پەیمان و بەڵێن شکاندن لەگەڵ منداڵان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-05-16:18:00 - کۆدی بابەت: 1990
پەیمان و بەڵێن شکاندن لەگەڵ منداڵان

ناوه‌ڕۆك

پەیمان و بەڵێن شکاندن لەگەڵ منداڵاندا

هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە زۆرێک لە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە بەڵێن و پەیمان شکاندن.
ئەمەش بۆ چەند فاکتەرێک دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • درۆزنی دایک و باوک و ڕاهاتن لەسەر ناڕاستی و درۆکردن.
  • فێڵبازی و تەڵەکەبازی و دەستخەڕۆکردن و لەخشتەبردنی منداڵ.
  • پابەندنەبوون بە بنەما ڕەوشتی و ئایینیەکان.
  • بەهرەمەند نەبوون لە پەروەردەیەکی تەندروست.
  • لە پێناو خۆ دەربازکردن لە هەندێ کۆت و بەندی خێزانی.
  • بۆ ناچاکردنی منداڵ تا کارێک ئەنجام بدات.
  • گفت بەڵێن وەک هۆکارێک بەکاردێنن، بۆ کەمکردنەوەی ئەو فشارانەی کە لەلایەن منداڵەکانیانەوە دەخرێتە سەریانە و ... تاد.

ئەڵبەتە بەڵێن و پەیمان شکاندن تەنیا زیانی بۆ منداڵ نییە، بگرە دایک و باوک و خێزان و کۆمەڵگەش لێی زەرەرمەند دەبن، بەڵام بە پلەی یەکەم منداڵ زەرەرمەند دەبێت و دووچاری ئەم کێشانە دەبێت:

  • منداڵ بڕوا و متمانەی بە دایک و باوکی نامێنێ.
  • پەیمان شکێنی دەکات.
  • فێرە درۆ دەبێ.
  • فێڵ لە خەڵکی و دایک و باوکی دەکات.
  • دەبێتە کەسێکی نابەرپرس و هەست بە بەرپرسیارییەتی ناکات.
  • لە بەها ڕەوشتی و پەروەردەیی و ئایینیەکان دووردەکەوێتەوە.
  • ڕێز لە کات ناگرێت.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی دایک و باوک لە چاوی منداڵەکانیان دا گەورە بن و بڕوا و متمانەی خۆیان لەدەست نەدەن و جێی متمانەی منداڵەکانیان بن، دەبێ ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن:

  • هەر کاتی گفت و بەڵێنیان بە منداڵەکانیان دا، گفت و بەڵێنەکانیان ببەنەسەر.
  • دەبێ کاتێ فگت و بەڵێن بدەن، کە دڵنیا بن دەتوانن بیبەنەسەر،
  • خۆیان لە گفت و بەڵێنی ناواقعی و نازانستی بپارێزن.
  • ئەگەر جاری لە جاران نەیانتوانی گفت و بەڵێنەکاناین ببەنەسەر، هۆکارەکەی بۆ منداڵەکانیان ڕوونبکەنەوە و لە ئایندەدا بۆیان قەرەبوو بکەنەوە، تاکو پردی متمانە لە نێوانیاندا نەڕووخێت.
  • گفت و بەڵێنەکانی لە قەناعەتەوە سەرچآوەی گرتبێت و بۆ دەستخەڕۆکردن و لەخشتەبردن و فێڵ کردن نەبێت لە منداڵەکانیان.


سەرچاوەکان



1101 بینین