گرنگی مێژووی پزیشکی لە پزیشکی دداندا

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-22-19:26:00 - کۆدی بابەت: 2527
گرنگی مێژووی پزیشکی لە پزیشکی دداندا

ناوه‌ڕۆك

گرنگی مێژووی پزیشکی لە پزیشکی دداندا

هەمووتان بە درێژایی تەمەنتان بەهۆی نەخۆشی ئەندامە جیاوازەکانتانەوە یان بۆ ئاگابوون لە باری تەندروستی خۆتان چەند جارێک سەردانی پزیشکتان کردووە. هەروەها لەوانەیە بەهۆکاری جیاواز بۆ ماوەیەک لە نەخۆشخانە کەوتبن، لە سەردانکردنی پزیشک و داخڵ بوونتان لە نەخۆشخانە ڕوویداوە مێژووی پزیشکی بۆ تۆ دروست ئەکات.
بەداخەوە دەکرێت بووترێت کە زۆربەی خەڵک ئاگای لە مێژووی پزیشکی خۆی نییە، ئەم حاڵەتەش ئاساییە چونکە سروشتی مرۆڤ وا خوڵقاوە کە شتی زوو لەبیر دەچێتەوە. لەبەر ئەوە چاکتر وایە کە هەر یەکێک بۆ خۆی فایلێکی هەبێت بۆ نووسینی حاڵەتی تەندروستی و سەردانەکانی بۆ لای پزیشک. ئەم زانیاریانەی لای خوارەوەی تێدا بنووسرێت:

  1. نیشانەکانی ئەو نەخۆشییەی کە ئازاری داوی.
  2. ناونیشانی تەواوی ئەو پزیشکەی کەچارەسەری کردووی.
  3. بەرواری سەردانی پزیشک.
  4. ئەو دەرمانانەی کە بۆت نووسراوە.
  5. کات و ماوەی بەکارهێنانی دەرمانەکان.
  6. ئەو ئەشیعە و وێنانەی کە بۆ هەر بەشێی لاشەتان گیراوە هەڵبگیرێت.
  7. ئەو شیکارانە (فحصانە) کە پزیشک بۆی نووسیویت و ئەنجامەکانیان.
  8. بەرواری چاکبوونەوە.

پیاچوونەوەی ئەم خاڵە لەم حاڵەتانەی خوارەوەدا یارمەتیدەرت دەبن:

  1. لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشییەکەی پێشوو بێ هوودە خۆت نیگەران مەکە.
  2. بە ئاسانی پەیوەندی بە پزیشکەکەی خۆتەوە بکە و کاتی سەردان دیاری بکە.
  3. بە پێدانی ناوی دەرمانەکانی پێشوو و ئەشیعە کۆنەكان یارمەتی پزیشکەکە دەدەیت لە دیاری کردنی نەخۆشییەکەت.
  4. ئەگەر نەتوانرا لەبەر هەر هۆیەک پەیوەندی بە پزیشکەکەی خۆتەوە بکەیت وە ناچار بیت سەردانی پزیشکێکی تر بکەیت، ئەوا بە پێدانی فایلی مێژووی پزیشکی خۆت لە بەزایە نەچوونی و کاتی خۆت و پزیشکەکەش یارمەتیدەر دەبێت، وە بە پێدانی ئەشیعە کۆنەکان لەوانەیە پێویستی بەگرتنی ئەشعەی نوێ نەکات. گرنگی بوونی مێژووی پزیشکی لەو کەسانەی تووشی نەخۆشی گشتی و درێژخایەنەکان وەک (شەکرە، گورچیلە، ڕژێنی پەریزاد، نەخۆشییەکانی جگەر ...هتد) بوون زۆر زیاترە.

پێش دەسپێکردنی  هەر چارەسەرێکی دەم و ددان، پزیشکی دەم و ددان هەندێ پرسیار لەبارەی مێژووی پزیشکی تۆوە دەپرسێت، مەبەستیش لە پرسیارکردنی پزیشکی دەم و ددان بۆ زانینی مێژووی پزیشکیت لەم خاڵەنی خوارەوەدا خۆی دەبینێتەوە:

  1. ئاگادار بوون لە هەندێ نەخۆشی گشتی کە دەتوانیت چارەسەری پزیشکی ددان بگۆڕێت. لەم کاتەدا پزیشکی دەم و ددان بە ڕێگەیەکی وا چارەسەری نەخۆشی دەم و ددان دەکات تا لە تەشەنە سەندنی نەخۆشییەکەت ڕێگری بکات.
  2. دیاریرکدنی ئەو دەرمانانەی کە بەکاری دەهێنیت کە لەوانەیە لەگەڵ ئەو دەرمانانەی لە چارەسەری پزیشکی ددان بەکار دەهێنرێت، کارلێکی نەویستراو بکەن. لەوانەیە پزیشکی دەم و ددان بە ڕەچاوکردنی جۆری ئەو دەرمانانەی کە بەکاری دەهێنێت نەخۆشەکە جۆر و ڕێژەی دەرمانی بێ هۆشکەری مەوزوعی بگۆڕێت. یان بە قسەکردن لەگەڵ پزیشکی نەخۆشییەکەت بە شێوەیەکی کاتی دەرمانە بەکارهێنراوەکانت بگۆڕێت.
  3. دیاری کردنی نەخۆشییە ڤایرۆسییە ترسناکەکان وەک هەوکردنی جگەر (جگەرە سۆ)، ئایدز کە دەتوانێت پزیشکی دەم و ددان و نەخۆشەکانی تریش بخاتە مەترسییەوە. لەبەر ئەمەش پێویستە بە شێوەیەکی ڕاست و دروست زانیاری مێژووی پزیشکی خۆت دەربارەی نەخۆشییەکەت، ئەو دەرمانانەی کە بەکاری دەهێنیت، وە ئەو چارەسەرانەی کە لە لایەن پزیشکەوە بۆت دەکرێت بخرێنە بەردەم پزیشکی دەم و ددان.


سەرچاوەکان



661 بینین