گرنگی توێژینەوەی زانستی

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-09-17-14:54:00 - کۆدی بابەت: 14674
گرنگی توێژینەوەی زانستی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گرنگی توێژینەوەی زانستی (بە عەرەبی: أهمية البحث العلمي، بە ئینگلیزی: The importance of scientific research). توێژینەوەی زانستی گرنگییەکی زۆری ھەیە لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ، چونکە مرۆڤ دەتوانێت بە ڕێگایەکی زانستی ھەموو ئەو کێشە و گرفتانەی کە ھەن لە کۆمەڵگا و لە حاڵەتەوە بوون بە دیاردەیەکی بەردەوام دەتوانرێت ڕێگا چارەسەریەکی گونجاو بۆ ئەو کێشە و گرفتانە بدۆزرێتەوە لە ئێستا و داھاتوو لە ھەر بوارێک لە بوارەکانی ژیان نموونە وەکوو گرفتی (کەم ئاوی یان گرفتی کەمی کارەبا و خراپی ڕێگا و بان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان، کێشە تەندروستی و ژیگەیی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و یاساییەکان) ئەمەش دوای دەسنیشانکردنی کێشەکە و کۆکردنەوەی داتا و زانیاری و شیکردنەوەیان توێژەر دەگات بە چەند دەرئەنجام و ڕاسپاردەیەکی بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتەی لە ئێستادا لە کۆمەڵگادا باوە. ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ تێگەیشتن و ڕوونکردنەوەی دیاردەکان و چۆنییەتی چارەسەرکردنیان.

گرنگی توێژینەوەی زانستی بۆ توێژەر

١- ڕاھێنانی توێژەر لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدانی توێژینەوە تیۆری و پراکتیکییەکان بە شێوەیەکی زانستی نموونە وەکوو توێژینەوەکانی (جوگرافیای سروشتی و جوگرافیای مرۆیی).
٢- چۆنیەتی بەکارھێنانی سەرچاوە و کتێبخانە و گەڕان بە دوای زانیارییەکان لە سەرچاوە جۆراوجۆرەکان.
٣- چۆنیەتی شیکردنەوەی نەخشە و وێنە ئاسمانییەکان.
٤- بەکارھێنانی ئامرازی چەندییەتی (ئاماری) لە جوگرافیا.
٥- کاراکردنی کۆمەڵێک بەرنامە و پڕۆگرام کە بەکاردێن بۆ ئەنجامدانی شیکردنەوە جوگرافییەکان وەکوو پڕۆگرامەکانی (GIS) بۆ شیکردنەوەی نەخش سروشتی و مرۆییەکان و چۆنییەتی دابەشبوونی دیاردە جوگرافییەکان و تەکنیکی ھەستکردن لە دوورەوە (Remote Sensing) بۆ شکردنەوەی وێنە ئاسمانییەکان و دابەزاندنی کۆکردنەوەی داتا و تەکنیکی ئاماری (SPSS) بۆ شیکردنەوەی داتا و زانیارییە ژمارەییەکان.
٦- چۆنیەتی ئەنجامدانی کاری مەیدانی و کۆکردنەوەی داتا و زانیاری و ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسەکان (الدراسة المیدانیة).
٧- ڕاھاتن لەسەر خوێندنەوەی پەرتووک و توێژینەوە بڵاوکراوەکان و بڵاونەکراوەکان و ئەنجامدانی ڕاھێنان لەسەر پڕۆگرامە کۆمپیوتەرییەکان بە مەبەستی پەرەدان بە توانا و زانیارییەکان.
٨- گرنگی توێژینەوەی زانستی بۆ توێژەر دەبێتە ھۆی کرانەوەی ئاستی مەعریفەی نوێ کە ئەمەش دەبێتە ھۆکاری گەشەپێدانی لایەنی فکری و زانستی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری بۆ گەیشتن بە پلەیەکی بەرزی زانستی.
٩- دەستکەوتنی ھەلی کار بۆ توێژەر لە دامەزراوە حکوومی و ناحکوومییەکان وەکوو توێژەرێکی زانستی لە بوارێک لە بوارەکانی ژیان.
١٠- دەبێتە ھۆی دابینکردنی کورسی لە خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) بۆ توێژەر بەم جۆرەش توێژەر جەنسی بەژداریکردن و بەدەستھێنانی یەکێک لەم دوو بڕوانامانەی زیاتر دەبێت.
١١- وەرگرتنی ئەزموون لە کاتی ئەنجامدانی توێژینەوەی بە کۆمەڵ.

گرنگی توێژینەوەی زانستی بۆ کۆمەڵگا 

توێژینەوەی زانستی جگە لەوەی سوودی زۆری ھەیە بۆ توێژەر گرنگییەکی بێ ئەندازەشی ھەیە بۆ ئەو کێشە و گرفتانەی لە کۆمەلگا سەرھەڵدەدەن، چونکە دوواجار ھەموو ئەو توێژینەوانەی ئەنجام دەدرێن لە بوارێک لە بوارەکان بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگایە،  گرنگترین ئەو بوارانەش بریتین لە: 
١- بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری و گەشەپێدانی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لە ڕێگای ئەنجامدانی توێژینەوە زانستییەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکان.
٢- ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی دەبێتە گەشەکردنی کۆمەڵگا لەلایەنی ئابووری، کە ئەمەش دەبێتە مایەی فەراھەمکردنی خۆشگوزەرانی بۆ تاکەکان کۆمەڵگا.
٣- بەدواداچوون و لێکدانەوە بۆ دیاردە سروشتییەکان و ئاستی پێشبینیکردنیان لە ئێستا و داھاتوودا.
٤- دۆزینەوەی ڕێگا چارەسەریەکی گونجا و بۆ لایەنەکانی (ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەندروستی و ئاوادانی).

گرنگی توێژینەوەی زانستی بۆ دامەزراوە حکوومی و ناحکوومییەکان

ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی جگە لەوەی سوودی زۆری بۆ خودی (توێژەر یان لێکۆڵەر) و کۆمەڵگا ھەیە سوودی زۆریشی بۆ دام و دەزگا حکوومی و ناحکوومییەکان ھەیە بۆ بەجێگەیاندن و ڕاپەڕاندنی کار و باری ڕۆژانەیان، بۆیە دەتوانین گرنگی توێژینەوەی زانستی بۆ دامەزراوە حکوومی و ناحکوومییەکان لە چەند خاڵێک کۆ بکەینەوە بەم شێوەیە: 
١- لە دامەزراوە حکوومی و ناحکوومییەکان نموونە وەکوو زانکۆ و پەیمانگاکان ڕێگا بە فێرخوازان دەدرێت بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە زانستییەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکان، جگە لەوەی کە بە شێوەیەکی تیۆری و پڕاکتیکی ڕاھێنان بە فێرخوازان دەکرێت بۆ چۆنیەتی ئەنجامدانی توێژینەوەکانیان.
٢- لە زانکۆ و پەیمانگاکان پلەی زانستی بۆ توێژەران دەستەبەردەکات.
٣- لەیەک نزیک بوونەوەی زانکۆ نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان ئاڵوگۆڕکردنی قوتابیان و پێدانی زەماڵەی خوێندن لەسەر بنەمای ئەنجامدان و نووسینی توێژینەوە زانستییەکان. 
٤- بە ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی جۆرێک لە کێبڕکێ لە نێوان زانکۆکان دروست دەبێت بۆ گەیشتن بە پلەی یەکەم لەسەر ئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی.
٥- ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی دەبێتە ھۆی ڕاھێنانی فەرمانبەران بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان و گەیشتن بە دەرئەنجامێکی زانستی بە شێوەیەکی دروست.
٦- بە شێوەیەکی ستراتیجی ڕۆڵ دەبینێت بۆ زیادکردنی بەرھەمی زانستی و ھاندانی خەڵک بۆ ئەنجامدانی توێژێنەوە زانستییەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکان و دابینکردنی ئامراز و کەرەستەکانی پەوەست بە نووسین.
٧- گرنگی توێژینەوەی زانستی بۆ دامەزراوە حکوومی و ناحکوومییەکان بریتییە لە ھێنانەکایەیی مەعریفەیەکی نوێ کە یارمەتیدەر دەبێت لە بەڕێوەبردن و پێشکەوتنی دامەزراوەکان.

ھەنگاوە بنچینەییەکانی توێژینەوەی زانستی

ھەڵبژاردنی ناونیشانی توێژینەوە: قۆناغی ھەڵبژاردنی ناونیشانی توێژینەوە بە قورسترین قۆناغ دادەنرێت لە توێژینەوەی زانستی بۆ توێژەر، چونکە سەرەتا و دەرگای چوونەژوورەوەیە بە شێوەیەکی مەیدانی و تیۆری بۆ توێژینەوەکە.
ھەڵبژاردنی ناونیشانی توێژینەوە لەلایەن توێژەر پێویستە چەند تایبەتمەندییەک لە خۆبگرێت، گرنگترین ئەو تایبەتمەندیانەش بریتین لە: 

  • خوێندنەوەیەکی پێویست لە چوارچێوەی ئەو بابەتەی توێژینەوەی لە بارەوە ئەنجام دەدرێت وە دەبێت خوێندنەوەی بابەتەکانیش لە چوارچێوەی توێژینەوەکانی (دبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا، توێژینەوە بڵاوکراوەکان) و بەشێک لەو بابەتانەی لە پەرتووکەکان بوونیان ھەیە، بە تایبەتی ئەو بابەتانەی لە توێژینەوەکان نزیکن.
  • بۆ ھەڵبژاردنی ناونیشانی توێژینەوە پێویستە جاخت لەسەر ڕوونی بابەتە پسپۆڕییەکان بکاتەوە ھەروەھا چوارچێوەی توێژینەوەکە دیاریکراوبێت بۆ ئەوەی توێژەر لە چوارچێوەی توێژینەوەکەی نەچێتە دەرەوە.
  • پێویستە ئەو ناونیشانەی ھەڵدەبژردرێت ھیچ کۆسپ و ئاستەنگییەکی زانستی لەبەردەم نەبێت، بۆ نموونە دەستنەکەوتنی سەرچاوە پێویست لە بارەی بابەتەکە.
  • پێویستە توێژەر ئەو بابەتەی ھەڵیدەبژێرێت لەگەڵ توانای زانستی خۆی بگونجێت.
  • ئەو بوارەی دەستنیشاندەکرێت وەکوو ناونیشان بۆ توێژینەوە پێویستە پاڵنەر و ھاندەر بێت بۆ توێژینەوەکە.
  • ئەو دیاردەیەی ھەڵبژێردراوە بۆ توێژینەوە پێویستە ڕووبەرێکی گونجاو داگیربکات و دابەشبوونێکی جوگرافی دیاریکراوی ھەبێت.
  • پێویستە دیاردەکە گرفت بێت و پێویستی بە چارەسەرکردن ھەبێت. 
  • پێویستە ناونیشان و دیاردەی دەستنیشانکراو سوودی ھەبێت بۆ وڵات و کۆمەڵگا و لەگەڵ ئامانج و جۆری باسەکە گونجاوبێت.
  • پێویستە ناونیشانی ھەڵبژێردراو پێشووتر دیراسە نەکرابێت.
  • پێویستە ناونیشانی توێژینەوە لەسەر ناوچەیەک بێت کە توێژەر بتوانێت سەردانی ناوچەکە بکات بۆ کۆکردنەوەی داتا و زانیاری.

توێژەر دوای ئەوەی ناونیشانی توێژینەوەکەی دیاریکرد بەر لە تۆمارکردنی ناونیشانی توێژینەوەکە پێویستە توێژەر ئەم پرسیارانە ئاڕاستەی خۆی بکات: 

  • ئایە ئەم ناونیشانە شایەنی ئەوەیە کە توانا و ماندووبوونی خۆتی بۆ تەرخانبکەیت؟
  • پێشبینی دەکەیت ئەم بابەتە توێژینەوەیەکی زانستی لێدەربچێت؟ 
  • ئایە ئارەزووی نووسین و خۆشەویستیت بۆ بابەتەکە ھەیە؟ 
  • ئایە توانای نووسینت لەسەر ناونیشانی ئەم بابەتە ھەیە؟ 

دوای ئەوەی توێژەر ھەریەک لەم پرسیارانەی ئاڕاستەی خۆیکرد، ئەگەر وەڵامی یەکێک لەم پرسیارانە (نەخێر) بوو ئەوا پێویستە توێژەر بەدوای ناونیشانێکی تر دابگەڕێت بۆ ئەوەی کاتی زۆری لێ بەفیڕۆ نەڕوات.
توێژینەوەی زانستی ئەنجامدەدرێت لەلایەن قوتابیانی (بەکالۆریۆس، دبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا).

دوو ڕێگا ھەیە بۆ ھەڵبژاردنی بابەتی توێژینەوە

١- ھەڵبژاردنی بابەتی توێژینەوە لەلایەن توێژەر: ئەمە باشترین ڕێگایە بۆ توێژەر کە خۆی بابەت و ناونیشانی توێژینەوەکەی ھەڵبژێرێت، لەم کاتەدا توێژەر خۆی خاوەنی توێژینەوەکەیەتی و تایبەتمەندە لە بابەتەکەی و باشتر دەتوانێت زاڵبێت بەسەر پێکھاتەی توێژینەوەکەی.
٢- ھەڵبژاردنی بابەتی توێژینەوە لەلایەن سەرپەرشتیار: ئەم شێوازە گونجاوە سەبارەت بە زۆرێک لە توێژەران، بە تایبەتی ئەوانەی کات و توانا زانستییەکەیان یارمەتیان نادات لە ھەڵبژاردنی بابەتێک لە کاتی خوێندنی زانکۆ یان دوای زانکۆ.

مەرجەکانی ھەڵبژاردنی ناونیشانی توێژینەوە

١- نوێکاری و داھێنان: واتە ئەو کێشە و گرفتەی توێژەر توێژینەوەی لە بارەوە ئەنجام دەدات دەبێت جۆرێک لە نوێکاری و داھێنانی تازە و مۆدێرنی بەدواوە بێت.
٢- لەکاتی ھەڵبژاردنی ناونیشانی توێژینەوەی زانستی پێویستە سنووری جوگرافی کێشەکە دیاریکراوبێت کە توێژینەوەی لە بارەوە دەکرێت. 
٣- دیاریکردنی ماوە و کاتی توێژینەوە، بە جۆرێک دەبێت کە ئەو ماوەیەی بۆ توێژەر دیاریکراوە ھەر لەم ماوەیەدا توێژینەوەکەی بە ئەنجام بگەیەنێت.
٤- ناونیشان ببەسترێتەوە بە پسپۆڕییە وردەکەی توێژەر، واتە توێژەر پسپۆڕی وردی لە چ بوارێکدا ھەیە ھەر لە ھەمان بوار توێژینەوەکەی ئەنجامبدات. بۆ نموونە خاڵەکانی ژمارە (٣ و ٤ و ٥) لەسەر ئەم ناونیشانە دەخرێنە ڕوو (گەشە و پێکھاتەی دانیشتوانی شاری ھەولێر لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٢٠، لێکۆڵینەوەیەک لە جوگرافیای دانیشتوان).
٥- ناونیشانی توێژینەوە نابێت لەسەر شێوازی پرسیاربێت.
٦- ناونیشانی توێژینەوە پێویستە وەکوو دەرگایەک بێت بۆ مەیدانی توێژینەوەکە ماناکەی بدات بەدەستەوە.
٧- نابێت ناونیشانی توێژینەوە لە (١٥) وشە زیاتر بێت، واباشترە کە کورتر و واتاداربێت.
٨- نابێت ناونیشانی توێژینەوە تەوەرەیەک یان بەشێک بێت لە بەشەکانی توێژینەوەکە، بەڵکوو دەبێت ھەموو بەشەکان لە چوارچێوەی ناونیشانەکە بن.
٩- ئارەزوومەندی مەرجێکی ترە بۆ توێژەر بۆ ھەڵبژاردنی ناونیشانی توێژینەوە، چونکە سەرکەوتنی توێژینەوەکەی لەسەر بەندە، بە تایبەتی ئەو بابەتە زانستییانەی لە دوو لق یان زیاتر پێکدێن وەکوو (جوگرافیای سروشتی و جوگرافیای مرۆیی و جوگرافیای تەکنیکی).
١٠- دیاریکردنی وتە (بێژە) پێویستە لە بابەتەکەدا ئەو وشانە دیاریبکرێن کە مەبەست ڕوون دەکەنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش لە توێژینەوە زانستییەکان لە بەشی یەکەم تەوەرەیەک لە تەوەرەکانی توێژینەوە تایبەت دەکرێت بۆ ناساندنی چەمک و زاراوەکانی پەیوەست بە بابەت و ناونیشانی توێژینەوە.


سەرچاوەکان



28 بینین