بەکارھێنانی مۆبایل لە کاتی شۆفێریدا

له‌لایه‌ن: - سۆزیار یاسین سۆزیار یاسین - به‌روار: 2024-07-30-15:40:00 - کۆدی بابەت: 13834
بەکارھێنانی مۆبایل لە کاتی شۆفێریدا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەکارھێنانی مۆبایل لە کاتی شۆفێریدا (بە عەرەبی: استخدام الجوال أثناء القيادة, بە ئینگلیزی: Using mobile phone while driving) مۆبایل وەك شۆڕشێكی تەكنەلۆژیا گۆڕانکاری زۆری کردە سەر ژیانی ھەموو کەسێک بەڵام جگە لە سوودگەیاندن بە مرۆڤایەتی، ئەوا لە بەرامبەردا زیانیشی هەیە دیارترینیشیان بەکارھێنانی مۆبایل لە کاتی شۆفێریدا، چونکە یەكێك لە هونەرەكانی شۆفێری تەركیزكردنە بۆ دوورکەوتنەوە لە ھەر ڕووداوێکی نەخوازراو، بەڵام كاتێك شۆفێرەکە مۆبایل بە كار دەهێنێت ئەوا تەرکیزی لەسەر ڕێگاکە لادەچێت و ڕەنگە ڕووداوی ھاتوچۆشی لێبکەوێتەوە.

بەکارھێنانی مۆبایل لەکاتی شۆفێریدا 

مۆبایل 

مۆبایل بە یەکێک لە گرنگترین و دیارترین داھێنانەکانی سەردەمی ئێستا دادەنرێت، ئەم داھێنانە توانی شۆرشێکی گەورە بھێنێتە ئاراوە لە بوارەکانی: پەیوەندیکردن و ئاڵوگۆڕی زانیاری، کە بووە ھۆی ئەوەی زۆرینەی خەڵکی ھانبدات بەدەستی بھێنن و ڕاھێنان بکەن لەسەر بەکارھێنانی لە بوارە جیاوازەکانی ژیانیاندا. ڕۆژ لەداوی ڕۆژ خەڵک زیاتر وابەستەی ئەم ئامێرەبوون، بەتایبەت دوای ئەوەی وردە وردە ئامێرەکە پەرەیسەند، لە ھەمان کاتیشدا ئەو گۆڕانکاریە زیاتر و باشترانەی کە خرایە سەری وای کرد خەڵکی بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو بەکاریبھێنن، لە کۆتاییدا ھەندێک کاریگەری خراپی لێکەوتەوە، دیارترین و مەترسیدارترن کاریگەرییە خراپەکانی دەخەینەڕوو.

مەترسییەکانی بەکارهێنانی مۆبایل لەکاتی شۆفێریدا

بەکارھێنانی مۆبایلی زیرەک لە کاتی شۆفێریدا زۆر مەترسیدارە، چەندین کێشەی لێدەکەوێتەوە کە گرنگترینیان  بریتین لە:

  • وا لە شۆفێرەکان دەکات نەتوانن کۆنتڕۆڵی ئاڕاستەکەیان بکەن لەسەر ئەو ڕێگایانەی کە ئۆتۆمبێلەکانیان لێدەخوڕن، سەڕەڕای ئەوەش ناتوانن خێرایی ئۆتۆمبێلەکەیان کۆنتڕۆڵ بکەن، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی ڕووبەڕووی توندترین جۆرەکانی مەترسی ببنەوە. 
  • شۆفێران ناتوانن مامەڵە لەگەڵ گۆڕانکارییە کتوپڕەکان بکەن کە لەسەر ڕێگاکە ڕوودەدەن، ھەروەھا ڕەنگە دووری نێوان ئۆتۆمبێل و ئۆتۆمبێلەکانی تر بە شێوەیەکی بەرچاو کەم ببێتەوە، بەهۆی سەرقاڵبوونی شۆفێر و بێئاگابوونی لە ھەموو ئەم ڕووداوانە.
  • ژیانی کەسانی تر دەخاتە بەردەم هەموو جۆرە مەترسییەک، جا سەرنیشینەکانی ئەو ئۆتۆمبێلە بن، یان پیادە بن، یان سەرنیشینی ھەر ئۆتۆمبێلێکی تر بن، لە بەر ئەوە بەکارهێنانی مۆبایل لەکاتی شۆفێریدا ڕەنگدانەوەی کەسایەتییەکی کەمتەرخەمە، کەسێکی بێباکە تەنانەت لە مەترسیدارترین باردۆخەکانیشدا، کە پێویستی بە  وریای و ئاگادارییەکی زۆر ھەیە.
  • ئەگەری بەرکەوتن بە سەرپێچییە جۆراوجۆرەکانی هاتوچۆ زیاد دەکات، بەو پێیەی ئەو شۆفێرەی لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا مۆبایلەکەی بەکاردەھێنێت، شۆفێرێکە کە گرنگی نادات بە: یاساکانی هاتوچۆ و ئەولەویەت و گڵۆپ و هێماکانی هاتوچۆ بە هەموو جۆرەکانیەوە، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی بارگرانی سەرشانی بە شێوەیەکەی بەرچاو زیاد بکات.

سنووردارکردنی بەکارهێنانی مۆبایل لەکاتی لێخوڕیندا

زۆر ڕێگە هەیە بۆ دڵنیابوون لەوەی زۆرترین شۆفێر بەکارھێنانی مۆبایل کەم بکەنەوە بە پێی ئەوپەڕی توانایان، کە بریتین لە: بەرزکردنەوە هۆشیاری لە نێوانیاندا لە ڕێگەی هەڵمەتەکانی ھۆشیاریکردنەوە کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بەڕێوە دەچێت، بە ڕێنماییکردنیان و ئاگادارکردنەوەیان لە مەترسییەکانی ئەم بابەتە، ھەستان بە بڵاوکردنەوەی ئامارە فەرمییەکان کە گرنگی وەستاندنی ئەم جۆرە بەکارهێنانە هەڵەیەی مۆبایلە زیرەکەکان دووپات دەکاتەوە. لەم چوارچێوەیەشدا دەبێت بەرپرسانی پەیوەندیدار یاسا و سزاکان توندتر بکەن دژی هەر کەسێک کە لەکاتی شۆفێریدا بە مۆبایلەکەی قسە بکات، بۆی بتوانن ڕێگریبکەن لە سەرپێچیکاران لە ئەنجامدانی ئەم ڕەفتارە نادروستە. هەروەها دەبێت شۆفێر پەیوەندییەکە دوابخات تا دەگاتە شوێنی مەبەست، یان لانیکەم ئۆتۆمبێلەکە لە لایەک ڕابگرێت و پەیوەندییەکە بکات ئەگەر بابەتەک گرنگ بێت و نەتوانرێت دوابخرێت. سەڕەڕای ئەوەش سەرنشینەکانی ناو ئۆتۆمبێلەکە دەبێت ھەموو ھەوڵێکی خۆیان بدەن بۆی ڕێگە نەدەن بە  شۆفێرەکە کە ئەم ڕەفتارە ھەڵەیە ئەنجامبدات.


سەرچاوەکان



215 بینین