لەوەڕگە لە کوردستان

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-21-09:33:00 - کۆدی بابەت: 2457
لەوەڕگە لە کوردستان

ناوه‌ڕۆك

لەوەڕگە لە کوردستان

کوردستان بە لەوەڕگەی سروشتی دەوڵەمەندە. ڕووبەرەکەی تاکوو ئێستا نازاندرێت. بەڵام بە دەوروبەری ٣٦ ملیۆن هێکتار دەخەمڵێنرێت. کوردستان لەبەر ئەوەی شوێنێکی جوگرافی تایبەتی خۆی هەیە و دوو چەشنە ئاوهەوای جیاواز لە یەکتر، گەرم و ساردی هەیە، خاوەنی لەوەڕگەیەکی جۆراوجۆرە، وەکوو:

لەوەڕگە کوێستانییەکان

ئەم لەوەڕگایانە، لە نێوچە شاخاوییە بەرزەکاندا هەڵ کەوتووە. پۆشەکی ڕووەکی ئەم نێوچەیە، بە زۆری لە پۆشەکی هەرێمی ئەلبی دەچێت، لەبەر ئەوەی لەو ناوچانەدا، گەلێک جیاوازی بەرز هەن و بارستایی بارانی ساڵانەی ٣٥٠ – ٥٥٠ ملم. پۆشەکی ڕووەکی هەمەچەشنی هەیە. زۆربەی ئەم ناوچانە، ئاویان زۆرە، لەبەر ئەمە فشاری لەوەڕاندن، دیار نییە.
ڕووەکەکانی لەوەڕگە کوێستانییەکان، لە خێزانی گرامینە و لیگیۆمینۆز، کە بە زۆری لە مەتیریای پڕۆتین پێک هاتوون. هەندێکیان قەدەکانیان زۆر گەورەیە، کە مەڕ و ماڵات لە توانایندا نییە، بۆ خواردن بەکاریان بهێنێت، لەبەر ئەوەی کە خاوەن مەڕ و ماڵاتەکان، دەیانبڕنەوە و وشکیان دەکەنەوە و ئالیکێکی تایبەتیان لێ دروست دەکەن، کە لە  زستان دەرخواردی ئاژەڵەکانیان ئەدەن هەندێک لە ڕووەکە جۆراوجۆرەکانی ئەم ناوچەیە، ئەمانەن (لالە، داغدار، کبر خاردار، قەنتریون، پونگە، گەون، ئەسپرێس).

لەوەڕگەی گەرمیانەکان

ئەم لەوەڕگەیانە، لەو نێوچانە هەڵکەوتوون، کە بەرزاییان لە ڕووی زەریاوە، لە ٣٠٠ مەتر کەمتر نەبێت. بارستایی بارانی ساڵانە لەم ناوچەیەدا، لە نێوان ٢٥٠ – ٤٠٠ ملیمەترە. خاکەکەی بە زۆری لیتوسل و تا ڕادەیەک شاشە.
پۆشەکی ڕووەکی ئەم ناوچەیە، بە زۆری وەرزییە و قەدیشیان کورتە و ڕووەکی هەمیشەیی بە دەگمەن لێدەڕوێت. هەندێک لەو ڕووەکانەی لەو لەوەڕگایەدا دەڕوێن ئەمانەن (شیدر حەسەن، گەون، ئسپرس، کعب ئەلغزالی، بومادرن، گاوزیان، پێنج ئەنگوست، بارهنگ نیزەئای، بارهنگ، شورک، فرفیون، جودروغین، شنبلیلە، کنگر و گاسن.

لەوەڕگەکانی کوردستان بە پێی بایەخیان، بەسەر ئەم بەشانەی خوارەوەدا دابەش دەبن.

١- ئەو لەوەرگایانەی کە بەرزاییەکانیان ١٨٠٠ مەتر و زیاترە. 
بەرهەمی ئالیکی وشکی لەیەک هێکتاردا، لە دەوروبەری ٥٥٠ کیلۆگرام دایە، ئەو ڕووەکانەی لەم لەوەڕگادا دەڕوێن. زۆربەیان لە خێزانی گرامینە و لیگیۆمینۆز. قەد و کەڵاکانیان پڕن لە پڕۆتین. بە درێژای ماوەی ژیانیان، ئالیکی سێ سەر ئاژەڵی گچکە، بۆ سەد ڕۆژ دابین دەکەن.
٢- ئەو لەوەڕکایانەی کە بەرزایەکانیان ١٦٠٠ مەتر و زیاترە
ئەم جۆرە لەوەڕگایە، بە یەکێک لە لەوەڕگا باشەکان دادەنرێت، بەرهەمی ئالیکی لە هێکتارێکدا، ٤٠٠ کیلۆگرام دەبێت. ڕووەکەکانی لە خێزانی گرامینە و لیگیۆمینۆز. ئەم لەوەڕگایانە هەمیشەیی نین و دەدورێنەوە. بە درێژای ماوەی ژیانیان، ئالیکی دوو سەر ئاژەڵی گچکە بۆ سەد رۆژ دابین دەکەن.
٣- ئەو لەوەڕگایانەی بەرزییەکانیان ٥٠٠ مەتر و زیاترە
لەوەڕگایەکی مامناوەندین و بەرهەمی ئالیکی وشکی لە هێکتارێکدا ٢٠٠ کیلۆگرامە. لە ڕووەکی هەمیشەی و یەک ساڵی تێدا دەڕوێت. ئالیکی یەک سەر ئاژەڵی گچکە بۆ ماوەی سەد رۆژ دابین دەکات.
٤- ئەو لەوەڕگایانەی بەرزایەکانیان لە خوار پێنج سەد مەترەوەیە
ئەم جۆرە لەوەڕگایانە هەژارن. بەرهەمی ئالیکی لە یەلک هێکتاردا ١٠٠کیلۆگرامە. زۆربەی رووەکەکانی تەنیا ساڵێک دەژین. هەر لە دوو هێکتاردا، یەک سەر ئاژەڵی گچکە، بۆ ماوەی سەد ڕۆژ دابین دەکات.
٥- لەوەڕگا زۆر هەژارەکان
بەرهەمی ئالیکی لە یەک هێکتاردا، پەنجا کیلۆگرامە، پۆشەکی ڕووەکی یەک وەرز دەژی. هەر لە چوار هێکتاردا، ئالیکی بۆ یەک سەر ئاژەڵی گچکە، بۆ ماوەی سەد ڕۆژ دابین دەکات. 


سەرچاوەکان



685 بینین