کاریگەری یاریکردن لەسەر لایەنەکانی گەشەی منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-01-12-22:20:00 - کۆدی بابەت: 7579
کاریگەری یاریکردن لەسەر لایەنەکانی گەشەی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

کاریگەری یاریکردن لەسەر گەشەی منداڵ چییە؟

یاریکردن چالاکییەکی چێژبەخشە بۆ منداڵ و لە ڕێگایەوە بەشێکی زۆر لە ئارەزوو و خۆزگەکانی بەدیدەهێنێت، لەبەر ئەوەی یاریکردن چالاکییەکی فرە ڕەهەندە، بۆیە هەمە لایەنە کاریگەری هەیە لەسەر گەشەی منداڵ.

کاریگەری یاریکردن لەسەر گەشەی جەستەیی منداڵ

  • یاریکردن چالاکییەکە پێویستی زۆری بە جووڵەی جەستەیی هەیە، بەتایبەتی هەندێک یاری کە لە سروشت و پێکهاتەیدا بریتییە لە جووڵەی جەستەیی، وەکوو، ڕاکردن، بازدان، خۆهەڵواسین و مەلەوانی، بۆیە ئەم جووڵانە دەبنە هۆی ئەوەی کە جەستەی منداڵ بەهێز بکەن، بەهێزی جەستەش ئاماژەیە بۆ باش گەشەکردنی ئەو منداڵە لە ڕووی جەستەییەوە.
  • دەبێتە هۆی دروستکردنی هاوسەنگی لە ئەندامەکانی جەستەدا یارمەتی هاوسەنگ کردنی جەستە دەدات.
  • بە باشترین شێوە دەبێتە هۆی بەکارهێنانی وزەی جەستە.
  • هەروەها یارمەتی دەدات لە ڕووی خێراییەوە پێشبکەوێت چونکە جووڵە و ڕاکردنە بەردەوامەکانی منداڵ دەبنە هۆی زیادبوونی خێرایی. 

کاریگەری یاریکردن لەسەر گەشەی عەقڵی منداڵ

  • یاریکردن خۆراکێکی باشە بۆ عەقڵی منداڵ چونکە منداڵ جگە لەوەی لە ڕێگای یاریکردنەوە زانیارییەکانی لەبارەی شتەکانەوە زیاد دەبێت باشتریش دەتوانێت لە کات و شوێنی خۆیاندا بەکاریان بهێنێت، ئەمەش چونکە منداڵ لەکاتی یاریکردندا بە بێ ئەوەی خۆی بزانێت، تەواوی پڕۆسە عەقڵییەکانی وەک (بیرکردنەوە، بڕیاردان، یادەوەری، خەیاڵکردن، سەرنجدان، درککردن، گریمانە، پێشبینیکردن، کۆنتڕۆڵکردن) بەکاردەهێنێت.
  • یارمەتی گەشەی زمانەوانی دەدات، واتە فێربوونی وشە و دەستەواژەی نوێ و قسەکردن.
  • زەمینەیەکی باشتر دەڕەخسێنێت بۆ بیرکردنەوە و تێڕامان.
  • لە ڕێگایەوە منداڵ لە هۆکار و دەرئەنجام و کردار و پەرچەکردار تێدەگات.

کاریگەری یاریکردن لەسەر گەشەی دەروونی منداڵ

زانای بەناوبانگ فرۆید لەو بڕوایەدایە کە یاریکردن ئاوێنەیەکە و دەتوانرێت باری دەروونی، هەڵچوون، حەز، ڕق و خۆشەویستی منداڵی تیا بەدی بکرێت، منداڵ لە یاریکردندا زۆرجار خۆی دەکات بە دایک، باوک، مامۆستا، پزیشک و شتی تر، ئەم نواندن و ئاڵوگۆڕکردن لە کەسێتی و لە پیشە، لە لایەک لە ڕووی دەروونییەوە زۆر ئاسوودەی دەکات، لە لایەکی تریشەوە دەیەوێت ئەو ڕاستییەی کە هەیە، ئەگەر بۆ چەند ساتێکی کەم و خەیاڵیش بێت بیگۆڕێت، واتە منداڵ دەیەوێت لەو ڕێگایەوە خۆی ئازاد بکات لەو ژینگە و ڕاستییەی کە سەپێندراوە بە سەریدا.

کاریگەری یاریکردن لەسەر گەشەی کۆمەڵایەتی منداڵ

  • دەبێتە هۆی دروستبوونی پەیوەندی منداڵ لەگەڵ ژینگەی دەرەوەیدا و دنیای کۆمەڵایەتی فراوان دەکات.
  • هاوکاری و یارمەتیدانی منداڵ بە یەکتر.
  • ئاشنا دەبێت بە یاسا و کولتوورەکان.
  • مامەڵەکردن لەگەڵ گەورەکان فێردەبێت.
  • فێری ململانێ دەبێت و ئەزموونی شکست و دۆڕان دەکات و قبوڵی دەکات.
  • فێری پاراستنی کەسانی لاواز و بێ دەسەڵات دەبێت.
  • هێزی دەبێت بۆ ڕادەربڕین و ڕزگاری دەبێت لە شەرم و ترس.


سەرچاوەکان



3888 بینین