هۆکاری گریانی بێ هۆکار

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-02-16:02:00 - کۆدی بابەت: 5719
هۆکاری گریانی بێ هۆکار

ناوه‌ڕۆك

هۆکاری گریانی بێ هۆکار

هەموو کەسێک بە چەند هۆکارێکی جیاواز ڕۆژێک لە ڕۆژان گریاوە ئیتر خەفەت یاخود ئازار یاخود سەیریکردنی فیلمی تراژیدی بووبێت، زۆر کەس گریانیان زۆر بەلاوە قورسە و هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن کە لە ژیانیاندا زۆر کەم بگرین و بە پێچەوانەشەوە زۆر کەسیش هەن کە بۆ هەموو شتێک دەگریەن، و زۆر جاریش نازانن هۆکارەکە چییە.

ئەم شتانە ئاسایین بەڵام زۆر جار ئەمە زۆر دووبارە دەبێتەوە و بەردەوام بێ ئەوەی کە بزانیت چیتە دەگریت و بێتاقەت دەبیت.

ئەو هۆکارانە چین کە وادەکەن بێ هیچ هۆکارێک بگریت؟

دڵناسکی

زۆرینەی کەسەکان دڵیان دەشکێت بێ ئەوەی کە ئاگاداربن لەوانەیە لەشوێنی کارەکەت بێیتەوە و کاتێک لەناو ئۆتۆمبێلەکەتیت بێ ئاگابیت و کاتێک بە ئاگا دێیتەوە سەیر دەکەیت دەگریت، لەوانەیە لە خۆت بپرسیت بۆچی بەبێ هۆکار دەگریم و فرمێسکم دێتە خوارەوە.

لەوانەیە پێشتر لە شتێک دڵت شکابێت و پێت ناخۆش بووبێت و ئەمە بووەتە هۆکاری دروستبوونی پەستانێکی دەروونی لەناخی تۆدا، ئەم پەستانە دەروونیە ڕێگایەک پەیدا دەکات بۆ هاتنە دەرەوەی لە جەستەی تۆدا، زۆر جار هاتنە دەرەوەکەی بەشێوەی فرمێسکە.

کەمی ڕێژەی شەکری ناو خوێن

ئەو کەسانەی توشبووی شەکرەن بەگشتی هەندێک جاریش تووشی کەمی ڕێژەی شەکری ناو خوێن دەبنەوە و شەکرەیان دادەبەزێت، ئەویش بەهۆی کەم خواردنی شتی شیرین یاخود زۆر بەکارهێنانی ماددە کهولیەکان و یاخود دواکەوتنی یەکێک لە ژەمەکانی خواردن و وەرزشێکی قورس، ئەمەش وادەکات کە کەسەکە بێتاقەت ببێت و بەردەوام بگری و جگە لە گریان دابەزینی شەکری ناو خوێن چەند نیشانەیەکی تری هەیە وەک (لەرز، برسیەتی، خێرایی لێدانی دڵ، سەرگێژخواردن)

دڵەڕاوکێ

دڵەڕاوکێ و سترێس یەکسان نین، بەڵام دەکرێت چەند نیشانەیەکیان هاوشێوەی یەکتر بێت، لەوانەیە بەهۆی دڵەڕاوکێیەکەتەوە نەتوانیت کێشەکانت چارەسەر بکەیت و بۆیە وات لێهاتووە کە هەموو هەستەکانی خۆت بە گریان دەرببڕیت، یاخود تووشی کێشەی تری وەک سەرئێشە و شەقیقە ببیتەوە.

نیشانەکانی پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانە

چەند نیشانەیەک دوو هەفتە پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانە دروست دەبن، وەک ئازاری سک و پشت و گریانی بێ هۆکار، ئەگەر ئاگاداری سوڕی مانگانەکەت نیت و نازانیت کاتەکەی کەیە بێگوومان نازانیت گریانەکەشت هۆکارەکەی چییە.

کێشەکانی غودە

کێشەکانی غودە بە تایبەت غودەی تەمەڵ، بەهۆی ئەوەی کە بڕێکی پێویست هۆڕمۆن دەرنادرێت و ڕێژەکەی کەمە هۆکارێکە بۆ گریانی کەسەکە، وشکی پێست و قژ، گۆڕانکاری دەروونی، حەزنەکردن بۆ خواردن، ئازاری ماسولکەکان، کێشەی خەو، هەستیارییەکی نائاسایی بە سەرما، ئەمانەش چەند نیشانەیەکی تری غودەی تەمەڵن.

نەخۆشی دوو جەمسەری

ئەو کەسانەی توشبوون بە نەخۆشی دوو جەمسەری کە نەخۆشییەکی دەروونییە، لە ژیانیاندا بەرزی و نزمی زۆر دەبینن و ڕەفتاری زۆر سەیریان لێ دەردەکەوێت و هەندێک جاریش تەواو هەستیار دەبن و بەردەوام دەگرین.

گریان دوای جوتبوون

هەندێک کەس دوای جوتبوون، خەفەت دەخۆن و دەگرین، ئەمەش بە گرفت و کێشەی دوای جوتبوون (Postcoital Dysphoria) ناسراوە و کەسەکە جگە لە گریان تووشی نائارامی و قەلەقی دەبێتەوە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە کە ٪٤٦ـی خانمان بە درێژایی ژیانیان بەلایەنی کەمەوە جارێک ئەم هەستەیان بۆ دروست بووە دوای جوتبوون لەگەڵ هاوسەرەکەیاندا، گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکان لە خانماندا هۆکاری سەرەکی ئەم حاڵەتەیە.

گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکان

فرمێسکی هەستیاری و عاتیفی جیاوازە لەگەڵ ئەو فرمێسکانەی کە بەهۆی ئازار یاخود گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکانەوە دروست دەبێت، گۆڕانکاری هۆڕمۆن یەکێکە لە هۆکارەکانی گریان کە نازانیت بۆچی دەگریت، بە گشتی خانمانی دووگیان زۆر تووشی ئەم حاڵەتە دەبنەوە و دەگرین و ئەمەش شتێکی ئاساییە.

کێشەکانی خەو

بەشێوەیەکی مامناوەند ڕۆژانە ٧ بۆ ٩ کاتژمێر خەو پێویستە بۆ مرۆڤێکی پێگەیشتوو، کێشەی خەو و بە تایبەت کەم خەوتن کاریگەری زۆری هەیە لەسەر دەروون و هەستی کەسەکان، کاتێک کە ئەم ڕووداوە ڕوودەدات مێشک توانای  کۆنتڕۆڵکردنی حاڵەتەکانی نییە بە جوانی و هەر حاڵەتێک بە کێشەیەکی گەورە دەبینێت و ئەمەش وادەکات کە بەردەوام قەلەق بیت و بگریت.

ماندووبوونی زۆر

لەوانەیە ئەو شوێنەی کاری لێ دەکەیت ڕۆژانە هەم لە ڕوانگەی جەستە و هەم لە ڕووی مێشکەوە زۆر ماندووکەر بێت، هەروەها لە کارەکەت ئاسووودە نەبیت و بەپێی پێویست نەتوانیت پشوو بدەیت ئەمەش هۆکارێکە تاکوو پەستانی زۆری دەروونیت لەسەر بێت و بە گریان دەریببڕێت.

نەخۆشی ناجێگیری هەستەکی

زۆرینەی خەڵکی هیچ زانیارییەکیان نییە لەسەر نەخۆشی ناجێگیری هەستەکی، کە نەخۆشییەکە دەبێتە هۆی ئەوەی کە کەسەکە جۆرێک پێکەنین یاخود جۆرێک گریان بکات لە شوێنێکدا کە کاتی نەبێت و گونجاو نەبێت بە شوێنەکە، بەڵام لەناکاوە و کۆنتڕۆڵی حاڵەتەکە لە دەست خۆیان نییە، زۆر جار کەسەکە بەبێ هیچ هۆکارێک و لە شوێنێکدا کە شیاوی گریان نییە دەگری و ناتوانێت کۆنتڕۆڵی خۆی بکات.

کەمی ڤیتامین B12

ڤیتامین B12 ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە پارێزگاریکردن لە خانەکانی خوێن و مێشکدا و یارمەتیدەرێکی باشە بۆ دروستبوونی DNA، کەمبوونەوەی ئەم ڤیتامینە لە جەستەدا هۆکارێکە بۆ گریان و نائارامی دەروونی.

جگە لە گریان کەمی ئەم ڤیتامینە نیشانەی تریشی هەیە وەک، ماندوویەتی، نەمانی حەزی خواردن، دابەزینی کێش، قەبزی.

دڵگرانی مردنی کەسێکیت

کاتێک کەسێکی ئازیزت دەمرێت دوای شەش مانگ یان ساڵێک دەتوانیت دەست بە ژیانی خۆت بکەیتەوە و خەمی ئەوت نەبێت و بیرت نەمێنێت و وەک ڕۆژانی سەرەتای لەدەست دانی نەبیت، بەڵام هەر ڕۆژانێک دێتەوە خەیاڵت و هۆکارێکە کە بگریت و بێتاقەت بیت، ئەگەر چەند ساڵێکی دیکەش بێت هەر دێتەوە یادت ڕۆژێک و پێی دڵگران دەبیت.

نیشانەکانی پێش تەمەنی نائومێدی و تەمەنی نائومێدی

خانمان کاتێک سوڕی مانگانەیان نامێنێت و دەکەونە تەمەنی نائومێدییەوە بەهۆی گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکانەوە، هەستەکانیشیان دەگۆڕێت و بێتاقەت دەبن و دەگرین، یاخود تەنانەت چەند ساڵانێک پێش ڕۆشتنە ناو تەمەنی نائومێدی دەکرێت ئەم حاڵەتەیان بەسەر بێت و بگرین کە یەکێکە لە نیشانەکانی تەمەنی نائومێدی.


سەرچاوەکان



1964 بینین