وەک جێگری ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و لە ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠١٧ وەک جێگری وەزیری دەرەوە لە سەردەمی سەرۆک باراک ئۆباما کاری کردووە. لە سەردەمی بەڕێوەبردنی کلینتۆن، بلینکن لە ساڵی ١٩٩٤ تا ٢٠٠١ لە وەزارەتی دەرەوە و لە پۆستە باڵاکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیدا کاری کردووە، لە ساڵی ٢٠٠١ تا ٢٠٠٢ پۆستێکی باڵای هەبووە لە ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان، ئەو ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوە بووە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی جۆ بایدن لە ساڵی ٢٠٠٨، دواتریش ئەوەی ڕاوێژکاری گواستنەوەی سەرۆکایەتی ئۆباما و بایدنی کردووە.

بلینکن لە ساڵی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٣ وەک جێگری یاریدەدەری سەرۆک و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی جێگری سەرۆک کاری کردووە. لە ماوەی کارکردنی لە سەردەمی ئۆباما، یارمەتی داڕشتنی سیاسەتی ئەمریکای دا سەبارەت بە ئەفغانستان، پاکستان و بەرنامەی ئەتۆمی ئێران. دوای جێهێشتنی خزمەتگوزاری حکوومی، بلینکن ڕووی لە کەرتی تایبەت کرد و هاوبەشی دامەزرێنەری کۆمپانیای WestExec Advisors بوو کە کۆمپانیایەکی ڕاوێژکارییە. بلینکن سەرەتا وەک ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بایدن ٢٠٢٠ گەڕایەوە بۆ حکوومەت، دواتر  بایدن بلینکنی بۆ وەزیری دەرەوە هەڵبژارد.

ژیانی 

بلینکن لە ١٦ی نیسانی ١٩٦٢ لە شاری یۆنکەرز لە ویلایەتی نیویۆرک لە دایک و باوکێکی جوولەکە بە ناوەکانی جوودیت (فرێم) و دۆناڵد ئێم بلینکن لەدایکبووە، کە وەک ئەندامی باڵیۆزی ئەمریکا لە هەنگاریا کاریان کردووە. باپیرەی لە لای باوکیەوە، مۆریس هێنری بلینکن، پشتیوانێکی سەرەتایی ئیسرائیل بوو کە لێکۆڵینەوەی لە توانای ئابووریی ئیسرائیل کردووە. بلینکن تا ساڵی ١٩٧١ لە قوتابخانەی داڵتۆن لە شاری نیویۆرک خوێندوویەتی، پاشان لەگەڵ جوودیت دایکی و ساموێل پیسار ڕوویان لە پاریس کردووە و لە زانکۆی ئیکۆڵ جینین مانوێل خوێندوویەتی.

بلینکن لە ساڵی ١٩٨٠ تا ١٩٨٤ لە زانکۆی هارڤارد خوێندوویەتی، لەوێ پسپۆڕی لە بواری کۆمەڵایەتیدا بەدەست هێناوە. هاوبەشی سەرنووسەری ڕۆژنامەی ڕۆژانەی خوێندکارانی هارڤارد بووە. لە ساڵی ١٩٨٨ لە قوتابخانەی یاسای کۆڵۆمبیا بڕوانامەی J.Dـی بەدەستهێناوە و لە شاری نیویۆرک و پاریس کاری یاسایی کردووە. بلینکن لەگەڵ باوکیدا کاریان کردووە بۆ کۆکردنەوەی پارە بۆ مایکل دوکاکیس، کە کاندیدی دیموکراتەکان بووە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٨٨.

ئەزموونی پيشەیی

لە ماوەی دەسەڵاتی کلینتۆن و بوش

بلینکن لە ماوەی دوو دەیە پۆستی باڵای سیاسەتی دەرەوەی لە دوو ماوەی دەسەڵات بەدەستهێناوە. لە ساڵی ١٩٩٤ تا ٢٠٠١ ئەندامی ستافی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بووە. لە ساڵی ١٩٩٤ تا ١٩٩٨، بلینکن یاریدەدەری تایبەتی سەرۆک و بەڕێوەبەری باڵا بووە بۆ پلاندانانی ستراتیژی و بەڕێوەبەری باڵای NSC بووە بۆ نووسینی وتار. لە ساڵی ١٩٩٩ تا ٢٠٠١ یاریدەدەری تایبەتی سەرۆک و بەڕێوەبەری باڵای کاروباری ئەورووپا و کەنەدا بووە.

بلینکن لە ساڵی ٢٠٠٣ پشتگیری لە داگیرکردنی عێراق کرد بە سەرۆکایەتی ئەمریکا. لە ساڵی ٢٠٠٢ وەک بەڕێوەبەری ستافی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران دەستنیشانکرا کە تا ساڵی ٢٠٠٨ تێیدا کاری کردووە. لە ساڵانی دوای لەشکرکێشی و داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، بلینکن هاوکاری بایدنی کرد لە داڕشتنی پێشنیارێک لە ئەنجوومەنی پیران بۆ دامەزراندنی سێ ناوچەی سەربەخۆ لە عێراق کە بە درێژایی هێڵی نەتەوەیی یان تائیفی دابەشکراون ناوچەیەکی شیعەنشین لە باشوور، ناوچەیەکی سوننەنشین لە ناوڕاست و لە باکووریش ناوچەیەک بۆ کوردەکان.

لە ماوەی سەرۆکایەتی ئۆباما

بلینکن لە ساڵی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٣ جێگری یاریدەدەری سەرۆک و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی جێگری سەرۆک بووە. لەم پۆستەدا یارمەتی داڕشتنی سیاسەتی ئەمریکای دا سەبارەت بە ئەفغانستان و پاکستان و بەرنامەی ئەتۆمی ئێران. بلینکن لە ٢٠ـی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ وەک جێگری ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی سوێندی یاسایی خوارد. لە ١٦ـی کانوونی دووەمی ٢٠١٤ بلینکن لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە بە دەنگی ٥٥ بەرانبەر بە ٣٨ وەک جێگری وەزیری دەرەوە دەستنیشان کرا. بلینکن لەگەڵ بایدن کاریان کردووە لەسەر داواکارییەکانی پارەی ئەمریکی بۆ پڕکردنەوەی جبەخانەی ئیسرائیل لە مووشەکی ڕێگریکەری ئاسن لە کاتی شەڕی ئیسرائیل و غەززە لە ساڵی ٢٠١٤. 

ناوەندی پێن بایدن

لە ساڵی ٢٠١٧ تا ٢٠١٩ بلینکن وەک بەڕێوەبەری بەڕێوەبردنی ناوەندی پێن بایدن کاری کردووە، کە دامەزراوەیەکی بیرکردنەوەی زانکۆی پێنسیلڤانیایە. لەم ماوەیەدا چەندین بابەتی لەسەر سیاسەتی دەرەوە و ئیدارەی ترەمپ بڵاوکردەوە.

کەرتی تایبەت

ئەزموونی وەک ڕاوێژکارانی وێست ئێکسێک

لە ساڵی ٢٠١٧، بلینکن لەگەڵ میشێل فلۆرنۆی، سێرجیۆ ئەگویر و نیتین چادا هاوبەشی دامەزراندنی وێست ئێکسێک ئەدڤیزۆرز بوو، کە کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری ستراتیژی سیاسییە. کڕیارەکانی وێست ئێکسێکس بریتی بوون لە گووگڵس جیگسۆ، کۆمپانیای زیرەکی دەستکردی ئیسرائیلی ویندوارد، کۆمپانیای بەرهەمهێنەری فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چاودێری شیڵد ئەی ئای کە گرێبەستێکی ٧.٢ ملیۆن دۆلاری لەگەڵ هێزی ئاسمانی واژۆ کردووە.

ئەزموونی وەک وەزیری دەرەوە

بلینکن ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوە بوو بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بایدن ٢٠٢٠. لە ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ بلومبێرگ نیوز بڵاویکردەوە بایدن بلینکینی وەک کاندیدی خۆی بۆ وەزیری دەرەوە هەڵبژارد. 

ژیانی تایبەت

بلینکن جوولەکەیە لە ساڵی ٢٠٠٢ بلینکن و ئیڤان ڕایان لە ئاهەنگێکی نێوان ئایینی هەردولادا هاوسەرگیریان کرد کە لەلایەن حاخامێک و قەشەیەکەوە لە کڵێسای کاسۆلیکی سێیەمی پیرۆز لە واشنتۆن دی سی بەڕێوەچوو. دوو منداڵیان هەیە و بلینکن زمانی فەڕەنسی بە باشی دەزانێت. 

بلینکن و ڕووداوەکانی غەززە

ئەنتۆنی بلینکن ڕایگەیاند کاتێک بەردەوامی ململانێکان کۆتاییان دێت غەززە ناتوانرێت لەلایەن ئیسرائیل و حەماسەوە بەڕێوەببرێت،  و ئەو هەڵوێستی کۆشکی سپی دووپات دەکاتەوە و نوێنەری ئەمریکایە و پشتگیری ئیسرائیلەکات.


سەرچاوەکان



259 بینین