سەلام ـی شاعیر

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-14-02:30:00 - کۆدی بابەت: 3250
سەلام ـی شاعیر

ناوه‌ڕۆك

سەلامی شاعیر

سەلام کوڕی شێخ ئەحمەدی عازەبانییە، لە ساڵی (١٨٩٢) زاینی لە گوندی (عازەبان)ی ناوچەی وارماوەی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە لە دایکبووە. زۆر ئارەزووی لە خوێندن هەبووە، لە تەمەنی چوار ساڵیدا خراوەتە بەر خوێندن، قورئان و زمانی فارسی  خوێندووە، لە تەمەنی شەش ساڵیدا باوکی کۆچی دواییکردووە. ئاگاداری ڕووداوەکانی یەکەم شۆڕشی (شێخ مەحمودی حەفید) لە ساڵی ١٩١٩ زاینی بووە. لە وەزیفەدا لە زۆر شوێن خزمەتیکردووە، وەک: وارماوە، هەڵەبجە، سلێمانی، تەنانەت بەسرە و بەغداد و حیللە و هەندێ شوێنی تر. لە ساڵی ١٩٢٨ زاینی لە گەڵ چەند لاوێک (کۆمەڵەی زەردەشت)یان دامەزراند. لە ساڵی (١٩٣٠) زاینی دوای کارەساتی ڕۆژی ڕەشی (٦)ی ئەیلول لە گەڵ چەند کەسێک دەچنە گوندی (پیران) لای (شێخ مەحمود). هەروەها بەشداری ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٣١ی زاینی کردووە بە فەرماندەی (شێخ مەحمود)، لە (١٩٤٥-١٩٥٥)ی زاینی خۆی خانەنشین کردووە.
لە پێشەکی دیوانەکەییدا، کە لە ساڵی ١٩٥٨ زاینی لە بەغداد چاپکراوە، د. مارف خەزنەدار دەنووسێت و دەڵیت (سەلام زیاتر شاعیرێکی نیشتیمان ونەتەوەیە، چوونکە کاتی گەنجی سەلام، نەتەوەی کورد بە دەورێکی تایبەتی تێدەپەرێت). لە بابەتی شیعرە دەروونییەکانی دەڵێت (خەیاڵێکی ڕوونی تێدایە و شعوری ڕاست دەردەخا، وەکو وشەکانی لە ناخی دەروونیدا بێتە دەرەوە وایە).
یەکێک لە شاکارەکانی شێخ سەلام چوارینەکانی (خەیام)ە، کە لە فارسییەوە بۆ کوردی وەریگێراوە، کە بەڕاستی گیانی خەیامی لە وەرگێڕانەکەدا بە تەواوی پاراستووە  و بە یەکێک لە باشترین وەرگێرانەکانی دادنرێت، سەلام لە ساڵی ١٩٥٩ زاینیدا لە سلێمانی کۆچی دواییکردووە و لە گردی سەیوان نێژراوە.
ئەمەش

نموونەیەکە لە هۆنراوەکانی

وەتەن چییە؟

هەستە لەخەو ئەی لاوی کورد 
تێبکۆشە بە دەست و برد
هاوار ئەکا دایکی وەتەن
وا گیان ئەدا، پێیدا بگەن
خاک و گوڵ و گڵ و گیا
شاخ و چەم و چڵ و چیا
رەنگاو رەنگی کەژی سیا
هاوار ئەکەن بە جیا جیا 
وا مەزانە خاکی وەتەن
ئاو و گڵە دار و دەوەن
ئەم وەتەنە ئاو و گڵە 
پشت و ئەژنۆ، جەرگ و دڵە 
ئەجدادی تۆ شێرانی کورد
لە رێی وەتەن بە مەردیی مرد
مردن، ڕزین بوون بەم خاکە
وەتەن دایک، وەتەن باوک، وەتەن کاکە

 


سەرچاوەکان



4190 بینین