ئەو شتانەی حەرامن لە کاتی ئیحرامدا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-02-13:27:00 - کۆدی بابەت: 4068
ئەو شتانەی حەرامن لە کاتی ئیحرامدا

ناوه‌ڕۆك

حەرامەكانی ئیحرام

دە شت حەرامە لەسەر ئەو کەسەی لەژێر ئیحرامدایە:

جۆری جلوبەرگ

حەرامە لەسەر پیاو، کردنە بەری جلێک کە دوورابێ، یان چنرا بێ و بە خۆی دەورە لە ئەندامەکانی پیاو بدات، یان گرێی بدا، جا بۆ هەموو ئەندامەکانی ئەوە حەرامە (عن إبن عمر -رضي الله عنهما-: قال سئل النبی ﷺ: ما یلبس المحرم الثیاب؟
قال: لا یلبس القمص ولا العمائم ولا السراویلات ولا البرانس ولا الخفاف) رواه الشیخان، دەربارەی ئەو پیاوە لە ژێر ئیحرامدایە، پێغەمبەر ﷺ پرسیاری لێکرا؟ لە وەڵامدا فەرمووی: نابێ هیچ جۆرە کراسێک لەبەر بکات، نابێ مێزەر بنێتە سەری، نابێ هیچ جۆرە دەرپێیەک بکاتە بەری، نابێ هیچ جۆرە کەوایەک بکاتە بەری، نابێ هیچ جۆرە گۆرەویەک بکاتە پێی.

دورستە تەکبەند لە پشتی ببەستێ و جانتا بکاتە شانی، یان بە شتێکی وەکو دۆخین پەشتەماڵەکەی خوارەوە قایم بکات، هەروەها لیچکەکانی پەشتەماڵەکەی سەرەوەش بخاتە ناو تەکبەندەکەیەوە، یان دۆخینەکە.

هەروەها ئەو جۆرە پێڵاوەی پیاو ئەیکاتە پێی، واجبە سەرەپەنجەکانی و پاشنەی پێی بە دەرەوە بێ، ئەگەر نا فیدیەی ئەکەوێتە سەر.

هەروەها ئەو شتانەی ڕابردوو هەمووی لەسەر پیاو حەرامن نەک لەسەر ئافرەت.

داپۆشینی سەر

داپۆشینی سەر حەرامە بۆ پیاو (عن ابن عباس -رضي الله عنهما-: قال النبی ﷺ فی المحرم الذی مات: کفنوه فی ثوبه ولا تمسوه بطیب ولا تخمروا رأسه فإنه یبعث یوم القیامة ملبیا) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ دەربارەی ئەو پیاوەی لەژێر ئیحرامدا مردبوو، فەرمووی: هەر لەناو پەشتەماڵەکانی خۆیدا کفنی بکەن و بۆنی خۆشی لێمەدەن و سەری دامەپۆشن، چونکە ڕۆژی قیامەت هەر بە شێوەی ئیحرامەوە زیندوو ئەکرێتەوە.

داپۆشینی ڕوخسار

داپۆشینی ڕوخسار و لەپە دەستی ئافرەت لەکاتی ئیحرامدا حەرامە (عن إبن عمر -رضي الله عنهما- نهی النبی ﷺ النساء فی إحرامهن: عن القفازین والنقاب) رواه أصحاب السنن، پێغەمبەر ﷺ قەدەغەی کردووە ئافرەتان لە کاتی ئیحرامدا دەستەوانە بکەنە دەستیان و ڕووی خۆیان دابۆشن.

قژ و ڕیش

شانەکردنی مووی سەر و ڕووخسارە، بە هەر جۆرە ڕونێکی هەبێ، بۆ پیاو و ئافرەت (قال النبی ﷺ: الحاج الشعت التفل) رواه الترمذي وإبن ماجە: پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: حاجی لەکاتی ئیحرامدا موو قرژ و تۆزاوی و چڵکنە.
واتە: بە چەورکردنی موو ئەو شێوەیە لائەچێ، بەڵام ئەگەر لەسەر ڕووخسار بەولاوە هەر ئەندامێکی تری چەور بکات، یان بەبێ ڕۆن مووەکانی شانە بکات، ئەوە (فدیة)ـی ناکەوێتە سەر، ئەگەر مووەکانی هەڵنەکەنێ.

تاشینی موو

حەرامە بۆ پیاو و ئافرەت: تاشینی موو، یان سووتاندنی، یان هەڵکەندنی، خوای گەورە ئەفەرمووێ: (وَلَا تَحْلِقُوا رُؤُوسَكُمْ) لە کاتی ئیحرامدا سەری خۆتان مەتاشن.

نینۆك كردن

حەرامە بۆ پیاو و ئافرەت: نینۆک کردن، چونکە ئەمەش وەکو موو تاشین جوانی تێدایە.
جا بزانە: بە لابردنی یەک موو، یان یەک نینۆک، مستە گەنمێک (فدیة)ـی ئەکەوێتە سەر، هەروەها بە لابردنی دوو موو، یان دوو نینۆک، دوو مستی ئەکەونە سەر، بەڵام ئەگەر سێ موو یان سێ نینۆک، یان زیاتری لابرد، ئەوە (فدیة)ـی گەورەی ئەکەوێتە سەر.

بۆنخۆش كردن

حەرامە بۆ پیاو و ئافرەت: خۆیان بۆنخۆش بکەن لە ماوەی ئیحرامدا (عن ابن عمر -رضي الله عنهما-: قال النبی ﷺ: ولا تلبسوا من الثیاب ما مسه زعفران أو ورس) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: ئەو جۆرە جلانە مەکەنە بەر کە زەعفەرانی پێوە بێت، یان وەرسی لێ درابێ، کە بۆنی خۆشە.

ڕاوكردن

حەرامە لەسەر پیاو و ئافرەت لە ماوەی ئیحرامدا: ڕاوکردنی باڵندە و ئاژەڵی کێوی -چۆلەواری- کە گۆشتی بخورێ، خوای گەورە فەرموویەتی: (حُرِّمَ عَلَيْكُمْ صَيْدُ الْبَرِّ مَا دُمْتُمْ حُرُمًا) حەرام کراوە لە ئێوە ڕاوکردنی نێچیری چۆلەواری لەو ماوەی لەژێر ئیحرامدان.

باڵندە و ئاژەڵی خۆماڵی وەک مریشک و مەڕ و بزن، حەرام نییە بیکوژێتەوە، هەروەها کوشتنی مار و دوپشک و مشک و قەلە بەڵەک و کۆلارە و سەگی هار خێرە لە هەموو شوێن و کاتێکدا.

هەر کەسێک کە ئەچێتە حەج، لە ماڵەوە گیانلەبەرێکی ڕاوکراوی هەبێ، وەکو قەتێ، یان کەو، یان ئاسک، یان هەرشتێکی تر، ئەبێ بیفرۆشێ، یان بیداتە کەسێکی تر، یان بەرەڵڵای بکات، هەر چەند کەییش بووبێ، چونکە کاتی ئیحرامبەستن و بەو لاوە ئەگەر هیچی لێبێ، وای لەسەر ئەژمێردرێ کە بەخۆی کوشتوویەتی و تۆڵەی ئەکەوێتە سەر.

مارەبڕینی ژن

حەرامە لە ماوەی ئیحرامدا مارەبڕینی ژن ( عن أبان -رضي الله عنه-: قال رسول الله ﷺ: لا ینکح المحرم ولا ینکح ولا یخطب) رواه مسلم، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: دروست نییە لە ماوەی ئیحرامدا ژن لە خۆی مارە بکات، یان لە کەسێکی تری مارە بکات، یان داخوازی بکات.

جیماعكردن

حەرامە جیماع کردن، هەروەها حەرامە دەستبازی کردن لەگەڵ ئافرەت، یان لەشی خۆی، بە شێوەیەکی وا کە دەماری هەڵبستێ، خوای گەورە فەرموویەتی: (فَلا رَفَثَ وَلا فُسُوقَ وَلا جِدَالَ فِي الْحَجِّ) نابێ لە حەجدا جیماع و دەستبازی بکرێ و نابێ قسەی ناشرین و ناڕێک و ململانە بکرێ.

لەو هەموو شتانەی کە حەرامن باسمان کردن واجبە (فدیة) بدا ئەگەر یەکێکیان کرد، تەنها بە مارە بڕینی ئافرەت واجب نابێ، چونکە ئەو مارەبڕینە هەر دانامەزرێ، واتە: ،مارەبڕینەوەکە نایێ و ئافرەتەکە حەڵاڵ نابێ.

لەو هەموو شتانە هیچیان حەج و عومرە بەتاڵ ناکەن، تەنها جیماع کردن حەج و عومرە بەتاڵ ئەکاتەوە، بەو مەرجەی بزانن جیماع حەرامە و بە خۆشی خۆیان بێ و بە قەسدی بێ، ئینجا بەم جیماع کردنە حەجی پیاو و ئافرەت بەتاڵ ئەبێتەوە، بەڵام (فدیة)ـی جیماعکردنەکە هەر لەسەر پیاوەکەیە.

دروست نییە لە ژێر ئیحرام دەرچێ، لەبەر ئەوەی حەج یان عومرە بەتاڵ بووە، بەڵکو ئەبێ هەر تەواویان کا و ساڵێکی تریش قەزایان بکاتەوە (سئل عمر وعلی وأبو هریرة -رضی الله عنهم-: عن رجل أصحاب أهله وهو محرم بالحج؟ فقالوا: ینفذان لوجههما حتی یتما حجهما ثم علیهما حج قابل والهدي) رواه الإمام مالك، پرسیار لە ئیمامی (عمر) و ئیمامی (علی) و (أبو هریرة) کرا: ئەگەر پیاوێک جیماع لەگەڵ ئافرەتەکەی خۆی بکات لە ماوەی ئیحرامدا؟ لە وەڵامدا فەرموویان: ئەبێ حەجەکەیان تەواو بکەن، ساڵێکی تریش ئەو حەجە قەزا بکەنەوە و فیدیەش بدەن.


سەرچاوەکان



873 بینین