بانکە ناوەندییەکان چۆن کار دەکەن؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-28-02:09:00 - کۆدی بابەت: 3805
بانکە ناوەندییەکان چۆن کار دەکەن؟

ناوه‌ڕۆك

بانکە ناوەندییەکان چین؟

بانکی ناوەندی ئەو بانکەیە کە بە لوتکەی سیستەمی بانکی دادەنرێ، چ لە بارەی دەرچوونی دراو بێت یان لە بارەی کردارە بانکییەکانەوە و چاودێری لەسەریاندا. و هەروەها بریتییە لە دامەزراوێکی گشتی کە زیاتر گرنگی بە مامەڵەکردن دەدات لەگەڵ دامەزراوەکان نەک لەگەڵ خەڵکدا. ئەوەی باوە هەر وڵاتێك بانکێکی ناوەندی هەیە جگە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە زیاتر لە دوانزە بانکی تایبەت بە دەرکردنی دراوی هەیە و لە ژێر چاودێریکردنی ئەنجومەنێکی فیدراڵیدایە، بانکی ناوەندی دامەزراوێکە مەبەستی سەرەکی قازانجکردن نییە.

زۆر جار دەبینین بانکی ناوەندی وەک بانکێکی بازرگانی گرنگ دادەمەزرێت کە حکومەت دەسەڵاتی دەرچوونی دراوی پێ دەدات، هەر وەک لە ساڵی ١٨١٤ز لە هۆڵەندا پیادەکرا و لە ئینگلتەرا لە ساڵی ١٨٤٤ز و فەڕەنسا لە ساڵی ١٨٤٨ز و ئەڵمانیا لە ساڵی ١٨٧٥ز و ئەمریکا لە ساڵی ١٩١٤ز. و لە عێراق لە ساڵی ١٩٤٧ز هەبوو. 
بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی بانکی ناوەندی دەڵێن: بریتییە لە کۆمەڵێک دامەزراوەی دراوی و پێکهاتەکانی کە مەبەستیان ئەنجامدانی کۆمەڵێک ئامانج و پیادەکردنی کۆمەڵێک ئەرکە بۆ بەڕێوەبردن و نەخشەدانانی سیاسەتی نەختینەیی.

چەمكی بانكی ناوەندی

سێ بیر و ڕای تایبەت بە دیاریکردنی چەمکی بانکی ناوەندی هەیە:

  • کۆمەڵەی یەكەم

بڕوای وایە کە بانکی ناوەندی ئەو دامەزراوەیە کە چاودێری بانکەکانی تر دەکا بە شێوەیەک یارمەتی جێبەجێکردنی سیاسەتی نەختینەیی دەدات.

  • کۆمەڵەی دووەم

بڕوایان وایە کە بانکی ناوەندی ئەو دامەزراوەیە کە هەوڵی پاراستنی جێگیربوونی ڕێسای دراو دەدات بە تایبەتی لە چاودێری بەکارهێنانی دراوەکان.

  • کۆمەڵەی سێیەم  

بڕوایان وایە کە بانکی ناوەندی ئەو دامەزراوەیە کە ڕێگەی پێدەدرێت ئەرکی قەبارەی دراو و متمانەی ئابووری ڕێکبخات.

ئامڕاز

بانکە ناوەندییەکان سیاسەتەکانی خۆیان لەمیانەی کۆمەڵێک ئامرازی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە (الأدوات الکمیة والنوعیة) پەیڕەو دەکەن:

- ئامرازە چەندایەتییەکان پەیوەستن بە یەدەگی یاسایی، و نرخی داشکاندن، و کردارەکانی بازاڕکراوەکان و کردارەکانی پاکۆکاری.
- ئامرازەکانی چۆنایەتی: ئەم ئامرازانەن کەوا پەیوەستن بە سەرنج ڕاکێشان و ئاڕاستەکردنی ڕاستەوخۆ و ناڕآستەوخۆ و دیاریکردنی ڕیزەکانی متمانە و ڕێوشوێنی قەرزدانەوە و سووەکان.

ئەرکی بانکە ناوەندییەکان

بانکە ناوەندییەکان سێ خەسڵەتیان هەیە کە لە هەمان کاتدا ئەم خەسڵەتانە ئەرکی سەرەکی ئەم بانکانەن:

بانکی ناوەندی بانکی دەرکردنی دراوە

بانکی ناوەندی لە زۆربەی وڵاتانە بەپێی یاسا تاکە قۆرخکەری دەرکردنی دراوە، بەم پێیە کە پایەیەکی ئەوتۆی هەیە دەتوانێ چاودێرێکی کاریگەر بێت لەسەر پارەدا کە لە ئاڵوگۆڕکردندا لە نێوان خەڵکدا. بەپێی پێویست بڕیار لەسەر بڕی ئەو پارەیە دەدا بۆ مەبەستی مامەڵەکردن و یەدەگ و ئاڵوگۆڕکردن بەکاردێت. لەسەر بانکی ناوەندی پێویستە بڕی ئەو پارەیە دابین بکات بۆ پارەدارکردنی چالاکییە ئابوورییەکان پێویستن بە ڕێژەیەک بێ نەبێتە هۆی هەڵاوسانی نەختینەیی.

بانکی ناوەندی بانکی بانکەکانە

بە بانکی ناوەندی دەوترێت بانکی بانکان، چونکە تەنها مامەڵە لەگەڵ بانکەکان دەکات بە بێ تاکەکان، لە چوارچێوەی ئەم ئەرکەوە بانکی ناوەندی دوا پەناگەیە کە بانکەکان هەر کاتێ پێویست بوو پەنای بۆ دەبەن، چونکە بانکەکان سپاردەی خۆیان لەم بانکە هەڵدەگرن، وەک (یەدەگی یاسایی) هەروەها هەر پێویستی بە دەرامەت بوو ئەوا هەڵدەستێت بە دووبارە داشکاندنی ئەو کاغەزە بازرگانیانەی کە بانکەکان هەیانە، و هەروەها هەڵدەستێ بە کرداری پاکۆکردنی حسابی بانکەکان بە مەبەستی ڕاستکردنەوەی حسابەکان، ئەمەش لە ئەنجامی مامەڵەکردن لە نێوان ئەو بانکانەدا هەیە، بەم جۆرە بانکی ناوەندی چاودێری بانکە بازرگانییەکان دەکات.
دەتوانێت کۆنترۆڵی یەدەگی دراو بکات و دوایش لەسەر توانای بە قەرزدان و دروستکردنی دراو بزانێ، ئەوەش لەمیانەی سێ ئامرازدا:

  1. گۆڕانی ڕێژەی یەدەگی یاسایی.
  2. کردارەکانی بازاڕی کراوە.
  3. گۆڕانی نرخ داشکاندن.

بانکی ناوەندی بانکی دەوڵەتە

بانکی ناوەندی وەک بریکاری دارایی حکومەت کار دەکات، چونکە سپاردەکانی حکومەت دەپارێزێت و لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی تر لە ناو وڵات و دەرەوەدا دەیانگوازێتەوە، و هەروەها کڕین و فرۆشتنی کاغەزە داراییەکان بۆ حسابی حکومەت و یارمەتی دەدات بۆ دەرکردن و بازاڕگیری پسوولەی حکومەت، و هەروەها پێدانی سوود و بەدەستهاتووەکان، و لە هەموویان گرنگتر ئەوەیە کە بانک هەڵدەستێ بە نەهێشتنی ئەو کاریگەرییە زیانبەخشانەی کە لەوانەیە کار بکاتە سەر باری دارایی حکومەت لە ئابووری نیشتیمانیدا، کە لە ئەنجامی خەرجی حکومەت و باجی زۆرەوە ڕووبدات، هەروەها ئەو قەرزە گەورانەی کە دەیکات.


سەرچاوەکان



4223 بینین