بیردۆزی زانیاری - ئیپستیمۆلۆجی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-25-00:10:00 - کۆدی بابەت: 3686
بیردۆزی زانیاری - ئیپستیمۆلۆجی
زانستە مرۆڤایەتییەکان

گەرچی لە فەلسەفەی نوێدا گیروگرفتی زانیاری بووەتە گرنگترین بەشی فەلسەفە و لێوەیە تەماشای گیروگرفتی (بوون) دەکرێت.

ناوه‌ڕۆك

زانیاری چییە؟

بابەتی زانیاری لەلایەن فەلسەفەی نوێوە دروست نەبووە، فەیلەسووفانی هەموو فەلسەفەکانی پێشوو ئەو جۆرە پرسیارەیان کردووە، بەڵام لە نێو بابەتی (بوون)ـیان بابەتی سروشت و جیهانی دەرەکیدا لێیان کۆڵیوەتەوە. گەرچی لە فەلسەفەی نوێدا گیروگرفتی زانیاری بووەتە گرنگترین بەشی فەلسەفە و لێوەیە تەماشای گیروگرفتی (بوون) دەکرێت. بیردۆزەی زانیاری لە گومان کردن و گومان نەکردن و لە ڕاستی دەکۆڵێتەوە و لە جیاکردنەوەی زانستی بەڵگەنەویستانە و زانستی پەیداکراو و یان لەزانیاری دەست نەکەوتوو و زانیاری دەستکەوتوو لە تاقیکردنەوەکان و مەرجی زانییاری یەقین دەکۆڵێتەوە، لەگەڵ لێکۆلینەوە لە مەرجەکانی زانیاری جیاکردنەوە لە نێوان ئەو زانیاریانەی خودی خۆمان هەمانە و ئەوانەی لە دەرەوەی خودی خۆمان وەرمان گرتووە.

سەرچاوەكانی چین؟

بۆ نموونە چۆن دەزانم ئەمە کورسییە و پشیلە نییە دەگەرێینەوە سەر پرسیارەکەی یەکەم زانیاری چییە؟ لێرەدا دوو ڕێ باوەڕ (مزهب)ـی گەورە دەربارەی ئەم پرسیارە دەبینین،

  • یەکەمیان: دەڵیت ئەوەی بە هەستەکانمان و بە ژیریی (عەقل) دەیزانین، ئەنجامی شتێکی ڕاستەقینەیە و لە دەرەوەدا هەیە لەتێگەیشتنمان جیایە،کەواتە زانیاری بەم پێیە درک پێکردنی شتەکانە بەهۆی هەستەکان و ژیریی وەک چۆن لە واقیع دا هەیە. شت هەیە ڕەشە یان سوورە، چونکە سیفەتێکی وەهای هەیە کە رەشی کردووە و هەست بە رەشییەکەی یان سوورییەکەی دەکەین. ئەم سیفەتە مسۆگەر هەیە، جا ئایا کەسێك دەیبینێ یان نەی دەبینی. ئەمە ڕێباوەری واقیعی پێ دەوترێت.
  • دووەمیان ڕێباوەری دیاردەکان یان ڕێباوەڕی نموونەیی کەوا دەبینێت ئەوەی لە دەرەوەیە و ئەوەی لە بیردایە زۆر جیاوازن. بەم پێیە زانیاری درک پێکردنی شتەکان نییە وەک چۆن لە واقیعدا هەن و وێنەیەکی وەک خۆشی نییە، وەک واقیعیەکان دەیڵێن بەڵکو درک پێکردنی شتەکانە وەک بۆمان دەردەکەوێت و جیهانی دەر و پشتمان بەرهەمی ژیریمانە.

چی لە زانیاری وەردەگرم؟

لێرەشدا دوو ڕێباوەر هەن، یەکەم تاقیکارییەکان یان هەستییەکان، کە وتوومانە تاقیکردنەوە سەرچاوەی زانیاریە یان بەلای کەمی بنچینەکەیەتی، تاقیکردنەوەش دوو جۆرە: یان لە هەستە دیاردەکانەوە وەرگیراوە وەک بیستن و بینین یاخود لە دەروونەوە (ناخەوە) هەڵقوڵاوە. درک پێکردنی شتە دەرەکییەکان وەک بینی ئەم کورسیە سپییە، هەستپێکردنی پێ دەوترێت. درک پێکردنی شتەکانی دەروون (ناخ) وەک مانای (کورسی سپێتی) ئەوا (ڕامان)ـی پێ دەوترێت. وتویانە ئەگەر تەکە کەسێک هەموو هەستەکانی نەمێنیت هیچ شتێک دەربارەی ئەوەی کە لە دەوروبەری یان لە ناوەوەی دا هەیە نازانێت. بەرامبەر بە ئەوانیش رێباوەرەکانی ژیرییەکان وتویانە زانیاری بە بیروژیری پەیدا دەکرێت، ئەوەی بەهۆی هەستەکانەوە بۆ ژیریی دەردەکەوێت ئەوا ڕووی دەرەوەی خەڵەتێنەری شتەکانە و هەستەکان هەڵە دەکەن چونکە بەش بەش و تاک  تاکەن، کەچی زانست و فەلسەفە لەسەر گشتێتی و درک پێکردنی پەیوەندییەکان نەبێت دانامەزرێن. بۆ نموونە (هۆکارەکان) بی ژیریی ناکرێت. لە پاشاندا چۆن لەو شتانە بگەین کە هەستیان پێناکرێت وەک خوای پەروەردگار. هەندیك لە بەرهەڵستی تاقیکارییەکان و دان نەنان بە کاری هەستەکان و تاقیکردنەوە زۆر وەستان و وای بۆ چوون شت لە دەرەوە نایەتە دەروونەوە و ناشێت دەروونێک شتێک دابنێت ئەگەر بێتوو لە بنەڕەتدا ئەو  شتەی تێدا نەبێت.

ئایا زانیاری دڵنیاییە؟

لێرەدا سێ ڕێباوەرمان هەیە، ڕێباوەری یەقین کە تاقیکارییەکان و ژیرییەکان نوێنەرایەتی دەکەن و هەردوولا باوەڕیان بەوە هەیە کە توانای زانینی شتمان هەیە. بەرامبەر بەمە ڕێباوەری دووەم و سێیەم هەن. هەرچی ڕێباوەری دووەمە ڕێباوەری گومانە و خاوەنی دان بە شیانی زانیاری و توانای مرۆڤ بەسەریا نانێن و هیچ رایەک نادەن، هەرچی ڕێباوەری سێیەمە ڕێباوەر ڕەخنەگرییە ئەوانە وتوویانە پێش ئەوەی لە یەقین بوونی زانیاری یان گومان لێکردنی بدوێین، لەسەرمانە لە سنووری زانیاری بکۆلینەوە.


سەرچاوەکان



1201 بینین