ساردبوونی دەست و پێی منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2021-12-18-17:40:00 - کۆدی بابەت: 7301
ساردبوونی دەست و پێی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

ئایا ساردبوونی دەست و پێی منداڵ ئاساییە؟

ساردبوونی دەست و پێی منداڵ بابەتێک نییە کە جێی نیگەرانی بێت، لەبەر ئەوەی منداڵ سیستمی سوڕی خوێنی بەتەواوی پێنەگەیشتووە و زۆر کات دەست و پێیەکی ساردی هەیە، ساردبوونی دەست و پێی منداڵ ناتوانێت بە تەواوەتی پلەی گەرمی جەستەی منداڵمان نیشان بدات، بۆ زانینی پلەی گەرمییەکەی باشترە دەست لە سنگی منداڵ بدەیت، لە زستاندا بۆ گەرمکردنەوەی منداڵ دەستکێش و کڵاو بەکاربهێنن، بەڵام لە هاویندا تەنیا پلەی گەرمی جەستەیان کۆنترۆڵ بکەن، ئەوەش بزانن کە جیاوازی پلەی گەرمی لە نێوان دەست و پێ و جەستەیان کێشەی نییە، بەڵام ئەگەر ئەم ساردییە ئارەق کردنەوەی لەگەڵ بوو باشترە زوو سەردانی پزیشک بکەن چونکە ڕەنگە منداڵەکە تووشی کەمی ڤیتامین D بووبێت.

هۆکارەکانی ساردبوونی دەست و پێی منداڵ

  • لەرز و تا: ئەگەر منداڵ تای هەبێت و پلەی گەرمی لە ڕێژەی ئاسایی زیاتر بێت، ڕەنگە پلەی گەرمی دەست و پێی کەمتر بێت لە هی جەستەی و سارد بێت، لەگەڵ ئەوەی کە پلەی گەرمی جەستەی بەرزە لەوانەیە ساردی دەست و قاچی سەیر دەربکەوێت، بەڵام ئەوە بزانن کە سیستەمی سوڕی خوێنی منداڵ ئەوەندە پێشکەوتوو نییە کە کاتێک لەشی منداڵەکە لە ڕووبەڕووبوونەوەدایە لەگەڵ میکرۆبەکان، سیستەمەکە توانای ئەوەی نییە لە هەمان کاتدا خوێنی پێویست بۆ دەست و پێی منداڵەکە ڕەوانە بکات، چونکە لەو کاتەدا لەش سەرقاڵە بە کەمکردنەوەی پلەی گەرمی جەستە، بۆیە لە ئەنجامی ئەمانەدا لەشی منداڵەکە دووچاری لەرز دەبێت.
  • سووڕی خوێن: یەکێک لە هۆکارەکان تازە دەست بەکارکردنی سیستەمی سوڕی خوێنە، خوێن هەڵگری ئۆکسجین و ماددەی خۆراکی و گەرمییە، بە گشتی لە منداڵاندا و بەتایبەتی لە منداڵانی خوار سێ مانگ، سیستەمی سوڕی خوێن بەباشی گەشەی نەکردووە و ناتوانێت باش خوێن بگەیەنێتە ئەو شوێنانەی زۆر له دڵ دوورن وەکوو دەست و پێ.

جگە لەمانەی باسکرا، دەکرێت لە هەندێ حاڵەتدا نیشانەبێت بۆ نەخۆشی دیکە کە دەبێت جدی تر وەربگیرێت بەتایبەت ئەگەر منداڵانی تەمەن سەروو شەش مانگ دەست و پێیان ساردبێت و لێویان شین هەڵگەڕێ، ڕەنگە جەستەی نەتوانێت ئۆکسجینی پێویست پەیدابکات کە ئەمەش پەیوەستە بە سووڕی خوێنەوە، هەندێ هۆکاریش هەن دەبنە هۆی لاوازی سووڕی خوێن لەوانە: نەخۆشییەکانی دڵ، کێشەی سییەکان و هەناسەدان، هەوکردن، بە گشتیش لە کاتی بەدیکردنی ئەم حاڵەتانەدا سەردانی پزیشکی پسپۆڕی منداڵان بکەن.

ڕێگاکانی گەرم کردنەوەی دەست و پێی منداڵ

  • لەباوەشکردن: ئەگەر منداڵ له ئاستی سینەدا لەباوەش بکەیت، ئەوا گەرمی جەستەی تۆ منداڵەکە گەرم دەکاتەوە.
  • داپۆشینی منداڵ: بە لەبەرکردنی جلی زیاتر دەتوانن منداڵەکە گەرم بکەنەوە، هەروەها بەکارهێنانی دەستکێش و گۆرەوی زۆر کاریگەرە.
  • پشکنینی پلەی گەرمی شوێنەکە: ئەگەر جگە لە دەست و پێی منداڵ جەستەشی ساردبوویەوە باشترە پلەی گەرمی شوێنەکە یان ژوورەکە بپێون، پلەی گەرمی گونجاو بۆ ژووری منداڵ بە نزیکەیی 20 بۆ 24 پلەی سەدییە.


سەرچاوەکان



5399 بینین